|
بەرواری 11/5/2010 لە سەنتەری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، بە
بانگەوازی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و کومیتەی
داکۆکی لە مافی ژنان، کۆبونەوەیەکی نارەزایەتی بەرامبەر بە
رفاندن و تیرۆری دڕندانەی خوێندکارو رۆژنامەنوس" سەردەشت
عوسمان" وەڕێخرا.
کۆبونەوە جەماوەریەکە بە چەندین لافیتە و تراکت و وێنەی
سەردەشت عوسمان و بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لەرەوەندی
کوردی وئازادیخوازان و هاورێیانێک لە حزبی کۆمۆنیستی
کرێکاری ئێران – حیکمەتیست دەستی پێکرد. پاشان هەریەک
لەعەبدوڵا مەحمود و شەماڵ عەلی لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی
کوردستان وتەیان پیشکەش کرد کە تیایدا وێرای ئیدانەکردنی
ئەم تاوانە ئاماژەیاندا بە زەمینەکانی سازکردنی کەش و
هەوای ترس و تۆقاندن و هێرش بۆسەر ئازادی سیاسی و ئازادی
بەیان و رادەربرین بڵاوکردنەوە و تیرۆری یەک لەدوای یەکی
هەڵسوراوانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان، لەلایەن دەسەڵاتی
میلیشیایی پارتی و یەکێتی و ئامانجێک کە لە رێگای تیرورو
تۆقاندنەوە بەدوایەوەن، کە تیرۆری ئازادی و ئازادیخوازیە.
وە ئاماژەیان بە گرنگی بەردەوامیدان بە نارەزایەتی و
خۆپیشاندانەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتداو پێیان لەسەر
پیداویستی بەرینکردنەوەو سەراسەریکردنەوەی داگرت ، تا
دەسەڵات ناچار دەبێت نەخشەسازان و بکوژان و سەردەشت
عوسمان و ئاشکرا بکەن وهەموو ئەو بەندو دەستەواژەی وەک
ئادابی گشتی، مقەدەساتی نیشتمانی و دینی و نەتەوەیی
و...لە یاساکاندا، لاببرێن.
هەروەها هەڵاڵە رافع لە کۆمیتەی داکۆکی لەمافی ژنان و سارا
محەمەد لەرێکخراوی هەرگیز پیلا و فادیمە لەیاد ناکەین بە
زمانی سویدی قسەوباسیان پێشکەش کرد، کە ویرای ئاماژەدان بە
چۆنیەتی رفاندن و تیرۆری سەردەشت عوسمان، هاوکات باسی
دەسەڵاتی دژە ئازادی پارتی و یەکێتی و ئەو پیشیلکاریانەیان
کرد کە لە کوردستان ئەنجامیان داوە بەرامبەر بە ئازدی و
ژنان.
هەروەها فارس مەحمود سکرتیری کۆمیتە مەرکەزی حزبی
کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق وتەیەکی بە زمانی عەرەبی پێشکەش
کرد، کە تیایدا ئیدانەی تاوانی تیرۆری سەردەشت عوسمان و
هیرشی دەسەلاتی کوردی بۆ سەر فەزای سیاسی و ئازادیخوازی
کوردستان کرد.
پاشان رەسول بناوەند لە حزبی حکمەتیست، وتەیەکی پیشکەشکرد.
کە هاودەردی حزبی حیکمەتیستی بۆ ئەم ناحەقییە راگەیاند و
ئامادەیی خۆیانی بۆ راوەستان لە پاڵ حزبەکانی کۆمۆنیزمی
کرێکاری لە عێراق و کوردستان راگەیاند بۆ بەرگری لە هێرش
بۆ سەر ئازادی و ئازادی رۆژنامەگەری.. دوپات کردەوە.
شایانی باسە بەسەدان بەیاننامە بە زمانی کوردی و ئینگلیزی،
دابەشی ئامادەبوان و راگوزەران، کرا. |