سزاى زیندانى کردنى عادل حسین، دکتۆر و نوسەر،
لەلایەن دادگاى "پارتى"یەوە، تاوانێکە دەرهەق بەئازادى بیروڕا!
ئۆکتۆبهری 17
چەند ڕۆژ لەمەوبەر دادگاى هەولێرى سەربەپارتى دیموکراتى کوردستان، سزاى 6 مانگ زیندانى بەسەر ڕۆژنامەنوس عادل حسێن لەسەر بابەتێک لەبارەى سێکسەوە، کەلەڕۆژنامەى هاولاتیدا ساڵى پار بلاوکراوەتەوە، داسەپاند. ئێستا دکتۆر عادل لەزیندانى مەرکەزى هەولێردا بەندەو ماوەى سزاکەى تێدەپەڕێنآ. بەبێ ئەوەى تائێستاش ئەو لایەنەى دەعواى لەسەر تۆمارکردووە، لەلایەن دادگاوە ئاشکراکرابێت. تەنانەت دکتۆر عادل ئەوەشى لەکەناڵەکانى رَِاگەیاندندا ئاشکرا کردووە، کە تائێستا نازانێت لەلایەن کآوە دەعواى لەسەر تۆمارکراوە!!. دکتۆر عادل حسین تائێستا چەندین بەرنامەى زانستى لەبووارى سێکس و تەندروسیدا، لەکەنالە تەلەفزیۆنیە نیوخۆىیەکاندا بلاوکردۆتەوە، هەروەها چەندین ووتارو بابەتى لەسەر مەسائیلى جۆراوجۆر بەزمانى کوردى نوسیوە ولەڕۆژنامەکاندا بلاوى کردۆتەوە. لەوانەش ووتارێک بەناوى "سێکسى کۆم" کەلە بلاوکراوەى هاولاتى ساڵى 2007دا بلاوبۆتەوە ولەکاتى خۆیدا لەلایەن دەسەلاتدارانەوە هەرایەکى لێکەوتەوە وبەهاندان بۆ نێربازى لێکدرایەوە. لەکاتێکدا ئەو بەپشتبەستن بەزانستى تەندروستى لەمبارەوە دوواوە و ڕاى ئازادانەى خۆى دەربڕیوە. بەجیا لەمەش دەسەلاتداران بەهۆى ئەوەوە کەباسکردن لەسێکس بەشتێکى حەرامکراو دەزانن، بەشێوەیەکى نایاسایى بڕیارى داخستنى عیادەکەیان داوە و ئەندامێتیشیان لەسەندیکاى پزیشکاندا لێسەندۆتەوە. هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە یاساى پەرلمانى کوردستان سەبارەت بەئازادى ڕۆژنامەگەرى ئەوەى پەسەندکردووە کەڕۆژنامەنوسان و نوسەران نابێ بەهۆى دەربڕینەکانیانەوە بخرێنە زیندانەوە. بەڵکو لەبەرامبەر هەرسەرپێچیکردنێکى یاساییدا غەرامە بکرێن. زیندانى کردنى عادل حسین، تەنها کارێکى نایاسایى و پێچەوانە لەگەڵ یاساى ڕۆژنامەگەریەکدا نییە کەپەرلمانى کوردستان دەنگى بۆداوە، بەڵکو پێشیلکردنێکى ئاشکراى ئازادى سیاسى و بیروڕا دەربڕینە. ئەم هەنگاوەى دادگاى پارتى، ئەوەدەسەلمێنى کە ئەحزابى ناسونالیستى کورد و دەسەلاتەکەیان، بەهیچ شێوەیەک باوەڕیان بەئازادى بیروڕا دەربڕین و ڕەخنەگرتن و نوسین نییە. هاوکات حوکمى میلیشیایى ئەوان پێچەوانەیە لەگەڵ ماف وئازادیە فەردى ومەدەنییەکانى خەڵکى کوردستاندا وبەم هۆیەشەوە تەحەمولى زانست و بیروڕاى ئازادانەى تاکى کۆمەڵ ناکەن. بەلام کارەسات هەربەوەندە تەواو نابێت. سزاى زیندانى کردنى عادل حسین لەلایەن دادگا ودەسەلاتەکەى پارتىیەوە، ئەو ڕەوتە کۆنەپەرستە دەخاتە پێشاوى کۆمەڵگاى کوردستان کە تێیدا باسکردن لەسێکس و ئارەزووەکانى تاکى کۆمەڵگا مەسەلەیەکى حەرام وقەدەغە کراوە. لەمەشدا گەرەکیەتیى ژیانى اوان و گەنجانى کوردستان وبگرە سەرجەم تاکى کۆمەڵگا لە کۆمەڵگایەکى چەپاودا لەقاڵب بداتەوە وئارەزووە ئینسانى و سروشتییەکانیان سەرکوتبکات. بێگومان ئاڕاستەیەکى ئاواش ڕیشەى لەباوەڕى ئاینى و خێڵەکێتى دەسەلات و گروپێکدایە کەبەزۆرى چەک و وەهمى کوردایەتییەوە خۆى بەسەر ژیانى مەدەنى خەڵکى کوردستاندا سەپاندووە. ئێمە ئەم کردەوەیەى دادگاى هەولێرو پارتى مەحکوم و سەرکۆنە دەکەین و بەهەنگاوێکى پێچەوانە لەگەڵ خودى یاسا و مافى ئازادى ڕەخنەو ڕادەربڕین دەزانین. هاوکاتیش داوادەکەین کە دەست بەجآ ئەم سزایە لەسەر دکتۆر عادل هەڵگیرێ و لەزیندان ئازاد بکرى. ڕۆژنامەنوسان وخەڵکى ئازادیخوازى کوردستان ولەپێشیانەوە سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان، دەبێ دەنگى نارەزایەتى هەڵبڕن و ڕێگانەدەن بەم سەرکوتگەرى و پێشیلکاریەى دادگاى پارتى، چونکە ئەمە هێرشێکى ئاشکرایە بۆ سەر ئازادى بیروڕا و هێنانە کایەوەى کۆمەڵگایەکى چەپاو. دەبێ بەتەواوى تواناوە بەرامبەر بەم دواکەوتویى و سەرکوتگەریە ڕابوەستینەوە و ڕێگانەدەین بەوەى نوسەران وڕۆژنامەنوسانى ئازادیخواز لەسەر دەربڕینى باوەڕیان بخرێنە بەردەم دادگا و زیندانەوە.