مەنجەڵ دابەش کردن و ژن کوشتن!

هیدایەتی مەلا عەلی

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەیادی(٥٩) ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیان لەشاری ئاکرێ، مەنجەڵی جۆری (zio)یان بەسەر کۆمەڵێک لەئافرتاندا دابەش کرد، سەرچاوەی هەواڵ بەرنامەی(بەیانی باش)کەناڵی ئاسمانی کوردستان ڕۆژی ١٦/١٢/٢٠١١.

ئێوارەی شەوی ٨/١٢/٢٠١١ لەتاسڵوجە پیاوێک بەناوی(ج،ج) لە دایکبووی ساڵی (١٩٧٤) دوای لێدانێکی زۆر لەهاوسەرەکەی بەناوی (ش،ك) لەدایکبووی (١٩٧٣)، ژنەکە لەهۆش خۆی دەچێت وپاشان گیانی لەدەست دەدات، دواتر پیاوەکە بۆ شاردنەوەی تەرمی ژنەکەی هەڵدەستێت بەپارچە پارچە کردنی لاشەی ژنەکە بەمشاری کارەبایی و دەیکات بە(٦) پارچەوە،(ج،ج) لاشەی(ش،ک(لە دوو ناوچەی جیاواز نزیک (معەسکەر سەلام) و شیوێک لەپێش چەمی تانجەرۆ دەشارێتەوە، سەرچاوی هەواڵ گۆڤاری سڤیل ژمار(١١٣) و ڕۆژنامەی ڕووداو ژمارە(١٩٢)

واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لەدۆخێکدایە کەزۆرێک لەم ڕووداوانە کەدەبوایە کۆمەڵگای بهەژاندایە، دەبن بەژێر پێی ململانێی نێوان حیزب و لایەنە سیاسیەکانەوە، شەڕە پرۆژەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئەگەری کۆبونەوەی (٥) قۆڵی، پایکێج وبڕیاری پەرلەمان وسەرۆکی هەرێم، پارتی ویەکگرتوو، یەکێتی وگۆڕان، عەلی باپیر وناوبژیوانی، هاشمی ومالیکی، وەرگرتنەوەی حکومەت، هەموو ئەمانە ئەو هۆکارانەن کەڕەواجێکی شێنەیی بەدەیان تاوان و کارەساتی ئینسانی داوە لەکوردستان، لەم گۆشە نیگایەوە سەرنجی کۆمەڵگا چۆتە سەر هەندێک ڕەهەندی سیاسی دیاریکراو.

ڕۆژانە لەکوردستان توندوتیژی بەرانبەر بەژنان لەڕووی چەندایەتی وچۆنایەتی تاوانەکانەوە ڕوو لەهەڵکشانە، توندوتیژی دژی ژنان شێوازێکی تەواو ترسناکی بەخۆوە گرتووە، دەسەڵاتداران بەردەوام پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کەتوندوتیژی دژی ژنان ڕوو لە کەمبوونەوەیە، بەڵام بیستنی ئەم جۆرە تاوان وژن کوشتن وکارەساتانە، ڕاماندەچڵەکێنێت ودەمانخاتە بەردەم ئەو واقیعتەی کە توندوتیژی وژن کوشتن گەیشتۆتە ئاستێک کەئینسان تووشی شۆک وسەرسوڕمان دەکات، لەکوردستان بەدڕندانەترین شێواز ژن دەکوژرێت و داهێنانی تێدا دەکرێت.

لەکاتێکدا ژنانی کوردستان یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی ژیانیان تێدەپەڕێنن، ڕێکخراوەکانی ژنان وئافرەتانی سەر بەحیزبە دەسەڵاتدارەکان، سەرمەستی درێژەدانن بەکۆیلەکردن وهێشتنەوەی ژنان لەچوارچێوەی ماڵەکاندا، ڕێکخراوکانی ژنان وئافرەتانی سەر بەحیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، لەبەرئەوەی پاشکۆی هێزێکن کەپیاوسالاری ومەزهەب دوو جەمسەری بەهێزی فەلسەفەی بیرکردنەوەیان داگیر دەکات، هەمیشە بیر لەوە دەکەنەوە کەچۆن پەیوەندی نێوان مەنجەڵ وژنان، وەک پەیوەندیەکی سروشتی و خۆڕسک لێکبدەنەوەو وبیکەن بەبیروڕای گشتی وتێگەشتنی باوی کۆمەڵگا.

بزوتنەوەی کوردایەتی وحیزبەکانی، بەردەوام ئەو ئەقڵیەتە بەرهەم دێنێت کەڕۆڵی ژنان لەکۆمەڵگادا گرێبداتەوە بەوەی کەچەندە ژنان هۆگری مەنجەڵن، مەنجەڵ بۆ ژنانی کوردستان لای حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی باشترین میکانیزمی خەبات و تێکۆشانی ئەم توێژە گرنگەی کۆمەڵگایە، بۆ سەرکەوتن وجێخستنی ئاسۆ وئامانجی پیاوسالارانەی بزوتنەوەکەیان.

مەنجەڵ باشترین کەلەبچە وهۆکارە بۆ قەتیس کردنی ژنان لەماڵەوە، مەنجەڵ ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان ژنان وچێشتخانە بەهێز و بەردەوام دەکات، مەنجەڵ کارسازترین چەکی دەستی هێزە دواکەوتوو کۆنەپەرستەکانە بۆ دیاری کردن و کورت کردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەکاتێکدا مەنجەڵ دابەش دەکات دەیتوانی پاسکیل بەسەر ژناندا دابەش بکات، بەڵام پرسیار لێرەدایە، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەم کارە ناکات؟ چونکە ڕێکخراوەکانی ژنان وئافرەتانی سەر بەحیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئەو ڕاستیە باش دەزانن، کەپاسکیل ژنان دەنێرێتە دەرەوەی ماڵ وچاو گوێیان دەکاتەوە، بەپێچەوانەوە مەنجەڵ دەتوانێت مسۆگەری مانەوەی ژنان لە ماڵەوە بکات بۆ خزمەتی پیاوان و، تێکنەچوونی شیرازەی کۆمەڵگاو قبوڵ کردنی دەسەڵاتی عەشرەت و بنەماڵە بەسەر کۆمەڵگادا بەگشتی وژنان بەتایبەتی.

لەدرامای (گەردەلوول)دا کاتێک پێشمەرگەکان لەجەولە دەگەڕانەوە بۆ پشوودان، یەکسەر ژنەکان پەلاماری مەنجەڵەکانیان دەدا بۆ چێشت ئامادەکردن و تێرکردنی سکی پیاوەکان، مۆدێرنترین پێناسەی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ ژنان، دەڵێت ژنان ئەو توێژەن کە دەتوانن بەناوساجی گەرم وئامادەکردنی خۆراکی چەور وبەتام، مەیدانەکانی جەنگ بۆ هێزە شەڕکەرە پیاوەکان بڕازێننەوە.

لە ئێستای کۆمەڵگای کوردستاندا هەر ڕێژەیەک لەپێشکەوتن و ئامادەی ژنان دەبینرێت بۆ بەرگری لەماف وداخوازیەکانیان، هیچی پەیوەندی نیە بەخێر وسەدەقەی دەسەڵاتداران و ڕێژەی ٢٥%ی پۆستەکان، بەڵکو واقیعی داسەپاو بەرئەنجامی خەبات و تێکۆشانی ژنانی ناڕازی و بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی کۆمەڵگای کوردستان خۆیەتی، کەئەم تێکۆشانە ڕیشەیەکی قوڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی وئینسانی خۆی هەیە.

دەبێت هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی نێوان ژن و پیاو، سەرجەم نوسەران و ڕۆشنبیرانی بەهەڵوێست، ئینسانە مرۆڤدۆست و هەڵسوڕاوە سیاسی و مەدەنییەکان، دەزگا ڕاگەیاندنە ڕەچە شکێنەکان، ڕێگانەدەن ژنان و مافەکانیان ببێتە خۆراکی بێنەوبەردەی نێوان هێز و لایەنەکان، گرنگ و چارەنوسسازە ئەم کارەسات و تاوانانەی دەرهەق بەژنان دەکرێت بکرێتە بەشێک لەکێشەی کۆمەڵگاوقسەی لەسە بکرێت وڕێگاچارەی بۆ بدۆزرێتەوە، نابێت ڕێگا بدرێت ڕێکخراوەکانی ژنان وئافرەتانی سەر بەحیزبە دەسەڵاتدارەکان، لەڕێگای مەنجەڵەوە ژنان بکەنە کۆیلەی ئاگردانەکان، دەبێت بەردەوام زمانی ڕەخنەو، چاوی بینین و ڕیزی نارەزایەتی وداخوازیەکانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، بەرانبەر دەسەڵاتداران وڕێکخراوەکانی ژنان وئافرەتانیان وەک چەکوشێکی ئامادە بەرز کرابێتەوە.

 

Copyright © 2007 hkkurdistan.org