وه‌ستا حسێن ساڵح
هەر لەسەرەتاى بەرێخستنى جەنگ لە عێراقدا لەلایەن دەستەى فەرمانڕاوەى ئەمریکاوە ئێمەى کرێکارانی سۆشیالیست‌و خەڵکى ئازادیخواز‌و چەپ هۆشداریمان دا‌و دژ بەو سیاسەتە وەستاینەوە. لەسەرانسەرى دنیادا خۆپیشاندانى ملیۆنى بەڕێخرا. شەقامه‌کانی شارەکانى دنیا شاهیدى نمایشى ئەم هێزە بوو کەشیعارى نا بۆ جەنگ، نابۆ ماڵوێرانى، نابۆ کوشتارى خەڵکى عێراقی به‌رزکرده‌وه. هاوکات لە کوردستانیش ئێمە کرێکارانی
هوشیار‌و خەڵکى چەپ‌و کۆمۆنیست لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتیانەدا بوین‌و ڕامانگەیاند کە ئەم جەنگە بەده‌رەجەى یەکه‌م ڕووى لە ئێمە کرێکاران‌و خەڵکى به‌شمه‌ینه‌تی عێراقە‌و پاشەکشه‌یەکى گەورە بەسەر کۆمه‌ڵگاى ئێمەدا ده‌سه‌پێنی، ڕیزەکانى ئێمەى کرێکاران لەبەربەک هەڵده‌وەشێنێ‌و جەنگێگى قەومی‌و دینى‌و تایەفى نەبڕاوە سێبه‌ری ڕه‌شی ده‌خاته سه‌ر هاوخەباتى چینایەتى ئێمه‌ی کرێکارانی هاوبه‌رژه‌وه‌ند‌و هاوچاره‌نووس. ئێمە ئاکامە زیانبارەکانى ئەم جەنگەمان دەزانى هه‌ر بۆیه بەجیاواز لە دارودەستە کۆنەپەرستەکان، کە بەشێکى زۆریان هەلهەله‌یان بۆ جەنگەکه لێدەدا چونکە دەیانزانى بەسەرلاشەى ئەو خەڵکەدا مەرامەکانیان دێتەدى، هه‌ڵوێستی ئینساندۆستانه‌ی ئێمه دیار‌و ئاشکرا بوو.
هه‌موو ئه‌وه‌ی پێش بینیمان ده‌کرد بەزیادەوە وا دەرچوو. هەر لە ڕۆژەکانى یەکەمەوە کرێکاران بوونە قوربانى ئەو جەنگە. هەموو ئەوانەى تادوێنێ لەم وڵاته‌دا بەخەیاڵیان نەدەهات کە ئەوان بە چ زمانێکی جیاواز قسەدەکەن یان چ بیروباوه‌ڕیکی ئاینی‌و مه‌زهه‌بیی جیاوازیان هەیە، ئه‌وانه‌ی هاوشار‌و هاوماڵى یەکتربوون، لە خۆشى‌و ناخۆشى لەگەڵ یەکبوون له ناکاو له یه‌کتر کرانه دوژمن. هەمووان ئاواتیان ئه‌وه بوو که ئەو ڕژێمە خوێنڕێژه نه‌مینێ‌و لانی که‌م لەجنگ‌و ئیعدام‌و سەرکوت نەجاتیان‌و ئاسوه‌ده بژین، بەڵام بەداخەوە جەنگێکى تر یەخەى پێ‌گرتن که کۆپەرستانەتر‌و ماڵوێرانکه‌رتر بوو ئەویش جەنگى قەومى ودینى وتایفییە. بە درێژایى چوار پێنج ساڵى ڕابوردوو ئەم جەنگە ئاگرەکەى هەموو خەڵکى عێراقى گرتەوە‌و بەهەزاران کەسى هەڵلوشى. دەستەدەستە لە کرێکاران‌و زەحمەتکێشان بەناوى شیعەبون‌و سونەبونەوە، بەناوى مەسیح‌و یەزیدىو تورکمان‌و کوردەوە لەلایەن دارودەستە تیرۆریستەکانەوە شەوانە لە ماڵەکانیان دەرهێنران‌و قەسابى کران. هەزاران کەسى تر بەر دەستدرێژى کوێرانەى ئەم هێزانەو هێزەکانى بەناو ڕزگارکەرى فرە ڕەگەز کەوتن‌و هەزارانى تر بەهۆى سه‌یاره بۆمبڕێژکراوه‌کانه‌وه له مەیدانى کرێکارانی بیناسازى، چاخانه‌کان، مه‌وقیفی پاسه‌کان، مەعمەلەکان، له کرێکارانى شارەوانى‌و فریاکەوتنى مەدەنى وەکو ئاگرکوژێنه‌ره‌وه‌کان، کرێکارانى خەستەخانەکان بوونه قوربانی‌و جه‌سته‌ی ماندوویان هه‌لاهه‌لا کرا. ئەم هەل‌ومەرجە واى کرد کە شوێنێکى ئەمین نەمێنێتەوە بۆ خەڵک، بۆیە سه‌دان هه‌زار له خەڵک له پێناوی زیندوو مانه‌وه ئاوارەى وڵاتانى دراوسێ‌و دەوروبەر بوون‌و ژیانى ئاوارەییان قبول کرد.
ئەو هێزانەى که ئێستا لە دەسەڵاتدان‌و ئەوانەى به ناوی نوێنه‌رایه‌تی قه‌وم‌و تائیفه‌و مه‌زهه‌به‌وه ئەیانەوێ بچنە دەسەڵاتەوە کێوێ تاوانیان دەرهەق بە خەڵکى کرێکار‌و زەحمەتکێشەوە کردووە. ئەمە بێجگە لەوەى کە هەرچى داهاتە لوشیان داوه‌و نموونەیەکى بێ وێنه‌ی گەندەڵى‌و تاڵانکارین لە دنیا‌و ناوچەکەدا. بەشى کرێکارانیش له‌م هه‌ل‌ومه‌رجه راگرتنیانە لەنەهامەتى‌و نەدارى‌و لەنێو گرانى بێ وێنەى بازاڕ‌و نەبوونى خزمەتگوزاریە سه‌ره‌تاییه‌کانی وه‌ک ئاو‌و کارەباو جادەوبان. ئه‌مه جگه له بێکارى فراوان‌و ڕوولەسەر، سەعاتکارى زۆر، چەند شه‌فت دەوامکردن‌و کارکردن بۆ بەرێوه‌چوونى ژیانیان. با بڕینى دەرماڵەو حەوافزو ئەرباح‌و کارکردن بەقانون دژى کرێکارى بەعس له‌ولاوه بووه‌ستێت.
لە درێژەى ئەم جەنگەدا زیاتر لە مانگێکە لەناوچەکانى موسڵ‌و دەوروبەرى هێرش دەکرێتە سەر ئەوانەى کە باوەڕى مەسیحیان هەیە خۆیان‌و منداڵەکانیان دەکوژن. هەڵبەته ئەمە پێشتریش هه‌ربووە‌و بە دەیان کەس لە کرێکاران بونەتە قوربانى، بەڵام ئەم جارە ئاگرى ئەم جەنگە کڵپەى سەندووە‌و خەڵکى بۆ ڕزگار کردنى گیانیان شوێنى ژیانیان بەجێهێشتوە. نزیک به 1500خێزان ئاواره بوون‌و ڕوویان لە شاره‌کانى کوردستان کردووە. له ئاکامى ئەوەشدا ژمارەیەک لەو خەڵکە کوژراو بریندار بوون ژمارەیەکی تریان خانووماڵێان ڕووخاوه‌و ده‌ربه‌ده‌ر کراون. ئەوانه‌ى لە پشت ئەم سیاسەتەوەن گرووپه ئیسلامیەکانن‌و ناسیۆنالیسته‌کانن‌و ئینسان کوژه‌کان بەپشتیوانى ئەوانەى لە دەسەڵاتدان تاوانه‌کانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و قەتڵ‌وعامى مەسیحیه‌کان دەکەن.
لە نێو ئەم کارساتانەدا تراژیدیاى باوک‌و کوڕێکى کرێکار کە سەربارى ژیانى کولەمەرگیان دواى ماندوبونى کارى رۆژیان لەباتى حەوانەوەى جەستەى شەکەتیان لە نێو بیناکەدا کوشتویانن بەناوەکانى ئەمجەد هادى بترۆ( وەستائەمجەدى تەختە بەست) و عیسام ئەمجەد که تەنها "تاوانیان" مەسیحى بون بووە، نموونه‌یه‌کی ئه‌و تاوانکاریه دڕندانه‌یه‌یه که ده‌رهه‌ق به کرێکارانی ئه‌و شاره ده‌کرێت. ژمارەى ئەو کرێکارانەى کە لە شارى موسڵ‌و دەوروبەرى نا‌وێرن بچنە سەر کارە کانیان به 35 هەزار کەس ده‌خه‌مڵێنرێت، که ژمارەیەکى زۆریان کرێکارانى نەسیجى موسلن. ئەم سیناریۆیە بەرداوەمەو هەر ڕۆژەى بەناوێکه‌وە ئاگرەکەى ئەو خەڵکە کرێکار‌و زەحمەتکێشە دەسوتێنێ کە بە ڕێکه‌وت یان به هۆی ئه‌وه‌ی لەسەر دینێک یان قەومێک حساب دەکرێن کوشتار ده‌کرێن.
بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ‌و ماڵوێرانى‌و ململانێێ کۆنه‌په‌رستانه‌ی قەوم‌و قەبیلەو مەزهه‌ب دەبێ کرێکارانی عێراق‌و کوردستان چارەنوسى خۆیان لەم دەستەو تاقمانە جیاکەنەوە، چونکە بەرژوەندى ئەوان یەک بەرژوەندى هاوبەشه بەبێ له‌به‌رچاوگرتنی هەر بیروباوەرێک کەهەیانە‌و هەر زمانێک که قسەی پێ ده‌کەن. دەبێ کرێکاران لە جێگای بوون به سووته‌مه‌نی بۆ ئه‌م جه‌نگ‌و ململانێ کۆنه‌په‌رستانه‌یه له بیری یەکگرتوبون‌و رێکخراوبوندا بن. بە یەکبوونى خۆیان‌و پشتیوانى چینى کرێکارى جیهان کۆتایى بەم جەنگە‌و به‌م تراجیدیایه بهێنن. وه‌ڵامی توند به‌م کۆنه‌په‌رستییه بده‌نه‌وه‌و پاسشه‌کشه‌ی پێبکه‌ن‌و خۆیان‌و کۆمەڵگاش لەبەڵاى ئەم هێزە ڕەشانە رزگار بکەن.
2008/11/01
