ماڵه‌وه

هەڵکوتانەسەر کۆبوونەوەى جەماوەرى و دەستگیرکردنى ئەندامانى حزبمان لەلایەن ئاسایشى یەکیتى نشیتمانیەوە

 دەستدرێژیەکى ئاشکرایە بۆ سەر ئازادى هەڵسواڕنى سیاسى!


ئەمڕۆ پێنج شەممە، کاتژمێر 5 ى ئێوارە لەسەر بانگەوازى حزب و هەندى لایەنى تر کۆبوونەوەیەکى جەماوەرى لەبەردەرکى سەراى شارى سلێمانى سازدرا، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە پشتیوانى کردن بوو لەمانگرتنى گشتى خەڵکى شارەکانى کوردستانى ئێران و بۆ درێژەدان بە ئیدانە کردنى تیرۆرى سەردەشت عوسمان، بەلام لەنیوەى چالاکیەکەدا هێزەکانى ئاسایشى سلێمانى هەڵیان کوتایە سەر جەماوەرى ئامادەبووى کۆبوونەوەکە و کەوتنە لێدان و دڕاندنى پۆستەرو لافیتەى کۆبوونەوە جەماوەریەکە و پەلاماردانى ڕۆژنامەنوسانێک کەلەو نێوەدا بۆ ڕوماڵکردنى چالاکیەکە ئامادەبوون، هاوکاتیش ژمارەیەک لەهەلسواڕاوانى کۆبوونەوەکەیان دەستگیرکرد و راپێچى ئاسایشى سلێمانیاندا و دواى گلدانەوەیان بۆ ماوەیەک ئازادیان کردن. شایانى باسە هاوڕیان نەوزاد بابان و مونیرجەبارو ڕێبوار محەمەد لەنێو گیراوەکاندابوون.
ئەم کردەوەیەى ئاسایشى سلیمانى لەکاتیکدایە کە ڕق و توڕەیى خەڵکى کوردستان بەدژى سەرکوتى ئازادىیەکان و ئیدانەکردنى تیرۆر، خواستى ئازادى بیڕورا و هەڵسوڕانى سیاسى کرۆتە دروشمێکى جەماوەرى، بەڵگەیەکە بۆ ڕاوەستانەوەى هێزەکانى ئاسایش بەدژى خواستى خەڵک ودەستدرێژى کردنێکى ئاشکراشە بۆ سەر ئازادى هەڵسوڕانى سیاسى. ئێمە وێراى ئیدانە کردنى ئەم کردەوە سەرکوتگەریانە، داوا لەخەڵکى ئازادیخوازى کوردستان دەکەین کەبەوردبینى وهەستیاریەوە هەڵسوکەوتى دەسەلاتداران و دەزگاکانى ئاسایش بخنە ژێر سەرنجەوە و ڕێگانەدەن لەژێر هیچ بەهانەیەکدا ئازادیەکانیان لێ زەوتبکەن.
 

حزبى کۆمۆنیستى کریکارى کوردستان
کۆمیتەى سلیمانى
13/5/2010
www.hkkurdistan.org
 

ماڵه‌وه