کاری هه‌رزان کرێکاری خامۆش

مێزگردیک سه‌باره‌ت به‌ یاسای کاری جمهوری ئیسلامی ئێران

مه‌نسور حکمه‌ت

ماڵه‌وه 
  وه‌رگێڕانی: شه‌ماڵ علی

بەشى دووه‌م

فەسلى یەکەم

لایەنە گشتیەکانى یاساى کارى جمهورى ئیسلامى (ئیران)

پێوەرە بنچینەییەکان لە هەڵسەنگاندنى یاساى کاردا

مستەفا سابیر: بەهەرحاڵ یاساى کارى ئێستا لە مانگى9 یان 10 1989 لە لایەن مەجلیسەوە پەسەند کراو ئەگەرى گەورەى ئەوە هەیە کە بەم زووانە لەلایەن شوراى تەشخیسى مەسڵەحەتى ڕژێمیشەوە پەسەند بکرێت، یان بە هەرحاڵ لەوێ گیرى کردووە. ئێوە سەبارەت بەو نەزەرەى کە دەڵێ: ئەمە هەر چۆن بێت لە هیچ باشترە، چى دەڵێن؟

مەنسور حکمەت: ژمارەیەک بەچکە حاجى ساختەچى چوون شتێکیان نووسیوەو هێناویانەو ئەیانەوێت هەروا یەکسەر بیکه‌نه‌ قاڵب. بە ناوى ئەوەى کە سی(30) ڕۆژ مۆڵەتدانی بە کرێکار تیایە، یان "قەرارە" بێن‌و پیشەکان پلەبەندى بکەن‌و بە فڵانه‌ ڕێگا دوو ڕیال بخەنە سەر کرێی کرێکارانى فڵانە بەش، ئەمانە بەڵێنى مفتن. هەمان ئەو خاڵانە کە بە قسەى شورا ئیسلامییەکان لایەنى پۆزەتیڤى ئەم یاسایەیە، بەڵێنى مفتن. هیچ زەمانەتێکى جێبەجێکردن بۆ ئەم بەندانە بوونى نییە. سەیرکە! ئەم یاسای کارەیان جۆرێک نووسیوە کە ژنى دووگیان بڕیارە 90 ڕۆژ مۆڵەتى پێ بدرێت. دەڵێن کە لەم ماوەیەدا موچە بە تۆ دەدەین. بەڵام بڕۆ ئەم مووچەیە لە سازمانى بیمەى کۆمەڵایەتى وەربگرە. بەڵام ئەو کرێکارە واجب الحجە (کە حەج لەسەرى بۆتە واجب بە پێی شەرع) سەیرە ، کە من نازانم کەى کرێکار لە سایەى ئەم سیستەمەدا دەتوانێت واجب الحج بێت، دواى مانگێک کە لە حەج ده‌گه‌ڕێتەوە تەواوى موچەکەیان لە هەمان جێگاو لەسەر هەمان حیساب بانکى هەمیشەیی بۆ داناوەو وەریدەگرێت. ئەمە ئیتر فێڵبازیە. ئەگەر تۆ بەڕاستى ئەتەوێت موچەى ئەو کرێکارەى کە منداڵى بووە بدەیت، ئەگەر ماستەکەت موویەکى تیا نییە، دەى بە هەمان شێوە ڕابردوو پارەکە بدە ئیدی. ئەڵێی کوڕە ساختەچى شاریى خەریکە کڵاو دەنێتە سەر "دێهاتیەکى بێخەبەر". لەبەرخاترى دوو بەند کە هێشتا دیار نییە بە کردەوە دەبێتە چى کرێکار خه‌ریکه‌ قەباڵەى کۆیلەیەتى خۆى بۆ ماوەیەکى دوورو درێژ ئیمزا دەکات. کاتێک ئیمزا دەخەیتە ژێر ئەم یاسایە ئیتر خۆ ناتوانیت بۆ سبه‌ینێکه‌ی بیانوو بگریت. دەبێ شەش ساڵ لە سایەى ئەم یاسایەدا کار بکەیت تا تازە بتوانیت سەبارەت بە گۆڕینى قسە بکەیت. ئەمە سەرکەوتنێکى کۆمەڵایەتى دەبێت بۆ جمهوری ئیسلامى ئەگەر بتوانێت بێ ڕێکخراوەیی‌و قەدەغەبوونى مانگرتن، ئاغابانسەرى شورا ئیسلامیەکان‌و ئەوەى کە وەزیرى کارو چوار مامۆستاى زانکۆ کە هەر خۆى هەڵیاندەبژێرێت هەل‌ومەرجى کارى کرێکاران دیارى بکەن، بەسەر کرێکاراندا بسەپێنێت. ئەمە یانى ئەوەى کرێکار دۆڕانى خۆى لە ئاستى کۆمەڵایەتیدا قەبووڵ بکات. ڕاى منیش وەک ڕاى ڕەزا موقەدەمە. کرێکار دەتوانێت ئەو چەند بەندەى کە جێبەجێبوونى فەوریان بە قازانجى خۆى دەزانێت لەسەر کاغەزێک بنووسێت‌و خوازیارى جێبەجێبوونیان بێت. ئەگەر نەیانکرد ئەو کاته‌ قسەمان ئەوە دەبێت کە ئێوە خۆتان لە یاساى پەسەندکراوى خۆتاندا ئەمانەتان ووتوە، بۆچى جێبەجێی ناکەن؟ ئەودەم تەواو ئاشکرا دەبێت کە ئەوان چۆنچۆنى خوازیارى قەبووڵکردنى تەواوى ئەو یاسایە لە لایەن کرێکارەوەن. جێبەجێکردنى ئەو چەند بەندەیان بەوەوە بەستۆتەوە کە کرێکار ئیرادە‌و ئیختیارى ژیانى خۆى بۆ ماوەى دوور‌و درێژ بەوان بسپێرێت. ئەمە قسەى ئەوانە. ئەگەر ڕژێم ڕاست دەکات‌و دەیەوێت ئەم یاسایە جێبەجێ بکات، با بێت‌و ئەو بەندانە کە هەر ئێستا کرێکاران خوازیارى جێبەجێکردنین جێبەجێیان بکات. ئەگەر نایکات ئەوە ئاشکرایە کە باقى بەندەکانى تر ئەو خاڵانەیە کە خاوەنکار دەیەوێت لە یاسای کاردا جێیان بکاتەوە. بە بڕواى من، کرێکارو هەر ئینسانێکى شەرافەتمەندى ئەم کۆمەڵگایە، دەبێ یاساى کارى ڕژێم ڕەتبکه‌نه‌وه‌و لە هەمان حاڵدا کرێکار دەبێ لیستێک لەو خاڵانەى کە لە ڕوانگەى ئەوەوە دەبێ جێبەجێبکرێت لەم یاسایە دەربهێنێت‌و پێ لەسەر جێبەجێکردنیان دابگرێت. خاڵێکى تر ئەوەیە کە ئەم یاساى کارە چ بە پەسەندکردنى یان پەسەندنەکردنى لە لایەن دەوڵەتەوە لە ڕوانگەى کرێکارەوە مەشروعیەتى نییە. یەکلایەنە چوونەتە ئەنجومەن‌و پەیماننامەیەکیان هێناوە. نە نوێنەرى کرێکار بوونى هەیە کە قسەیەک بکات، نە ڕاى کرێکار دەپرسن. کرێکاران هەر ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە کە دواتر بچن بە پێی ئەم یاسایە کار بکەن. لە نێوان خۆیاندا (سه‌رمایه‌داران‌و کاربه‌ده‌ستان-وه‌رگێڕ-) کە مامەڵەیەک دەکەن ئەگەر دەربکەوێت کە حاجى فڵان فێڵى لە حاجى فەلتان کردووە، ئەو پەیماننامە‌و کۆنتەراتە هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام لە پەیوەند بە کارو کرێکارەوە دەتوانن دەقێک، کۆمەڵێکیان بینووسن‌و کۆمەڵێکى تریان پەسەندى بکەن‌و دواتر بیهێنن جێبەجێی بکەن! ئەم یاسایە لە ڕوانگەى حقوقیەوە ڕەتکراوەیە، چ کرێکار ناچار بێت ملی پێ بدات یان نا. یەکەمین ڕۆژ کە کرێکار یەک تۆزقاڵ ئیختیار‌و دەسەڵات پەیدا دەکات هەمان ڕۆژ هەڵیدەوەشێنێتەوە. بەڵام فۆرمۆڵێک کە کرێکار دەبێ ئێستا بە دەستیەوە بگرێت ئەوەیە کە لەوێدا کە چەند گۆشە لە خواستەکانى خۆى لە دەقە ئامادەکراوەکەى ڕژێمدا دەبینێت، ئەوانه‌ لیست بکات‌و خوازیارى دەستبەجێ جێبەجێبوونیان بێت.

مستەفا سابیر: هێشتا دەبێ ڕۆشنترو دیاریکراوتر بڵێین کە هەڵوێستى ئێمە سەبارەت بە پەسەندکردنى یاسای کارى ڕژێمى ئیسلامى چییەو چى بە کرێکار دەڵێین؟

مەنسور حکمەت: باسى من بە ڕۆشنى ئەوە بوو کە ئەم یاسایە دەبێ ڕەتبکرێتەوە. ئەم یاسایە بەڵگەنامەى کۆیلایەتیە کە دەیانەوێت تۆى کرێکار ئیمزاى لەژێر بکەیت. باسەکە ئەوە نییە کە کرێکار بڵێت ئەو فڵانە بەندە دیاریکراوانە وەک یاسا پەسەند بکەو بڕۆ باقیەکەى بهێنە. باسەکە لەسەر ئەوەیە کە کرێکار بڵێت من 30 ڕۆژ مۆڵەتم دەوێت‌و خۆشتان لە پێشنیارەکەى خۆتاندا ووتوتانە. دەى کەوایە هەر دەم‌ودەست جێبەجێی بکەن. باس لەسەر جێبەجێکردنى ئەوانە بوو. ئایا جێبەجێکردنى هەندێک لە خاڵەکانى ئەم یاسایە بە قازانجى کرێکارە یان نا؟ هەرکەس سەیر بکات دەبینێت کە لە تەواوى 158 ماددە یەک ماددە هەیە، کە دیارە دواترو لە باسەکەى خۆیدا بەرتەسکبوون‌و تەماوى بوونەکەى‌و ئەگەرى خوێندنەوەى جیاوازى باس دەکەم، بۆ نموونە ئەو ماددەیە دەڵێ لە بەرامبەر کارى یەکساندا دەبێ کرێی یەکسان بە ژن‌و پیاو بدرێت. دەى باشە ئەمە جێبەجێ بکەن ئیدی. دەکرێ هەزار ژنى کرێکار کۆببنەوە‌و خوازیارى ئەوە بن ئەمە جێبەجێ بکرێت. نە ئەوەى بیانەوێت کە ئەم یاسایە قەبوڵ بکەن. بە بڕواى من ئەگەر کرێکارى ئێرانی ئەم یاسایە قەبوڵ بکات گرنگترین هەڵەى مێژووى دە ساڵى ڕابردووى کردووە. چونکە ئیتر باسی یاسای کار دادەخەن‌و دەڵێن کە ئەوە یاسا پەسەند کرا، دە ئیتر بچۆ سەرکارو قسە نەکەیت. ئەمە وەک نووسینى کومپیالەو چەکێکى بانکى سپیە بۆ دەوڵەت‌و سەرمایە کە تۆ کار لە من بکێشەوە‌و هەرکات ناڕەزایەتیەکم دەربڕى ئەوە منم کە ڕێکەوتن‌و پەیمانەکانم شکاندووە. بە بڕواى من کرێکار بە هیچ جۆرێک نابێت به‌ڵگه‌نامه‌ی ڕازی بوون‌و قه‌بووڵکردنی له‌م چه‌شنه‌ ئیمزا بکات. باسی من سەبارەت بە یەک دوو خاڵ بوو، کە دەوڵەت بۆ ئەوەى باقى ماددەکانى ئەم یاسایە بەسەر کرێکاردا ساغ بکاتەوە، خستوویەتیە ناو ئەم دەقەوەو قسەى من ئەوە بوو کە زۆر چاکە من ئیتر باقى یاساکەتم ناوێت. ئەم دوو خاڵە کە خۆت دەیانڵێی جێبەجێیان بکە. هەزارو یەک شت لەم ووڵاتەدا بە بێ پەسەندکراوو یاسا جێبەجێ دەکرێت. دە بێزەحمەت تۆش، ئەگەر ماستەکەت مویەکى تیا نییە، ئەم 30 ڕۆژ مۆڵەتە‌و کرێی یەکسان لەبەرامبەر کارى یەکسان جێبەجێ بکە. باسى من ئەمە بوو.

 

فه‌سلی دووه‌م/ به‌شی یه‌که‌م

ئازادی مانگرتنی ڕه‌سمی‌و غه‌یره‌ ڕه‌سمی

هه‌قده‌ستی ڕۆژانی مانگرتن، سندوقی مانگرتن

مسته‌فا سابیر: مه‌به‌ست له‌ ئازادی مانگرتن به‌ دیاریکراوی چییه‌؟ دامێنی ئازادی مانگرتن ده‌بێت چه‌ند بێت؟ مانگرتنی ڕه‌سمی‌و غه‌یره‌ ره‌سمی چییه‌؟ ئایا هه‌ر مانگرتنێک به‌ ڕه‌سمی ده‌ناسرێت‌و ئایا ده‌کرێت هیچ سنوورداریه‌ک‌و قه‌ید‌و شه‌رتێک له‌سه‌ر مانگرتن بوونی هه‌بێت یان نا؟ مه‌نسور حکمه‌ت بێزه‌حمه‌ت تۆ ده‌ست پێ بکه‌!

مه‌نسور حکمه‌ت: هیچ چه‌شنه‌ سنوورداریه‌ک بۆ ئازادی مانگرتن نابێت بوونی هه‌بێت. مافی ده‌ست له‌ کارکێشانه‌وه‌، هه‌ر چرکه‌یه‌ک که‌ کرێکاران، هه‌ر کۆمه‌ڵه‌و ژماره‌یه‌ک له‌وان، ئیراده بکه‌ن وه‌ک مافی هه‌ناسه‌دان وایه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م مافه‌ له‌ کرێکار وه‌ربگرنه‌وه‌ به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ کۆمه‌ڵگایان گێڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می کۆیلایه‌تی. کریکار ده‌بێ بتوانێت ده‌ست له‌ کار بکێشێته‌وه‌و بڵێت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ گرفتێک له‌ کاره‌که‌دا ده‌بینم کار ڕاده‌گرم. ئه‌مه‌ به‌ مانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بنه‌مای په‌یماننامه‌ی کار یان نه‌فیکردنه‌وه‌ی کارکردن‌و نه‌فیکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و پێوانانه‌ نییه‌ که‌ به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ری بنیاتنراوه. کریکار ده‌ڵێ له‌م بڕگه‌یه‌دا کار ناکه‌م چونکه‌ گرفتیک له‌ کاره‌که‌دا ده‌بینم. ئازادی مانگرتن یانی ئه‌وه‌ی هیج که‌س ناتوانێت کرێکاریک که‌ کاری راگرتووه‌ ناچار به‌ کارکردن بکات. ئه‌گه‌ر مافی مانگرتن بوونی نه‌بێت ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر منی کرێکار ده‌ستم له‌کار کێشایه‌وه‌ ئه‌و (خاوه‌نکار یان ده‌سه‌ڵات-وه‌رگێڕ-) ده‌توانێت بێت‌و به‌ شێوه‌یه‌کی فیزیکی من ناچار بکات کار بکه‌م. که‌سێک ناتوانێت ئازادی مانگرتن وه‌لابنێت‌و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌نێزه‌ش نه‌خاته‌ کار. چونکه‌ ئه‌گه‌ر منی کرێکار ده‌ست له‌ کار بکێشمه‌وه‌‌ سه‌ره‌نجام تۆ چی ده‌که‌یت تا من ناچار به‌ کارکردن بکه‌یت؟ به‌م پێیه‌ من وا بیرده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئازادی مانگرتن هیچ قه‌ید‌و شه‌رتێک هه‌ڵناگرێت. به‌ دیاریکراویش به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که‌ ئه‌م ئازادیه‌ سنووردار ده‌که‌نه‌وه، کرێکار له‌ پێگه‌ی ئینسانێکی ئازاد له‌ کۆمه‌ڵگادا، واته‌ هه‌مان ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ ئازادی حقوقی که‌ کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریی به‌ تاکه‌که‌سی داوه‌، ده‌که‌نه‌‌ ده‌ره‌وه‌و ده‌یکه‌ن به‌ بوونه‌وه‌رێک که‌ ئیراده‌ی خۆی نییه‌.

به‌ڵام مه‌سه‌له‌یه‌ک که‌ له‌ بابه‌ت ئازادی مانگرتنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و هه‌ل‌ومه‌رجه‌یه‌ که‌ مانگرتن بۆ خودی کرێکار ده‌یهێنێته‌ بوون. بۆ نموونه‌ ده‌کرێ له‌ وڵاتێکدا بڵێن که‌ ته‌نها له‌ حاڵه‌تی مانگرتنی ڕه‌سمی هه‌قده‌ستی ڕۆژانی مانگرتن ده‌درێت‌و له‌ مانگرتنی غه‌یره‌ ره‌سمیدا هه‌قده‌ست نادرێت. هه‌رکه‌س ده‌توانێت ده‌ست له‌ کار بکێشێته‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌گه‌ر مانگرتنه‌که‌ی غه‌یره‌ ڕه‌سمی بو ئه‌وا هه‌قده‌ست وه‌رناگرێت. له‌ وڵاتیکی تر بۆ نموونه‌ ده‌کرێ بڵێن که‌ مانگرتن ئازاده‌ به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی که‌ بابه‌تی مانگرتنه‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌مان کارگه‌و هه‌مان به‌ش له‌ کریکارانه‌وه هه‌بێت. واته‌ تۆ ناتوانیت بۆ به‌رگریی له‌ خه‌باتی کرێکارانی به‌شێکی تر له‌ کۆمه‌ڵگا یان بۆ به‌رگری له‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ست بده‌یته‌ مانگرتن. ته‌نها ئه‌و کاته‌ مۆڵه‌تی مانگرتنت هه‌یه‌ که‌ له‌ کارگاکه‌ی خۆتان کێشه‌یه‌ک ڕوویدا بێت یا به‌ڵایه‌ک به‌سه‌ر هه‌قده‌سته‌که‌ی خۆتان هاتبێت. ئه‌م سنووردارکردنی جۆری دووه‌مه‌ له‌ قوماشی سنووردارکردنی مانگرتن به‌ شێوه‌یه‌کی گشتییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ پێوانه‌کانی دانی هه‌قده‌ست له‌ مانگرتنی ڕه‌سمی‌و غه‌یره‌ ڕه‌سمی چییه‌، ئه‌وه‌یان ده‌توانرێت هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی خودی ئازادی مانگرتن به‌ شێوه‌ی گشتی جێگای باس بێت‌و خودی جووڵانه‌وه‌ی کرێکاری خۆی ده‌توانێت ئه‌و پێوانانه‌ دیاری بکات. ئه‌وه‌ مافی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای هه‌ر کرێکار‌ێکه‌ که‌ هه‌ر چرکه‌یه‌ک بیه‌وێت به‌ هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بووه‌ ئامرازه‌کانی کارکردنی دابنێت‌و ده‌ست له‌ کار بکێشێته‌وه‌. به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌ی کرێکاران به‌م کاره‌ ڕه‌زامه‌ند نه‌بن. ده‌کرێ ڕیکخراوی سه‌ربه‌خۆی کرێکاریی به‌م کاره‌ ڕه‌زامه‌ند نه‌بێت. ئه‌مانه‌ جیاوازی به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌نی مالی مانگرتنه‌کان پیکده‌هێنن. هه‌قده‌ستی کاتی مانگرتن چی به‌سه‌ردێت. ئه‌مه‌ ده‌کرێت هێشتا له‌ چوارچێوه‌ی ئازادی ته‌واوی مانگرتن جێگای باس بێت (واته‌ بڕینی هه‌قده‌ست له‌ کاتی مانگرتنی غه‌یره‌ ڕه‌سمی به‌ مانای ژێرپێنانی ته‌واوی ئازادی مانگرتن نییه‌- وه‌رگێڕ-). باسی مانگرتنی ڕه‌سمی‌و غه‌یره‌ ڕه‌سمی له‌خۆیدا ئه‌م گریمانه‌ی هه‌ڵگرتووه‌ که‌ مه‌رجه‌عێک بۆ ڕاگه‌یاندنی ڕه‌سمیه‌ت‌و نه‌بوونی ڕه‌سمیه‌تی مانگرتن بوونی هه‌یه‌. ئه‌م مه‌رجه‌عه‌ش ناتوانێت جگه‌ له‌ مه‌رجه‌عێکی کرێکاریی‌و هه‌ڵبژێردراوی کرێکاران شتێکی تر بێت. ده‌بێت ڕیکخراوو دامه‌زراوێکی کرێکاریی بێت‌و له‌لایه‌ن خودی کرێکارانه‌وه‌ به‌ ڕه‌سمی ناسرابێت. ده‌کرێ که‌سێک بڵێ که‌ تاکو ئازادی ڕێکخراوبوون نه‌بێت مانگرتنی ڕه‌سمیش به‌م پێیه‌ مانای نییه‌‌و مه‌سه‌له‌ی ئازادی مانگرتن نادیاریکراو ده‌بێت. من وا بیرده‌که‌مه‌وه‌ که‌ له‌ خراپترین حاڵه‌تیشدا کرێکاران ده‌توانن کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتی که‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ مانگرتن وه‌ک مه‌رجه‌عێک که‌ ده‌توانێت مانگرتن به‌ ڕه‌سمی ڕابگه‌یه‌نێت دابنێن‌و به‌م جۆره‌ش خوازیاری هه‌قده‌ستی ته‌واوی ڕۆژانی مانگرتن بن. به‌ کورتی مافی مانگرتن مافێکی بی ئه‌ملاوئه‌ولای ئینسانییه‌و ژێرپێنانی ئه‌و مافه‌ په‌رده‌هه‌ڵماڵ‌و ڕیسواکه‌ری کۆیلایه‌تیه‌کی چینایه‌تییه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا به‌رپایه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا(واته‌ پاش به‌ ڕه‌سمی ناسینی ئازادی مانگرتن-وه‌رگێڕ-) ئینجا ده‌کرێت سه‌باره‌ت به‌ مانگرتنی ڕه‌سمی‌و غه‌یره‌ ڕه‌سمی‌و پێوانه‌ مالیه‌کانی مانگرتن قسه‌ بکرێت. ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ لام وانییه‌ هیج وڵاتیک هه‌بێت که‌ تیایدا ئازادی بێ قه‌ید‌و شه‌رتی مانگرتن جێگیر بووبێت. هه‌ر وڵاتێکی سه‌رمایه‌داریی به‌ شێوازێک له‌ شێوازه‌کان ئازادی مانگرتنی سنووردار کردووه‌. به‌ڵام بۆ خاوه‌نکار هیچ سنوورێک بونی نییه‌. ئه‌گه‌ر که‌سێک ئیدیعا ده‌کات که‌ کۆمه‌ڵگاکه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی ئازادانه‌ی نێوان خاوه‌نه‌کانی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان دامه‌زراوه‌، که‌سێک سه‌رمایه‌داره‌ واته‌ خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان‌و سه‌رچاوه‌ ته‌کنیکی‌و سروشتیه‌کانی کاره‌‌و که‌سێکی تر خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی زیندووی به‌رهه‌مهێنان واته‌ هێزی کاره‌، ئه‌و کاته‌ زه‌وتکردنی ئازادی مانگرتن (له‌ کرێکار-و-) وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ سه‌رمایه‌دار مافی نه‌بێت سه‌رمایه‌که‌ی ئاڵوگوێز بکات. ئازادی مانگرتن بۆ کرێکار بۆ چاوپۆشی کردن نابێت‌و کرێکارێک که‌ ڕه‌زامه‌ندی بۆ ئه‌م به‌نده‌ نیشان دابێت که‌ ئازادی مانگرتنی نه‌بێت، یان ئازادیه‌که‌ی سنووردار بێت ئیتر باقی قه‌ید‌و به‌نده‌کانی کۆیله‌بونی خۆی قه‌بووڵ ده‌کات.