ماوه‌یه‌كی زۆره باسی گه‌نده‌ڵی و تاڵانكردنی داهاتی كۆمه‌ڵگا، به‌شی شێری میدیای داگرتووه، به‌شی شێری قسه‌وباسی كۆر‌و كۆمه‌ڵه‌كانی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت قسه‌وباسی ڕاگوزه‌ری نێوانیانه.
تاڵانی داهاتی كۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حزبی و حكومی، ئه‌حبابان و خزمانی به‌رپرسه‌كان، به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشتووه. و پێویستی به ئامار‌و داتا نییه.
هیچ بیناو كۆشكێكی فیرعه‌ونی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه نییه، هی به‌رپرسێك نه‌بێت. هیچ كارگه‌و كۆمپانیایه‌ك نییه موڵكی یه‌كێك له باڵاده‌ستانی حزبی حاكم نه‌بێت. هیچ به‌ڵێنامه‌یه‌ك نییه قاره‌مانانی بڵند پایه‌ی حزب ئیمزایان لێی نه‌دابێت یان به‌شدارنه‌بن تیایدا. هیچ پرۆژه‌یه‌ك نییه به‌دور له‌چاوی ئه‌وان و بێ به‌شداری ئه‌وان ده‌ست پێبكات. هیچ زه‌ویه‌كی باش نییه، تاپۆی خۆیان و بازنه‌ی ده‌وری خۆیان نه‌كردبێت. هیچ بازرگانی كردنێك نییه بێ به‌شداری ئه‌وان تێپه‌ڕێت. پاره‌ی مۆڵی خه‌ڵكی كوردستان كه له‌داهاتی عیراق به‌ر كوردستان ده‌كه‌وێت هه‌ردوو حزب تا سندوقی حزبی لێ پڕنه‌كه‌ن، باسی لێوه‌ناكرێت. به‌جیا له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌شێوه‌ی ڕه‌سمی موچه‌ی وه‌زیرو گزیره‌كان، موچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان، موچه‌ی خانه‌نشینكراوه‌كانی حزبی حاكم، موچه‌ی نه‌سریه، موچه‌ی پاسه‌وانه بێشوماره‌كان، موچه‌ی بینای زۆروزه‌به‌ندی باره‌گاكانیان، موچه‌ی هێزی میلیشیای خۆیان، موچه‌ی ده‌زگا نهێنی و هه‌واڵگریه‌كان، موچه‌ی ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی به‌ناو كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی سه‌ر به‌خۆیان، موچه‌ی ده‌یان و سه‌دان ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و رۆشنبیری، موچه‌ی ده‌یان گۆڤار‌و رۆژنامه‌و هه‌فته‌نامه‌و رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆنی محلی و چه‌ندین سه‌ته‌لایتی حزبی، موچه‌ی به‌نزین‌و كرێی خانوه‌كانیان، ئیمكانیه‌تی سه‌فه‌ره زۆروزه‌به‌نده‌كان،...تاد. بۆته تاڵانیه‌كی به‌ڕه‌سمی كرا‌و.
ئه‌م حاڵه‌ته له‌لایه‌كه‌وه بۆته هۆی پێكه‌وه‌نانی سه‌رمایه‌كی خه‌یاڵی بۆ به‌رپرسه حزبی و حكومیه‌كانی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست و له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌ژاری و بێ ئیمكانیه‌تی بۆ زوبه‌ی خه‌ڵكی كردۆته مۆته‌كه‌یه‌كی ترسناك و چۆكی له‌سه‌ر سنگی خه‌ڵكی كوردستاندا داوه.
درێژه‌كێشانی ئه‌م تاڵانی یه ئاشكرا‌و ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆیه، ئه‌م فه‌رهوده ڕه‌سمی‌و ناڕه‌سمییه، درێژه‌كیشانی ئه‌و هه‌موو پرۆژه شكستخواردوانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ده‌بێته پرۆژه‌ی پێكه‌وه‌نانی سه‌روه‌ت بۆ به‌رپرسان و دوای ته‌واوبونیشی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ده‌وێت، و دیسان ده‌بێته پرۆژه‌ی پێكه‌ونانی سه‌روه‌ت و ئه‌مه‌ش یانی بردنی پاروی ده‌می خه‌ڵكی و هه‌ڵوشینی هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كی ته‌ندروستی و ته‌رفیهی و وه‌زشی و رۆشنبیری، فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌ده‌یی و .... له ئاكامی ئه‌وه‌شدا دوساڵی رابردوو به‌شێكی زۆر له خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی له‌دژی هه‌م دۆخه‌ی تاڵانی حزبییه بووه. بێده‌نگی ئه‌حزاب و خۆكه‌ڕكردن له داوا‌و خواسته‌كانی خه‌ڵك له‌لایه‌ك و شوباندنی ئه‌م تیرۆری داهات و ئابوری كۆمه‌ڵگایه به گه‌نده‌ڵی، ئێستا به‌وه گه‌یشتوه كه خواستی ئاشكراكردنی داهاتی به‌رپرسه حزبی و حكومیه‌كان ببێته قسه‌وباسێكی گه‌رم. به‌تایبه‌تیش كه باسی پێكێهنانی لیژنه‌ی نه‌زاهه له‌عێراق و ئاشكراكردنی!! داهاتی مالكی هێنده‌ی دی پرسی ئاشكراكردنی داهاتی به‌رپرسه حزبی و حكومیه‌كانی كوردستانی وروژاندووه.
گومان له‌وه‌دانییه، پاوانكردنی هه‌موو داهاتی كۆمه‌ڵگا و هه‌موو جومگه‌كانی ژیانی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و یاسایی و.... له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبی حاكم له‌كوردستاندا، جێگه‌ی نه‌فره‌تێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه.
بۆیه پێویسته خواستی ئاشكراكردنی داهاتی به‌رپرسه حزبی و حكومیه‌كان و بازنه‌ی ده‌وری ئه‌وان و به‌دادگاكێشانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌داهاتی خه‌ڵكی كوردستان سه‌روه‌تیان مۆڵكردووه، بانقه‌كانیان ئاخنیوه له پاره‌ی فه‌رهودكراو، سزابدرین و له‌وه‌ش واوه‌تر سه‌روه‌ته ناشه‌رعیه‌كانیان بگێڕدرێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگا پێویستی به وه‌رێخستنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه، بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه به گوشاری هه‌مه‌لایه‌نه‌و ڕێكخراو، به‌رپرسه حزبی و حكومه‌یه‌كان ناچار بكات ده‌ست هه‌ڵبگرن و داهاتی مۆڵكراوی ناشه‌رعیان بگێڕدرێته‌وه بۆ خه‌ڵكی كوردستان. ئێمه له حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته حه‌قخوازانه‌یه‌ی خه‌ڵكی كوردستانداین.
