ئۆکتۆبه‌ر
ئه‌وه ئاشكرایه كه تا ئێستا سته‌م و نابه‌رابه‌ری به‌رامبه‌ر به‌ژنان له هه‌موو گۆشه‌وكه‌نارێكی دنیادا واقعیه‌تێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره، ته‌نانه‌ت له پێشكه‌وتوترین وڵاتانی دنیا و لانكه‌ی به‌ناو دیموكراسیدا، سه‌رباری هه‌رپێشڕه‌وی و ده‌سكه‌وتێك كه به‌خه‌بات و تیكۆشانی ژنان و بزوتنه‌وه‌ی ڕادیكاڵ و پێشكه‌وتخوازه‌كان به‌ده‌ست هاتووه، كه‌چی ژنان ڕوبه‌ڕووی زوڵمی ئابوری و خێزانن، وه له‌زۆر بواردا یه‌كسان نین به پیاوان، توندوتیژی له‌دژیان به‌رێوه ده‌برێت...تاد. به‌ڵام له‌وڵاتانی دواكه‌توو وه ئاڵوده به ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و ناسیونالستی و پیاوسالاری، نه‌ك زوڵمی ئابوری و كرێی كه‌م، نه‌ك توندوتیژی خێزانی، به‌ڵكه زوڵمی هه‌مه‌لایه‌نه له‌دژی ژنان قێزه‌ونترین دیارده‌ی ناو كۆمه‌ڵگایه. خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان و بڕینی هه‌ستیارترین به‌شی جه‌سته‌ی ئینسانی ژن، هه‌ڕه‌شه‌و و سوكایه‌تی پێكردن و تیرۆری ژنان، ئیغتیسابكردنیان، ناچاربوونی ژنان به خۆسوتاندن و گڕدانه جه‌سته‌ی خۆیان، تاده‌گات به‌یاساییكردنی فره‌ژنی و له‌شفرۆشی و له‌شفرۆشی شه‌رعی.... هێنده دیارده‌یه‌كی قێزه‌ونه كه باسی جیاوازی له‌بواری كاركردن و كرێ و خوێندن و په‌روه‌رده‌دا، باسی یه‌كسان نه‌بوونی هه‌لومه‌رجی شیاوی ئابوری و كۆمه‌لایه‌تی و سیاسی و هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی وه‌زشی، .... ژنان له‌گه‌ڵ پیاوان، باسێكی تره.
كوردستانی عیراق، كه نزیكه‌ی 18 ساڵه، له عێراق دابراوه، یه‌كێك له‌و گۆشانه‌ی دنیای ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، كه زوڵم تیایدا ده‌رهه‌ق به‌ژن، ئۆقیانوسێكه له تاوانی هه‌مه‌چه‌شنه.
كوشتاری ژنان له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی یان دوور له چاوو ڕه‌زامه‌ندی خێزان، له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی سێكسی، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كی ناڕۆشنی ته‌له‌فۆنی...، هێشتا واقعیه‌ته.
به‌رئه‌نجامی توندوتیژی خێزانی و كۆمه‌ڵگا، ئاماری خۆسوتاندنه یه‌ك له‌دوای یه‌ك و ڕۆژانه‌ییه‌كانی ژنان و كچان چه‌ند به‌رابه‌ری ئاماری ئه‌نفال و كیمیاباران و سه‌ركوتی بێپه‌رده‌ی سیاسییه.
برینی هه‌ستیارترین ئه‌ندامی جه‌سته‌ی ژن" خه‌ته‌نه‌ی ژنان" تا ئێستا هه‌زاران ژنی به‌جه‌سته زیندوو ڕه‌وانه‌ی دۆزه‌خی واقعی مردوان كردووه.
ئیغتیسابی ژنان له‌لایه‌ن پیاوان و له‌ناو دام و ده‌زگا حزبی و ئیدارو حكومه‌یه‌كانی هه‌ریمدا، و به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن به‌پرسه‌كانیایه‌وه، هێنده‌ی ئاشكرایه و میدیا ڕایگه‌یاندووه، چه‌ند به‌رابه‌ر تره‌و خراوه‌ته ژێر سه‌رپۆشی، پاراستنی حه‌یاو حورمه‌ته‌وه.
له ئاكامی بێكاری و نه‌بوونی و برسێتیدا، دیارده‌ی له‌شفرۆشی بازارێكی گه‌رمی ده‌ڵاڵان و بازرگانانی سێكسی یه، و ژنان بۆ به‌رێوه‌چوونی ژیانی خۆیان و جگه‌رگۆشه‌كانیان په‌نایان بۆ بردووه، ئۆقیانوسێك له‌تاوان ته‌نها لقێك له ئۆقیانوسی واقعی تاوانه گه‌وره‌كه‌یه.
په‌رله‌مانی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌لات به‌ده‌ست، له‌كاتیكدا له‌لایه‌ن حزبه‌كانیانه‌وه بانگه‌شه‌ی چاكسازی به زیادكردنی ڕێژه‌ی 25% و 30% ده‌كه‌ن، كه‌چی هه‌ر ئه‌م په‌رله‌مانه یاسای فره‌ژنی په‌سه‌ند ده‌كات. و له‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو تاوان و كوشتاره‌ش كه دژ به ژنان ده‌كرێت و تاوانبارنیان دیارن، مێشیش میوانی نییه. و له‌ژێر ناوی پاراستنی ناموس و شه‌ره‌فدا، تاو‌انبارانیان ئازادن بۆ لیخن هێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاو هیشتنه‌وه‌ی زه‌مینه‌كانی دریژه‌دان تاوان.
ئه‌مانه ته‌نها چه‌ند گۆشه له واقعیه‌تی ژنانی ژیرسایه‌ی ده‌سه‌لاتی كوردایه‌تیدایه، و ته‌نها چه‌ند گۆشه‌یه‌كن له تاوانه خویناوی یاسایه‌كانی دژ به‌ژنان. ئه‌گه‌ر واوه‌تر برۆین، ئه‌وا زولم له ژن و له به‌رابه‌ری خوازی كۆمه‌ڵگا، هێنده سیستماتیكه، ئه‌گه‌ر سه‌رێكی له ده‌مه‌زه‌رد كردنه‌وه‌ی زوڵم له ژن له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتی تالانجی و سه‌رمایه‌وه‌یه، سه‌رێكی تری له‌ناو تێكه‌ڵبوونی یاسا له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌ت " قورعان و حه‌دیس" دایه، به‌رهه‌می زه‌واجی یاسا‌و ئیسلامه له‌گه‌ڵ یه‌كتر له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌لاتی كوردایه‌تیدا.
نه‌فره‌ت به پانتای ئه‌م زوڵمه سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و ئابوری و یاسایی و خیزانییه، له‌ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوودا، دیمه‌نێكی واقعی شكۆداری وه‌ستانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی رایكاڵه سیاسیه‌كان و ریكخراوه ژنانه پێشكه‌وتخوازه‌كان و بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان و پیاوانی كۆمه‌ڵگا بووه، له كوردستاندا.
8ی مارس به‌ڕێوه‌یه، كێشمه‌كێشی ئه‌م دووبه‌ره دژی ژن و یه‌كسانیخوازییه، هه‌ر گه‌رمه. خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه‌و ئیراده‌نواندنی پێشره‌وترو به‌نه‌خشه‌تری بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان، خواستی كۆمه‌ڵگایه. با ئه‌م 8 مارسه بكه‌ین مارشی وه‌ستانه‌وه به‌رووی ئه‌م نابه‌رابه‌ری و ئه‌م زولمه هه‌زار سه‌ره‌ی ژن و به‌رابه‌ری خوازی كردۆته نیشانه. خه‌باتی ژنان و پیاوانی یه‌كسانیخواز دژ به نابه‌راری و زوڵم و توندوتیژی دژ به‌ژنان، له كوردستان گرێی خواردووه به بزوتنه‌وه‌ی سوسیالستی و پێشكه‌وتخوازی كۆمه‌ڵگاوه، كه حزبی كۆمۆنیستی كریكاریی كوردستان به‌حه‌ق ئالا هه‌ڵگری بێئه‌ملاو لایه‌تی. ڕیزی یه‌كسانیخوازی و به‌رابه‌ریخوازی له كۆمه‌ڵگای كوردستاندا، ناو ریزی حزبی كۆمۆنیستی كریكارییه.
|
|
