ئاماده‌کردنی شاباز محمود
به پێی تێگەشتنێکى ساده‌و گشتى کرێکاران، بەرژەوه‌ندى هەر کام لەسەرمایەداران له‌وه‌دایه کە کرێی کرێکاران تا ئەو جێگایەى بکرێ لەئاستێکى نزمدا ڕاگرن. بەرهەمى کارى کرێکار دواى کەمکردنەوەی ته‌واوى خه‌رجەکان دەکرێتە دوو بەش بەشێکیان لە کرێ یان مووچه‌ی کرێکاران پێک دێ‌و بەشى دووەم قازانجى سەرمایەدارانه.
ئێستا لەو جێگایەوە کە بەرهەمى خاڵسى کار دیارى کراوو مەعلومە. ئاشکرایە کە ئەو بەشەى که پێى دەڵێن قازانج ناتوانێ زیاد بکات مەگەر ئەو به‌شەى کە پێى دەلێن کرێ (هەقدەستی ڕۆژانه یان مووچه) کەمبکرێتەوە. ئه‌گه‌ر یاسای بنه‌ڕه‌تی سه‌رمایه به‌ده‌ستهێنان‌و پاوانکردنى زێدەبایى‌و قازانجە‌و بەو پێیەی که خەباتى کرێکاران بۆ زیادکردنى هەقدەست‌و هێنانەخواره‌وه‌و کەمکردنەوەى ماوەى کار هیچ مانەیەکى نیە بێجگە لە کەمکردنەوەی قازانج‌و زێدەبایى پاوان کراو لەلایەن سەرمایەدارانەوە. به‌م مانایه خه‌باتی کرێکاران بۆ چاککردنی هه‌ل‌ومه‌رجی کار‌و ژیانیان له جه‌وهه‌ری خۆیدا خه‌باته له دژی سه‌رمایه‌و سه‌رمایه‌داران.
هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانى قازانجى زیاتر ناوکۆکه‌ی هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی سه‌رمایه‌داران‌و ده‌وڵه‌ته‌کانیانه‌و ئه‌مه به بێ په‌لامار‌و هێرش بۆ سه‌ر ئاستی گوزه‌رانی چینی کرێکار مه‌یسه‌ر نابێت. جا چه‌نده سیاسه‌ت‌و هێرشی دەسەڵاتى سەرمایە بۆ سەر کرێکاران دژى کرێکاریە، هه‌ر بەو ئه‌ندازه‌یه‌ش خۆڕاگری‌و خەباتى چینى کرێکاران لەبەرامبەر ئەو هێرشانەى بۆرژوازى بۆسەرمافەکانیان خەباتێکی دژى سەرمایەدارانه‌یه.
به‌ڵام ئه‌م خه‌باته‌ی کرێکاران کۆتایی به سه‌رچاوه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی کرێکار، که پێکهاتووه له بوونی سیسته‌می کاری به کرێ ناهێنێت، هه‌ر سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ش تیایدا ته‌نها برێتی ده‌بێت له چاکسازی له پرۆسه‌ی فرۆشتنی هێزی کار‌و له‌وانه‌یه ته‌نها که‌مێک له باری قورسی ژیان له‌سه‌ر شانی کرێکار که‌م بکاته‌وه. چاککردنی هه‌ل‌ومه‌رجی کار‌و ژیانی کرێکاران، ئه‌وان له کۆیلایه‌تی سه‌رمایه ڕزگار ناکات، به‌ڵکو ده‌یانکاته کۆیله‌یه‌کی خۆشگوزه‌ران‌و هیچی تر. دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه که چینی کرێکار بۆ یه‌ک چرکه‌ش ده‌ستبه‌رداری خه‌بات بۆ کرێی زۆرتر‌و ده‌سته‌به‌رکردنی به‌شێکی زۆرتر له سامانی به‌رهه‌مهاتوو به ده‌ستی خۆی ببێت، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بۆ کرێکاران ئاشکرا بێت، که ئه‌م خه‌باته سه‌ره‌نجام له چاکترین حاڵیش‌دا ژیانی ئه‌وان له بنه‌ڕه‌ته‌وه ناگۆڕێت.
ئه‌وه‌ی چینی کرێکار هاوچه‌رخ ده‌کاته کۆیله‌یه‌کی مۆدێرن ئه‌وه‌یه که هیچ کام له هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان‌و گۆڕینه‌وه‌ی ئابووری له کۆمه‌ڵگادا له بن ده‌ستی ئه‌ودا نییه. چینی کرێکار ژیان به‌رهه‌مده‌هێنێت‌و تازه‌ی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام له پرۆسه‌یه‌کدا ئه‌م کاره ده‌کات که ته‌واوی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له ژێر کۆنتڕۆڵی ئه‌و دوورخراوه‌ته‌وه، بگره به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه ڕاگیراوه. له‌م سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا ئینسان‌و خۆشگوزه‌رانی ئینسان ئامانج نییه، بگره ژیانی ئینسان ئامرازی به‌دیهێنانی ئامانجێکی تره که ئه‌ویش به‌دیهاتنی قازانج‌و که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه‌یه.
کێشه‌ی کرێکار له چاوچنۆکی‌و قازانج په‌رستی سه‌رمایه‌دارندا نییه به ته‌نها، به‌ڵکو له بوونی سیسته‌مێکدایه که تیایدا قازانجی سه‌رمایه‌و که‌ڵه‌که بوونی زیاتری سه‌رمایه ئامانجی به‌رهه‌مهێنانه. سه‌رمایه‌داران خۆشیان وه‌ک کرێکار خوڵقاوی ئه‌و سیسته‌مه‌ن که تیایدا کاری زیندووی شان‌و بازووی کرێکار له هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان جیاکراوه‌ته‌وه‌و هه‌ریه‌که‌یان له لایه‌ک دانراون، کاری زیندووی به‌رهه‌مهێن بووه‌ته ئه‌رکی کرێکار‌و هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان موڵکی سه‌رمایه‌دارانه. هه‌ر بۆیه کێشه‌ی کرێکار به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت که موڵك‌و ماڵی سه‌رمایه‌داران له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه "میللی" بکرێت‌و ده‌وڵه‌ت له جیاتی خێڵی سه‌رمایه‌داران ببێته سه‌رمایه‌دارێکی گه‌وره، به‌ڵکو به‌وه ده‌بێت که له بناغه‌وه په‌یوه‌ندیه‌کی کۆیله‌هێنه‌ر که په‌یوه‌ندی نێوان کار‌و سه‌رمایه‌و بوونی کاری کرێ گرته‌یه کۆتایی پی بێت.
دەسەڵاتى مۆدیلەکانى سەرمایەداریى هه‌ر لە سەرمایەداریى دەوڵه‌تییەوە بگرە تا سەرمایەداریى بازاڕى ئازاد بێجگە لە کۆیلەیەتى‌و برسیکردنی خەڵکى زەحمەتکێش هیچ شتێکى باشى نییە بۆ کۆمەڵگاى بەشەریى، بۆیە ده‌بێ کۆتایى بە دەسەڵاتى سەرمایەداریى بێت‌و کارى بەکرێ هەڵوەشێتەوەو چینى کرێکار دەسەڵاتى بگرێت بۆ ڕزگارى له سته‌م‌و هەڵاواردن‌و چەوسانەوە.
خه‌باتی هه‌موو ڕۆژه‌ی کرێکار بۆ گوزه‌رانی باشتر قوتابخانه‌ی ئاماده‌کردنی چینی کرێکاره بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌مه‌و بۆ به‌رپاکردنی شۆڕشێک که دنیای پێچه‌وانه له‌سه‌ر پێی خۆی دابنێته‌وه.
