کۆنگرەی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەرکەوتوانە کۆتاییهات


بەرواری 15-3-2008 بە بەشداری نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی حزب لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان و بە بەشداری وەفدی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کە پێکهاتبوو لە ڕێبوار ئەحمەد سکرتیری کۆمیتەی ناوەندی و محەمەد عەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بە ئامادەبوونی ئەسەدی گلچینی نوێنەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران- حیکمەتیست، و بەشداری ژمارەیەک میوان کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست.
سەرەتای کۆنگرە بە سرودی ئەنتەرناسیونال و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردوانی ڕیگای سوسیالیزمء دنیایەکى باشتر، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
پاشان ووتەی ئیفتیتاحیەی کۆنگرە لە لایەن عوسمانی حاجی مارفەوە پێشکەش کرا، کە باسی لە پێداویستی پێکهاتنی حزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاریی و ئەو زەمینە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە کرد کە بوونەتە مەبنای پێکهاتنی ئەم حزبە. هاوکات پێداگری لەوە کرد کە ئەم حزبە یەکێک لە ئەرکە بناغەیەکانی لە ڕاستای ئامانجە ڕاگەیەنراوەکانیدا ڕزگاری کۆمەڵگای کوردستانە لە گێژاوی سیاسی ئیستاو دەسەڵاتی میلیشیایی.
بەدوای ئەمەدا ڕێبوار ئەحمەد سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، ووتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا، بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لەسەر پێویستی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کورستان بە حزبێکی کۆمۆنیستی ڕادیکال و مارکسیست هەروەها تایبەتمەندیەکانی ئەم حزبەی پێکدێت قسەوباسی کرد.
هەروەها پەیامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری حیکمەتیست لە لایەن هاوڕی زمناکۆ عەزیزەوە خوێندرایەوە.
پاشان ڕاپۆرتی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە پیشکەش کراو لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە شەرعیەت بەکۆنگرە درا.
بەدوای ئەمەدا ئایینامەو نەخشەی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆنگرەو دەستور جەلەسەی پێشنیاری کە لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەوە ئامادەکرابوو بە کەمێک ئاڵوگۆڕەوە پەسەند کرا کە پێکهاتبوو لە:
1- بەیانی پێشنیاری ڕاگەیاندنی کۆنگرە، 2- بڕیارێک سەبارەت بە بەڵیننامەی ئەندامەتی لە کۆمیتەی ناوەندیدا، 3- بەرنامەی حزب، 4- پەیڕەوی ناوخۆو مەوازینی ڕێکخراوەییەکان، 5-مەنشوری سەربەخۆیی کوردستان، 6- بڕیارەکان، 7- هەڵبژاردن
بەیانی پێشنیاری ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، دوای کەمێک ئاڵوگۆڕی پێشنیاری بەتێکڕای دەنگ بڕیارى لەسەر درا.
لە پاش ئەوە بڕیارى بەڵیننامەی ئەندامەتیی لە کۆمیتەی ناوەندیدا، دوای کەمێک ئاڵوگۆر، بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکرا. هەر بەدوای ئەمەدا لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ کۆمیتەی ناوەندی وەرگیرا و هەڵبژاردن دەستی پێکرد.
بەدوای ئەمانەدا، کۆنگرە بەرنامەی دنیایەکی باشتری وەکو بەرنامەی حزب بە تێکڕای دەنگ پەسەندکردو کۆمیتەی ناوەندی ڕاسپارد کە لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا بۆ گونجاندنی لەگەڵ هەلءمەرجی تایبەتی کوردستان، ئالوگۆڕی پێویست پێکبهێنێت.
لە بەندی تایبەت بە پەیڕەوی ناوخۆدا، پەیڕەوی ناوخۆی حزبء کۆمەڵێک بڕیارو بەڵگەنامەی ڕێکخراوەیی بە تێکڕای دەنگ بڕیاریان لەسەر درا.
مەنشوری سەربەخۆیی کوردستان، بەندێکی تری کۆنگرە بوو، دوای قسەوباسێکی هەمەلایەنە، بەزۆربەی دەنگ چوارچێوە گشتیەکەی پەسەندکرا. کۆنگرە کۆمیتەى ناوەندى داهاتووی ڕاسپارد کە چاککردنی ئەم مەنشورە بگرێتە ئەستۆء بە ناوى کۆنگرەوە بڵاوى بکاتەوە.
هەروا کۆنگرە چەند پەیامى بۆ کەس و کاری هاورێیانی گیانبەختکردوو، بۆ چینی کرێکار لە کوردستان، بۆ خەڵکی کوردستان، بۆ لاوان و ژنانی کوردستان ئاراستە کرد.
لە بەندی بڕیارەکاندا، چەند بڕیارێک پەسەندکران، لەوانە بڕیاری ئامادەکردنى ئارمی حزب تا پلنیۆمی دووەم بۆ ئەوەى بڕیارى لەسەر بدرآ. هەروا کۆنگرە بە بڕیارێک کۆمیتەى ناوەندی ڕاسپارد ئیمکانیەتى پێکهێنانى ڕێکخراوى لاوان هەڵبسەنگێنآء لەسەر ئەم بناغەیەش لەگەڵ هەڵسوڕاوانى ئەم مەیدانە سیمینارێک سازبداتء پاشان هەنگاوى پێویست بۆ ئەم مەبەستە بخاتە دەستورى کارەوە. بڕیارێکى ترى کۆنگرە سەبارەت بە مەنشورى سەربەخۆیی بوو کە تیایدا پلنیۆمى کۆمیتەى ناوەندى ڕاسپارد کە بڕیارنامەء نەخشەکارى پێویست بۆ عەمەلى کردنەوەى مەنشورى سەربەخۆیی کوردستان دابڕێژرێتء بیخاتە دەستوورى کارەوە.
لە کۆتایی دەستوری کۆبۆنەوەکانی کۆنگرەدا، ئاکامی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندى ڕاگەیەنرا، کە هاوڕێیان ( ئازاد مەجید، ئازاد جەوهەر، ئازاد عبداللە، ئاسۆ کەمال، دەشتی جەمال، حسین ساڵح، ڕێبوار ئەحمەد، ڕەمەزان سابیر، سامان کەریم، سەعید ئەحمەد، سەوسەن سەلیم، شەماڵ عەلی، شوکاک عبدالستار، شاباز مەحمود، نوری بەشیر، عبداللە مەحمود، عوسمانی حاجی مارف) بە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران. هەروەها هاوڕێیان ( عەجیبە سەعید، عەدنان مەجید، تاهیر حەسەن، چیا لەتیف و ناسک ئەحمەد) بە ئەندامانی ئیحتیاتی کۆمیتەی ناوەندی هەلبژیردران.
ووتەی کۆتایی کۆنگرە لەلایەن عبداللە مەحمودەوە پێشکەشکرا. بەم شێوەیە کۆنگرە لە فەزایەکی گەرم گوری سیاسیدا بە سرودی ئەنتەرناسیونال سەرکەوتوانە کۆتایی هات.
ڕۆژی دوای کۆنگرە کۆمیتەی مەرکەزی پلنیۆمی یەکەمی خۆی بەست.
دەستوری کۆبونەوەکەی پێکهاتبوو لە:
1-ئارایشی ڕابەری 2- بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنگرە، 3- بڵاوکراوەی حزب، 4- پێکهێنانی تەشکیلاتەکانی حزب، کۆمیتەی شارەکان، کۆمیتەی دەرەوەی ووڵات.، 5-کێشەی کەرکوک، 6- پەیوەندی نێوان هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و کوردستان، 7- مەوازینی مالی .
لە بەندی تایبەت بە ئارایشی ڕابەریدا، دوای گفتۆگۆیەکی هەمەلایەنە، بڕیار لەسەر دابینکردنی ڕابەریەکی جەمعی و جێگیر لە کوردستاندا درا. بەدوای ئەویشدا هەڵبژاردن بەڕیوە چوو، کە هاوڕآ عوسمانی حاجی مارف بە سکرتێرى کۆمیتەی ناوەندی و عبداللە مەحمود بە جێگیری سکرتێر بە تێکرای دەنگ هەڵبژێردران، وە لە هەمانکاتدا ئەندامى مەکتەبى سیاسین دەبن، پاشان هەریەک لە هاورێیان (ئازاد مەجید، شەمال علی، ئازاد جەوهەر، سەعید ئەحمەد، رەمەزان سابیر) وەکو ئەندامانی ترى مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران.
کۆمیتەی ناوندی
حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان
17-3-2008