بەریوەبەراتى کارگەى چیمەنتۆى تاسڵوجە
لەڕێگاى ئیهانەو سوکایەتى پێکردن وبڕینى ئاو وکارەباوە، کرێکارانى خۆى لەسەر کاردەردەکات!
ماوەى مانگێک دەبێت بەڕیوەبەرایەتى کارگەى چیمەنتۆى تاسڵوجە، لەهەوڵى دەرکردنى زیاتر لە100 کرێکارى دانیشتووى کابینەکانى سەربەم کارگەیە دایە. ئەم کارێکارانە کە یەزیدى و عەرەبن و زیاتر خەڵکى شارى موسڵن، پێشتر کرێکارى هەمان کارگەبوون و لەسەر مەسروفاتى کارگە لەکابینەکاندا نیشتەجى بوون، ئێستا بەهۆى لەدەستدانى کارەکەیانەوە، بەڕێوەبەرایەتى کارگە بڕیارى دەرکدنى ئەوانى لەکابینەکان داوە وبۆ ناچارکردنیان کەوتۆتە سوکایەتى وئیهانە پێکردنیان. تەنانەت ئاوکارەبای کابینەکانیان بڕیوە. ئەمەلەکاتێکدایە کە ساڵ بەرەو سارماى زستان دەچێت. بەڕێوەبەرایەتى کارگە پاش بەکاربردنى ئەم کریکارانە ومژینى شیلەى گیانیان ئێستا پێویستى پێیان نەماوە و دەیەوێت بەدور لەهەر پرەنسیپێکى ئینسانیانە فڕآیان بداتە سەرجادە. ئەمە بێدەربەستییەکى ئاشکراى خاوەن کارگە و بەریوەبەرایەتیەکەیەتى. کرێکاران هەقیانە کەلەلانى کەمى ژیانێکى ئاسوودە بەهەرمەندبن. ئەوەى کەئەم بەڕێوەبەرایەتیە بەرامبەر بەکرێکاران کردویەتى بەتەواوى کردەوەیەکى نامۆ ودژى ئینسانیە. بەلام کارەسات لەوەدایە کەئەم ناهەقیە بەبەرچاوى دەسەلاتدارانەوە دەکرێت و هیچ هەڵویستەیەکى لێناگرێت. لەلا یەکى تریشەوە، نەبوونى یاساى کارى کرێکارى لەولاتدا، کە مافەکانى کرێکاران بسەلمێنێت و دەسترێژى خاوەن کارو کارگەکان بۆسەر کرێکاران، سنورداربکاتەوە، هۆیەکى ترە کەدەستى بەڕێوەبەرایەتى کارگەى تاسلوجەى ئاوەلاکردووە، بۆ دەرکردنى ئەم کرێکارانە.