کردەوە تیرۆرستیەکەى شارى کەرکوک ڕیسواو مەحکوم دەکەین

 

ماڵه‌وه 

دواى نیوەڕۆى ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى 11/12/2008  بە کردەوەیەکى خۆکوژى کە لە چێشتخانەى عەبدوللا لەشارى کەرکوک ئەنجام درا دەیان کەس بوونە قوربانى و زیاتر لە سەد کەس بریندار بوون ، ئەم کردەوە تیرۆستانەیە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە دەیان خێزان بۆ حەسانەوەو نان خواردن ڕوویان کردوەتە ئەم چێشتخانەیە.

ئەمە جارى یەکەم نیە کە پۆل پۆل لەژن و منداڵ و خەڵکى بێدیفاع لەم شارەدا ئەبنە قوربانى ئەم کردەوە تیرۆرستیانە، جارى یەکەم نیە خەندەو بزەى سەر لێوى مناڵان بە بورکانى ڕق و کینە قەتیس ئەکرێ ،جارى یەکەم نیە کە تیرۆرستان سادەترین مافى ژیان بۆ خەڵک بەڕەوا نابینن ،وەجارى یەکەم نیە کە خەڵکى بێدیفاع و مەحرومى ئەم شارە  باجى کێمەکێشى دەسەڵات لە نێوان هێزە کۆنەپەرست و ئیسلامیەکاندا بدەن .

جەماوەرى ستەمدیدەى شارى کەرکوک ، ئازادیخوازان

پاراستنى ماڵ و ژیانى خەڵک یەکێکە لەسادەترین مافەکانى جەماوەر ، لەکاتێکدا کە دەسەڵاتداران بە ئیدانەو هەڵواسینى چەند لافیتەیەک خۆیان لە بەرپرسیارێتى ئەپەڕێننەوە و فرمێسکى تیمساحى ئەڕێژن ، ناکرێ بێدەنگ بین و چاوەڕوانى کارەساتى دڵتەزێنى تر بین ، ئەوان لەگەڵ ڕوودانى هەر ڕووداوێکدا پێشبڕکێى خۆنواندن و بەتەنگەوە هاتن دەکەن چیتر ناکرێ ئێمە چارەنوسى خۆمان و منداڵەکانمان  ، تەقینەوەو خۆکوژى بەرەنجامى کێشمەکێشى لایەنە ئیسلامى و قەومیەکانەو هاوکات بوونى ئەمریکا لەعێراقدا وەکو هێزێکى داگیرکەر هۆکارێکى ترە بۆ نەبوونى ئاسایش و ئارامى لەم ووڵاتەدا .

ئێمە وەکو کۆمیتەى کەرکوکى حزبى کۆمۆنستى کرێکاریى کوردستان وێڕاى سەرەخۆشى و بەشدارى خەم وپەژارەى کەسوکارى قوربانیانى ئەم کارەساتە هاوکات هیواى چاکبوونەوەى خێرا بۆ هەموو بریندارەکان ئەخوازین، وە هەر لێرەشەوە دەسەڵات بە بەرپرس ئەزانین  لە قەرەبووکردنەوەى خەسارەتى قوربانیانى  ئەم کارە تیرۆرستیەو دابین کردنى ژیانى هەموو کەسوکارى ئەو قوربانیانە.

حزبى کۆمۆنستى کرێکاریى کوردستان

کۆمیتەى کەرکوک

13/12/2008