ڕیپۆرتاژێک سەبارەت بە مناڵانى کوردستان

ماڵه‌وه‌ 

ئامادەکردنی: سەما

وه‌رگیراو له‌ ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌

سەرکەوت مناڵێکی تەمەن (11) ساڵە و پیشەى گوڵەبەڕۆژە فرۆشتنە گوتی" دوو سێ ساڵە کاسبی دەکەم، نازانم ڕۆژی جەژنی جیهانی مناڵانیش چییە، لە قۆناغی سێی سەرەتاییم، لەدوای دەوامی قوتابخانەم، یان لەکاتی پشووی هاویندا کاری دەستگێڕی دەکەم، لە بازاڕ و لەکاتی ئیش کردندا کەس لێی نەداوم، بەڵام زۆر جار کە موشتەریەک گوڵەبەڕۆژەم لێ دەکرێت پارەم ناداتێ و ئازاری دەروونیم دەدات، منیش لەبەرامبەردا دەسەڵاتم نییە، باوکم کاسبە ئەویش لەسەر عارەبانەکەى بسکویت دەفرۆشێت، کە دێم بۆ کارکردن بە ئارەزووی خۆم دێم، کەس زۆریم لێ ناکات، دوای کارکردنم بۆ پشوو دان تەنها نێوەڕۆیان بۆ نان خواردن دەچمەوە ماڵەوە، کاتەکانی تر بەردەوام لە بازاڕ کار دەکەم، ڕۆژی هەزار دینار یان هەزار و پێنج سەد دینار خێر دەکەم".

سەرکەوت لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو و وتی" زۆر حەز دەکەم شاری یاری بکرێتەوە لە شارەکەمان، بۆ ئەوەى بچم یاری مناڵانە بکەم، بەڵام بەداخەوە هیچ شوێنێک شک نابەم، ئەگەر باری ژیانم باش بێت حەز دەکەم بچم بۆ شوێنی خۆش بۆ پشوو دان، یان لەماڵەوە نامیلکەى مناڵان بخوێنمەوە، بەڵام ناچارم کاسبی بکەم، چونکە باری ژیانمان باش نییە، زۆر جار لەبەر ئەوەى لەبەر هەتاو بووم نەخۆش کەوتووم، یان هەتاو کاری لەجەستەم کردووە، یان لەبەر ماندووبوونی نەخۆش کەوتووم".

ڕێناس مناڵێکی ترە تەمەنی لە (12) ساڵ زیاتر نییە و بە وتەى خۆی (4) ساڵە ئاو و بیبسی و شەربەت دەفرۆشێت، ڕۆژی (6 تا 7) هەزار دینار پەیدا دەکات، ئەو پارەیەى کە پەیدای دەکات دەیداتە ماڵەوەیان و شتی پێ دەکڕن، ئەگەر بۆخۆی پێداویستیەکی هەبێت ماڵەوە بەو پارەیە بۆی دابین دەکەن، لە درێژەى قسەکانیدا وتی" باوک و برایەکم پێشمەرگەى (ی.ن.ک)نن لە ماڵەوە تا ئێستا پێیان نەوتووم بڕۆ دەرەوە بۆ کاسبی، بە ئارەزووی خۆم هاتوومە ناو بازاڕ بۆ کارکردن، ڕۆژانە لەکاتی کارکردندا لەبەر ئەوەى بۆخۆم بێدەنگم کەس ئازارم نادات، بەڵام برادەرەکانم زۆربەیان لەبەر ئەوەى هاوڕێیەتی مناڵانی باش ناکەن تووشی جگەرە کێشان و قومار کردن بوون، نازانم ڕۆژی جەژنی جیهانی مناڵان چییە، چونکە کەس پێی نەوتووم، تەنانەت لە مەکتەبیش لە مامۆستایەکانم نەبیستووە، زۆر حەز دەکەم بچم بۆ شاری یاری، بەڵام تا ئێستا نەچووم لەبەر کاسبی کردن، من لەدوای دەوامی مەکتەب دێم بۆ کاسبی، لەبەر ئەوەى دوای دەوام بێتاقەتم کاسبی بکەم باشترە لەوەى کە بچم بۆ ناو مناڵی خراپ و تووشی شتی خراپ ببم".

ژین قوتابی قۆناغی شەشەمی بنەڕەتییە و وەکو هەر مناڵێکی تری ناو بازاڕ وتی" من دوای دەوام دێمە ناو بازاڕ و کاری بۆیاخ چییەتی دەکەم، کڵاش و پێڵاو بۆیاخ و ڕەنگ دەکەم، من دەزانم ڕۆژی جەژنی جیهانی مناڵان چییە و ڕۆژی (1-6) ڕۆژی دنیای مناڵانە، دوو ساڵە بۆیاخ چیم، پێنج ساڵیش لەگەڵ خاڵم خەیاتیم کردووە، لە ماڵەوە حەوت کەسین، من و باوکم کاسبی بۆ ماڵەوە دەکەین، من کوڕی گەورەم لەگەڵ باوکم بەخێو کردنی خێزانەکەمان لە ئەستۆ دایە، لە ماڵەوە دەڵێن بخوێنە، بەڵام حەز دەکەم هاوکاری باوکم بکەم، زۆر کەس کە پێڵاوەکانی بۆ بۆیاخ دەکەم، پارەى تەواوم نادەنێ، یان پێم ڕادەبوێرن، منیش یان دەبێ شەڕی لەگەڵ بکەم، ئەگەر لێشم بدات، یان دەبێ بێدەنگ بم،باوکیشم پینەچییە و پێڵاو دەدورێتەوە، من ڕاهاتووم بۆ کارکردن، حەز ناکەم بچم بۆ پارک و باخچەى مناڵان و شاری یاری لەبەر ئەوەى پارە پەیدا کردن بۆمن باشترە لەکات بەفیڕۆدان (لەو کاتەى کە قسەى بۆمن دەکرد سەرگەرمی کارکردن بوو، کڵاشە بۆر و چڵکنەکانی ناو دەستی دەهێنا و دەبرد و هەڵی دەسوڕاند و خەریکی سپی کردنەوەیان بوو)" وتی من ڕۆژی (9) هەزار دینار پەیدا دەکەم، ئەویش بۆ ماڵەوە و کەمێکی بۆ مەسروفاتی خۆمە".

سەرتیپ تەمەنی (8) ساڵە و لە قۆناغی دووەمی بنەڕەتی دەخوێنێت، دوای دەوامی قوتابخانە لەلایەن مامیەوە دەنێردرێتە بەر مەڵ و بەرخۆلەکانی، خوشکەکەى کە تەمەنی (9) ساڵە ئەویش سەرەڕای ئەوەى چاوێکی نابینێت و قاچێکی تەواو نییە دەکرێت بە شوانی گۆلک، کە مامی بەخێویان دەکات، چونکە باوکیان لەدەرەوەى وڵات ژیان بەسەر دەبات و دایکیان لە باوکیان جیا بۆتەوە، بەم شێوەیە وتی" من شوانی دەکەم، دوای دەوامی مەکتەب دەچم بۆ شاخ بۆ بەخێو کردنی ئاژەڵەکانمان، ئێواران درەنگ دەگەڕێمەوە، شەوانە زوو دەخەوم، چونکە زۆر ماندوو دەبم، مامم لەگەڵمان باش نییە، چونکە ناهێڵێت بچین بۆ لای دایکمان، ڕۆژانە پێداویستیەکانمان بۆ دابین ناکرێت، نەک هەر من، زۆربەى مناڵانی ناو گوند نازانن ڕۆژی جەژنی جیهانی مناڵان چییە، زۆر حەز دەکەم کەل و پەلی یاری منداڵانەم هەبێت، بەڵام لەبەر ئاژەڵەکان ناتوانم یاری بە کەل و پەلی منداڵان بکەم، خوشکەکەم نەخۆشە، سەرەڕای ئەوەى زۆر نەخۆشە زۆریش ماندوو دەکرێت لەلایەن مامم".

نەسرینی خوشکی سەرتیپ وتی" منیش دوای مەکتەب دەبێ هاوکاری ئامۆژنم بکەم، لە قاپ شۆردن و ماڵ خاوێن کردنەوە و مناڵ بەخێو کردن، زۆر جار بە پێڵاوی دڕاوەوە دەچم بۆ شوانی گۆلکەکان، منیش زۆر حەز دەکەم لە یاری منداڵانە کەهەم بێت، بەڵام ناتوانم داوای ئەو کەل و پەلانە بکەم، چونکە پێم دەڵێن تۆ گەورە بووی، هەندێک جار منداڵانی هاوڕێم گاڵتەم پێ دەکەن و دەڵێن کچی ژنە تەڵاق دراوەکە، بۆیە هەندێک جار ناتوانم تێکەڵاویان بم".

نەسرین بەچاوی پڕ فرمێسکەوە وتی" دایکم زۆر باش بوو بۆمان، بۆیە زۆر بیری دەکەم".

نەسرین وەکو سەرتیپی برای نەیدەزانی جەژنی جیهانی مناڵان چییە و تا ئێستا گوێی لەم وشیەیە نەبووە.

ڕەسوڵ تەمەنی (7) ساڵ زیاتر نەبوو، لەسەر شۆستەى شەقامەکە دانیشتبوو، پەڕۆیەکی دڕاوی ڕاخستبوو، خەریکی سواڵ کردنبوو، داوام لێکرد وەڵامی پرسیارەکانم بداتەوە، بەڵام بە بێ دەنگی دانیشتبوو. دووبارە داوام لێکردەوە بە درۆ وتی " ناوم محەمەدە و تەمەنم (9) ساڵە و دەچمە قوتابخانە، بەڵام خوشکە بچوکەکەى لەولاوە هات کە دایکی ناردبووی بەدوایدا وتی ڕەسوڵ دایکم دەڵێت چەندی پەیدا کردووە با بێتە لام، لەوەوە بۆم دەرکەوت ڕەسوڵ مناڵێکی درۆزن دەرچووە.

ڕەسوڵ وتی" جەژنی جیهانی مناڵان نازانم چییە، من بۆ فەقیری دانیشتووم لەسەر جادە، خەڵک خێرم پێ دەکات، لەبەر ئەوەى باری ژیانمان باش نییە ناچارم لەگەڵ دایکم و خوشکە بچووکەکەم بێین بۆ سواڵ کردن، ئەگەر حکومەت مووچەیەکمان بۆ ببڕێتەوە هیچ ئامادە نیم بێم بۆ سواڵ کردن، من لەگەڵ دایکم دێم بۆ سواڵ کردن، مناڵێکمان مردووە تا ئێستالەبەر سەرما و گەرما، نازانم لەبەر خواردن بووە یان لەبەر هیلاکی( ڕەسوڵ زۆر قسەى تری کرد، بەڵام زۆربەیان درۆ بوون، شێوەى بە مناڵێک دەچوو کە نەخۆشی دەروونی هەبێت، بە دەنگی نزمەوە قسەى دەکرد و زۆر حەزی لە خواردن بوو).