![]() |
|
ڤلادیمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ (لێنین) "نامه بۆ كه‌سوكار" |
|||
به‌شێكی كورت له پێشه‌كیی "ماریا ئۆلیانۆڤه"ی خوشکی "لێنین" بۆ سه‌رجه‌می نامه‌كانی لێنین به ناونیشانی:
(نامه بۆ كه‌سوكار/ 1893_ 1922)
ئه‌م نامانه‌ی كه لێره‌دا بڵاو ده‌كرێنه‌وه، بریتین له‌و نامانه‌ی كه ڤلادیمیر ئیلیچ، بۆ دایكی (ماریا ئه‌لێكساندرۆڤنه) و خوشكه‌كه‌ی (ماریا ئیلیچنه) نووسیویه‌تی. ئه‌مه‌ش ساڵه‌كانی 1894 تاوه‌کوو ساڵه‌كانی 1917٭ده‌گرێته خۆی، كه سه‌ره‌تای یه‌كه‌م ساڵه‌كانی هه‌ڵسووڕانی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و تا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ڕووسیا له دوای شۆڕشی فۆریه‌وه ده‌خایه‌نێ. به درێژایی ئه‌م ده‌ورانه كه ته‌واو چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت، پارته‌كه‌مان و ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ی كه ئه‌م پارته گرتییه پێش هاتنه‌كایه‌وه. بیست و پێنج ساڵی ڕێكی ئه‌م ده‌ورانه، لێنین له پێشه‌وه‌ی ئه‌م حیزبه‌دا بوو. ئه‌و ئه‌م حیزبه‌ی ڕابه‌رایه‌تی و په‌روه‌رده كرد، ته‌واوی ژیانی خۆی له خزمه‌تی خه‌بات و تێكۆشان له‌م حیزبه‌دا ته‌رخان كرد. ڕابه‌ریكردنی حیزب و تێكۆشان له‌پێناو ئامانجه‌كانی چینی كرێكار، به‌شێكی جیانه‌كراوه له ژیانی تایبه‌تیی ئه‌ویان پێك ده‌هێنا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه، چاپی سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كانی "لێنین"مان له به‌رده‌ستدا بێت و خاوه‌نی به‌شێكی به‌رچاو له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و بین، تا ده‌گات به هه‌ڵسه‌نگاندنه زانستی و نووسراوه به‌ناوبانگه‌كانی، (هێشتا لێنین وه‌ك ئینسانێك هێنده به‌رجه‌سته ناناسین). ئه‌م نامانه ده‌توانێ ئه‌م كه‌لێنه بۆ خوێنه‌ر پڕ بكاته‌وه. ئینسان ده‌توانێ له کۆتاییدا تا ڕاده‌یه‌ک له‌سه‌ر، ژیان، نه‌ریت، مه‌یل و په‌یوه‌ندییه‌كانی ڤلادیمیر ئیلیچ، به خه‌ڵكانی تره‌وه داوه‌رییه‌ك بكات. ئێمه ده‌مانه‌وێ به ڕۆشنی ئه‌وه ڕابگه‌یه‌نین، كه تا ماوه‌یه‌كی زانراو ئه‌م نامانه و هه‌ندێكی تر له سه‌رجه‌می نامه‌كانی لێنین بۆ كه‌سوكاری، سه‌رده‌مه‌كانی زیندان و ماڵ پشكنین، جێگۆڕكێ له شارێكه‌وه بۆ شارێكی تر ناگرنه خۆ، كه هه‌ر جاره و زوو، یه‌كێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌مانی ده‌گرته‌وه. به‌شێكی زۆر له‌و نامانه ده‌ستی پۆلیس كه‌وتن و چیدی نه‌درانه‌وه، یاخۆ به هۆكاری جیاواز له‌ناوچوون. به تایبه‌تی له سه‌رده‌می شه‌ڕی یه‌كه‌می "ئیمپریالیستی"دا. له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ندێك له پرسیاره‌كان له هه‌ندێك نامه‌دا دووباره ده‌كرێنه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زۆرێك له‌م نامانه كاریگه‌ری ڕژێمی پۆلیسی تزاریان به‌سه‌ره‌وه‌یه. هه‌ڵبه‌ته كاری ته‌واوی گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌م نامانه به شێوه‌یه‌كی نهێنی و ژێرزه‌مینی بووه، به شێوه‌ی نهێنی له‌ناو "كتێب و ڕۆژنامه‌كان"دا حه‌شار دراون، بۆ ناونیشانێكی پاك و گومان لێ نه‌كراو ڕه‌وانه كراون.٭٭ به‌ڵام كاری شۆڕشگێڕانه و ژیانی تایبه‌تی به شێوه‌یه‌ك پێكه‌وه ئاڵۆسكاو بوون، كه نامه ئاسایی و ساده‌كانی ئێمه له لایه‌ن ڕژێمی پۆلیسه‌وه زیانێكی زۆریان پێ گه‌یشتوو، به شێوه‌یه‌كی سه‌خت به‌رته‌سك كرانه‌وه. به خۆڕایی نییه ڤلادیمیر ئیلیچ له نامه‌یه‌كدا بۆ خوشکه‌كه‌ی "ماریا ئیلیچینه" كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ڤۆڵگا له دوورخراوه‌یی ژیانی به‌سه‌ر ئه‌برد، ده‌نووسێ: له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆ ئێمه (به تایبه‌تی بۆ من و تۆ)، گۆڕینه‌وه‌ی نامه زۆر سه‌خت بۆته‌وه. ئه‌مه نه‌ك هه‌ر بۆ ماریا ئیلیچینا، به‌ڵکوو بۆ سه‌رجه‌می ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌مان و خزمه‌كانمان هه‌ر به هه‌مان شێوه بوو. ئه‌وان له‌گه‌ڵ "ڤلادیمیر ئیلیچ"دا نه‌ك هه‌ر به خوێن خزم بوون، به‌ڵکوو له ڕووی جیهانبینیشه‌وه هه‌ر نزیك و تێكه‌ڵاوبوون. پێكه‌وه هه‌موویان (هه‌تاکوو هاوسه‌ری ئانه ئیلیچینه، م. ت. یلیسارۆڤ) ئه‌و سه‌رده‌مانه سۆسیال دیموكرات بوون، كه‌سانێك بوون وه‌ك باڵی شۆڕشگێڕی حیزب چاویان لێ ده‌كرا، هه‌موویان كه‌م یا زۆر له كار و خه‌باتی شۆرشگێڕانه‌دا به‌شدار بوون. به شێوه‌یه‌کی قووڵ دڵبه‌سته‌ی خه‌باتی حیزبی بوون. به سه‌ركه‌وتنه‌كانی دڵخۆش و به شكسته‌كانیشی خه‌مگین ده‌بوون. به تایبه‌تی دایكمان، كه له‌دایكبووی ساڵی 1835 بوو، تا كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان، له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا له دوورخراوه‌یی و ماڵپشكنینه‌كاندا، ڕه‌نج و ئازارێكی زۆری كێشا. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و 60 ساڵ ته‌مه‌نی بوو، به‌ڵام دڵبه‌سته‌یی و سیمپاتی زۆری له‌گه‌ڵ حیزب‌دا هه‌بوو. نامه ئاسایییه‌كانی ته‌واوی شۆڕشگێڕان، به تووندی له‌ژێر چاودێری پۆلیسدا بوون. ئێمه ناچار بووین، بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی نامه‌كان به نهێنی بمێننه‌وه، سوود له ناوی نهێنی وه‌ربگرین. بۆ زانیاری و ئاگاداربوونه‌وه له گه‌یشتنی نامه‌كان، سوودمان له دۆست و ئاشنایان وه‌رده‌گرت. خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كان، هه‌ست به‌وه ده‌كات، كه نزیكه‌ی ته‌واوی ئه‌و نامانه‌ی، ڤلادیمیر ئیلیچ به ناونیشانی دایكی، خوشکه‌كانی، یا براكانی نووسیویه‌تی، هیچ یه‌كێكیان ناوی ته‌واو و شۆره‌تیان پێوه نییه. چونکه ئه‌مه ده‌بووه هۆی ناسینی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌م نامانه‌یان به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه زیانێكی خراپیشی پێیان نه‌گه‌یاندایه، ئه‌وه هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختی بۆیان ده‌هێنایه پێشه‌وه، كه ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك خوازیاری نه‌بووین. ئه‌گه‌ر له نامه‌كانی "ڤلادیمیر ئیلیچ"دا (ناوه‌كان و نیشانه‌كان ئاشكران)، ئه‌وه دیاره نامه‌كان له ڕێگای هاوڕێ و دۆسته نزیكه‌كانییه‌وه ڕه‌وانه كراون. ئه‌مانه‌ش ئه‌و كه‌سانه بوون، كاته‌كانی دوورخراوه‌ییمان پێكه‌وه به‌هۆی ئامانجێكه‌وه به‌سه‌ر بردبوو، یاخۆ له كاروباری ئاسایی و سه‌رده‌می خۆێندندا، ئاشنایه‌تیمان هه‌بوو. ئه‌گه‌ر ناونیشانی نامه‌كانمان به ناوی كتێب فرۆشییه‌ك یا نووسه‌رێكه‌وه نووسیبێ، ئه‌وه به مانای ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سه له لایه‌ن پۆلیسه‌وه له‌ژێر كۆنترۆڵ و چاودێریدا نه‌بووه. یا ئه‌گه‌ر ڤلادیمیر ئیلیچ، بیویستایه سڵاوی خۆی به كه‌سێك بگه‌یه‌نێ، یاخۆ بۆ ئاشنا‌یه‌ك ڕاسپارده‌یه‌ك بنێرێ، ئه‌وه چاوپۆشی له ناوه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ده‌كرد، بۆ ئه‌مه سوودی له چه‌ندین نهێنیكاری وه‌رده‌گرت، كه له‌گه‌ڵ ئه‌م یا ئه‌و ناسیاودا هه‌یبوو. وه‌کوو یاده‌وه‌ری ئه‌و یادگاری و كاره هاوبه‌شانه‌ی كه پێكه‌وه هه‌یان بوو. به‌م شێوه‌یه لێنین له جێگای ناوی ئا. ئا. سكڤۆرۆسۆڤ. ده‌ینووسی: ستێپانۆڤ، كه ڤلادیمیر ئیلیچ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌گه‌ڵ ئه‌و و ئه‌نائیلیچینا و ماریا ئیلیچینا، له نامه‌گۆڕینه‌وه‌دا بوو. بۆ ئه‌وه‌ی ڤلادیمیر ئیلیچ ناوی ڤ. ڤڤۆرڤۆسكی نه‌بات، كه له هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ ماریا ئیلیجنا دوورخرابووه‌وه، ده‌ینووسی: سڵاوم بگه‌یه‌نه به‌و كه‌سه‌ی، (كه گرنگی كاره مێژوویییه‌كانی هه‌میشه له‌پێش چاوه). یاخۆ ده‌ینووسی: سڵاوم به هاوڕێ پۆڵه‌ندییه‌كه بگه‌یه‌نن، به هیوای ئه‌وه‌ی كه ئه‌و بتوانێت له هه‌موو بار و دۆخێك‌دا یارمه‌تیده‌رتان بێت. ناوی ئا. پ. سكڵژێرۆنكۆ، كه له مه‌نشوری له ڕێگای ئاسن كاری ده‌كرد، ناو ده‌نا، ڤ. ئا. لاڤێسكی، كه پار پێكه‌وه له به‌له‌مێکدا سه‌وڵڕانییان كردووه ... تاد. ئه‌گه‌ر نهێنییه‌كان له په‌یوه‌ند به ڕۆژنامه‌یه‌كی نا یاسایییه‌وه بوایه، یا ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌كی فه‌رمی بوایه و له‌نێوان ڕسته‌كانیدا به مه‌ره‌كه‌بی نادیار بنووسرایه، ده‌بوو ئینسان زۆر به ئاگایییه‌وه ئه‌مانه ڕه‌وان بكا، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرا نه‌بێت. له كۆتایی ساڵی 1900 نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند ڕسته‌یه، به‌یاننامه‌ی پارتی سۆسیال شۆڕشگێڕی به كه‌سێك به ناوی گ. ب. كراسین_دا بۆ ڤلادیمیر ئیلیچ به‌ڕێ كرد، كه به ناچار له ترسی ده‌سیسه و جاسووسیكردنه‌وه، ده‌بوایه به‌یاننامه‌كه‌م له تاوتۆی ئه‌لبوومێكی وێنه‌دا بشارمه‌وه، "ڤلادیمیر ئیلیچ"، به‌م كاره‌ی من زۆر خۆشحاڵ بوو. له نامه‌یه‌كدا به ڕێكه‌وتی 16. 01. 1901 ده‌نووسێ: زۆر سوپاس بۆ ناردنی كتێبه‌كان، به تایبه‌ت بۆ ئه‌و وێنه جوان و سه‌رنجڕاكێشانه‌ت، ئه‌و ئامۆزایه‌ی كه له ڤییه‌ناوه هاتبوو به ده‌ستمی گه‌یاند. من زۆر دڵخۆش ده‌بم، ئه‌گه‌ر بێت و هه‌موو جارێ له‌و دیارییانه‌م به‌ده‌ستبگات. ئیسكرا و بڵاوكراوه قاچاخه‌كانی تری ئه‌و سه‌رده‌مه له پاكه‌تێكدا به ناونیشانێكی پاك و گومان لێ نه‌كراو، به شێوه‌ی یاسایی بۆ ڕووسیا ڕه‌وانه ده‌كرانه‌وه. ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه له‌و جۆره ناونیشانانه‌مان ده‌نارده‌وه، تا له‌م كه‌ناڵه‌وه ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ومان به‌ده‌ست بگات. بۆ ئه‌وه‌ی زوو به فریای وه‌رگرتنه‌وه‌ی شته‌كان بكه‌وین، پێیان ڕاده‌گه‌یاندین كه شتێكیان به ناونیشانێكی پاكدا به فڵان كه‌س بۆ ناردووین. هه‌ندێك له‌و هه‌واڵانه‌ش ڤلادیمیر هه‌ر به‌و شێوه‌یه به ده‌ستی ده‌گه‌یشت. له 14. 07. 1900 "نادێژدا كۆنستانتینۆڤه كرۆپسكایه" له نامه‌یه‌كدا ده‌نووسێ: "ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌كه‌م، له نۆی مانگ دیارییه‌كی گچکه‌م بۆ ناردووی، كه تۆ زۆر حه‌زی لێ ده‌كه‌یت و سه‌رنجت ڕاده‌كێشێ". ڤالۆدیا" (ڤالۆدیا كورتكراوه‌ی ڤلادیمیر/ وه‌رگێڕ) زۆر دڵخۆش بوو به گه‌یشتنی نامه درێژه‌كه‌ت. له نامه‌یه‌كدا له 08. 11. 1916 ده‌نووسێ، به‌ڵکوو جارێكی تر نامه‌مان به‌و شێوه‌یه بۆ بنووسی. ئه‌گه‌رچی نامه یاسایییه‌كانی ئێمه هیچ كاتێك شێوه‌ی به‌ربڵاوی به خۆیه‌وه نه‌گرت، چونکه هه‌موو ئه‌م نامانه له سه‌رده‌می شه‌ڕی "ئیمپریالیستی"دا نووسراون و هه‌ر دوای نووسین، به ناونیشانه‌كانیان به شێوه‌ی پۆستكارت ڕه‌وانه كراون، بۆیه به‌شێكی زۆر له‌و نامانه له‌ناوچوون. ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و وشانه‌ی كه لێره‌دا هاتوون، بۆ ئه‌و نامه قاچاخانه‌یه كه له‌م په‌رتووكه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌ون. هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوونی ڤلادیمیر ئیلیچ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له كاتێكدا ئه‌و نه‌یده‌زانی، مانه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چه‌ندێك درێژه ده‌خایه‌نێ، هه‌ر زوو هۆكاره‌كانی نهێنیكاری نامه‌گۆڕینه‌وه‌ی به ئێمه ڕاگه‌یاند و هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش ئه‌و ناونیشانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بۆ ئێمه نه‌ده‌نووسی. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر ئه‌و له سویسرا ده‌ژیا، به‌ڵام له مونیخ نیشته‌جێ بوو، ئێمه نامه‌كانمان به ناونیشانی پاریس یاخۆ پراگ ڕه‌وانه ده‌كرد. له 02.03. 1901 ئه‌و ناونیشانه تازه‌كه‌ی خۆی به ئێمه ڕاگه‌یاند، "من و خاوه‌ن خانووه‌كه‌م پێكه‌وه بار‌مان كردووه"، (فرانس مۆردێچێك)، ئه‌و كه‌سه‌ی که نامه‌كان به ناونیشانی ئه‌و ده‌نێرن. ئه‌و كاته له ڕاستیدا بۆ خانوویه‌كی تازه باریان كردبوو، به‌ڵام ڤلادیمیر ئیلیچ هه‌ر وه‌كوو پێشوو، له خانووه كۆنه‌كه‌ی له مونیخ نیشته‌جێ بوو. یه‌كێك له‌و کاراكته‌ر و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه له "ڤلادیمیر ئیلیچ"دا خۆی ده‌بینییه‌وه، ئه‌وه بوو كه ئه‌و زۆر چوست و چالاك و ده‌قیق و به قنیات بوو٠ به تایبه‌تی بۆ خۆی وه‌کوو تاكێك. ڕه‌نگبێ ڤلادیمیر ئیلیچ، ئه‌م دیارده‌یه‌ی له دایكییه‌وه به میرات بردبێ. ئه‌و له زۆر لایه‌نه‌وه به تایبه‌ت له ڕووی کاراکته‌ره‌وه هه‌ر به دایكی ده‌كرد. دایكی ئێمه، به دایك ڕه‌گێكی ئه‌ڵمانی هه‌بوو، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه له سه‌ره‌وه باس كران، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌ودا یه‌كیان ده‌گرته‌وه ...............................................
٭ سه‌رجه‌می ئه‌و نامانه‌ی كه لێره‌دا بڵاو ده‌كرێنه‌وه، بۆ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌مان، كه تا ئه‌و كاتانه هه‌موو پێكه‌وه ده‌ژیان، له‌به‌رچاو گیراوه. ٭٭ ئه‌و نامانه‌ی كه لێره‌دا بڵاو ده‌كرێنه‌وه، ئه‌و سه‌رده‌مانه ناگرنه‌وه، كه كاتێك لێنین له دوورخراوه‌ییدا ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد. بڕوانه (پلۆڕیتارسكایه ڕیڤالیوتسیا، شۆرشی پرۆلیتاری)، ژماره‌كانی 2، 3، 4، 5، 6، 8، ساڵی 1929. هه‌روه‌ها ئه‌م نامانه ئه‌و ساڵانه ناگرنه‌وه كه لێنین له پیته‌ربوورگ زیندانی بوو، له ساڵی 09. 07. 1895 تاکوو 29. 01. 1897. چونکه له‌و سه‌رده‌مانه‌دا هه‌موو كاتێك له لایه‌ن دایكی و خوشکه‌كانییه‌وه سه‌ردانی كراوه و به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌په‌یوه‌ندیدا بوون. ٭ به‌و شێوه‌یه ئێمه له ئارشیڤی ناوه‌ندیدا، شه‌ش پاشكۆی نامه‌كانی ڤلادیمیر ئیلیچمان دۆزییه‌وه، كه له لایه‌ن پۆلیسی مۆسكۆوه وه‌کوو ئه‌رگومێنت پارێزرابوون. ئه‌م پاشكۆیانه له لایه‌ن ئێمه‌وه خراونه‌ته سه‌ر ئه‌م نامانه، بڕوانه ژماره‌كانی 485 و 486ی سه‌رجه‌می نامه‌كانی لێنین له‌م به‌رگه‌دا. ٭٭ كارێكی مه‌حاڵ بوو بتوانرێ ئه‌م نامانه له ڕووسیادا بپارێزرێ، له‌وانه ته‌نها به‌شێكیان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆپی كراون و ماونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه:
لێنین به‌رگی 37 سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كانی به ئه‌ڵمانی W. I. L. Lenin Band 37 Briefe an die Angehöriegen 1893-1922
تێبینی: خوێنه‌رانی ئازیز! من ته‌نها دوو سێ لاپه‌ڕه‌م له‌و پێشه‌كییه هێناوه‌ته‌وه، كه "ماریا ئۆلیانۆڤه" بۆ سه‌رجه‌می نامه‌كانی لێنین له به‌رگێكدا نووسیویه‌تی. به پێویستم نه‌زانی سه‌رجه‌می پێشه‌كییه‌كه بهێنمه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا سه‌رجه‌می نامه‌كانی "لێنین"م وه‌رنه‌گێڕاوه و هه‌ست ده‌كه‌م، ئه‌م پێشه‌كییه ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر نامه‌كانی لێنین ئه‌دا به ده‌سته‌وه. ئه‌مانه زنجیره نامه‌یه‌كن كه به دوای یه‌كدا دێن و تا پێم بكرێ، هه‌وڵ ئه‌ده‌م له وه‌رگێڕانیان به‌رده‌وام بم، یارمه‌تی و پێشنیاره‌كانتان جێگای سوپاسێكی زۆرن. زاریا شێخانۆڤه
ڤلادیمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ (لێنین) نامه بۆ كه‌سوكار نامه‌ی یه‌که‌م 1893 بۆ / م. ئا. ئۆلیانۆڤه(1) دایكی خۆشه‌ویستم، دوێنێكه ئه‌و نامه‌یه‌ی كه له ڕێكه‌وتی 02. 10 نوسیبووت، به ده‌ستم گه‌یشت. هه‌ر چۆنێك بوو ژوورێكی خاوێن و ڕۆشنم په‌یدا كرد، بێجگه له من كرێچی تری تێدا نییه. خاوه‌ن خانووه‌كه خێزانێكی بچووكی هه‌یه و ده‌رگای نێوان ژووری دانیشتنه‌كه‌ی "من" و "ئه‌وان" به شێوه‌یه‌ك داخراوه كه ئینسان گوێی له هیچ نه‌بێت. ژووره‌كه‌م ده‌كه‌وێته جێگایه‌كی زۆر باشه‌وه، به شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له ناوه‌ندی شاره‌وه دوور نییه، بۆ نموونه (هه‌ر پانزه خووله‌كێك به‌پێ له كتێبخانه‌ی ناوه‌ندیی شاره‌وه دووره). من زۆر خۆشحاڵم، كه جێگه‌یه‌كی وا باشم دۆزیوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ تیلۆدا(2) دوێنێكه و ئه‌مڕۆكه‌ش قسه‌م كرد. ئه‌و نه‌یتوانیوه بلیتی هاتووچۆ بكڕێت، به داخه‌وه‌ش چیدی ناتوانێ، چونکه كه‌سێك ئه‌و پشتی پێ به‌ستبوو، له‌وێ نییه. ئه‌گه‌ر تیلۆ له ڕێگای ئاسن به شێوه‌ی كاتیش كارێك بۆ خۆی په‌یدا بكات، ئه‌وه دوایی به ئێمه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نێ. به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی پێیده‌چێ، ڕه‌نگه ئه‌مه هه‌ر وا به ئاسانی و به زوویی نه‌بێت. یه‌كسه‌ر دوای گه‌یشتنم چوومه گۆڕستانی "ڤۆڵكۆڤه 3"، له‌وێ هه‌موو شته‌كان له جێگه‌ی خۆی بوون، هه‌م كێل و هه‌م تاجه‌گوڵی سه‌ر گۆڕه‌كه.
كه‌سێك كه تۆیی خۆش ده‌وێت ... ڤلادێمیر ئۆلیانۆڤ ٭ دبێت ده ڕۆبڵ به بڕوانامه‌یه‌ك بده‌م، كه وه‌ك "جێگری پارێزه‌ر" به فه‌رمی دانی پێدا بنرێت. تكایه هه‌ندێك پاره‌م بۆ بنێره، ئه‌وه‌ی خۆم خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت. له (ساماراوه) بۆیان نووسیووم (مه‌سه‌له‌كه‌ی كازان، كه من بۆ "گراڤۆف" نوێنه‌رایه‌تیم كردبوو)، بڕیاره بۆ مانگی نۆڤه‌مبه‌ر په‌سند بكرێ. ئه‌گه‌ر بێت و له‌سه‌ر به‌ڵێنی خۆیان بمێننه‌وه و په‌شیمان نه‌بنه‌وه، ئه‌وه ڕه‌نگه نزیك به 70 ڕۆبڵی بۆ من تێدا بێت، (به‌ڵام هێشتا نازانم، ئه‌مه چه‌ندێك جێگای پشت پێبه‌ستنه.) لێره به‌ڵێنیان پێم داوه، وه‌كوو یاریده‌ده‌ر له كاره یاسایییه‌كاندا جێگه‌یه‌كم پێ بده‌ن، (به‌ڵام نازانم كه‌ی ئه‌مه سه‌رده‌گرێ). بۆم بنووسه بار و دۆخی داراییت چۆنه! ئایه شتێكت له پورمه‌وه (4) به‌ده‌ست گه‌یشتووه؟ كرێی مانگی سێپتامبه‌رت له 'كورشڤیتس'ه‌وه به‌ده‌ست گه‌یشت؟ له‌و 500 ڕۆبڵه‌ی كه پێشوه‌خت وه‌رتان گرتبوو دوای ماڵگواستنه‌وه و ماڵدانانه‌وه، ئایه شتێكی ئه‌وتۆی لێ ماوه‌ته‌وه؟ ئه‌وه بۆ یه‌كه‌م جاره "له سانكت پیته‌ربۆرگ" بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ڕۆژانه، له ده‌فته‌رێكدا خانه‌به‌ندیم كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم تا سه‌ری مانگ چه‌ندێك پاره‌م به‌ش ده‌كات. وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشبینی ئه‌كه‌م، له مانگی 28. 08 وه تا 27. 09 نزیك به 54 ڕۆبڵ و 30 كۆپكم خه‌رج كردووه، ئه‌مه بێجگه له 10 ڕۆبڵێك بۆ هه‌ندێك شتومه‌ك و 10 ڕۆبڵی تر بۆ مه‌سه‌له‌ی دادگا، كه پێیده‌چێ من له ئه‌ستۆی بگرم. ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم، كه خه‌رجكردنی ئه‌و 54 ڕۆبڵه خه‌رجییه‌ک ده‌گرێته‌وه، مه‌رج نییه پێویست بێ هه‌موو مانگێك بیانكڕم، وه‌ك جلوبه‌رگ، پێڵاو، كتێب، ته‌خته‌ی ژماردن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا 16 ڕۆبڵ زیاترم له پێویست خه‌رج كردووه. بۆیه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاشكرایه، نه‌متوانیوه ده‌س به‌و 38 ڕۆبڵه‌وه بگرم كه بۆ مانگێك دیاری كرابوو، ته‌نها بۆ گالیسكه‌ی ئه‌سپیی بۆ نموونه، له مانگێكدا 1 ڕۆبڵ و 36 كۆپكم خه‌رج كردووه، ئه‌گه‌ر خۆم ڕابهێنم، ئه‌كرێ پێویستم به پاره‌یه‌كی له‌مه كه‌متر بێت. له 5ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1893 نووسراوه و له‌سانكت پیته‌ربۆرگه‌وه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه. بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1929 له بڵاوكراوه‌ی (پرۆلیتارسكایه ڕیڤالیوتسیا) شۆڕشی پرۆلیتاریا، له‌ژێر ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین بڵاو كراوه‌ته‌وه. * نامه‌ی دووه‌م 1894 بۆ/م. ئا. ئۆلیانۆڤه(5) به مه‌یلێكی زۆره‌وه، نامه‌كه‌ی 27ی سێپتامبه‌رتم خوێنده‌وه، زۆر دڵخۆش ئه‌بم ئه‌گه‌ر به‌یناوبه‌ینێ نامه‌م بۆ بنووسی. لێره نه‌ك هه‌ر سه‌رم له ئارمیتاژ دا، به‌ڵکوو چووم بۆ شانۆش، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، به ته‌نهایی هیچ خۆش نییه. زۆر ئاره‌زوو ده‌كه‌م، له مۆسكۆ پێكه‌وه بتوانین بچین بۆ گاله‌ری تریتیاكۆڤ و جێگا دیده‌نییه‌كانی تر. بڵاوكراوه‌ی (ڕووسكایه ڤۆدمستی)م له كتێبخانه‌ی گشتیدا خوێنده‌وه، ئه‌وه‌ش دوو هه‌فته دوای ده‌رچوونی. ئه‌گه‌ر لێره كارێكم ده‌سكه‌وێ، ئه‌وه سفارشی ده‌كه‌م. پێویست ناكات له‌به‌ر من ده‌ست هه‌ڵگرن، به‌و شێوه‌ش نابێت خۆتان له‌به‌ر من هێند په‌رێشان كه‌ن، به‌ڵکوو ئینسان له‌و ماوه‌یه‌دا پێویستی به چه‌ند شتێكی به نرخ هه‌بێت. له میانی گێڕانه‌وه‌كانت، ده‌رباره‌ی مامۆستای زمانی فه‌ڕه‌نسی، وای بۆ ده‌چم، قوتابیانی ناوه‌ندیی مۆسكۆ له تۆ زیره‌كتریان تێدا هه‌بێ، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ندی، ڕه‌نگه هێنده له تۆ باشتر نه‌بن. بۆم بنووسه، بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه له ماڵه‌وه وه‌ختێكی زۆرت پێویسته؟ بڵێ به ماتیا(6) كه كلیتشێفسكی(7) داوای 25 ڕۆبڵ ده‌كات بۆ عه‌تیقه كۆنه‌كانی، با بڕوا لای ئه‌هریمه‌ن به‌ده‌سی بهێنێ. ئینسان پێویست ناكات زیاتر له 4 ڕۆبڵ به‌و شتانه بدات. ماتیا له‌گه‌ڵ خوێندندا چۆنه؟ تا نامه‌یه‌كی تر، ئۆلیانۆڤ ئیلیچه‌كه‌ت. ئایه ئه‌توانی ده‌سخه‌ته‌كه‌م بخوێنیته‌وه؟ ئه‌م نامه‌یه له ئۆكتۆبه‌ری 1893نووسراوه و له سانكت پیته‌ربۆرگه‌وه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه. بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1929 له ژماره11ی پرۆلیتارسكایه ڕێڤالیوتسیا له‌ژێر ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه.
* نامه‌ی سێیه‌م 1894 بۆ / م. ئا. ئۆلیانۆڤه (خوشکی، لێنین... و.) ئه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ ده‌چێت، له ماڵه‌وه هیچ نامه‌یه‌كم به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، "مانیاشا" بار و دۆخی ته‌ندرووستیت چۆنه؟ نووسیویانه بۆم، كه تۆ دووباره ده‌ڕۆیته‌وه بۆ قوتابخانه. ئه‌مه مانایه‌كی نییه، تۆ ته‌واوی ڕۆژ هێنده به په‌رۆشه‌وه سه‌رگه‌رمی ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه بیت. ئه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌مه باری ته‌ندرووستیت بخاته مه‌ترسییه‌وه؟ تۆ ئه‌گه‌ر زۆریشت له خۆت كردووه، پێویسته ڕۆژانه دوو كاتژمێر پیاسه بکه‌ی. له‌پاڵ خوێندنه‌وه‌دا سه‌رگه‌رمییه‌كانی ترت چییه؟ چی ئه‌خوێنیته‌وه؟ له‌گه‌ڵ م. ئی. دا، پێكه‌وه بۆ ئێره دێن؟(٭8)، ئایا ئه‌و بۆ "كریم" سه‌فه‌ر ئه‌كا، یان نا؟ ئه‌گه‌ر ده‌كرێ نه‌ختێك له باره‌ی به‌سه‌رهاتی 'كلیتشفسكی'ه‌وه له زانكۆدا بنووسه 9٭. ده‌ڵێن له زانكۆ كۆڕێكی گفتووگۆی له باره‌ی نووسینه‌كه‌یه‌وه به‌ڕێوه بردووه، دوای ئه‌وه وه‌ك كتێبێك بڵاوی كردۆته‌وه، من تا ئێستا بۆ جارێكیش ناونیشانی ئه‌و كتێبه‌م نه‌دیوه. زۆر سه‌رنجڕاكێش ده‌بێ، ئه‌گه‌ر له نزیكه‌وه ئاگام له‌مانه بێت. له‌گه‌ڵ ئاشنا تازه‌كاندا چۆنیت؟ ئۆلیانۆڤ ئیلیچه‌كه‌ی خۆت. من ماوه‌یه‌كی زۆر له‌مه‌و پێش نووسیبووم، له هه‌وڵی به‌ده‌سهێنانی به‌رگی 3ی "سه‌رمایه"م. (ئه‌و ناسیاره‌ی٭10، كه مارك- یش11٭ده‌یناسێ)، به‌ڵێنی دابوو پێم كه ئه‌م به‌رگه‌م بۆ په‌یدا كات. من تا ئێستا نازانم، ئایا ئه‌و ئه‌توانێ ئه‌م به‌ڵێنه بگه‌یه‌نێته سه‌ر، یاخۆ نا؟ تكایه تۆ به مارك ڕابگه‌یه‌نه، ئه‌و كه‌سه هه‌ر له‌سه‌ر به‌ڵێنی خۆی ماوه، "یاخۆ" نا؟ ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بزانن، به‌ده‌سهێنانی ئه‌و كتێبه كارێكی هێند ئاسان نییه. سڵاوم بگه‌یه‌نه به هه‌موو لایه‌ك له ماڵه‌وه. ئایه دایه ته‌ندرووستی باشه؟ له لایه‌ن منه‌وه ماچی بكه! ٭ ئایه نامه‌كه‌ی منی به‌ده‌ست گه‌یشت؟ من چاوه‌ڕوانم نامه‌ی ترم بۆ بنێری. به ئانیوته ڕابگه‌یه‌نه، من لای ئا. ئا. بووم، به‌ڵام به داخه‌وه سوودی نه‌بوو. چونکه كه‌سێكی تر به‌ڵێنی پێ داوه، ئێستا ئه‌و چاوه‌ڕوانی به‌ڵێنی ئه‌و كه‌سه ده‌كات، تا ئێستاش دیار نییه به‌ره‌نجامی ئه‌م چاوه‌ڕوانییه به كوێ ده‌گات. تێبینی: ئه‌م نامه‌یه له سانكت پیته‌ربۆرگه‌وه ڕه‌وانه كراوه بۆ مۆسكۆ، بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1929 له بڵاوكراوه‌ی پرۆلیتاریایه ڕیڤالیوتسیا ژماره‌ی 11 له‌ژێر ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه.
* نامه‌ی چواره‌م 1894 بۆ، م. ئا. ئۆلیانۆڤه (بۆ مانیاشه)
سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی ئه‌و وه‌خته‌م به‌ده‌ست هێنا، وڵامی نامه‌كه‌ی 15ی مانگت ده‌مه‌وه. من ناتوانم له باره‌ی خوێندن و (ناوه‌ندییه‌وه) دان به دید و بۆچوونی تۆدا بنێم. یه‌كه‌م: دكتۆر گوتوویه‌تی: تۆ نابێت پێش سه‌ری ساڵ بۆ خوێندن بڕۆی، به‌ڵام تۆ وا بیر ده‌كه‌یته‌وه له خوێندن، نابێت دوا بكه‌ویت ... كه‌چی هه‌ندێك نه‌ك هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك، به‌ڵکوو به مانگیش نه‌خۆش ده‌كه‌ون و ناتوانن له‌سه‌ر خوێندنه‌كانیان ئاماده بن. ئه‌گه‌ر بێت و تۆ تا به‌هار ده‌س له خوێندن هه‌ڵگری، بڕوا ناكه‌م شتێك ڕوو بدات. دووه‌م: تۆ نوسیووته، یا هه‌ر ناخوێنم، یا ئه‌گه‌ر بخوێنم، ئه‌وه نامه‌وێ به هیچ جۆر هه‌ر وا لاوه‌كی بێت. بۆ من ئێستا ئه‌وه ڕۆشنه، تۆ ده‌ته‌وێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بووه، خوێندن ته‌واو بكه‌ی! به‌ڵام ئه‌مه نابێته هۆی ئه‌وه‌ی له خوێندن و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه هێنده زۆر بۆ خۆت بهێنیت. ئه‌مه كارێكی هێند ناشایسته‌یه، ئه‌گه‌ر بێت و له بار و دۆخی تایبه‌تیدا، له تاقیكرنه‌وه‌كاندا «پله‌ی سێ» یا به هۆی ناچارییه‌وه پله‌ی كه‌م به‌ده‌ست بهێنیت؟ له كاتێكدا ئه‌گه‌ر تۆ بته‌وێ له تاقیكردنه‌وه‌كانی نیوه‌ی ساڵدا پله‌ی باش به‌ده‌ست بهێنیت، هه‌ر ئه‌توانی خوێندنه‌كه‌ت درێژه پێ بده‌ی، خۆ له‌مه زیاتر شتێكی تر پێویست نییه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تۆ ئه‌ركه‌كانت به جوانی ئاماده كردووه. تۆ ئه‌گه‌ر بێت و بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه‌ش ده‌ست هه‌ڵگری ... یه‌كه‌م: خۆ ده‌بێت ئه‌وه بزانی، ئه‌وانه‌ی كه چاو به تاقیكردنه‌وه و ئه‌ركه‌كانتدا ده‌گێڕن، كاری سه‌ره‌كیی ئه‌وان پێداچوونه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی قووتابخانه نییه ... دووه‌م: ئه‌و ده‌رسانه‌ی كه تۆ نه‌ت توانیوه ئاماده‌یان بكه‌ی، نازانن كامه‌یه (لای ئێمه به‌لای كه‌مه‌وه وابوو). باشه، ئێستا ده‌ته‌وێ له‌م باره‌یه‌وه بیر بكه‌یته‌وه؟ به بۆچوونی من، گرنگ ئه‌وه‌یه له‌م بار و دۆخه تایبه‌ته، هه‌ر چۆنێ بێ، بتوانی ئه‌مساڵ به‌ڕێ بكه‌ی، ئه‌گه‌ر هه‌تا به شێوه‌یه‌كی "سه‌تحیش" بێت، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ تا هاوین زۆر به سه‌ختی نه‌خۆش ده‌كه‌وی. ئه‌گه‌ر ناته‌وێ به شێوه‌یه‌كی سه‌تحی بخوێنی، ده‌ی باشتر وایه ده‌ست هه‌ڵبگره له خوێندن و بڕۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له هه‌مان كاتدا هه‌ر وه‌ختێك بته‌وێ ئه‌توانی خوێندن ته‌واو كه‌ی. له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌توانی زۆر بمێنیته‌وه و چاوێك به جیهانی ده‌وروبه‌ردا بگێڕی، زۆر شتی باش و سه‌رنجڕاكێشیش فێر بیت. ئه‌مه زۆر باشتره له فێربوونی مێژوو له زاری ئێلۆڤایسكی، یا«كانتیسم» له لایه‌ن فیلاڕێته‌وه(؟). ئایا ئێستا وه‌ك پێویست ئه‌ڕۆی بۆ پیاسه‌كردن؟ پێیده‌چێت نه‌چیت! باشه ئه‌ی بۆ خلیسكانێی سه‌ر به‌فر بۆ ناڕۆی؟ ڕه‌نگبێ دیسان بڵێی حه‌زم له خلیسكانێ نییه. جێگای داخه، ئینسان ئه‌م هه‌موو بێ توانایییه له خۆی نیشان بدات، ئینسان پێویسته كه‌مێك باوه‌ڕی به خۆی هه‌بێت. ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ند به 'زێلێگنۆڤ'ه‌وه نووسیوته، له‌گه‌ڵتدا هاوباوه‌ڕم. هه‌ندێ شت لای ئه‌و ئیتر كۆن بووه. چ وتارێكی جێگای سه‌رنجی تۆیه؟ وتاره ئابورییه‌كانی، یا خۆ بابه‌ته‌كانی له په‌یوه‌ند به بار و دۆخی ڕووسیاوه، یا بابه‌ته فه‌لسه‌فی و مێژوویییه‌كانی؟ ئۆلیانۆڤ ئیلیچه‌كه‌ت ئه‌م نامه‌یه له 24ی دیسامبه‌ری 1894 نووسراوه و له سانكت پیته‌ربۆرگه‌وه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه، بۆ یه‌كه‌م جار له بڵاوكراوه‌ی پڕۆلیتارسكایه ریڤالیوتسیا ژماره‌ی 11 له‌ژێر ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه. * نامه‌ی پێنجه‌م 1895 بۆ/ م. ئا. ئۆلیانۆڤ زالسبۆرگ 14(2) تا 10ی/ 1895 به‌ڵێنم پێت دابوو، كه‌مێك ده‌رباره‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌م بنووسم، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆم بمێنمه‌وه، له هه‌ڵوێسته‌یه‌كی دوو سه‌عاته له یه‌كێك له شارۆچكه‌كانی نه‌مسا سوود وه‌رئه‌گرم «كه هێنده له جێگای مه‌به‌سته‌وه دوور نییه.٭». ئه‌وه دوو ڕۆژه به وڵاتی بێگانه‌دا به‌ڕێوه‌م و هه‌وڵ ئه‌ده‌م به زمانی ئه‌وان قسه بكه‌م، به‌ڵام وه‌ك پێی ده‌چێت، هێشتا زۆرم ماوه بتوانم به‌م زمانه قسه بكه‌م. به زه‌حمه‌ت ئه‌ڵمانی تێده‌گه‌م، باشتر وایه بڵێم هه‌ر تێناگه‌م، من پرسیارێك ئاراسته‌ی شاگردی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه ده‌كه‌م و ئه‌و دووباره‌ی ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ: من تێناگه‌م ده‌ڵێی چی، ده‌نگت كه‌مێك هه‌ڵبڕه! من به ده‌نگێكی به‌رز پرسیار ئه‌كه‌م و دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌و وه‌ڵام ده‌داته‌وه، من به هیچ شێوه‌یه‌ك تێ نه‌گه‌یشتم ئه‌ڵێی چی٭٭، ئه‌وجا تووڕه ده‌بێت و ده‌ڕوا و دوور ده‌كه‌وێته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو ناكامیشه، بێ ئومێد نابم، به په‌رۆشێكی زۆره‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌م زمانی ئه‌ڵمانی فێر بم. سڵاوم به هه‌موو لایه‌ك بگه‌یه‌نه. ئۆلیانۆڤ ئیلیچه‌كه‌ت. پێی ده‌چێت، نه‌توانم هه‌ر وا به زوویی نامه‌تان بۆ بنووسم! ئه‌م نامه‌یه له سه‌ره‌تاوه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه، بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1929 له ژماره 11ی ڕۆژنامه‌ی پرۆلیتارسكایه ریڤالیوتسیا، له‌سه‌ر ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین چاپ و و بڵاو كراوه‌ته‌وه. ٭ نزیك به 24 سه‌عاتێك/ دانه‌ر ٭٭ من له ئاسانترین وشه تێناگه‌م، تۆ زۆر سه‌یر و به‌په‌له قسه ده‌كه‌ی/ دانه‌ر * نامه‌ی شه‌شه‌م 20 (8) ئایاری 1895 بۆ/ م. ئا. ئۆلیانۆڤه ئه‌و نامه‌یه‌ی له‌وه پێش بۆتانم نووسیبوو، به‌ده‌م ڕێوه و له‌ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ردا بوو. به‌ڵام ئێستا گه‌یشتوومه‌ته جێگای مه‌به‌ست. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر نییه، دوایی ده‌بێت، دووباره بكه‌ومه‌وه ڕێ. سروشتی ئێره زۆر جوان و شكۆمه‌نده، ئه‌مه جێگای دڵخۆشییه‌كی زۆره. دوای به‌جێهێشتنی وێستگای ئه‌ڵمانیا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له نامه‌كه‌ی پێشوومدا بۆتانم نوسیبوو، یه‌كسه‌ر شاخه سه‌ركه‌شه‌كانی ئه‌لپ به‌ده‌ركه‌وتن، دوایی ده‌ریاچه‌كان، ئه‌مانه به شێوه‌یه‌ك جوان و سه‌رنجڕاكێش بوون، كه به هیچ جۆرێك نه‌مده‌توانی له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ڤاگۆنه‌كه دوور كه‌ومه‌وه. ئه‌گه‌ر من لای خۆمان ئاگاداری نرخ و چۆنیه‌تی ئه‌و پێداویستییانه ده‌بووم، كه بۆ ژیانی ڕۆژانه‌ی دێهاتی ئێره پێویستن، وای بۆده‌چم ئینسان لێره ئه‌یتوانی هه‌رزانتر ژیانی خۆی دابین بكات. به‌م شێوه‌یه ئینسان ڕه‌نگه بیتوانیایه به هاوینان، به‌ناو سروشتی جوان و سازگاری ئێره‌دا بگه‌ڕێ و گه‌شتوگوزار بكات. گه‌شتكردن لێره هه‌رزانه و هێنده‌ی تێناچێ. من لێره سه‌ردانی ئه‌و کوڕه‌ی که هه‌ڵمگرتبووه‌وه (تبنی) و خێزانه‌که‌ییم کرد. ئێمه لێره له‌ناو خۆماندا قسه و باسمان زۆر كرد. به‌تایبه‌ت ده‌رباره‌ی نرخ كه مارك(١١) هێنابوویه گۆڕێ. ئه‌و وای بۆ ده‌چوو كه كاره خزمه‌تگوزارییه‌كان لێره زۆر گران بن، مانگی 25 تا 35 فێرز، به ته‌واوی پێداویستییه‌كانی ڕۆژانه‌وه، وه‌ك ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ خواردنێكی زۆر باشیشدا. ئایه خۆتان بۆ ئه‌م هاوینه گه‌رم و خۆشه ئاماده كردووه؟ ناونیشانه‌كه‌م ناوێ. له‌وێ ئه‌توانم بۆ مارك بنووسم، به‌ڵام من ده‌مویست ...٭٭ ............................. ٭من ئێستاكه خۆم ... (درێژه‌ی یاداشته‌كه له لاپه‌ڕه‌ی دوو هاتووه كه له‌به‌رده‌ستدا نییه/ دانه‌ر ٭٭ لێره ده‌سنووسه‌كه كۆتایی پێ دێت/ دانه‌ر * نامه‌ی حه‌وته‌م (بۆ دایكی/ وه‌رگێڕ) 1895 بۆ، م. ئا. ئۆلیانۆڤه پاریس، 8ی یوونی 1895 نامه‌كه‌تم له سه‌روبه‌ندی چوونم بۆ پاریس به‌ده‌ست گه‌یشت. زۆر دڵته‌نگ و خه‌مگین بووم، كه نه‌خۆشییه‌كه‌ی ماتیه(٭برای لێنین/ وه‌رگێڕ) ئه‌و به‌ره‌نجامه ترسناكه‌ی لێ كه‌وته‌وه. من تێناگه‌م له‌وه‌ی، چۆن ده‌كرێ مرۆڤ تاقیكردنه‌وه‌ی كه‌سێك دوا بخا، له كاتێكدا ئه‌و كه‌سه به‌ڵگه‌نامه و ڕاپۆرتی پزیشكی پێ بێت. بۆچی له‌م باره‌یه‌وه هیچ هه‌وڵێك نادات؟ ئایه ئه‌و حه‌ز ده‌كات، ساڵێك له ده‌ست بدات؟ له‌وانه‌یه (مانیاشا٭٭خوشکی لێنین/ و). ئێستا له كۆتایی تاقیكردنه‌وه‌كانی بێت ... یان كۆتایی به تاقیكردنه‌وه‌كانی هێنابێت. پێویسته له پشووی هاویندا، به ته‌واوه‌تی وچان بدات. ئێستا نیازمه كه‌مێك به‌ناو پاریس‌دا بگه‌ڕێم و ته‌ماشای شار بكه‌م. شارێكی تابڵێی گه‌وره و به‌رفراوان، به شێوه‌یه‌ك ناتوانم ئه‌وه بخه‌مڵێنم، دووری ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی كه لێی نیشته‌جێم و ده‌كه‌وێته قه‌راخی شاره‌وه، تا ناوه‌ندی شار چه‌ندێكه! ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ هه‌موو شار بگه‌ڕێ، ئه‌وه به لای كه‌مه‌وه چه‌ند هه‌فته‌ی پێویسته. شار به چه‌ندین بلوار و باخچه‌ی گشتی و جێگای سه‌وزانی ڕازاوه‌ته‌وه، كه كاریگه‌رییه‌كی دڵنشینی به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه هه‌یه. ڕه‌فتاری خه‌ڵكه‌كه‌ی ساده و ئاسایییه، ئه‌مه‌ش كه‌مێك سه‌یر دێته پێشچاو، به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێته‌ربۆرگدا، كه ئینسان هێنده خووی به یاسا و نه‌ریته‌وه گرتووه. لێره كرێخانوو زۆر هه‌رزانه. بۆ نموونه، خانوویه‌كی سێ ژووری مانگی به 30 تا 35 فرزێكه، هه‌فته‌ی 6 تا 10 فرزێك، بۆ خانوویه‌ك به ته‌واوی كه‌لووپه‌لی ناوماڵه‌وه، هیوادارم بتوانم به پاره‌یه‌كی كه‌م، كرێخانووی ئه‌م مانگه له كۆڵ خۆم بكه‌مه‌وه. سڵاوم هه‌یه بۆ هه‌موو لایه‌ك له ماڵه‌وه. ئایه خانووه هاوینییه‌كه‌تان به دڵ بوو؟ ڤلادیمیر ئیلیچه‌كه‌ی خۆت ئه‌م نامه‌یه له سه‌ره‌تاوه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه، له ساڵی 1929 له پرۆلیتارسكایه ڕیڤالیوتسیا ژماره 11 له‌ژێڕ ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه. ٭ نه‌مانتوانی له نهێنی ئه‌م ڕسته‌یه تێبگه‌ین/ دانه‌ر. * نامه‌ی هه‌شته‌م 1895 بۆ/ م. ئا. ئۆلیانۆڤه (بۆ دایكی/ وه‌رگێڕ) 6/7-18/7/1895 دوا نامه‌م ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم، له هه‌شتی مانگدا نوسیووه، له‌و كاته‌وه تا ئێستا گه‌شتێكی زۆرم به‌ملا و ئه‌ولادا كردووه و به‌ڵام ئێستا ... «له پشووگایه‌كی سویسری گیرساومه‌ته‌وه.» بڕیارم داوه له‌و وه‌خته‌ی كه به‌ده‌سمه‌وه‌یه سوود وه‌رگرم و ئه‌م نه‌خۆشی گه‌ده‌یه، كه هێنده ئازارم ئه‌دات، به ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكه‌م. دكتۆری پسپۆر كه له هه‌مان كاتدا نه‌خۆشخانه‌كه‌ش به‌ڕێوه ده‌بات، پێشوازییه‌كی گه‌رمی وه‌ك پیشه‌گه‌ر لێ كردم. ئه‌وه بۆ چه‌ندین رۆژ ده‌چێت، لێره نیشته‌جێم و له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌ست به ئاسووده‌یییه‌كی زۆر ده‌كه‌م. پشووگه‌یه‌كی تا بڵێی دره‌خشان. به‌پێی پێشنیاری پشووگه‌كه بێت، وه‌ك پێویست هه‌ر چوار پێنج ڕۆژێكی تر لێره ده‌مێنمه‌وه، پاشان ده‌بێت ئێره جێبهێڵم. وه‌ك پێیده‌چێ مانه‌وه‌م لێره زۆر گران له‌سه‌ر بكه‌وێ ... پشووگه‌كه‌ش ده‌ها گرانتر ... به‌م پێیه خه‌رجییه‌ك كه هه‌مه وا ته‌واو ده‌بێت. باوه‌ڕیش ناكه‌م به‌و نه‌خته پاره‌یه‌ی كه له به‌رده‌ستمدایه بتوانم ده‌ربه‌رم. بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌توانی نزیك به 100 ڕۆبڵێكم به‌م ناونیشانه بۆ بنێره. Suisse,Zürich,Parterre,Seilergraben37.Herrn Grünfest.(14) ئیتر بۆ زانین و گه‌یشتنی به ده‌ستی من، پێویست ناكات هیچی تر بنووسن. هه‌ر چۆنێك بێت، به‌م ناونیشانه‌ی كه نوسیوومه، من چاوه‌ڕوانی نامه‌تم. من ناونیشانی خۆمتان پێ ناده‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه بێ سووده، چونکه پێش گه‌یشتنی نامه‌كه‌ی ئێوه، ده‌بێت من ئێره جێبهێڵم. ئایا گه‌شته‌كه‌تان بۆ ڤۆڵگا خۆش بوو؟ ده‌نگوباسی تازه‌ی ئه‌وێ چییه؟ ئایا ته‌ندرووستیتان باشه؟ ڕه‌نگبێ ئێستا نامه‌یه‌ك بۆ من به‌ڕێوه بێ ... (به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من به‌ملا و ئه‌ولادا سه‌فه‌ر ده‌كه‌م). ڕه‌نگبێ هۆی ئه‌وه بێت، ئه‌گه‌ر تا ئێستا به‌ده‌ستم نه‌گه‌یشتبێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه نامه‌تان به ناونیشانی پاریس ناردبێ، ئه‌وه هه‌ر به ده‌ستم ده‌گات. ( دوا نامه‌م له 'پارییس'ه‌وه له لایه‌ن "مارك"ه‌وه به ده‌ست گه‌یشت_ پۆست كارتێك) ......... سڵاوم بگه‌یه‌نه به هه‌موو لایه‌ك له ماڵه‌وه. ئێلیانۆڤ ئێلیچه‌كه‌ی خۆت ٭ باشتر وایه پاره‌كه به پۆستی سفارشیدا بنێریت. ئایا ئه‌م هاوینه لای ئێوه گه‌رم بوو؟ ئێره زۆر گه‌رمه، به‌ڵام من له جێگه‌یه‌كی زۆر جوان و دڵگیردا نیشته‌جێم، ده‌وروبه‌ر هه‌مووی سه‌وزانییه و له نزیكیشه‌وه ده‌ریاچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێیه.
تێبینی: ئه‌م نامه‌یه‌له سویسراوه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه. بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1929 له ژماره 11ی بڵاوكراوه‌ی پڕۆلیتارسكایه ڕیڤالیویتسیا له‌ژێر ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه. * نامه‌ی نۆیه‌م بۆ/ م. ئا. ئۆلیانۆڤه به‌رلین، 10 ئاوگووستی 1895 ئایه نامه‌كه‌ی پێشووم، كه لێره‌وه هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له ئێستا ناردبووم، به‌ده‌ستت گه‌یشت؟ بۆ دڵنیایی، جارێكی تر ناونیشانه‌كه‌م بۆت ئه‌نووسمه‌وه. Berlin-Moabit, Flensburger Straße 12«11» (Bei Frau Kurreik,) Herrn W. Ulianoff. من لێره بێ هیچ گیروگرفتێك و به ئاسانی جێگه‌م ده‌سكه‌وت، جێگه‌كه‌م هه‌ر چه‌ند هه‌نگاوێك (له باخچه‌ی ئاژه‌ڵان)ه‌وه دووره. «گه‌وره‌ترین و جوانترین باخچه‌ی به‌رلین» زۆر نزیكه له وێستگای شه‌مه‌نده‌فه‌ر و "مه‌له‌وانگه‌یه‌كی گه‌رم''. (ڕۆژانه له‌وێ مه‌له ده‌كه‌م). شایانی باسه لێره شه‌مه‌نده‌فه‌ر هه‌ر پێنج دقیقه جارێك (به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا) بۆ ناوشار هاتووچۆ ده‌كات. جێگه‌كه‌م، كه له‌سه‌ره‌وه ناونیشانه‌كه‌م نووسیووه، ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی شار، به‌ڵام هاتووچۆ بۆ ناوه‌ندی شار به شه‌مه‌نده‌فه‌ر زۆر خۆش و ئاسانه. ته‌نها ئه‌وه نه‌بێ، هێشتا له قسه‌كردن زۆر لاوازم. زمانی عامییانه‌ی خه‌ڵكی به به‌راوورد له‌گه‌ڵ زمانی فه‌ڕه‌نسیدا زۆر خراپ تێده‌گه‌م. ئه‌ڵمانییه‌كان، ئیداكردن و به‌یانكردنی وشه‌كانیان زۆر سه‌یره، به شێوه‌یه‌ك من له‌گفتوگۆی ئاسایی ڕۆژانه‌یان، ته‌نانه‌ت ته‌نها وشه‌یه‌كیش تێناگه‌م. به پێچه‌وانه‌وه، كاتێك له فه‌ڕه‌نسا بووم، هه‌ر یه‌كه‌م جار له حاڵه‌تێكی وه‌ك ئێستادا، نزیك به ته‌واوی وشه‌كان تێگه‌یشتم. پێرێكه چووم بۆ شانۆ، بۆ ته‌مه‌شای ''كاپیتان''ی ڤێبه‌ر٭٭، ئه‌گه‌رچی پێش ده‌سپێكردنی شانۆكه، ته‌واوی دراماكه‌م خوێندبووه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی ده‌سپێكردن، به ئاسانی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی شانۆكه بچمه پێشه‌وه، كه‌چی هه‌ر نه‌متوانی له ته‌واوی شانۆكه تێبگه‌م. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا مه‌یل و ئاره‌زووم بۆ فێربوونی زمانی ئه‌ڵمانی له‌ده‌ستناده‌م. " شتێك جێگای داخه'... ' بۆ فێربوونی زمانی ئه‌ڵمانی وه‌ختێكی زۆر كه‌مم به‌ده‌سته‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر پاره‌ت بۆم ناردووه، تكایه هه‌ر ئێستا بۆم بنووسه و زوو ئاگادارم بكه‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌تناردووه، ئه‌وه به ناونیشانی ئێره بینێره. ماوه‌یه‌كی زۆره نامه‌م به‌دست نه‌گه‌یشتووه. ڕه‌نگه هۆی ئه‌وه بێ، كه ئێوه نامه‌كان هه‌ر بۆ ناونیشانه كۆنه‌كه‌م بنێرن، به‌م شێوه‌یه نامه‌كان له‌و به‌ینه‌دا ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستیان پێده‌كرێ. سڵاوم بۆ هه‌موو لایه‌ك هه‌یه. ڤلادیمیر ئۆلیانۆڤه‌كه‌ی خۆت ...................... وشه‌كانی ''باخچه‌ی ئاژه‌ڵان'' له‌ده‌ستنووسه‌كه‌دا به ئه‌ڵمانی نووسراوه/ دانه‌ر. وشه‌ی ''ڤێبه‌ر'' له‌ده‌سنووسه‌كه‌دا به ئه‌ڵمانی نووسراوه/ دانه‌ر.
ئه‌م نامه‌یه له سه‌ره‌تاوه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه. له ساڵی 1929 بۆ یه‌كه‌م جار له ژماره 11ی پرۆلیتارسكایه ریڤالیوتسیا، له‌ژێر ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه. * نامه‌ی ده‌یه‌م بۆ/ م. ئا. ئۆلیانۆڤه 29/8/1895 دایكی ئازیز و خۆشه‌ویستم، هه‌ر ئه‌مڕۆ نامه‌كه‌ی تۆم به‌ده‌ست گه‌یشت. له‌گه‌ڵ نامه‌كه‌ی تۆدا، نامه‌یه‌كی ترم له "مارك"ه‌وه به‌ده‌ست گه‌یشت، كه بۆ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ وڵامه‌كه‌ی تۆدا چه‌ند ڕسته‌یه‌ك ده‌نووسم٭. من هه‌ر له شوێنه‌كه‌ی جاراندا ئه‌ژیم، تا هه‌نووكه "به‌رلین"م پێ شارێكی خۆشه و لێره هه‌ست به ئاسووده‌یییه‌كی زۆر ده‌كه‌م. ژیانێكی به به‌رنامه، ڕۆژانه مه‌له‌وانكردن ... هتد. هه‌روه‌ها وا ده‌رده‌كه‌وێ ئامۆژگاری و تێبینییه‌كانی پزیشك كاریگه‌رییان له‌سه‌ر باری ته‌ندرووستیم دانابێت، ئیتر بێزار بووم، له جێگۆڕكێ له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر و له نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك بۆ نانخواردن. هه‌ر وه‌ك جاران، له كتێبخانه‌ی گشتی پاشایی كار ده‌كه‌م٭٭. ئێوارانیش وه‌ك هه‌میشه ئارام، به‌و ده‌وروبه‌ره‌دا پیاسه ده‌كه‌م. هه‌روه‌ها سه‌رگه‌رمی فێربوونی زمانی ئه‌ڵمانی و تێگه‌یشتن و ئاشنابوون به دابونه‌ریتی دانیشتوانی "به‌رلین"م. له فێربوونی زمانی ئه‌ڵمانی كه‌مێك ڕاهاتووم و گه‌شه‌م كردووه، به‌ڵام تا ئێستاش زۆر خراپ قسه‌ی پێده‌كه‌م. زۆر به كه‌می سه‌ردانی شوێنه مێژوویی و دیده‌نییه‌كانی به‌رلین ده‌كه‌م٭٭٭. به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موویان بۆ من وه‌كوو یه‌ك وان، جاروباریش به‌ڕێكه‌وت ڕێم ده‌كه‌وێته ئه‌و ناوه. ڕاستیه‌كه‌ی پیاسه‌كردن و ته‌مه‌شای شادیی خه‌ڵكه‌كه و جه‌ژنه گشتییه‌كانیان، بۆ من جێگای سه‌رنجێكی زۆرتره ... وه‌ك سه‌ردانی مۆزه‌خانه، داڵان، شانۆكان ... هتد. به‌نیاز نیم بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ لێره بمێنمه‌وه، مانه‌وه‌م هه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كورته، میوانی خۆشه، به‌ڵام ماڵی خۆت له ماڵی خانه‌خوێ خۆشتر«16»٭٭. مه‌ترسی هه‌ره گه‌وره‌م ئه‌وه‌یه، كه جارێكی تر بكه‌ومه‌وه بار و دۆخی ''ناهه‌مواری''ی بێ پاره‌یی. مه‌یل و تامه‌زرۆیی كڕینی كتێب هێنده به‌تینه، ته‌نها مه‌گه‌ر خوا بۆ خۆی بزانێ، چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك پاره‌م به‌ش ده‌كات، بۆیه به ناچاری جارێكی تر ئه‌بێت، داوای یارمه‌تی له ئێوه بكه‌م. ئه‌گه‌ر ئه‌توانی، تكایه 50 تا 100 ڕۆبڵێكم بۆ بنێره. مارك بۆی نووسیووم، ئه‌و خانووه‌ی تێیدان بۆ خۆی تراژیدیایه‌كه. باشه ناتوانن خانوویه‌كی تر په‌یداكه‌ن؟ وا دیاره له مۆسكۆ خانووپه‌یداكردن گیروگرفتی زۆرتره تا پیته‌ربۆرگ، ئه‌م كێشه و ته‌نگووچه‌ڵه‌مه‌یه‌ی خانووپه‌یداكردنه زۆر ترسناك و ئازارده‌ره، هیوادارم به زوویی ئه‌م گیروگرفته له‌كۆڵ خۆتان بكه‌نه‌وه.
سڵاوم هه‌یه بۆ هه‌موو لایه‌ك له ماڵه‌وه.
ئۆلیانۆڤ ئه‌لیچه‌كت ......................
٭ نامه‌كه‌ی مارك له‌گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه‌دا نه‌بوو/ دانه‌ر. ٭٭ لێنین له نامه‌كه‌یدا كتێبخانه‌ی گشتی پاشایی به ئه‌ڵمانی نووسیوه/ دانه‌ر. ٭٭٭ لێنین، شوێنه دیده‌نییه‌كانی شاری به ئه‌ڵمانی نووسیوه/ دانه‌ر.
ئه‌م نامه‌یه، له ساڵی 1929 له 'به‌رلین'ه‌وه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه، بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1929 له ژماره 11ی پرۆلیتارسكایا ڕیڤالیوتسیا له‌ژێر ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنیندا چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه ـ
*
نامه‌ی یانزه‌یه‌م
بۆ/ م. ئا. ئۆلیانۆڤه 26 ئاگووست، 7ی سێپتێمبه‌ری 1895
دایكی ئازیز و خۆشه‌ویستم، ئه‌مڕۆكه نامه‌كه‌ت و پاره‌یه‌ك كه بۆت ناردبووم، به‌ده‌ستم گه‌یشت. زۆر سوپاست ده‌كه‌م. من سه‌رم سووڕده‌مێنێ له‌و جیاوازییه‌ی كه له نێوان ''ئاووهه‌وای'' ئێره و ئه‌وێ به‌دی ده‌كرێ. تۆ نووسیوته لای ئێوه زۆر سارده، كه‌چی لێره ته‌وای مانگی ئاوگووست به‌و شێوه‌یه هێنده گه‌رم نه‌بوو. به‌ڵام ئێستا له سێپته‌مبه‌ردا ئینسان خه‌ریكه به‌ده‌ست گه‌رماوه ده‌سووتێ. بۆیه من وای بۆ ده‌چووم، ئێوه هه‌تا ئێستاش هه‌ر له‌دێهاتدا مابنه‌وه‌٭. بار و دۆخی من وه‌ك جاران خۆیه‌تی و هیچ شتێكی تازه ڕووی نه‌داوه. من به جۆرێ خووم به ئێره‌وه گرتووه، وه‌ك ئه‌وه‌یه لای خۆمان بم. ڕاستییه‌كه‌ی حه‌زم ده‌كرد بۆ ماوه‌یه‌كی زۆرتر لێره بمێنمه‌وه، به‌ڵام چی ئه‌كه‌ی، وه‌ختی ئه‌وه هاتووه خۆم بپێچمه‌وه و بكه‌ومه ڕێ. له‌به‌ر ئه‌مه خه‌ریكم بیر له كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی عه‌مه‌لی ده‌كه‌مه‌وه، كه سه‌ری منیان به خۆیانه‌وه قاڵ كردووه. پێویسته هه‌ندێك شتومه‌ك بكڕم، له‌وانه چه‌مه‌دانێك، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ده‌بێت خه‌ریكی به‌ده‌سهێنانی بلێت و هه‌ندێ شتی تر بم. ئایه پێویسته شتێك له‌گه‌ڵ ده‌ست خۆمدا بهێنمه‌وه؟ لێره شتومه‌ك لای خۆمان هه‌رزانتره، وا پێی ده‌چێت زۆر باشتریش بێت. من ده‌توانم له فرۆشگایه‌كی گه‌وره شتی جۆربه‌جۆر بكڕم. به‌ڵكوو ماتیا پێویستی به هه‌ندێك په‌رتووک بێت ... ئه‌گه‌ر پێویستی پێیه‌تی، با بۆمی بنووسێ .. (بۆ نموونه، ئه‌تڵه‌سێكی شیكاری "ئه‌ناتۆمی"، یاخۆ شتێكی تر له‌باره‌ی پزیشكیه‌وه). ئه‌ی مانیاشا! به‌ڵكوو ئه‌ویش پێویستی به شتێك بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بۆخۆیان شتێكیان نایه‌ته بیر و نازانن داوای چی بكه‌ن، ئه‌وه تۆ پێشنیارێك بكه، چی باشه له‌گه‌ڵ خۆمدا بهێنمه‌وه! پێم وایه، ده‌بێت هه‌ندێك ورده‌واڵه بكڕم ...٭ .................................................
٭ لێره ده‌سنووسه‌كه ده‌بڕێت، لاپه‌ڕه‌ی دووه‌می نامه‌كه به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه/ دانه‌ر.
ئه‌م نامه‌یه 'له به‌رلین'ه‌وه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه، له ساڵی 1929 له ژماره 11ی پرۆلیتارسكایا ڕیڤالیوتسیا له‌ژێر ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه.
*
نامه‌ی دوانزه‌یه‌م 1895 م. ئا. ئۆلیانۆڤه 5/ 12 /1895
دایكی خۆشه‌ویستم!
دوێنێكه نامه‌كه‌ی ئانیوتام به‌ده‌ست گه‌یشت. ئه‌و پێی ڕاگه‌یاندووم، تۆ و ئارداشۆڤ (17) پێكه‌وه سه‌فه‌رێكتان بۆ ''كازان'' به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆیه ئه‌بێت له نووسینی ئه‌م نامه‌یه كه‌مێك په‌له كه‌م. ئارداشۆڤ به نیازه ئه‌مڕۆ بكه‌وێته ڕێ. د. ئا. پێشنیاری بۆ كردووم، مه‌سه‌له‌یه‌ك كه په‌یوه‌ندی به میراتی خزمه‌كانییه‌وه هه‌یه، من له ئه‌ستۆی بگرم، به‌ڵام ئێمه له‌م باره‌یه‌وه هێشتا به ته‌واوه‌تی ڕێنه‌كه‌وتووین. من هه‌ر له جێگه‌كه‌ی جاران ده‌ژیم، به‌ڵام ژووره‌كه‌م هێنده به‌دڵ نییه. یه‌كه‌م: له‌به‌ر پرت و بۆڵه‌ی خاوه‌ن خانووه‌كه و دووه‌م: دیوارێك كه ژووری من و هاوسێكه‌مان لێك جیا ده‌كاته‌وه، هێنده باریك و ته‌نكه، ئینسان ده‌توانێ به ئاسانی گوێی له هه‌موو شتێك بێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار ده‌بێت له ده‌ست مۆزیكاژه‌نینی هاوسێكه‌م به (بهلالایكه''.. ٭) ماڵ به‌جێهێڵم. (ئه‌و وا ده‌زانێ من گوێی بۆ ده‌گرم، به‌م شێوه‌یه ده‌یه‌وێت وه‌خت به‌سه‌ر ببات). خۆشحاڵانه، ئه‌مه تا ئێسته زۆر ڕووی نه‌داوه، زۆربه‌ی كاته‌كان كه ئه‌و له‌ماڵ نییه، ماڵ به ته‌واوی هێدی و ئارامه. من نازانم تا مانگێكی تر لێره ده‌مێنمه‌وه یاخۆ نا، «18» ئه‌مه دوای به‌سه‌رچوونی گرێبه‌ستی كرێنشینییه‌كه‌م كه نزیك به‌سه‌ری ساڵ كۆتایی پێدێت، ده‌توانم بیرێكی لێ بكه‌مه‌وه. به هه‌ر حاڵ، باوه‌ڕ ناكه‌م دۆزینه‌وه‌ی خانوویه‌كی تر له پیته‌ربۆرگ هێنده گران بێت. ئاووهه‌وای ئێره ئێسته زۆر خۆشه، چاكه‌ته تازه‌كه‌م هه‌ر ده‌ڵێی بۆ ئاووهه‌وای وه‌ختێكی وا درووست كراوه‌٭٭.
٭ "بهلالایكه" ئامێرێكی مۆسیقییه/ وه‌رگێڕ. ٭٭ لاپه‌ره‌ی دووه‌می نامه‌كه به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه/ دانه‌ر.
ئه‌م نامه‌یه له پیته‌ربۆرگه‌وه بۆ مۆسكۆ ڕه‌وانه كراوه. له ساڵی 1929 له ژماره 11ی پرۆلیتارسكایه ڕیڤالیاتسیا، له‌ژێر ده‌قی ده‌سنووسه‌كه‌ی لێنین چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه. *
فه‌هره‌ستی ناوه‌كان:
1) ئێلیانۆڤه ماریا ئێلیكساندرۆڤه 1835-1916، دایكی لێنین و كچی پزیشكێك به ناوی ئا. د. بلانك، كه بۆ ئه‌و وه‌خته وه‌ك كه‌سێكی پێشكه‌وتوو چاوی لێ ده‌كرا. دایكی لێنین كه‌سێكی ڕۆشنبیر بوو، له به‌هره‌یه‌كی گه‌وره له كاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌هره‌مه‌ند بوو. ئه‌و به‌و په‌ڕی دڵنه‌وایی و جیدییه‌وه مناڵه‌كانی په‌روه‌رده و بار ده‌هێنا. ئێلیانۆڤه بیروبۆچوونه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ مناڵه‌كانی ده‌خسته میانه‌وه. له كاره شۆڕشگێڕییه‌كاندا یارمه‌تیده‌ریان بوو. له دوورخراوه‌ییدا له‌گه‌ڵیان و له زیندانیش‌دا هاوپشتییانی ده‌كرد. ئه‌و خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین بوو. كرۆپسكایه له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌نووسێ: لێنین دایكی زۆر خۆش ده‌ویست و ئیراده‌ی به‌هێزی له ئه‌وه‌وه به میرات وه‌رگرتبوو. میهره‌بانی و هه‌ست و تێگه‌یشتن بۆ خه‌ڵكانی تر لێنین له دایكییه‌وه فێر ببوو. 2) تیلۆ كارمه‌ند له به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی ڕێگای ئاسن و كه‌سێكی سۆسیال دیموكرات له ساڵه‌كانی هه‌شتادا. 3) له گۆڕستانی ڤۆلگۆڤا خوشكی لێنین، ئۆلگا ئیلینیتشنا به خاك سپێردراوه، كه( له سانكت پیته‌رسبۆرگ، لێنینگراد) به‌هۆی تیفوسه‌وه گیانی له‌ده‌ست دا. 4) میمكی لێنین ل. ئا. پانۆماریۆڤه، خوشکی دایكی لێنین، سه‌رپه‌رشتیی میراتی ماریا ئه‌لیكساندرۆڤنه‌ی له كوكشكینۆدا ده‌كرد. له جێكایه‌ك كه باپیره‌ی ڤلادیمیر ئیلیچ لێنین ئه‌لیكسانده‌ر دیمیتریڤیش بلانك به‌خاك سپێرابوو. لێره لێنین له ساڵه‌كانی 1887- تا 1888 یه‌كه‌م ساڵه‌كانی دوورخراوه‌یی خۆی برده‌سه‌ر. 5) ئولیانۆڤه ماریا ئیلیچینا 1878-1937، هه‌ڵسووڕاوی كۆمۆنیست و ده‌وڵه‌تی سۆڤێت، خوشکی لێنین، هێشتا هه‌ر قوتابی بوو، هاته ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌وه. له ساڵی 1898 بوو به شۆڕشگێڕی پیشه‌یی. بۆ چه‌ندین جار ده‌سگیر كرا و دوور خرایه‌وه. ئه‌و هه‌واڵ و ڕاپۆرتی بۆ ئیسكرا ده‌نارد و له ساڵی 1900 چالاكانه بۆ ئیسكرا كاری ده‌كرد. له مارسی 1901 به‌هۆی هه‌ڵسووڕانی له یه‌كێك له ڕێكخراوه‌كانی سۆسیال دیموکرات له مۆسكۆ ده‌سگیر كرا و تا مانگێك له سامارا له‌ژێر چاودێری پۆلیس بوو، له جێگایه‌ك كه ئه‌و تێیدا له بیرۆی ڕێكخراوی ئیسكرادا كاری ده‌كرد. له پایزی 1903 له سكرتارییه‌تی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب‌دا سه‌رگه‌رمی هه‌ڵسووڕان بوو. له ساڵی 1904 له ڕێكخراوی بۆڵشه‌ڤیكه‌كان له پیته‌ربۆرگ چالاكی ده‌كرد، دوایی چووه ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له ژنێڤ نیشته‌جێ بوو. له هه‌مان كاتدا لێنین_یش له‌وێ ده‌ژیا. له ساڵی 1908 تا 1909 ژیانی له ده‌ره‌وه به‌سه‌ر ده‌برد. ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ بۆڵشه‌ڤیکه‌كان كاری ده‌كرد و له‌و سه‌رده‌مانه‌دا نامه‌ی ماركسی بۆ گۆگلمانی وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی ڕووسی. له ساڵی 1910 له مۆسكۆ و دوایش له ساراتۆڤ له ڕیزه‌كانی حیزب‌دا چالاك بوو. له ساڵی 1912دا ده‌سگیر کرا و سێ ساڵ بۆ ڤۆڵگۆڤه دوورخرایه‌وه. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له دوورخراوه‌یی، جارێكی دی له مۆسكۆ له ڕیزه‌كانی حیزب ده‌ستی به هه‌ڵسووڕان کرده‌وه. له ساڵی 1917 تاکوو ساڵی 1929 ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسی سكرتارییه‌تی بڵاوكراوه‌ی پراڤدا بوو. ئه‌و ڕێكخه‌ری بزووتنه‌وه كرێكارییه‌كان و هه‌واڵنێریان بوو. له پانزه‌هه‌مین كۆنگره‌ی حیزب، بوو به ئه‌ندامی ناوه‌ندیی كۆمیسیۆنی كۆنترۆڵه‌كان و دوای ئه‌وه بوو به به‌ڕێوبه‌ری مه‌كته‌بی شكایه‌تكارییه‌كانی ئه‌و كۆمیسیۆنه. له هه‌ژده‌هه‌مین كۆنگره‌ی حیزب‌دا، بوو به ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی كۆنترۆڵه‌كانی یه‌كێتیی سۆڤێت و له‌وێش بوو به به‌ڕێوبه‌ری ده‌فته‌ری شكایه‌تكارییه‌كان. بۆ ڕێزگرتن له كاره به‌رجه‌سته‌كانی وه‌ك په‌روه‌رده و فێركه‌ری كۆمۆنیزم له‌ناو كرێكاران و جووتیاراندا، له ساڵی 1933 خه‌ڵاتی لێنینی پێ به‌خشرا. ئۆلیانۆڤه ماریا ئیلیچینا، نووسه‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانی لێنین و چه‌ندین وتاره ده‌رباره‌ی لێنین. 6) ماتیا ئۆلیانۆڤ دیمیتری ئیلیچ (1874- 1943)، شۆڕشگێڕی پیشه‌یی بۆڵشه‌ڤیکه‌كان و برای لێنین. كاری خۆی وه‌ك پیشه دكتۆر بوو. چالاكیی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵه‌كانی 1894 له یه‌كێك له شانه ماركسیستییه‌كانی قوتابیان. له ساڵی 1897 له مۆسكۆ سه‌رگه‌رمی كاری شۆڕشگێڕانه بوو له‌ناو كرێكاران. له نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1897 به تۆمه‌تی چالاكی له ڕیزی (یه‌كێتیی كرێكاران) له مۆسكۆ ده‌سگیر كرا. له ساڵی1900 په‌یوه‌ست بوو به ڕێكخراوی ئیسكراوه و وه‌ك نوێنه‌ری ئیسكرا كاری ده‌كرد. له كۆنگره‌ی 11ی حیزب‌دا نوێنه‌ری س. د. ئا. پ. ر. له دوای كۆنگره‌ی حیزب، بوو به نوێنه‌ری ناوه‌ندیی بۆڵشه‌ڤیکه‌كان له كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له كیڤ. له ساڵی 1904 ده‌سگیر كرا و نزیك به ساڵێك زیندانی بوو. له ساڵێ 1905 تاکوو 1907 بوو به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی بۆڵشه‌ڤیکه‌کان له سیمبرسك. هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا له‌وێ وه‌کوو دكتۆری وه‌ختی له زیمبیرسك ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد. دوایی له ناوچه‌كانی سه‌ر به مۆسكۆ و سێرپوخۆڤ. له ساڵی 1911 له ڤۆدۆژیا له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی بۆڵشه‌ڤیکه‌كاندا له په‌یوه‌ندیدا بوو. له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا وه‌کوو دكتۆر له ڕیزی سوپادا له‌ناو سه‌ربازه‌كاندا خه‌ریكی كاری شۆڕشگێڕانه بوو. له شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ردا چالاكانه له پێناوی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێته‌كاندا له كریم به‌شداری كرد. له ساڵی 1919 ئه‌ندامی كۆمیته‌ی بۆڵشه‌ڤیکه‌كان و كۆمیته‌ی شۆڕش له ئێوپاترۆیه. له ساڵی 1920 تا 1921 ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوچه‌ی ك. پ ڕ.(ب) و نوێنه‌ر و لێپرسراوی شوورای كۆمیساری گه‌لانی كریم بوو. له ساڵی 1921 تا 1925 به‌ڕێوبه‌ری به‌شی ته‌ندرووستی بوو له كۆمیساری شووراكاندا. له ساڵی 1925 به‌دواوه، به زانستی پزیشكییه‌وه خه‌ریك بوو، وه له‌و میانه‌دا كاری زۆری له زانكۆی كۆمۆنیستی سڤێردلۆڤ به ئه‌نجام گه‌یاند. له ساڵی 1933 به‌ڕێوبه‌ری به‌شی ته‌ندرووستی كرێمل بوو، ئه‌و له پێكهێنانی مۆزه‌خانه‌ی لێنیندا ڕۆڵێكی به‌رجه‌سته و به‌رچاوی گێڕا. 7) ڕۆشنه كه مه‌به‌ستی له خوێندنه‌وه‌ی چاپی له‌سه‌ر به‌رد نووسراوی مێژووی ڕووسیایه، له لایه‌ن ڤ. ۆ. كلیتۆژفسكیه‌وه كه له ساڵه‌كانی 1880/1881ی سه‌رده‌می خوێندندا كه‌وته بازاڕه‌وه. 8) م. ئا. لێبێدۆڤه، ماریا ئێڤانۆڤه، ڤلادیمیر ئیلیچ ئه‌وی له سامارا ده‌ناسی. ئه‌و له ساڵی 1894 له كریم به هۆی تێبه‌ركۆلۆسه‌وه گیانی له‌ده‌ست دا. 9) وتاری، ڤ. ۆ. كلیتشێڤسكی، یادگارییه‌كانی خۆشه‌ویستی خوا تزار ئه‌لێكسانده‌ری سێیه‌م، وه‌ك وتار له زانكۆ بڵاو ده‌كرایه‌وه. خوێندكارانی زانكۆی مۆسكۆ سه‌دان دانه‌یان له‌م ئێكسم پلاره كڕی و له ڕووی ئه‌نقه‌سته‌وه ناونیشانه‌كه‌یان گۆڕی و ناوێكی تریان له جێگای دانا ... «ئه‌فسانه‌ی ڕێوییه‌ك كه فاتیحه‌ی مردوویه‌ك ده‌خوێنێته‌وه.» له لایه‌ن د. ئی."ڤۆنفیسین"ه‌وه. به‌م شێوه‌یه سه‌دان دانه‌یان وه‌ك چاپێكی باشتر و ڕێكتر له زانكۆدا لێی بڵاو كرده‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌م چاپه له كاتی محازه‌ره‌یه‌ك گه‌یشته به‌رچاوی كلیتشیفسكی و تا ئه‌و جێگایه‌ی كه فیكه‌لێدان و جڕتلێدان به‌رزبووه‌وه. له میانی ئه‌م ڕووداوه‌دا نزیك به په‌نجا خوێندكار ده‌سگیر كران و هێندێكی تریش له مۆسكۆ دوور خرانه‌وه. 10) لێره نه‌زانراوه كه مه‌به‌ستی لێنین له كێیه. ڕه‌نگبێ ئه‌مه مه‌به‌ست له نه‌جاڕێك بێت به ناوی (گڤۆزدێڤ)كه م. ت. یێلیسارۆڤ له سامارا ناسیویه‌تی، یاخۆ ڕه‌نگه مه‌به‌ست له ڤ. ئا. یانۆڤ بێت. گڤۆزدۆڤ، ڕ. یاخۆ (نه‌جاڕ ڕ.ئێ) نه‌جاڕو، هاوكاری ڕۆژنامه‌ی (ناچاڵه)( به كوردی یانی "سه‌ره‌تا"/ وه‌رگێڕ) یه‌كێك له به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕۆژنامه‌ی (په‌یكی سامارا) نووسه‌ری كتێبی كاریگه‌ری و ڕۆڵی ڕه‌شوه‌خواری زه‌ویداره گه‌وره‌كان به‌سه‌ر ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییدا. كه لێنین ڕه‌خنه‌یه‌كی له باره‌یه‌وه نووسی، بڕوانه به‌رهه‌مه‌كانی لێنین، به‌رگی چواره‌م، لاپه‌ڕه‌ی 57 و 59. یانۆڤ، ڤ. ئا. شتاستیك، ئامارگه‌ر، كه له‌گه‌ڵ م. ت. یێلیسارۆڤ و لێنیندا له سامارا ئاشنایه‌تییان هه‌بوو. له ساڵه‌كانی هه‌شتادا ناڕۆدنیكه‌كان و دوایش بوو به سۆسیال دیموكرات. له (په‌یكی ساماراو) ڕۆژنامه‌كانی تری ئه‌و وه‌خته‌دا كاری ده‌كرد. ئه‌و له كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسراوه‌یه‌کی لێنین به ناونیشانی، گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری له ڕووسیه‌دا، له خشته‌به‌ندیی ڕاستكردنه‌وه‌ی ئاماره‌كاندا یارمه‌تی لێنینی ئه‌دا. ئه‌و گه‌شتێكی بۆ ئه‌مه‌ریكا و شیكاگۆ كرد، هه‌ر بۆیه له‌وه به‌دواوه به شیكاگوێر ده‌ناسرا. 11) مارك_ مارك تیمۆڤیچ ئیلیسارۆڤ. 1863- 1919شۆڕشگێڕی پیشه‌یی و بۆڵشه‌ڤیک و هاوسه‌ری ئۆلیانۆڤه یێلیسارۆڤنه‌ی خوشکی لێنین. ئه‌و له ساڵه‌كانی نه‌وه‌تدا، ده‌ستی دایه كاری شۆڕشگێڕانه. له ساڵی 1901 به‌هۆی په‌یوه‌ندی به ڕێكخراوی سۆسیال دیموكراته‌كانی مۆسكۆوه، بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ ده‌سگیر كرا و دوایش له مۆسكۆ دوور خرایه‌وه. له ساڵی 1905 كاره شۆرشگێڕه‌كانی خۆی له ڕێگای ئاسنی سانكت پیته‌ربۆرگدا ده‌ستی پێ كردوو وه‌ك یه‌كێك له ڕابه‌رانی به‌رجه‌سته‌ی خۆپیشاندانی سه‌راسه‌ریی كرێكارانی ڕێگای ئاسن ده‌ناسرا. ئه‌و به شێوه‌یه‌كی چالاک له هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می 17ی دۆما به‌شداری كرد. ئه‌و یه‌كێك بوو له ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوچه‌ی سامارا و بۆ چه‌ندین جار ده‌سگیر كرا و دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و یه‌كه‌م كۆمیساری میللیی ڕێگاوبان بوو. 12) ئانیوته_ ئۆلیانۆڤ_ یێلیسارۆڤ، ئانه ئیلژینیتشنه 1864-1935، شۆڕشگێڕی پیشه‌یی، هه‌ڵسووڕاوی پارتی كۆمۆنیست و خوشكی لێنین. هه‌ڵسووڕانی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵه‌كانی 1886. له ساڵی1887 به تۆمه‌تی هێرشكردنه سه‌ر تزاری ڕووسیا و هه‌وڵی كوشتنی ئه‌لێكسانده‌ری سێیه‌م، ده‌سگیر كرا و له پێته‌ربۆرگدا خرایه ژێر چاودێری پۆلیسه‌وه. له 1898 بوو به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی س. د. ئا. پ. ڕ. ڕ. كاتێك لێنین له دوورخراوه‌ییدا له سێبیریا ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد، له لایه‌ن لێنینه‌وه، نووسراوه‌ی لێنین، به ناونیشانی، "گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری له ڕووسیا"ی به‌چاپ گه‌یاند. له ساڵی 1900 ڕووی كرده ده‌ره‌وه‌ی وڵات و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات مایه‌وه. له ئیسكرای سه‌ر به لێنین هه‌ڵسووڕاو بوو. دوواییش له ڕۆژنامه و بڵاوكراوه فه‌رمییه‌كانی سه‌ر به بۆڵشه‌ڤیکه‌كان وه‌كوو (٭ ڤپرۆید و پڕۆلیتاریا) چالاكی ده‌نواند. له 1904تاكوو 1906 له ڕێكخراوی بۆڵشه‌ڤیکه‌كان له پیته‌ربۆرگ هه‌ڵسووڕانی خۆی ده‌برده پێشه‌وه. له 1908 تا 1909 سه‌رگه‌رمی ڕێكخستن و به‌چاپگه‌یاندنی نووسراوه‌كه‌ی لێنین، به ناونیشانی "ماته‌ریالیزموس و ئیمپریۆكریتیسموس"، (ماته‌ریالیزم و ئه‌زموونگه‌رایی) بوو. له ساڵی 1909 تا 1910 زۆر كاری شۆڕشگێڕانه‌ی له"ساراتۆڤ" به ئه‌نجام گه‌یاند. له ساڵی 1914 له ئۆرگانی بۆڵشه‌ڤیکه‌كاندا (پراڤدا، سێڤشێتشێنیه، ڕابۆتنیتسه)، چالاكی خۆی ده‌برده پێشه‌وه. هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌شدا بۆ چه‌ندین جار ده‌سگیر كرا و خرایه زیندانه‌وه. له‌دوای شۆڕشی فۆریه‌وه له ده‌سته‌ی نووسه‌رانی پراڤدا كاری ده‌كرد و سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی تاكتش بوو. له ساڵی 1918- 1921 سه‌ره‌تا سه‌رپه‌رشتی به‌شی پارێزگاری مناڵان له ئه‌نجومه‌نی كۆمیساری میللی بۆ چاودێری و له دواییشدا له ئه‌نجوومه‌نی كۆمیساره‌كانی فێركردن و بارهێناندا چالاكانه كاری زۆری به ئه‌نجام گه‌یاند. وه‌ك زانا و كارگێڕ له ڕێكخستنی كۆمیسیۆنێك بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووچه‌ی حیزب و هه‌روه‌ها له پێكهێنانی ئینستیتوتی لێنین ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو. ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی هه‌فته‌نامه‌ی پرۆلیتارسكایه ڕیڤالیوتسیه و به‌رهه‌مێكی زۆری ده‌رباره‌ی لێنین و بواره‌كانی تر به‌چاپ گه‌یاند. له‌م په‌یوه‌نده‌دا وه‌بیرهێناوه‌ی ناوی ئال ئه‌ندرێڤیچ، مه‌به‌ست له ئا. ئا. زالێشكییه كه له دایكه‌وه ده‌كاته باپیره‌ی لێنین. 13) له 25 ئه‌پریلی 1895 لێنین گه‌شتێكی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرد، بۆئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ڕێكخراوی (ئازادیی كار)ه‌وه بكا و له نزیكه‌وه به بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئه‌ورووپای ڕۆژئاوا ئاشنا بێت. 14) مه‌به‌ست له كچه‌كه‌ی ئا. ئا. شوخت_ه. (شوخت. ئا. ئا (1860_ 1993) له زاخان له به‌شی سه‌ربازانی شۆڕشگێڕ‌دا بوو 1884_ 1887، له پیته‌ربۆرگه‌وه بۆ سێبیریا دوورخرایه‌وه. له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ماوه‌یه‌ك له "ساماڕا" ژیا و له‌وێ له‌گه‌ڵ ڤلادیمیر ئیلیچ ئاشنایه‌تی په‌یدا كردوو دوای ئه‌وه له پیته‌ربۆرگ جارێكی تر به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه. دوای ماوه‌یه‌ك، شوخت ڕووی كرده سویسرا و له ژنێڤ نیشته‌جێ بوو. له‌و شوێنه‌ی كه لێنین له نامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێ ده‌كا. لێنین له‌وێ جارێكی تر به شوخت و خێزانه‌كه‌ی گه‌یشته‌وه. شوخت له‌ساڵی 1917 بوو به ئه‌ندامی پارتی بۆڵشه‌ڤیک. 15) ئاشكرایه لێره مه‌به‌ست له ناونیشانی "زاول گروون فێست"ه، كه سه‌ر به رێكخه‌رانی چاپخانه‌ی "مینسك"(تشۆڕنی پرێدل) بوو. له دوای كۆچكردنی بۆ سویسرا، "گروون فێست" په‌یوه‌ندی به ڕێكخراوی "ئازادیی كار"ه‌وه کرد، كه بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو كاره ته‌كنیكییه‌كانی له ئه‌ستۆ بوو. له دواییدا باری كرد بۆ "زووریخ" و له‌وێ په‌یوه‌ست بوو به بزووتنه‌وه‌ی سۆسیال دیموكراتی سویسراوه. 15) وه‌ك دیاره، م. ئا. ئۆلیانۆڤ، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، ئه‌گه‌ر لێنین بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕووسیا، دوور نییه جارێكی تر له لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌سگیر نه‌كرێ و نه‌خرێته‌وه زیندان، بۆیه ئه‌و، ئامۆژگاری لێنین ده‌كا كه جارێك له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بمێنێته‌وه. 17) د. ئا. ئارداشۆڤ_ ژ. ن. ئارداشۆڤ، له دایكه‌وه به خزمایه‌تی ده‌گه‌نه‌وه لێنین. 18) له شه‌وی 9ی دیسێمبه‌ری 1895 لێنین و ئه‌ندامانی تری "كۆمیته‌ی خه‌بات بۆ ڕزگاری چینی كرێكار'' ده‌سگیر كران. لێنین هه‌ر دوای ده‌سگیركردنی، بۆ لێكۆڵینه‌وه ڕه‌وانه‌ی زیندان كرا، كه تا 14ی فێبریوه‌ری 1897 له‌و زیندانه‌دا مایه‌وه. له 29 یانووه‌ری 1897 به‌پێی بڕیاری ڕژێمی تزاری، به‌دوورخراوه‌یی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ ڕه‌وانه‌ی ناوه‌ندی سێبیریا كرا و له‌وێ خرایه ژێر چاودێری پۆلیسه‌وه. * زۆر سوپاسی هاوڕێ "سالار ڕه‌شید" ئه‌که‌م، که ئه‌رکی پێداچوونه‌وه و چاککردنی هه‌ڵه و که‌موکووڕییه‌کانی ئه‌م نامانه‌ی له ئه‌ستۆ گرت.
|
|||