دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەو دەزگا پەیوەندیدارەکان، داخوازیەکانی مامۆستایانیان
بەهەند نەگرت کە زیاتر لە چەند مانگە ڕاگەیەنراوە، بۆیە هەروەکو بەڵێنیان دابوو
دەستیان دایە مانگرتن.
تا ئێستا نزیکەی 5000 هەزار مامۆستای 400 قوتابخانەو خوێندگا لە سلێمانی و بازیان و
چەمچەماڵ و سەیدسادق و عەربەت و هەڵەبجەی شەهیدو شارباژێڕ... دەستیان داوەتە
مانگرتن و وابڕیاریشە نزیکەی 5000 هەزار مامۆستا لە قوتابخانەو خوێندگاکانی تری
ناوچەکانی پشدەرو بیتوێن و چوارقورنەو حاجیاوا... زۆر شوێنی تریش پەیوەست بن
بەمانگرتنی مامۆستایانەوە.
لەکاتێکدا مامۆستایانی شوێنەکانی تر خەریکن پەیوەست دەبن بە مانگرتنی مامۆستایانەوە،
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لە جێگای ئاوڕدانەوە لە خواستی ڕەوایان، خەریکی
هەڕەشەی دەرکردن و لێپیچینەوە وچاوسورکردنەوەن لەمامۆستایان و بەڕێوەبەری ئەو
قوتابخانانەی مانیان گرتووە.
مامۆستایانی کوردستان، کە یەکێک لە توێژە هەرە ماندووەکانن و ئەرکی پێگەیاندنی
نەوەکانی کۆمەڵگایان لە ئەستۆیە، کەچی بێبەشترین توێژی کۆمەڵگان و کەنارخراون.
مامۆستایان لە ناو گرانی سەرسوڕهێنەرو گەندەڵی هەمەلایەنەی وەزارەتی پەروەردە،
خراپی هەلومەرجی پەروەردەوفێرکردن و کەمی بیناو پێداویستیەکانی خوێندن و فێرکردندا،
بەوپەری دڵسۆزیەوە خەریکی خزمەتی کۆمەڵگان، کەچی دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردەو
دەزگا پەیوەندیدارەکان، لەبەرامبەر بەخواستەکانیاندا خەریکی هەڕەشەی جۆراوجۆرن.
داخوازیەکانی مامۆستایان، بریتین لە گەڕانەوەی دەرماڵەی پیشەیی و پێدانی زەوی ء
هێشتنەوەی ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەکەیان لە خوار بەکالۆریۆسەوەیە بۆ پۆستی
بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، باشکردنی هەلومەرجی خوێندن و خوێندگاکان، کۆتاییهێنان
بەگەندەڵی وەزارەتی پەروەردە ...
جێبەجێکردنی ئەم داخوازیانە، هەر هێندەی بودجەی بارەگاحزبیەکانی پێویستە. هێندەی
نەسریەی چەند بەرپرسێکی حزبی و حکومی! دەوێت. بەڵام چونکە دەسەڵاتی گەندەڵ و
تاڵانچی، هەموو کەلەبەرێکی ژیانی کۆمەڵگای داگرتووە، خەریکە خوێندن و پەروەردە بە
یەکجارەکی دەکاتە خۆراکی حزبی و چاوچنۆکی بێسنور، و ئەوەی بۆیان گرنگ نییە، ئایندەی
خوێندن و پەروەردەو زانست و پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروستە. بۆیە زیاتر لە چەند
مانگە 12 هەزار ئیمزای مامۆستایانیان بۆ خواستەکانیان لەبەردەستە کەچی پشتگوییان
خستووەو ئێستاش هەڕەشەی دەرکردن و لێپێچینەوە دەکەن لە مامۆستایان و بەڕێوەبەری
قوتابخانەکانە مانگرتووەکان .
مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە!
دڵسۆزانی پەروەردەو فێرکردن!
داخوازیەکانی مامۆستایانی مانگرتوو ڕەواو بەرهەقن، لەخزمەت باشترکردنی هەلومەرجی
خوێندن و خوێندگاکانە، ئێوەش هاوبەش و هاوچارەنووسن لەگەڵ مامۆستایانی مانگرتوو،
بۆیە هەرچی زووترە ئێوەش بە مانگرتنەکەیانەوە پەیوەست بن، لەهەرچی زیاتر سەراسەری
بکەنەوەو ڕیزەکانتان یەکگرتووبکەن.
یەکڕیزی و یەکگرتووی ئێوە هەموو مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەو فێرکردن دەتوانێ
زامنی زوو جێبەجێبوونی داخوازیەکانی ئێوە هەموو مامۆستایان و کارمەندان بێت.
هەروەها کەس وکاری فێرخوازان و خوێندکاران، باقی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا،
پێویستە پشتیوانی بێدرێغی خۆیان بۆ مامۆستایانی مانگرتوو ڕابگەیەنن. جێبەجیبوونی
داخوازیەکانی مامۆستایان کە باشترکردنی هەلومەرجی خوێندن و خویندگاکانە، زامنی
پەروەردەیەکی تەندروستە، ئەمەش گەورەترین خزمەتە بە کۆمەڵگا.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کاتێکدا پشتیوانی لە داخوازیەکانی
مامۆستایان دەکەین و بانگەوازی سەرجەم مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە دەکەین کە
بە مانگرتنی مامۆستانەوە پەیوەست بن. هاوکات داواکارین لە تەواوی چین وتوێژەکانی
کۆمەڵگاو هەموو لایەنگرانی پەروەردەو زانست کە بەهەر جۆرێک پێیان دەکرێت پشتیوانی
لە تەواوی داخوازیەکانی مامۆستایانی مانگرتوو بکەن.
سەرکەوتن بۆ تێکوشان و مانگرتنی مامۆستایان
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
24-9-2008
|
|
