له‌یادی شوراكاندا .. بژی ده‌سه‌لاتدارێتی جه‌ماوه‌ری!
ئۆکتۆبه‌ر
18/3 ساڵیادی شوراكانی كوردستانه كه‌له‌كه‌شو هه‌وای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 91دا، بووه به‌شێك له‌مێژووی خه‌ڵكی كوردستان. به‌جۆرێك كه‌باسكردن له‌مێژووی ڕاپه‌ڕین و ڕووداوه‌كانی دواتر، به‌بێ باسی شورا‌و بزوتنه‌وه‌ی شورایی كارێكی ناته‌واوه. به‌لام شووراكان چی بوون وچیان ده‌ویست؟
بزوتنه‌وه‌ی شورایی وه‌ك واقعیه‌تێكی تازه‌ی خه‌باتی خه‌ڵكی كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێشی كوردستان، به‌رهه‌می سه‌رهه‌ڵدانی چینی كرێكاری كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ و سوننته‌ێكی ڕادیكالی ئینسانییه، به‌رهه‌می هاتنه‌كایه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای شاری و خه‌باتی سیاسی و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستانه. به‌پێچه‌وانه‌ی ناسیونالیزم و بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی كه لادی و شه‌ڕی پێشمه‌رگانه چوارچێوه و ڕێبازی ته‌قلیدی باوی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا داسه‌پاند بوو شوراكان سونه‌تیكی‌تازه‌ی خه‌بات و ڕێبازێكی پێشكه‌وتوانه‌و مۆدێرنی له‌كۆمه‌ڵگای كوردستاندا به‌رجه‌سته كرده‌وه.
به‌لام شوراكان ته‌نها به‌م خاسیه‌ته تازه‌یه‌و به‌و كۆمه‌ڵه خواستانه‌وه ناناسرێنه‌وه كه‌ڕووی له‌هێنانه‌كایه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای ئازاد و خۆشگوزه‌ران كردبوو، بگره شوراكان كه‌له‌ژێر دروشمی "نان، كار، ئازادی، حكومه‌تی شورایی"دا سه‌رله‌وحه‌ی سیاسی كۆمه‌ڵگای كوردستانیان داگیركرد، نمونه‌ی ده‌سه‌لاتدارێتی خه‌ڵكیان هێنایه‌كایه‌وه. به‌واتایه‌كی تر شوراكان جگه‌له‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌خواستی وه‌ك "35 سه‌عات كاری ڕۆژانه"، "یه‌كسانی ژن و پیاو" "ئازادی بێقه‌یدو شه‌رتی سیاسی وئازادی خۆپێشاندان و ڕێكخراوبوون".. به‌گوێ‌ی كۆمه‌ڵگادا دا، به‌كرده‌وه خۆیان نمونه‌ی شێوازێكی ده‌سه‌لاتدارێتییان له‌كۆردستاندا هێنایه‌كایه‌وه. ده‌سه‌لاتێك كه‌تێیدا ئیراده‌ی خه‌ڵك خۆیان چ له‌به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگادا وچ له‌دانانی یاساكانی ولاتدا فاكتۆری بڕیارده‌ر وسه‌ره‌كین. شوراكان كه‌نمونه‌ی حاكمیه‌تی جه‌ماوه‌ری بوون، له‌سه‌ربنه‌مای سیسته‌می كۆبوونه‌وه‌ی گشتی له‌گه‌ڕه‌ك و ناوه‌نده‌كانی كار‌و لێره‌شه‌وه له‌ئاست شار وشارۆچكه‌كانی كوردستان وپاشان كۆنگره‌ی نوێنه‌رانی سه‌راسه‌ری كوردستان، سیسته‌می ده‌سه‌لاتدارێتیان وێناكردبوو، دیموكراتیكترین و ڕاسته‌خۆترین شێوه‌ی ده‌سه‌لاتدارێتیان له‌هه‌ناوی خۆیاندا هه‌ڵگرت. ئه‌م نمونه‌یه له‌ده‌سه‌لاتی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ره‌وه بۆخواره‌وه واته له‌شورای گه‌ڕه‌كه‌وه تا كۆنگره‌ی سه‌راسه‌ری شوراكان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن و گه‌ر بشیانه‌وه‌ی وه‌لای ده‌به‌ن. هاوكات شوراكان ونوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌شوراكاندا هه‌م یاسادانه‌رن و هه‌م جێ‌به‌جێ كه‌ری یاسان و هیچ ئۆرگان ونیهادێكی حزبی و ناحزبی له‌سه‌روی بڕیاری ئه‌وانه‌وه نییه. ته‌نانه‌ت موچه‌ی نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌شوراكاندا له‌موچه‌ی كرێكارێكی ماهیر تێپه‌رنابێت.. هه‌موو ئه‌مانه خاسیه‌ته‌كانی حكومه‌تی جه‌ماوه‌رین كه‌له‌شوراكاندا پێناسه‌ی بۆكراوه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌كرێ بڵێین كه له‌سیسته‌می شورایدا ئیراده‌و بڕیاری خه‌ڵك خۆی ئامانجه وناكرێنه ئامڕازی ده‌ستی بڕیاری هیچ لایه‌نێكی‌تر، به‌واتایه‌كی‌تر حكومه‌تی شورایی گێرانه‌وه‌ی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر له‌خۆیانه‌وه بۆخۆیان.
به‌لام ئه‌گه‌ر به‌خێرایی سه‌رنجمان بده‌ینه سه‌ر ده‌سه‌لاتێك كه ناسیونالیزمی كورد له‌دوای ڕاپه‌رینه‌وه، كه‌به‌ناوی دیموكراتی و په‌رلمان و یاسا و حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه، نیشانی داوه ئه‌وا ئێمه جگه‌له‌دیارده‌ی فه‌ساد وگه‌نده‌ڵی و قورغكردنی سامان وداهاتی خه‌ڵك شتێكی‌ترمان به‌رچاوناكه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ناوبه‌ناو خه‌ڵكی دێننه به‌رده‌م سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه، ته‌نهاو ته‌نها بۆئه‌وه‌یه كه‌سیاسه‌تی حزبه‌كان له‌پشتی په‌رده‌وه ڕه‌سمیه‌ت پێ‌بده‌ن وپاشان بیان نێرنه ماڵه‌وه. به‌مجۆره‌ش له‌نمونه‌ی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌دا هه‌م تاكی كۆمه‌ڵگاو خه‌ڵك به‌گشتی كراونه‌ته ئامرازی به‌رژه‌وه‌ندی و سیاسه‌تی حزبه‌كانی وه‌ك پارتی ویه‌كیتی وئیتر خه‌ڵك هیچ ئیراده‌و ڕۆڵێكیان نییه له‌دیاری كردنی بچوكترین مه‌سائیلی ئێستا‌و داهاتووی ژیانی خۆیاندا. ئه‌مه وێرای هه‌موو كه‌س ئه‌وه‌ده‌زانێت كه ده‌سه‌لاتی ئێستا پاڵی داوه به چه‌ندین ده‌زگای سه‌روخه‌ڵكی وه‌ك ئاسایش و پێشمه‌رگه و ده‌زگاكانی هه‌واڵگری و دیبلۆماسی نهێنی نێوحزبه‌كان خۆیان.. هه‌موو ئه‌مانه‌ش نیشان ده‌ده‌ن كه‌ده‌سه‌لاتی ئێستا ده‌سه‌لاتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك نییه به‌ڵكو ده‌سه‌لاتی بۆرژوازی كورد وسه‌رمایه‌داران و موفته‌خۆرانێكه كه‌به‌رژه‌وه‌ندیان پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كرێكاروزه‌حمه‌تكیشان وژنان ولاواندا..
یادكردنه‌وه‌ی ئه‌مساڵی شوراكان كه هاوكاته له‌گه‌ڵ باسی هه‌ڵبژاردنی په‌رلمان و پارێزگاكان، به‌پێویست باسی شێوازی حكومڕانی و ده‌سه‌لاتدارێتی جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌خاته‌وه‌ڕوو. خه‌ڵكی كوردستان كه 18 ساڵه له‌ژێر سایه‌ی ته‌جروبه‌ی حوكمڕانی بۆرژوا ناسیونالیزمی كوردا ژیانیان به‌سه‌ر بردووه، كه‌چی هێشتا سه‌رگه‌ردانی و نادیاری و بێوولاتی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی هه‌ر ساته‌یه به‌سه‌رسه‌ریانه‌وه، ئه‌وه‌ی كه‌هێشتا موقه‌ده‌راتی ئه‌وان له‌ماف وئازادی و زینده‌گی شایسته‌ی ئینسانی، له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی حوكمی ئه‌حزابی میلیشادایه‌و هێشتا بژێوی و ماف‌و ئازادیه‌كانیان به‌گره‌و ده‌گیرێت تا ناسیونالیزمی كورد سیاسه‌تی چه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیدا به‌لایه‌كدا بخات.. هه‌رچی زۆرتر باسی شورا‌و حكومه‌تی جه‌ماوه‌ری ده‌كاته به‌دیلێك بۆده‌سه‌لات وله‌به‌رنامه‌ی كاری خه‌بات و تێكۆشان و بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان دژ به‌هه‌لومه‌رجه‌كانی ئێستا دای ده‌نێته‌وه. ئێستا ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی ئیراده‌ی خۆیان بگرن و خۆیان چاره‌نوسی خۆیان بڕیاربده‌ن. كاتی ئه‌وه‌یه كه‌یادی شوراكانی كوردستان بكه‌ینه ڕۆژی هه‌نگاو هه‌ڵگرتنی خه‌باتێكی جه‌ماوه‌ری له‌پێناو حكومه‌تی شورایدا، یانی حكومه‌تی ڕاسته‌وخۆی نوێنه‌رانی خه‌ڵك..
بژی شورا.. بژی
قسه‌یه‌ک به‌بۆنه‌ی 8ی مارسی 2009
ئۆکتۆبه‌ر
8ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان و پیاوانی یه‌کسانیخواز گه‌ڕایه‌وه، دیسان قسه له‌مافه‌کانی ژنان و لیستی ناهه‌قی و تاوانه‌کانی دژ به ژنان، ئه‌بێته مانشێتی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران له‌کوردستان، دیسان و بۆ ته‌نها یه‌ک ڕۆژ و بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک به‌رپرسانی ئه‌م کورستانه جورئه‌ت ئه‌ده‌نه‌وه به‌خۆیان و دێن له‌سه‌ر مافه‌کانی ژنان و ده‌سکه‌وته‌کان ئه‌که‌ن که له سایه‌ی ئیداره‌و ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌واندا ژنان به‌ده‌ستیان هێناوه، دێن و خۆڵ ئه‌که‌نه‌وه چاوی خه‌ڵک و گشت باری سه‌خت و ناهه‌مواری ژنان یان ئه‌خه‌نه ئه‌ستۆی ژنان خۆیانه‌وه، یان له‌ستێکی درێژ ئاماده‌ئه‌که‌ن که چۆن کۆنفرانس و سمینار‌و ۆرک شۆپیان ئه‌نجامداوه، ها‌وکات لیستی خه‌رجی چه‌ند ملیاریش له پاره‌و داهات و بودجه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه، بۆ ئه‌و بۆنه وه‌ڕه‌سکه‌رانه ئه‌که‌نه چاکه‌ی خۆیان به‌سه‌ر ژنانه‌وه. له‌ولاشه‌وه چاوپۆشی ئه‌که‌ن له‌و سه‌دان و هه‌زاران ژنه‌ی که به‌ناهه‌ق ناچار به خۆسووتاندن کران، گوێی خۆیان که‌ڕ ئه‌که‌ن له‌و ده‌یان و بگره سه‌دان هاواره‌ی ڕێکخراو و دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی که خوازیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاسای باری که‌سێتین و داوای یاسایه‌کی مه‌ده‌نی و مرۆیی ئه‌که‌ن، چاوی خۆیان نوقاندوه له‌و ده‌یان ڕاپۆرت و ڕه‌خنانه‌ی که ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و ڕۆژنامه‌نوسه ناوداره‌کان و که‌سایه‌تییه جیهانیه‌کان، که‌له په‌یوه‌ند به پێشێلکارییه‌کانی دژ به ژنان ئه‌کرێت، بڵاوکردۆته‌وه.
ئه‌وه ئاشكرایه كه تا ئێستا سته‌م و نابه‌رابه‌ری به‌رامبه‌ر به‌ژنان له هه‌موو گۆشه‌وكه‌نارێكی دنیادا واقعیه‌تێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره، ته‌نانه‌ت له پێشكه‌وتوترین وڵاتانی دنیا و لانكه‌ی به‌ناو دیموكراسیدا، سه‌رباری هه‌رپێشڕه‌وی و ده‌سكه‌وتێك كه به‌خه‌بات و تیكۆشانی ژنان و بزوتنه‌وه‌ی ڕادیكاڵ و پێشكه‌وتخوازه‌كان به‌ده‌ست هاتووه، كه‌چی ژنان ڕوبه‌ڕووی زوڵمی ئابوری و خێزانن، وه له‌زۆر بواردا یه‌كسان نین به پیاوان، توندوتیژی له‌دژیان به‌رێوه ده‌برێت...تاد. به‌ڵام له‌وڵاتانی دواكه‌توو وه ئاڵوده به ده‌سه‌ڵاتی دواکه‌وتوانه‌و دژه ژن و پیاوسالاری، نه‌ك زوڵمی ئابوری و كرێی كه‌م، نه‌ك توندوتیژی خێزانی، به‌ڵكه زوڵمی هه‌مه‌لایه‌نه له‌دژی ژنان، قێزه‌ونترین دیارده‌ی ناو كۆمه‌ڵگایه. خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان و بڕینی هه‌ستیارترین به‌شی جه‌سته‌ی ئینسانی ژن، هه‌ڕه‌شه‌و و سوكایه‌تی پێكردن و تیرۆری ژنان، ئیغتیسابكردنیان، ناچاربوونی ژنان به خۆسوتاندن و گڕدانه جه‌سته‌ی خۆیان، تاده‌گات به‌یاساییكردنی فره‌ژنی و له‌شفرۆشی و له‌شفرۆشی شه‌رعی.... هێنده دیارده‌یه‌كی قێزه‌ونه كه باسی جیاوازی له‌بواری كاركردن و كرێ و خوێندن و په‌روه‌رده‌دا، باسی یه‌كسان نه‌بوونی هه‌لومه‌رجی شیاوی ئابوری و كۆمه‌لایه‌تی و سیاسی و هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی وه‌زشی، .... ژنان له‌گه‌ڵ پیاوان، باسێكی تره.
كوردستانی عیراق، كه نزیكه‌ی 18 ساڵه، له عێراق دابراوه، یه‌كێك له‌و گۆشانه‌ی دنیای ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، كه زوڵم تیایدا ده‌رهه‌ق به‌ژن، ئۆقیانوسێك له تاوانی هه‌مه‌چه‌شنه‌ی به‌رهه‌م هێناوه:
* كوشتاری ژنان له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی یان دوور له چاوو ڕه‌زامه‌ندی خێزان، له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی سێكسی، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كی ناڕۆشنی ته‌له‌فۆنی...، هێشتا واقعیه‌ته.
* برینی هه‌ستیارترین ئه‌ندامی جه‌سته‌ی ژن" خه‌ته‌نه‌ی ژنان" تا ئێستا هه‌زاران ژنی به‌جه‌سته زیندوو ڕه‌وانه‌ی دۆزه‌خی واقعی مردوان كردووه.
* ئیغتیسابی ژنان له‌لایه‌ن پیاوان و له‌ناو دام و ده‌زگا حزبی و ئیدارو حكومه‌یه‌كانی هه‌ریمدا، و به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن به‌پرسه‌كانیایه‌وه، هێنده‌ی ئاشكرایه و میدیا ڕایگه‌یاندووه، چه‌ند به‌رابه‌رتره‌و، خراوه‌ته ژێر سه‌رپۆشی پاراستنی حه‌یاو حورمه‌ته‌وه.
* له ئاكامی بێكاری و نه‌بوونی و برسێتیدا، دیارده‌ی له‌شفرۆشی بازارێكی گه‌رمی ده‌ڵاڵان و بازرگانانی سێكسییه، که ژنان بۆ به‌رێوه‌چوونی ژیانی خۆیان و جگه‌رگۆشه‌كانیان په‌نایان بۆ بردووه، کتێبی "ئۆقیانوسێك له‌تاوان" ته‌نها لقێك له ئۆقیانوسی واقعی تاوانه گه‌وره‌كه‌یه.
* په‌رله‌مانی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌لات به‌ده‌ست، له‌كاتیكدا له‌لایه‌ن حزبه‌كانیانه‌وه بانگه‌شه‌ی چاكسازی به زیادكردنی ڕێژه‌ی ژنانی ناو په‌رله‌مان له 25% بۆ 30% ده‌كه‌ن، كه‌چی هه‌ر ئه‌م په‌رله‌مانه یاسای فره‌ژنی په‌سه‌ند ده‌كات. و له‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو تاوان و كوشتاره‌ش كه دژ به ژنان ده‌كرێت و تاو‌انبارانیان دیارن، مێشیش میوانی نییه. له‌ژێر ناوی پاراستنی ناموس و شه‌ره‌فدا، تاو‌انبارانیان ئازادن بۆ لیخن هێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاو هیشتنه‌وه‌ی زه‌مینه‌كانی دریژه‌دان به تاوان.
ئه‌مانه ته‌نها چه‌ند گۆشه له واقعیه‌تی ژنانی ژیرسایه‌ی ده‌سه‌لاتی پارتی و یه‌کێتییه، و ته‌نها چه‌ند گۆشه‌یه‌كن له تاوانه خویناوی و یاساییه‌كانی دژ به‌ژنان.
نه‌فره‌ت به پانتای ئه‌م زوڵمه سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و ئابوری و یاسایی و خیزانییه، له‌ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوودا، دیمه‌نێكی واقعی شكۆداری وه‌ستانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی رایكاڵه سیاسیه‌كان و ریكخراوه ژنانه پێشكه‌وتخوازه‌كان و بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان و پیاوانی كۆمه‌ڵگا بووه، له كوردستاندا.
8ی مارس به‌ڕێوه‌یه، كێشمه‌كێشی ئه‌م دووبه‌ره دژی ژن و یه‌كسانیخوازییه، هه‌ر گه‌رمه. خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه‌و ئیراده‌نواندنی پێشره‌وترو به‌نه‌خشه‌تری بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان، خواستی كۆمه‌ڵگایه. با ئه‌م 8 مارسه بكه‌ینه مارشی وه‌ستانه‌وه به‌رووی ئه‌م نابه‌رابه‌ری و ئه‌م زولمه هه‌زار سه‌ره‌ی که ژن و یه‌كسانیخوازییه‌ی كردۆته نیشانه. خه‌باتی ژنان و پیاوانی یه‌كسانیخواز دژ به نابه‌راری و زوڵم و توندوتیژی دژ به‌ژنان، به‌نده به هاتنه مه‌یدان و وه‌ستانه‌وه‌یان به ڕووی هه‌موو پێشێلکارییه‌ک، له‌م نێوه‌داو بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئه‌م خواست و داواکارییانه ، که‌مپینی داکۆکی له‌مافه‌مه‌ده‌نی و یاساییه‌کانی ژنان وێڕای پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژ و یاده مه‌زنه، ها‌وکات سوور بوونی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت بۆ درێژه‌دان به‌هامان ئه‌و خه‌باته‌ی که له‌پێناویدا هاته‌بوون.
بژی 8ی مارس
بژی خه‌باتی ژنان بۆ یه‌کسانی و نه‌مانی سته‌م و چه‌وسانه‌وه
تاڵه‌بانی به( 8) یان به( 9)به‌كامیان باوه‌ڕبكه‌ین؟
ئۆکتۆبه‌ر
له‌م مانگه‌دا ڕۆژانی 8 و 9 دوو بۆنه‌ی ته‌واو پێچه‌وانه به‌یه‌ك كه‌وتونه‌ته ڕۆژمێری ساڵه‌وه. 8ی مانگ ڕۆژی جیهانی ژنان و 9ی مانگیش ڕۆژی له‌دایك بوونی محمه‌ده. تاڵه‌بانی سه‌ڕۆك كۆماری عێراق و سكرتیری یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان بۆهه‌ریه‌ك له‌م دووبۆنه‌یه په‌یامی خوی به‌گوێ‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا ڕادێَرا. له‌بۆنه‌ی یه‌كه‌مدا تاڵه‌بانی به‌په‌رۆشه‌وه باسی له‌مافی یه‌كسانی ژنانكرد و به‌ڵێنی‌دا كه وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی داكۆكیكه‌ر له‌مافی ژنان ڕۆڵبگێرێ و له‌به‌رامبه‌ر بۆنه‌ی دووه‌میشدا وێرای پرۆزبایی له"موسڵمانانی كوردستان وجیهان" دیسانه‌وه به‌ڵێنی دا كه ئاینی پیرۆزی ئیسلام سه‌روری یاساكان وپێوانه كۆمه‌لایه‌تییه‌كان بێت.
بیگۆمان هیچ شتێك له‌وه ساده‌ترنییه كه‌سه‌رۆك كۆماری ولاتێك و سه‌رۆكی حزبێك كه 18 ساڵه ده‌سه‌لاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه په‌یام و هاو ده‌ردی خۆی بۆبه‌شه‌كانی خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نێت. به‌لام په‌یامی تاڵه‌بانی بۆ دووبۆنه‌ی جیاوازی وه‌ك ڕۆژی جیهانی ژنان و ڕۆژی له‌دایك بوونی موحه‌مه‌د، نیشانه‌ی یه‌ك واقعیه‌تی سیاسی‌یه. به‌تایبه‌تی كه‌سێك كه خوازیاری لایه‌نگری له‌كێشه‌كانی ژنان بێت ناتوانێت به‌ڵێنی سه‌روه‌ری ئیسلام بێت به‌سه‌ر یاسا و هه‌لسوكه‌وته كۆمه‌لایه‌تییه‌كانه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ناتوانێت به‌ڵێن به"موسولمانان" بدا وله‌ولاشه‌وه خۆی به‌خه‌مخۆری ماف وكێشه‌كانی ژنان بدات. چونكه ڕاستی ڕووداوه‌كانی ژیانی ژنان نه‌ك هه‌رله‌كوردستان بگره له‌ته‌واوی ولاتانی ئیسلامزادا، ئه‌و ڕاسییه‌یان سه‌لماندووه و نیشانداوه كه ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی ته‌واو پێچه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ مافه‌كانی ژنان وئازادییه فه‌ردی ومه‌ده‌نییه‌كانیاندا.
تاڵه‌بانی ئه‌گه‌ر دڵسۆزی موسڵمان و ئاین وشه‌ریعه‌ته‌كه‌یان بێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه له‌ماوه‌ی 18 ساڵ ده‌سه‌لاتی حزبه‌كه‌یدا به‌كرده‌وه ئاینی ئیسلامی سه‌روه‌ركردووه به‌سه‌ر ژنانه‌وه، ئه‌وا ڕووداوه تاڵه‌كانی هه‌ر ئه‌م مێژووه ناتوانی ئه‌و وه‌ك خه‌مخۆری ژنان ومافه‌كانیان پێناسه بكاته‌وه. ئۆقیانوسێك له‌تاوان، له‌كوشتن و لوتبڕین و بێحورمه‌تی كردن به‌ژنان، تا توندوتیژی خێزانی و ناچاركردنی ژنان به‌خوَسوتاندن وخۆكوژی، تانه‌بوونی ئازادیه فه‌ردی ومه‌ده‌نیه‌كان، تاجیاكردنه‌وه‌ی كچاو كوڕان له‌قوتابخانه و ده‌یان موسیبه‌تی‌تر.. هه‌موو ئه‌مانه كه‌له‌ئه‌رشیفی مێژووی خه‌ڵك وده‌سه‌لاتدارانی كوردستاندا جێگیربووه، به‌ڵگه‌ن بۆئه‌وه‌ی كه په‌یامه‌كه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ژنان جگه‌له دیماگۆجه‌یه‌تی سیاسی سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌ی ژنان ومافه‌كانیان شتێكی‌تر نییه. ته‌نانه‌ت ئه‌وگه‌ر له‌هه‌موو ئه‌مانه بگه‌ڕێین، خودی بڕیاری فره‌ژنی په‌رلمانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كه‌تاڵه‌بانی وحزبه‌كه‌ی به‌شێكه لێ‌ی به‌سه بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونانه‌ی ئیمه.
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌یه‌ك مانگدا و له‌دوو بۆنه‌ی پشت سه‌ریه‌ك وته‌واو پێچه‌وانه به‌یه‌كدا ده‌كاته بابه‌تی خۆی شتیكی ترنییه جگه له‌دیماگۆجیه‌تێكی سیاسی كه‌ڕووی له‌چاوبه‌ست كردنی بزوتنه‌وه‌ی ژنان وخه‌ڵكی ئازادیخوازی كوردستانه. به‌تایبه‌تی نابێت ئه‌وه‌مان له‌یاد بچێت كه‌چاوه‌شه‌كاری و دیماگۆجیه‌ت له‌سیاسه‌تدا یه‌ك گۆشه‌و بناغه‌ی هه‌ڵوێستگرتنی ناسیونالیزم و حزبه‌كانیه‌تی، كه‌به‌درێژایی ته‌مه‌نیان نیشانیانداوه. به‌لام ئه‌مه ته‌نها هه‌موو لایه‌نه‌كانی په‌یامه پێچه‌واكانی نه‌و دیماگۆجیه‌تی تاڵه‌بانی وحزبه‌كه‌ی نییه. به‌ڵكو كۆنه‌په‌رستی و ڕاوه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر به‌ئازادی خوازی وسكولاریزم و مه‌سه‌له‌كانی ژنان ده‌كاته یه‌ك خاسیه‌تی ئه‌م دیماگۆجه‌یه‌ته. هه‌ربۆیه ئیمه وژنان وخه‌ڵكی ئازادی خواز هه‌قمانه بپرسین: به‌راِستی تاڵه‌بانی به چی بڕوابكه‌ین؟.. به په‌یامی ڕۆژی 8ی مانگت یان به‌په‌یامی 9ی مانگ كه‌ده‌ته‌وێت ئیسلام سه‌روه‌ركه‌یت به‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌وه؟؟
ژنان له‌م په‌یامانه‌ی تاڵه‌بانی ڕێگایه‌كی تریان له‌به‌رده‌م نییه جگه‌له‌وه‌ی كه‌شێلگیرانه به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌لات و هه‌وڵه‌كانی بۆ زاڵكردنی ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی به‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌لگادا بینه مه‌یدانه‌وه. له‌م ڕاستایه‌شدا جیاكردنه‌وه‌ی دین له‌ده‌سه‌لات و هینانه‌كایه‌وه‌ی حكومه‌تێكی سكولار نیشانه‌ی یه‌ك پێشره‌وی كۆمه‌لایه‌تییه‌و هه‌نگاوێكه بۆ نزیك بوونه‌وه‌ی ژنانی كوردستان به‌ماف وئازادیه‌كانیان.
ڕێكه‌وتننامه‌ی 11ی ئازار وناوه‌ڕۆكی شانازیکردنی پارتی!
ئۆکتۆبه‌ر
ئه‌مسال پارتی هاوكات له‌گه‌ڵ یادكردنه‌وه‌ی كۆچی دوایی مسته‌فا به‌رزانی‌دا، ڕێكه‌وتن نامه‌ی 11ی ئازاری وه‌ك "ده‌سته‌كه‌وتێكی گه‌لی كورد" برده نێو ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه و له‌مه‌دح وسه‌نا وشانازی كردنه‌وه به‌م ڕێكه‌وتن نامه‌یه، ده‌ستی بۆ كه‌مپینێك برد وژماره‌یه‌كیش له‌نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ناسیونالیستی كه‌وتنه پێدا هه‌ڵدان به‌ڕێكه‌وتن نامه‌كه‌و ڕۆلی پارتی له‌به‌رده‌ستهێنانی "ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد"دا. به‌لام ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه چییه و ئایا "ده‌ستكه‌وتێك"ی بۆخه‌ڵكی كوردستان هێناوه؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕێكه‌وتن نامه‌ی 11ی سالی 70، بریتی‌بوو له‌ڕێكه‌وتنی نێوان به‌رزانی وپارتی له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عس، له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ناوه‌چه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمی له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستور ویاساكانی به‌عسدا. جه‌وهه‌ری ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ش دانی ئیمتیازاتیكی سیاسی بوو به‌پارتی نه‌ك به‌خه‌ڵكی كوردستان. به‌واتایه‌كی‌تر ئه‌م ڕێكه‌وتن نامه‌یه ڕازی بوونی به‌عس بوو به‌دانی به‌شێك له‌ده‌سه‌لات له‌عێراقدا به‌بۆرژوازی كورد له‌سه‌ر حسابی سڕینه‌وه‌ی مافی یه‌كسانی هاولاتی بۆخه‌لكی كوردستان. به‌پێ‌ی ئه‌م ڕێكه‌وتن نامه‌یه پارتی ئیختیاراتی پێكهێنانی دوومه‌جلیسی ته‌فیزی و ته‌شریعی هه‌یه و له‌م ڕێگایه‌شه‌وه به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگاكانی سلێمانی وهه‌ولێرو دهۆك له‌ده‌س تدا ده‌بێت. له‌كه‌نار ئه‌مانه‌شه‌وه زمانی كورد بۆناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی ره‌سمی‌یه‌و نوێنه‌ری ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمیش له‌مه‌جلیسی نیشتمانی عێراقدا به‌شدار ده‌بێت.. ئه‌مانه ناوه‌ڕۆكی ڕێكه‌وتن نامه‌یه‌كه كه‌پارتی به‌شانازی و ده‌ست كه‌وت بۆخه‌ڵكی كوردستان ناوزه‌دی ده‌كات. به‌لام ئه‌مه چ ده‌ستكه‌وتێكه، و ده‌توانی چ ئه‌نجامێكی بۆ خه‌لكی سته‌مدیده‌ی كوردستان ببێت به‌تایبه‌تیش له‌ژێر سایه‌ی حكومه‌تیكی فاشیستی وه‌ك به‌عسدا!
له‌ڕاستیدا ڕێكه‌وتن نامه‌یه‌ك كه‌جێگای پێدا هه‌ڵدانی پارتییه له‌ناوه‌ڕۆكدا هێشتنه‌وه‌ی هاولاتی پله‌دوویی خه‌ڵكی كوردستانه به‌هۆی كورد بوونیانه‌وه ئه‌وه‌ش له‌سایه‌ی ڕژێمێكی قه‌ومی و عروبی وفاشیستی وه‌ك به‌عسدا. كه‌ڕاسته‌وخۆش به‌مانای سڕینه‌وه‌ی مافی هاولاتی بوونی یه‌كسانه.
ئه‌م ڕێكه‌وتن نامه‌یه گه‌رچی له‌یه‌كێك له‌ته‌ره‌فه‌كانیه‌وه كه‌پارتی وبه‌رزانی بوو، به‌ئه‌نجامی جیبه‌جی‌بوون نه‌گه‌یشت، به‌لام گه‌ر به‌ساده‌یی ناوه‌رۆكی ئه‌م ریكه‌وتنامه‌یه به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ مێژووی 18 ساڵه‌ی پارتی له‌ساڵی 91 تائێستا ده‌بینین هێشتا خه‌ڵكی كوردستان له ئاوات وئاره‌زووه‌كانیان بۆئازادی و ژیانیكی ئاسووده نزیك نه‌خستۆته‌وه. له‌م مێژووه‌دا كه‌پارتی و حزبه هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌سه‌لاتیان به‌ده‌سته‌وه بووه، زیاتر له‌ئیمتیازاتێك كه‌حكومه‌تی به‌عس له‌ڕێكه‌وتن نامه‌ی 11ی ئازاری ساڵی 70 پێ‌ی دابوون، ئختیارات و ئیمكانتایان به‌ده‌سته‌وه‌یه. وێرای ئه‌وه‌ی كه نزیكه‌ی زۆربه‌ی زۆری ناوچه‌كان له‌ژێرده‌ستی پارتیدایه، هه‌روه‌ها پارتی له‌حكومه‌ت وپه‌رلمان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا به‌شی سه‌ره‌كییه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عس نه‌ماوه و له‌ده‌سه‌لاتی ئێستای عێراقیشدا وه‌زاره‌ت و كتله‌ی په‌رلمانی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.. و هه‌موو ئه‌مانه‌ش مه‌ودا و ئیختیاراته‌كانی پارتی چه‌ند به‌رابه‌ر له‌چاو ڕێكه‌وتن نامه‌كه‌دا زیاتر ده‌خوێننه‌وه، كه‌چی پارتی و بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ئه‌توانن چ به‌هایه‌كی هاولاتی بوون بۆخه‌ڵكی بن ده‌ستی بسه‌لمێنێت؟ ئایا مێژووی 18 ساڵی ڕابردووی ده‌سه‌لاتدارێتی پارتی ده‌توانێ خه‌ڵكی كوردستان به‌وه قانع بكات كه‌ژیان وئاینده‌یان مسۆگه‌ربووه، تا ئه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی وه‌ك11 ی ئازار به‌ده‌ستكه‌وت وه‌ربگرن؟
ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌هه‌وڵی پارتی بۆ شانازی كردن به‌ڕێكه‌وتننامه‌ی11ی ئازاره‌وه بۆ مێژوویه‌ك نییه كه‌چاوی له‌دنیای واقعدا هه‌ڵهێنابێت، به‌ڵكو بۆ به‌به‌رداكردنی ناسنامه‌ی كۆنه‌په‌رستانه‌ی قه‌ومی و نه‌ته‌وه‌چێتییه به‌به‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كوردستان وسڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی هاولاتی‌بوونی یه‌كسانی خه‌ڵكی كوردستانه. له‌ووته‌یه‌كی تردا پارتی ده‌یه‌وێت به‌خه‌ڵكی بڵێ شانازی به‌ڕێكه‌وتن نامه‌ی ئازاره‌وه بكه‌ن چونكه كوردایه‌تی باسی ئۆتۆنۆمی بكات وئه‌مڕۆش فیدراڵیزم به‌ده‌ستبهێنێ. ئه‌مه‌له‌كاتێكدایه ناوه‌ڕۆكی ئه‌م دوو شته ته‌نها یه‌ك شته، ئه‌ویش وه‌رگرتنی ئیمتیازات و خۆداسه‌پاندن به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه، له‌سه‌رحسابی هه‌ڵواسراوی كوردستان ونه‌بوونی ناسنامه‌ی وولاتی بوونی دانیشتوانێك كه زیاتر له نێو سه‌ده، موسیبه‌ته‌كانی ڕژێمی قه‌ومی ونه‌ته‌وه‌چیتیان ته‌حه‌مولكردووه.
له ناوجه‌رگه‌ی ئۆسلۆدا گڕ له حجاب به‌ردرا!
ئۆکتۆبه‌ر
ساڵانه له شاره جیاجایاکانی نه‌رویج به بۆنه‌ی 8 ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانه‌وه مه‌راسیمی گه‌وره و ڕێپێوان له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌کانی ژنان و پیاوانی یه‌کسانیخوازه‌وه ساز ئه‌کرێ. ئه‌مساڵیش له ڕۆژی هه‌شتی مارسدا له ئۆسلۆ سه‌رباری بارانێکی زۆر ناله‌باری ئاوهه‌وا خه‌ڵکانێکی خۆر له مه‌یدانی یونگستۆرگه له ناوجه‌رگه‌ی شاردا کۆبوونه‌وه. یه‌کێک له قسه‌که‌ره‌کانی ئه‌مساڵ که سارا ڕاسموسنه و ژنێکی هه‌ڵسوڕاوی خه‌ڵکی سوریایه و له نه‌رویج ئه‌ژی دوای ته‌واوبوونی ووته‌کانی که‌وته سووتاندنی حجابی ئیسلامی.
سارا له پێشدا به حجابه‌وه قسه‌کانی ئه‌کرد وه‌ک سیمبوڵی ئیسلامی و له کۆتایی قسه‌کانیدا حجابه‌که‌ی لابرد و سووتاندی. هه‌روه‌ک چۆن خه‌ڵکانێکی زۆر به هوتاف و چه‌پڵه پێشوازییان له‌و کاره‌ی سارا کرد و ده‌ست خۆشییان لێ کرد، هه‌ندێ کچی موسوڵمانی موحه‌جه‌به هاواری "به‌ڵێ بۆ حجاب" یان لێ به‌رزبۆوه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک که‌سی که یه‌ک زه‌ڕڕه ته‌حه‌مولی ئازادی ڕاده‌ربڕین ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپاشدا ناکه‌ن، به‌فریان تێ گرت. دواتریش هه‌ڵپرژانێکی که‌م له نێوان که‌سانێکی تر که له خواره‌وه‌ی مه‌نه‌سه‌که داکۆکی‌یان له سارا کرد و ئه‌و که‌سانه‌دا درووست بوو. پۆلیس لێکی جیاکردنه‌وه.
شایه‌نی ووتنه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه له زۆربه‌ی میدیاکانه‌وه بووه جێگه‌ی باسی گه‌رم و جه‌ده‌لێکی زۆری درووست کرد که هه‌تاکو نووسینی ئه‌م هه‌واڵه‌ش به شێوازی جۆرا و جۆر به‌رده‌وامه.
بۆ بینینی ڤیدیۆی سووتاندنی حیجابه‌که ئه‌توانن سه‌یری ئه‌م دوو لینکه بکه‌ن
http://www.youtube.com/watch?v=WV0iS8-Xht4
http://tankekorset.com/2009/03/herlig-sara-azmeh-rasmussen/
هه‌واڵه‌كانی كوشتن و تووندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژنان
ئۆکتۆبه‌ر
ڕۆژی23/2/2009 له گه‌ڕه‌كی ماموَستایانی ناحیه‌ی چوارقوڕنه, كچێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵ به‌ناوی( بێریڤان خدر ئه‌حمه‌د)له ماڵی خوَیاندا نه‌وت ده‌كات به خوَیدا و خوَی ده‌سوتێنێت, له‌به‌ر زوَری ِریژه‌ی سووتانه‌كه‌ی به‌ڕیده‌كریت بۆ نه‌خوَشخانه‌ی ئیمێرجنسیی سلێمانی, به‌لاَم له‌ڕۆژی 27/2/2009 گیانی له‌ده‌ست ئه‌دات . تائێستا هوَكاره‌كانی خَوسوتاندنی ناوبراو ده‌رنه‌كه‌وتووه.
ڕۆژی 26/2/2009 له‌گوندی كلاَوسوورانی سه‌ر به ناحیه‌ی چوارقوڕنه, كچێكی ته‌مه‌ن17 ساڵ به‌ناوی (د. أ.م.), له ماڵی خوَیاندا سووتاوه.دواتر براوه‌ته نه‌خوَشخانه‌ی ڕانیه بو چاره‌سه‌ركردن و ئێستا له ژێر چاودێریی پزیشكیدایه. تا ئێستا هوكاری سووتانه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌بووه وه داوایشی له‌سه‌ر كه‌س توَمار نه‌كردووه.
ڕۆژی 11/3/2009 له گوندی قه‌مته‌رانی سه‌ر به ناحیه‌ی چوارقوڕنه,ژنێكی ته‌مه‌ن 40 ساڵ كه كارگوزاره له قوتابخانه‌ی قه‌مته‌رانی بنه‌ره‌تی, له ماڵی خوَیاندا ده‌سوتیت.
له‌به‌ر زوَریی ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌ی كه 55% بووه به‌ڕیكراوه بوَ نه‌خوَشخانه‌ی ئیمێرجنسیی سلێمانی. ناوبراو خاوه‌نی چوار مناڵه. سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له خێزانه‌كه‌یانه‌وه ووتی كه ناوبراو به‌هوَی گڕگرتنی په‌ره‌مێزه‌وه سووتاوه.
رَۆژی 2/3/2009 له گوندی سونێی سه‌ر به ناحیه‌ی هه‌ڵشۆ, ژنَێك به ناوی شه‌هلاله‌ماڵی خوَیاندا ده‌سوتێت. شایانی باسه ناوبراو نه‌براوه‌ته نه‌خَوشخانه و له‌ماڵه‌وه به ده‌رمانی كورده‌واری چاره‌سه‌ری بوَكراوه. وه ڕۆژی 6/3/2009 گیانی له‌ده‌ستداوه.
ڕۆژی 8/3/2009 له كه‌رتی سێی ناحیه‌ی حاجیاوا, ژنێكی ته‌مه‌ن ساڵ به‌ناوی (زڵیخا حسین حه‌مه‌د) له‌ماڵی خوَیاندا و به به‌رچاوی مناڵه‌كانیه‌وه خوَی سووتاندووه. تا ئێستا هوَكاری خوَسووتاندنه‌كه‌ی دیارنیه هه‌رچه‌نده واباسده‌كرێت كه نه‌خوَشیی ده‌روونیی هه‌بووه. له به‌ر زوَریی ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌ی كه 98% بووه به‌ڕیده‌كریت بو سلیمانی به‌لام له ڕیگا گیان له‌ده‌ستده‌دات.
رَۆژی 3/3/2009 له گه‌ڕه‌كی چوارچرای ناحیه‌ی حاجیاوا,كچێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵ به ناوی (فاتمه ڕه‌سول ڕه‌سول) فیشه‌كێك به خوَیه‌وه ده‌نێت وه بریندار ده‌بێت,پاشان بۆ چاره‌سه‌ركردن له نه‌خوَشخانه‌ی حاجیاواوه ده‌نێردرێت بوَ نه‌خوَشخانه‌ی گشتیی ڕانیه‌و نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ ده‌كرێت, به‌لاَم تائێستا هوَكاره‌كه‌ی نه‌زانراوه.
ڕۆژی 4/3/2009 له‌سه‌ر ڕێگای ڕانیه-كوَیه له نزیك گوندی هیزوَپ ته‌رمی ژنێكی نه‌ناسراوی ته‌مه‌ن 25 ساڵ دوزراوه‌ته‌وه, كه شوینه‌واری 5 فیشه‌ك به سنگیه‌وه بووه. ته‌رمه‌كه‌ی له‌لایه‌ن پوَلیسی قه‌زای كوَیه‌وه ده‌برێته پزیشكی دادوه‌ری كوَیه. چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵین كه ئه‌و ژنه دانیشتووی قه‌زای شاوێشی سه‌ر به پاریزگای هه‌ولیره. وه تائێستا هوَكاری كوشتنه‌كه‌و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ش ئاشكرا نه‌بوون.
ڕۆژی 1/3/2009 له گوندی خانه‌قای سه‌ر به ناحیه‌ی وه‌رتێ, ژنێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵ به ناوی چیمه‌ن مسته‌فا كه دایكی دوومنداڵه, به تفه‌نگ فیشه‌كێكی له سه‌ری خۆیداوه‌و خوَی كوشتووه. تا ئێستا هوَكاری خوَكوشتنی ناوبراو ئاشكرا نه‌بووه.
ڕۆژی 5/3/2009 له گوندی قه‌ره‌نی ئاغای سه‌ر به ناحیه‌ی چوارقوڕنه,. كچێكی ته‌مه‌ن20 ساڵ به‌ناوی زڵیخا شیرزاد ئه‌حمه‌د, كه كارمه‌نده له شاره‌وانیی ناحیه‌ی خدران, له ماڵی خوَیاندا خوَی ده‌خنكێنێت. ته‌رمی زڵیخا له نه‌خوَشخانه‌ی ڕانیه‌وه نێردراوه بوَ پزیشكی دادوه‌ری له سلێمانی. تا ئیستا هوكاری خوخنكاندنی ناوبراو نه‌زانراوه.
ڕۆژی 4/3/2009 له ڕانیه, كچێك به ناوی شیرین ئه‌حمه‌دكه كارمه‌ندی نه‌خوَشخانه‌ی ڕانیه‌یه. پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دادوه‌ری قه‌زای ڕانیه به كێشه دێت, ده‌خریته زیندانه‌وه. هه‌ر ئه‌و كاته هه‌وڵی خوَكوشتن ده‌دات به نه‌شته‌رێكی نه‌شته‌رگه‌ری كه له ناو جانتاكه‌یدا بووه. به‌لاَم به سه‌ختی بریندار ده‌بێت .دوای ئه‌وه‌ی به په‌له ڕه‌وانه‌ی نه‌خوَشخانه‌ی گشتیی ڕانیه‌ی ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌ری بوَ ده‌كرێت. به‌لاَم تا ئێستا ده‌رنه‌كه‌وتووه ئایا دوای چاره‌سه‌ركردنی له‌لایه‌ن دادوه‌ری قه‌زای ڕانیه‌وه ئازادكراوه یان براوه‌ته‌وه بوَ زیندان.
|
|
