ماڵه‌وه

ئەم هەڵبژاردنەو ئەنجامەکەى پێچەوانەیە بەبەرژەوەندىیەکانى کرێکاران وزەحمەتکێشان.. بەشدارى تێدامەکەن ودەنگی خۆتان بە فیرۆ مەدەن!

حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان

بەدوای داگیرکاری و ڕوخانی حکومەتی بەعس و تێکڕمانی بنەمای ئابووری و کۆمەلایەتی وبەهەوڵى ئەمریکا، دەوڵەتى عێراق سازدرایەوە و حکومەتێکى کۆکتێل لەچەند حزب ولایەنى میلشیایی ناسیۆنالستى عەرەبى و کوردی و ئیسلامی وسەرۆکى تایەفەو عەشیرەتەکان پێکهات. بەرهەمى 7 ساڵى ڕابردووى ئەم حکومەتە و شەڕو ڕێکەوتنى نێوان ئەم هێزانە لەچوارچێوەى دەسەلاتێکی کۆنەپەرستانە ونا جێگیردابووە، ئەویش لەسەر حسابى ژیانى ملیۆنەها هاولاتى بێتاوان و ڕاکێشانیان بۆ نێو سیناریۆى ڕەشى شەڕو کوشتارو تەقینەوە و ئاوارەیى و نائارامی.

ئێستاش ئەم هێزانە کەلەتوازنێکى تازەى دابەشکردنەوەى ئەم دەسەلاتە شەق وشڕەدا بەرەو سیناریۆى هەڵبژاردن دەرۆن تا جارێکىتر کورسیەکانى دەسەلات لەنێوخۆیاندا دابەش بکەنەوە، گەرەکیانە شەرعیەت بەتاوان وکارنامەى دزى وگەندەڵى و کوشتارو شەڕى قەومى وتایەفەیى نیوانێان بدەنەوە.

بەلام ئەم سیناریۆى بەناو هەڵبژاردنەى کەبڕیارە لەمانگى داهاتوودا نوێنەرانى دەستەو تاقمى کورنەپەرستى ناسیونالیستى عەرەبى و کوردى و ئیسلامى و سەرۆک عەشیرەت وتایەفە و حزبە میلیشیایى و مافیاییەکانیان بەرێتە نێو پەرلمانى عێراقەوە، نە هەڵبژاردنە و نە دیموکراسیە ونە هەلومەرجى دەنگدانى ئازادانەى لەبەردەم هاولاتیاندا فەراهەم کردوە. بەتایبەتى کەیاساى هەڵبژاردنى پەسەندکراوى هەرئەم دەستەو تاقمانە بەپشت بەستن بەدەستورى کۆنەپەرستانەى عێراق و بەدواى دەورەیەک لەشەڕ و کێشمەکێشى نێوانیان، کۆمەڵە قەیدوبەندێکیان  دانا تا لەپێشەوە کورسیەکانى پەرلمانى داهاتووى عێراق، بەسەر خۆیاندا دابەش بکەن و هیچ ئیعتبارێکیش بۆ دەور ودەنگدانى خەڵک نەهێڵنەوە، ئەم هێزانە بە ڕاشکاوانە لە"دیموکراسى موحاسەسە"دا ڕێکەوتوون ولە پشت سەری خەڵکەوە ئەنجامى هەڵبژاردنەکانیان واژۆ کردووە. بانگەشەیەکیش کەبۆ هەڵبژاردنەکەیان سازیان کردووە، بۆئەوەیە خەڵکی بخەنە ناو چوارچێوەی سیاسەتی فریوکارانەیانەوە و ژیانى هاولاتیانى مەدەنى عیراقیش بەنێو شەپۆلێکى تر لە تیرۆرو کوشتار و ئینسان کوژى و دزینى پارەو داهاتى کۆمەڵگا و توندبوونەوەى ڕقبەرى قەومى وئاینیدا تێدەپەڕێنن.

حزب ولایەنە بۆرژوا ناسیۆنالستەکانی کوردستان کەلەم سیناریۆیەدا بەشدارن، چ ئەوانەى ئێستا دەسەلاتى میلیشیایى ناوچەییان بەدەستەوەیەو چ ئەوانەى لە"ئۆپۆزسیۆن"دان، جگەلەوەى شەریکە بەشى تاوانەکانى خەڵکى عێراق و کوشتارگایەکن کەبەدژى کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و خەڵکى مەدەنى عێراقدا بەڕێ خراوە، ئەم هەڵبژاردنەیان کردۆتە ڕێگایەک بۆ ئامانجى فراوان کردنەوەى بازاڕى گەندەڵى و بەدەستهێنانى سەرمایەو بردنى بەشى زۆرترى بۆدجە وداهاتى نەوت و سەرەنجام قایمکردنەوەى دەسەلاتى کۆنەپەرستى ناوچەیىیان بەناوى کوردایەتىیەوە، ئەمەش لەسەر حسابى ڕاگرتنى خەڵکى کوردستان لەسەرگەردانیدا بۆ دەورەیەکى تر بەدیار گێژاو قەیران و پشێوى وشەڕى نێوان دەستە وتاقمى قەومى عەرەبى و ئیسلامىیەکانى عێراقەوە. کەدیارە بۆ کرێکاران و خەڵکى کوردستان بەنرخى تەحمولکردنى سالانێکىتر لەپشێوى و گرانى وبێکارى و گەندەڵى و سەرکوت و دەیان دەردومەینەتى تەواو دەبێت.

کرێکاران، زەحمەتکێشان!  لاوان، ژنانى ستەمدیدە!  خەڵکى ئازادیخوازى کوردستان!

هێزەکانى بۆرژوازى کورد کەلەم هەڵبژاردنەدا خۆیان لەلیستی هاوپەیمانی و گۆڕان و لیستى ئیسلامیدا سازداوە، هەموویان لەو ئامانجەدا هاوبەشن کە کوردستان بەدەوڵەتى عێراقى عروبى وئیسلامییەوە ئیلحاق بکەنەوە و نایانەوێت لەگێژاوی شەڕو کوشتارى تیرۆریستان وشەڕى نێوان دەستەوتاقمى قەومى وئیسلامى عێراقى داببڕن وجیای کەنەوە، تەنانەت نایەنه‌وێت دەسەلاتی میلشیایی  کۆتایی بێت ودەوڵەت لەکوردستان دابمەزرێت. تەنانەت ئەم لیستانە کەخۆیان وکوردستان بەبەشێک لەعێراق دەزانن ئامادەنین ونەیان ویستووە لەبەرامبەر خەڵکى کرێکار و زەحمەتکێش و هاولاتیانى عێراقیدا لەبەرەى عەلمانى و مافى هاولاتى بوونى یەکسان وخواستە مەدەنیەکانى ئەم وولاتەدا بۆ هێنانەکایەوەى دەوڵەتێکى سکولار ومودێرن ڕاوەستن، تەنانەت خوازیارى هەڵوەشانەوەى دەستورى کۆنەپەرستانەى عێراق نیین و بگرە هەموو هەوڵیان بۆ خۆگرێدانەوە و ڕێکەوتنە لەگەڵ ئەم یان ئەو دەستە وتاقمى ئینسان کوژى قەومى و ئیسلامىیە.

ئەم لیستانە کەبەدروشمی "کوردایەتى وگێرانەوەى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان وباشکردنى ڕەوشى ژنان" ەوە لەهەوڵى فریودانى خەڵکى کوردستاندان تا لەم هەڵبژاردنەدا دەنگیان پێبدەن، درۆیەکى ئاشکرا لەگەڵ هاولاتیاندا دەکەن. کارنامەى 18 ساڵى ڕابردووى دەسەلاتدارێتى بۆرژوازى کورد و حزبە چەکدارەکانى و هاوکاتیش تەجروبەى 7 ساڵى بەشدارى کردنیان لەعێراقى دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعسدا، هەر بەوەهمى ئەم کوردایەتیەوە بووە کەژیانى فیرعەونى و پێکهێنانى سەرمایەو داهاتى زۆریان بۆخۆیان ودەوڵەمەندان وموفتەخواران سازکردووە و لەولاشەوە ژیانى زۆرینەى خەڵکیان لەنێو گرانى ونەبوونى وبێدەرەتانى و بێخانەولانەیى و نەبوونى خزمەتگوزاری وشەڕو پشێوى وتوبارانکردنى سنورەکان وناچارکردنى لاوان بە هەڵهاتن و پەرەگرتنى کوشتنى ژنان وگرتن و لێدانى ڕۆژنامەنوسان و دەیان دەردو مەینەتیتردا ڕاگرتووە. گەڕانەوەى ناوچە دابڕاوەکان و کەرکوک بۆ ژێر سایەى دەسەلاتى بۆرژوا ناسیونالیستى کورد وحزبە میلیشیایەکانى دەتوانێ چ خزمەتێکى زیاتر بێت لەوەى کەئەم لیستانە لەڕابردوودا پێشکەش بەخەڵکیان کردووە. خەڵکى کرێکار و زەحمەتکێشى شارى کەرکوک کەتائێستاش ئاسه‌وارى ئاوارەیى و دەربەدەرى لەولاتى خۆیاندا لەسیمایان نەسڕاوەتەوە، چ دەستکەوتێکیان لەوەى کەلەماوەى 7ى ساڵى نفوزو دەسەلاتى بزوتنەوەى کوردایەتی لەم شارەدا بەنسیب دەبێت ئەگەر بخرێتە ژێر سایەى دەسەلاتدارانى ئێستاى کوردستانەوە؟ بوونى ئەم شارە بەوێرانەو کەلاوەیەک بەسە بۆئەوەى کە هیچ کەس باوەڕ بەتەبلیغات وبەڵینى لیستەکانى بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا نەکات. بەڵێنى باشکردنى ڕەوشى ژنانیش لەڕێگاى ئەم هەڵبژاردنەوە لەهەموو درۆیەکیتریان ئاشکراترە. بەتایبەتى کەکوشتنى ژنان و توندوتیژى وناچارکردن بەخۆسوتاندن و ئاپارتایدێک کەبەسەر ژنانى کوردستانەوە هەیە ئامارەکانى ڕۆژانە لەبەردەم ڕاى گشتى دایە. بڕیارى پەسەندکردنى فرەژنى پەرلمانى کوردستان بەسە بۆ سەلماندنى بەڵێنە درۆیینەکانی ئەم لیساتانە.

بۆرژوازى وسەرمایەدارانى کوردستان وبزوتنەوەى کوردایەتى بەئامانجى بازاڕو سەرمایەو دەسەلاتى خۆى گەیشتووە و هەوڵى لیستەکانى بەشدار لەم هەڵبژاردنەشدا تەنهاو تەنها بۆ زیادکردنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانى ئەم چینە و بۆ شەرعیەتدانەوەیە بە مانەوەی دەسەلاتى حزبە ناوچەیى و میلیشیایىیەکانیان و مانەوەیانە لەچوارچێوەى ڕێکەوتنیان لە گەڵ هێزە کونەپەرست و میلیشییەکانی ناسیۆنالستی عەرەبی و هێزە ئیسلامیەکاندا. هەربۆیە کرێکاران و زەحمەتکێشان وخەڵکى ئازادیخوازى کوردستان نابێ بەپێچەوانەى بەرژەوەندى خۆیانەوە بجوڵێنەوە و بەبەشدارى کردنیان لەم هەڵبژاردنەدا بوونى خۆیان و دەنگیان بکەنە زەخیرەو ئامڕازى بەدیهێنانى ئامانج و سیاسەتەکانى بۆرژوازى وسەرمایەدارانى کورد وحزبەکانى. بەڵکو دەبێ هوشیارانە و لێبڕاوانە سیناریۆى پوچى هەڵبژاردن ڕیسوابکەن و بەشدارى تێدا نەکەن. ڕێگاى ڕزگارى و پێکهێنانى ئاڵوگۆڕى ڕیشەیى بۆ خەڵکى و کوردستان ڕێگاى خەباتى چینى کرێکارو کۆمۆنیستەکانە، ڕێگاى دامەزراندنى دەوڵەت و حکومەتى شورایى و بەرنامەى ئازادى ویەکسانى وخۆشگوزەرانییە. دەبا بەخەباتى یەکگرتوانەو هوشیارانەمان بایکۆتکردنى ئەم هەڵبژاردنە بکەینە سەرەتایەک لەپێناو ئامانجە چینایەتیەکانى خۆمان ودانانى سنورێک بۆ سیاسەت و بەڵێنى درۆینەى دەسەلاتداران و لایەنەکانى بەشدارلەم هەڵبژاردنەدا.  

حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان

16/2/2010

www.hkkurdistan.org

ماڵه‌وه