په‌یامی ڕێکخراوی به‌ریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق

بۆ کۆنفراسی ساڵانه‌ی حزبی حیکمه‌تیست/ ته‌شکیلاتی به‌ریتانیا

ماڵه‌وه 

 

هه‌یئه‌تێکی ڕێکخراوی به‌ریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق که‌پیکهاتبوو له‌هاوڕێیان ( عوسمان فتاح، کافیه‌ و سه‌رهه‌ند علی )، ڕۆژی 28/6/2008 به‌شداری کۆنفراسی ساڵانه‌ی حزبی حیکمه‌تیست/ ته‌شکیلاتی به‌ریتانیای کرد، وه‌ په‌یامی خواره‌وه‌ی هه‌یئه‌تی ته‌نفیزی له‌لایه‌ن عوسمان فتاح وه‌ خوێنرایه‌وه‌.

 

په‌یامی ڕێکخراوی به‌ریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق

بۆ کۆنفراسی ساڵانه‌ی حزبی حیکمه‌تیست/ ته‌شکیلاتی به‌ریتانیا

هاورێ یان ئاماده‌بوانی کۆنفراس، ...

سلاویکى گەرم و هیواى سەرکەتنى کارەکانى کۆنفرانستان بۆدەخۆازین..

کۆنفرانسى ئێوە ئەمساڵ لەهەلومەرجێکدا دەبەسترێت کە باروۆدوخى جیهان و ناوچەکە بەگشتى و بارودۆخى خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێشى ئێران و عێراق بەوەزعیەتیکى یەکجار دژواردا تێپەریوە و بەهێزەوە بانگەوازى ئێمە کۆمۆنیستەکانى عێراق و ئێران دەکات کە ڕۆڵى ئامانجدارانەو ڕزگارى بەخشى خۆمان بگێرین و کۆمەڵگا لەو میحەنەتەى کەبەدەست هێزە بۆرژوازىیەکانه‌وە تێیى کەوتووە دەرکێشین. لەم بارەوە ئەوەى ئاشکرایەو دەیبینین بارودۆخى کۆمەڵگاى ئێرانە کەبەدرێژایى ‌سێ ده‌‌یه‌ی ڕابردو لەلایەن جمهورى ئیسلامى ئێرانەوە چ بەڵاو نەگبەتیەک ڕووى لەخەڵکى ئێران بەتایبەتى و ناوچەکەو جیهان بەگشتى کردووە، شه‌‌ڕو کۆشتارو زیندان و ئیعدام وسەرکوتى تەواوى سیاسى، تا سەنگەسارکردنى ژنان و پەلاماردانى لاوان و داسەپاندنى هەژارى وبێکارى و کۆنه‌په‌رستی، ئەمە وێراى دەستبردن بۆچەکى ناوەکى و هێنانى بەڵاى جەنگێکى ناوچەیى تر بۆسەرخەڵکى دنیا کە کەس نازانێ ئاسەوارەکانى چ ڕووداوێکى مەرگەسات بەدواى خۆیدا دێنێ.. بەم جۆرەش بەڵاى شەڕ ئێستا بۆتە مۆتەکەیەک بەسەر سەرى کۆمەڵگاى ئێران و تەواوى بەشەریەتى جیهانەوە، هەموو ئەمانە هەرچى زیاتر پێویستى توندکردنەوەى خەباتى کۆمۆنیستى کرێکارى و هاتنەمەیدانى بەهێزى ڕیزەکانى هەردووحزبى کۆمۆنیستى کرێکارى ئێران و عێراق دەخوازێ. لەمبارەشەوە کۆنفرانسى ئێوە بەپێویست لەگەڵ ئەرک و هەڵسووڕان و دەستبردن بۆخەباتێکى کۆمەلایەتى بەرفراوان بەرەو ڕوودەکاتەوە، بەتایبەتى لەدەرەوەى وولات ده‌کرێ و ده‌بێ به‌خێرایى وه‌ک مه‌یدانێکى کاریگه‌ر بۆهێنانه‌ مه‌یدانى ڕیزى ملیۆنى خەڵکى ئازادیخواز بەدژى جمهورى ئیسلامى ئێران و ئەمریکاو هێزە شەرخوازەکانى هاوپەیمانى بهێنرێتەکایەوە. ئەمە ئەرکێکە و لەبەردەرگاماندایە.

بێگۆمان لەم هەلومەرجانەدا هاوکارى و یەکدەستى و هاوخەباتى تەشکیلاتى هەردوو حزبى حیکەمەتیست و حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراق هەر لەو ڕووەوە زەروورنیە کەهەردوولا کۆرپەى باوەشى یەک بزوتنەوەى مارکسیستى و چینایەتین، بگرە خودى وجودى هێزەکانى ئەمریکا و سیاسەتى لەعێراق و دەخالەتێکى کۆنەپەرستانە کەجمهورى ئیسلامى ئێران و هێزە ناسیونالیستە کوردەکان لە عێراق و ئێراندا هەیانە بەکردەوە کارى  هەردوو حزب لێکگرێدەدەنەوە و لەمەیدان وکێشمەکێشێکى هاوبەشى سیاسى و چینایەتیدا دایان دەنێتەوە، بۆیە ئەرکى هەردوولامانە کەبەشێوەیەکى هوشیارانە و ڕۆشن نەخشەى کارى هاوبەش لەدەرەوەى وولات بگرینەدەست، لەمبارەوە چاوەڕوانى ئێمە لەکۆنفرانسەکەتان ئەوەیە کەلەکەنار بڕیاردانتان لەسەر مەیدانەکانى کار ئەوەش بەحساب بهێنین کەپێکەوە وەک دوو تەشکیلاتى یەکدەست و خەباتکارى کۆمۆنیستى بەپیر ئەرکەکانمانەوە بچین. بەتایبەتى بۆ ئێمە ئەو باوەڕە لەپێش هەرشتێکەوەیە کەسەرکەوتنى کۆمۆنیزم لەئێران بەماناى سەرکەوتن و پێشرەوى گشت کۆمۆنیستەکانى ئێران و عێراقە، هەربۆیە بەته‌واى تواناوە پەیمانى ئەوەمان لەگەڵ هاوڕیانى کۆنفرانسدا هەیە کەهاوکارو هاو خەباتى ڕیزى پێشەوەى ئەو ئەرکانەبین کەئێوە لەسەریان بڕیاردەدەن لەم کۆنفرانسەدا، بەتایبەتییش وولاتى بەریتانیا کە جێگایەکى حەساسى لەسیاسەتى نێو دەوڵەتیدا هەیە ئەو بەهایەى بەهەردوولامان داوە کەپێکەوە تێبکۆشین تا تەوازنى هێز بەقازانجى خەڵکى ئێران و عێراق و خەباتى کرێکاران بەدەستەوەبگرین.. ئێمە چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە ئەم کۆنفرانسە دەوران و حاڵەتى لێکدورى و بێئاگایى تەشکیلاتى هەردوو حزبى حیکمەتیست و حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراق لەبەریتانیا کۆتایى پێبهینێت و نموونە و ئەلگۆی پەیوەندى و موناسەباتێکى پێکەوە گرێدراوو دەخالەتگەرانە لەنێو بارودۆخەکانى بەریتانیادا نیشان بدەین و ئەمەش بکەینە سەرمەشقى کارى هەردوو حزب لە تەواوى ولاتەکانى تر..

هاورێ یان ئێمە دڵنیاین کە کۆنفرانسەکەتان ڕووبەڕووى کۆمەڵێک ئەرک و بڕیارى حەساسى کۆمۆنیستى یە، کەدیارە تەسمیمگرتنى کادران و ئەندامان لەسەر ئەرکە کۆمۆنیستى یەکانمان دەتوانێ لەدەرگاى هێنانەپێشەوەى دەروانێکى پێشرەوى و هێزگرتنى کۆمۆنیزم بدات و بزوتنەوەى ئێمە بەرەو مەوقعیەتێکى نوێ ئاراستەبکات..

ئێمە بەتەواوى تواناوە لەکەنار ئێوەدا ڕاوەستاوین و ئومێدى زۆرمان بەسەرکەوتوویى کاروبارى کۆنفرانس و بڕیارەکانیەوە گرێ داوە..

دووبارە سەرکەوتنتان بۆدەخوازین..

بژی کۆمۆنیزم

سه‌رکه‌وتوبێت حزبی حیکمه‌تیست

هه‌یئه‌تی ته‌نفیزی

ڕێکخراوی به‌ریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق

27/6/2008