کۆمۆنیزم و حیزب و چینى کرێکار

کورتکراوەى گفتوگۆیەک لەگەڵ مه‌نسور حیکمەتدا

ماڵه‌وه 

سەعید ئەحمەد کردوویەتى بەکوردى

دەبێ باس لە شۆرشی کۆمۆنیستی بکەین. ئیتر خەریکە پێ دەنێینە سەدەى بیست و یەکەمەوە.

ئەم پرۆسەى "دەستبردن" بۆ کۆمۆنیزمە پێویستیەکى حەتمی مێژووییە. ئەمە پرۆسەیەکى جیهانیە. کرێکار سەرلەنوێ دەست بۆ کۆمۆنیزم و تەحەزوبى کۆمۆنیستى دەباتەوە. ئاڵاى سۆسیالیزمى کرێکارى ئەم جارە بەناوى مارکسیزمەوە هەڵئەکرێت. ئەمە رەوتێکى جیهانیە.

دەمەوێ بڵێم سۆسیالیزمى بۆرژوایى ئاڵاکەى لەدەستداوەو مانایەکى ئەمە ئەوەیە کە بۆرژوازى دەیەوێ بەیەکجارى دەست لە مارکس هەڵگرێت و خۆیان بەئاشکرا ئەمە رادەگەیەنن. رۆژنامە رەسمیەکانى بۆرژوازى دەڵێن مارکس دەورەى بەسەرچوو. ئەمە ماناى ئەوەیە کە بۆرژوازى دەتوانێ ئەم مەقولەیەو ئەم رێبازە بنێتەلاوە.

ئەمانە رێگریەکانن، بەڵام عاملە ئیجابیەکان زۆر بەرجەستەترن. پێشتریش گوتوومە کە سوود وەرگرتن لەو عاملە ئیجابیانە پێویستى بەپراتیکێکى هۆشیارانە هەیە. بەڵام عاملە سلبیەکان خۆبەخۆ سبەینێ روودەدەن. هەموو رۆژێک خەریکن روودەدەن. بەڵام گۆڕینى شکستى سۆسیالیزمى بۆرژوایى بۆ سەرکەوتنى مارکسیزمى کرێکارى تێکۆشانى دەوێت، کارو هەڵسووڕانێکى زۆرى دەوێت. ئەمە ئەو ئاسۆیەیە کە لەبەردەم کۆمۆنیزمى کرێکارىیە لە ئێران و جیهاندا، تەنانەت هاتنەگۆڕى باسى کۆمۆنیزمى کرێکارى و سەرهەڵدانى لەحزبى ئێمەدا، بەبڕواى من رەنگدانەوەى واقعیەتێکى کۆمەڵایەتى دەرەوەى خۆیەتى. ئیلهام لە فشارێکى دیکەوە وەردەگرێت. بزووتنەوەى چینى کرێکار کە تا ئەمڕۆ هێزو تواناى خۆى بەخشیوەتە بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانى بۆرژوازى و واى لێکراوە کە بەدواى مەسەلەى کۆمەڵایەتى بەشە جیاجیاکانى چینى دەسەڵاتدارەوە بێت، ئێستا بەرەو ئەوە ئەڕوات کە هێزى سەربەخۆى خۆى نمایش بکات. تەرحى پیشرەوانەی بەرەوپیشچونی کۆمۆنیزمى کرێکارى، کەمپینێکە کە لەسەر بناغەى ئەم واقعیەتە کۆمەڵایەتیە خەریکە دەڕەخسێ. وە ناکر؟ێ بەرى پێبگیرێت. لەم رووەوەیە کە من پێم وایە بۆ کۆمۆنیستێک کە خوازیارى سەرکەوتنى کۆمۆنیزم، کۆمۆنیزمى مارکسەو عەوداڵى رێگاى پێشڕەوییە، ناتوانێ خۆى لە پەیوەستبوون بە کۆمۆنیزمى کرێکارى لابدات. هەلومەرجى بابەتى بۆ بیروباوەڕى کۆمۆنیستى لەبارە. نەک وەکو مەسەلەیەکى دەستبەجێ و رۆژانە بەڵکو لەڕووى مێژوویەوە لەبارە. لەڕووى مێژووییەوە ئەمە ئەو دەورەیەیە کە تیایدا چاوەڕوانیەکانى مارکس لە خەباتى چینایەتى دەکر؟ێ بە واقعى عەمەلى بکرێتەوە.

مارکسیزم بەرلەوەى زنجیرەیەک ئەحکام و پێشبینى بێت، رەخنەیە. رەخنە لەکۆمەڵگاى سەرمایەدارى. ئاشکرایە کە ئەم رەخنەیە پشتى بەستووە بەشیکارییەکى ئیسپاتی بناغەکانى ئەم سیستمەو ناکۆکیە دەروونیەکانى. بەبڕواى من دابڕان لە مارکسیزم دابڕانە لە حەقیقەت. هەزار یەکێتى سۆڤێت بێت و بڕوات هیچ ئاڵوگۆڕێک لە رەخنەى من وەکو مارکسیستێک بەرامبەر بەم کۆمەڵگایەى کە هەیە، وە تێڕوانینێک کە بۆ کۆمەڵگاى شایستەى ئینسان هەمە، وە ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەى کە بۆ وەدیهێنانى ئەم کۆمەڵگا نوێیە لە دڵى کۆمەڵگاى ئێستادا شکى ئەبەم، پێک ناهێنێت.

بناغەى سۆسیالیزم ئینسانە، چ وەک کۆمەڵ و چ وەک تاک. سۆسیالیزم بزووتنەوەى گێڕانەوەى ئیرادەیە بۆ ئینسان. بزووتنەوەیەکە بۆ رزگارکردنى ئینسانەکان لە جەورو زۆرەملێی ئابوورى و دیلێتى لە قاڵبە ئابوورییە لەپیشدا دیاریکراوەکان. بزووتنەوەیەکە بۆ لەنێوبردنى چینەکان و دابەشکردنى چینایەتى ئینسانەکان. ئەمەش مەرجى بنەڕەتى شکۆفایى تاکەکانە...

 

بانگەواز بۆ کۆمۆنیستەکان و کۆڕوکۆمەڵە مارکسیستى و سۆسیالیستیەکان!

بەڵام تەنانەت بۆ کەسێک کە مەبەستى هەڵسووڕانى فکریى مارکسیستى و کارى پایەیى کرێکارى بێت، دوورکەوتنەوە لە حزبایەتى هەڵەیەکى گەورەیە. سەنتەرو کۆڕوکۆمەڵ و نووسینگەو کەسایەتیەکان ناتوانن جێگاى خاڵـیى حزبە سیاسیەکان پڕبکەنەوە. بەبڕواى من لە نەبوونى ئەو حزبە کۆمۆنیستە کرێکارییانەدا کە تێکڕاى بەدیلێکى کۆمەڵایەتى بەهەمەگیریى لەبەرامبەر چینى دەسەڵاتداردا دابنێن، لە نەبوونى حزب گەلێک کەپێکەوەگرێدانى هەوڵە کۆمۆنیستیەکان لەمەیدانە جیاجیاکاندا بە ئەرکى خۆیان بزانن و سیماى جوڵانەوەیەکى هەمەلایەنە بدەن بەخەباتى کۆمۆنیستى کەسەرتاپاى دەسەڵاتى سەرمایەدارى دەکاتە نیشانە، کارو خەباتى دەزگاو عونسرە سۆسیالیستەکان لەم یان لەو مەیدانى کۆمەڵگادا کاریگەرییەکى درێژماوەى نابێت. بەتایبەتى پێم وایە ئەگەر کۆمۆنیزمى کرێکارى لەقاڵبى ئەحزابى سیاسیدا خۆى نەنوێنێ، هەوڵە مەحفەلى و دامەزراوەییەکانى سۆسیالیستەکان بەرادیکاڵی و رەخنەگرانە نامێنێتەوە. کۆمەڵگاى بۆرژوایى ئەمانە هەرس دەکات و لەقاڵبیان دەدات. جیهان پڕە لەو کۆڕو کۆمەڵەو عونسرە سۆسیالیستانەى کە لە مەیدانە جیاجیاکاندا دەستیان دایە "خەباتى ئالتەرنەتیڤ"و پاش ماوەیەک هەر ئەو خەباتى ئەلتەرناتیڤە بوو بە کۆڵەکەیەکى نەرێتى رەسمى. رادیکاڵیزم لە کۆمەڵگادا بەستراوەتەوە بەپێگەى چینى کرێکار لە ململانێی نێوان چینەکاندا. ئەمەیان ئیتر قەڵەمڕەوێکە کە لەپلەى یەکەمدا پێویستى بەحزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان هەیە.

... بەگشتى پێم وایە دەورەى ئێستا دەورەى ناسیۆنالیزم نییە. دەورەى پووکانەوەى ئەویش نییە. ناسیۆنالیزم نەوەڵامێکى تایبەتى هەیە بۆ مەسەلەکانى سەرمایەدارى ئەمڕۆو نە بەشێوەیەکى تایبەتیش لەژێر فشاردایە. ئەوەى خەریکە دەگۆڕێت ئارایشى نەتەوەیى جیهانى سەرمایەدارىیە نەک جێوشوێنى نەتەوەچێتى تیایدا.

... لە هەلومەرجێکدا کە بۆرژوازى ئەلگۆکانى خۆى لەبوارى ئابوورى و سیاسەت و فەرهەنگ لەقاڵبە جیاجیاکانى ناسیۆنالیزم و دینەوە بگرە تا فاشیزم و نەژادپەرستى دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا، چینى کرێکار سەرقاڵى بەرگری لەخۆکردنە لە چوارچێوەى بەرتەسکى ئابووریدا. ئەمە واقعییەتێکى بەرچاوو زۆر جێگەى نیگەرانییە. خۆنواندنى چینى کرێکار لە قەڵەمڕەوى سیاسیدا درێژکراوەى وشکوزڕى خەباتى ئابوورى نییە. "کرێکاران" هەر بەم مانا کۆمەڵناسىیەى وشەکە تائێستا کەمتر لە سیاسەتدا دەخالەتیان کردووە. کرێکار بە حزبە کرێکاریکانەوە، چ ریفۆرمخوازبێت یان شۆڕشگێر، دەتوانێ لە ململانێ سیاسیەکاندا بەشدارى بکات. ئێستا هەلومەرجێک هاتۆتە ئاراوە کە هەموو ئەو نەرێتە سیاسى و حزبیانەى کە بەهەر جۆرێک چوارچێوەیەک بوون بۆ دەخالەتى سیاسى کرێکار لە کۆمەڵگادا، وەکو سۆسیال دیموکراسى و لقە جیاجیاکانى کۆمۆنیزم، روو لە نشێون.

ئەو چاوەڕوانیەى کە کرێکاران بەبێ خۆرێکخستن لەدەورى حزبە سیاسیەکان دەتوانن لە قەڵەمڕەوى ئابووریدا زۆر پێ درێژ بکەن، چاوەڕوانیەکى پووچ و لە ڕووى مێژوویشەوە بێ بناغەیە. من خۆم پێم وانییە سۆسیال دیموکراسى تەنانەت مەیلى ئەوەى هەبێت کە لەمەبەدوا بەوێنەى رەنگدانەوەى سیاسى بزووتنەوەى نەقابیش لەکۆمەڵگادا سەیر بکرێت. ئەم رەوتە بەبڕواى من تاڕادەیەکى زۆر دەستى لەکرێکاران کێشاوەتەوەو چاوى بڕیووەتە توێژە ناوەنجىیەکانى کۆمەڵگا. جگە لەمە سۆسیال دیموکراسى تەنانەت بەرنامەیەکى کۆمەڵایەتى و ئابوور رۆشنى نییە. بەمجۆرە مەسەلەکە بەستراوەتەوە بە چارەنووسى کۆمۆنیزمى کرێکارییەوە. لێرەدایە کە پێم وایە بەبێ لەئارادابوونى هەوڵى جدى بۆ: یەکەم، بەرەنگاربوونەوەى هێرشى دژى کۆمۆنیستى ئەمڕۆ، وە دووەم، پێکهێنانى حزبە کۆمۆنیستىیەکانى سەرقاڵ بەرێکخستنى چینایەتى کرێکاران و دەخالەتگەر لەخەباتى سیاسیدا، کریکاران تەنانەت ئەگەر بتوانن لە قەڵەمڕەوى ئابووریدا پارێزگارى لەچەند سەنگەرێکى دیاریکراویش بکەن، بەهەرحاڵ دەکەونە هاوسەنگییەکى سیاسى و ئایدۆلۆژىیەوە کە چەند ئەوەندە دژى کرێکارىتر دەبێت لە هەلومەرجى ئێستا.

بەبڕواى من دەورەیەک کە چووینەتە ناویەوە لەڕووى جموجۆڵى ناڕەزایەتى چینى کرێکارەوە کەموکوڕییەکى نابێت. بەڵام ئەوەى کە ئەم خەباتانە بە چ ئەنجامێک ئەگات و بەشێوەیەکى دیاریکراو چ کاریگەرییەک لەسەر پێگەى گشتیى کرێکار لە کۆمەڵگادا، وە تواناو حورمەتى ئەو دادەنێت، ئەمەیان پرسیارێکى ترە. ئەمەى دووەمیان بەستراوەتەوە بەبوونى جوڵانەوەیەکى کۆمۆنیستى لەسەر ئاستى کۆمەڵگاداو لەجەرگەى جوڵانەوەى کرێکاریدا.

بۆ کۆمۆنیزمێک کە لەئامانجى یەکسانى و ئازادى ئینسانەکان نەکەوتۆتە گومانەوە، بۆ کۆمۆنیزمێک کە بزووتنەوەى رەخنەگرانەى - پراکتیکى کرێکارە بۆ ژێرەوژوور کردنى سەرتاپاى نیزامى دواکەوتووانەو دژى ئینسانى بۆرژوایى، بۆ کۆمۆنیزمێک کە پەلارمارى ئەمڕۆ بۆسەر مارکسیزم و بیروباوەڕو بزووتنەوە کرێکارییەکان دەبینێت، دەورەى ئێستا کردنەوەى کۆمەڵێکى فراوان لەجەبهەى فکرى و سیاسى دەخاتە ئەستۆى. دەبی بەرەوپیرى ئەم ململانێیانە بچین، وە هەموو شتەکان هێما بۆ ئیمکانى سەرکەوتنى کرێکارو کۆمۆنیزم دەکەن هەر لەم دەورەیەدا. جیهان لەحاڵى پێداچوونەوەیەکى بنەڕەتیە بە بناغە سیاسى و ئابوورى و فیکرییەکانى خۆیدا وە کۆمۆنیزمى کرێکارى ئەمجارەیان بەبێ ئەوەى لەگەڵ بلۆک و ئۆردوگاکانى سۆسیالیزمى بۆرژوازى بەرەوڕووبێت، دەرفەتێکى فراوانى بۆ خستنەڕووى راستەوخۆو ڕوونى بۆچوونى رەخنەگرانەو بەدیلى کۆمەڵایەتى خۆى هەیە. جیهانیبوونەوەى سەرمایەو بەرهەمهێنانى سەنعەتى، چینى کرێکارى هاوچەرخى کردووەتە چینێکى بەڕاستى جیهانى. ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان بۆ باشکردنى وەزعى ئەم چینەو لەدژى سیاسەتەکانى دەوڵەتەکان و خاوەنکارەکان بەبێ ڕاوەستان لە وڵاتە جیاجیاکاندا لەئارادایە. مەیلە تەقلیدیەکان لەبزووتنەوەى کرێکاریدا، بەتایبەتى بزووتنەوەى نەقابى و جوڵانەوە سۆسیال دیموکراتیەکان، بێتوانایى خۆیان لەپەرەپێدانى ڕیکخراوبوونی کرێکاری و بەسەرکەوتن گەیاندنى ناڕەزایەتیە کرێکاریەکاندا نیشانداوە. سەربارى هەموو تەقەلاو پڕوپاگەندە دژى کۆمۆنیستیەکانى ئێستا، جوڵانەوەى سۆسیالیستى رادیکاڵ لەبزووتنەوەى چینایەتیدا مەودایەکى هەڵسووڕانى فراوانترى دەستکەوتووە بۆ کێشکردنى چینى کرێکار بۆ رێکخراوبوون و سیاسەتى رادیکاڵى کرێکارى.

... بەوێنەى کۆمۆنیست دەبێ گەلێک کار بکرێت. دەکرێ زۆر کار بکرێت. ئەگەرى سەرکەوتنى تەواو و شکستى تەواو هەردووکیان لەئارادایە. ململانێ سەرەکییەکان جیهانین و تایبەتمەندییەکى وڵاتیی تایبەتىیان نییە، هەرچەندە دەکرێ ئیستنتاج گەلێکى رۆشن لەبارەى ئەرکە کۆمۆنیستیەکان لەم وەزعەدا لەهەر وڵاتێکدا دەربکێشرێت.

کۆمەڵێک جەبهەى ڕوون و ئاشکرا هەیە کە دەبێ بەوێنەى کۆمۆنیست تیایدا ئامادەبین. کۆمۆنیزم ئەمڕۆ تەنها بەئامادەبوون لەم سەنگەرانەدا دەناسرێتەوە. نە تەنها دەبێ لەبەردەم پەلامارى فیکریى بۆرژوازى بۆ سەر مارکسیزم بووەستێت، بەڵکو دەبێ رەخنەى ژێروژوورکەرى مارکسیستى، رەخنەى کرێکار بەجیهانى سەرمایەدارى بە گوڕو توانایەکى تێکشکێنەرى زۆر زیاترەوە لەئاستى کۆمەڵگادا بخرێتە روو. دەبێ خورافاتى دیموکراتییانە، ناسیۆنالیستى، لیبرالى، دینى و رەخنە نیوەناچڵەکانى ناڕازىیانى بۆرژوا بە قەراغ و کەنارەکانى ئەم نیزامە، لەمەیدان وەدەربنرێن. دەبێ ریزى سۆسیالیستیى کرێکار بکێشرێتە مەیدانى ململانێ ئابوورى و سیاسیە چارەنووسسازەکانى ئەمڕۆوە. دەبێ ئەلتەرناتیڤى کرێکارى بخرێتە بەردەم جیهانى ئەمڕۆ. دەبێ شێوەو قاڵبەکانى خەباتى رادیکاڵى جەماوەرى کرێکاران دەستنیشان بکرێت و پەرەى پێبدرێت. دەبێ حزب گەلێکى سیاسى رۆشنبین، رادیکالڕو کۆمۆنیستى کرێکارى پێک بهێنرێت. دەێب پێکهێنانى یەکێتى چینایەتى کرێکار لەئاستى نێونەتەوەییدا بەوێنەى مەسەلەیەکى دەستوبردى عەمەلى بخرێتە بەرنامەى کارەوە. بەشداریکردن لەهەموو سەنگەرەکانى خەباتى کرێکارى چ دیفاعى و چ هێرشبەرانە لەبەرامبەر بۆرژوازى و خەبات بۆ نەهێشتنى هەڵاواردن و ستەم لەسەر توێژە ژێردەستەکانى کۆمەڵگا، دیفاع لەئینسان لەهەموو ڕووەکانەوە لەبەرامبەر نەزمى دژى ئینسانى ئیستاو دیفاع لەهەر زەڕەیەک ئازادى و یەکسانى.

بێگومان هەر یەکێک لەمانە تەرجەمە دەبێت بۆ زنجیرەیەک هەڵسووڕانى جۆراوجۆرو ناوەڕۆکى سەرەکى هەڵسووڕانى کۆمۆنیستى کرێکارى پێکدەهێنن.