|
لەگەڵ سەرئاو کەوتنى ماسیەکانى دەریاچەى
دەربەندیخان، بەخێراییەکى بێوێنە هەواڵى پیسبوونى ئاوى ئەم دەریاچەیە بەنێو
دانیشتواندا، بلاوبوەوە، هاولاتیان بۆدابین کردنى ئاوى پاک کەوتنە بەکارهێنانى
بەرمیل وتەنەکەو تەنکەر تاهەرچى هەیەو بۆیان بکرێ خۆیان لەئاساوارەکانى ئەم بەڵایە
دورخنەوە، بەلام پیسبوونى ئاواى دەریاچەى دەربەندیخان نزیکەى دووساڵە هەواڵەکانى
بەرگوێى دەسەلاتدارانى کوردستان کەوتووە و هاتۆتەسەر لاپەڕەى ڕۆژنامەو دەزگاکانى
ترى ڕاگەیاندن، بەبێ ئەوەى کەتائێستا ڕێگا چارەیەکى لەبەرامبەردا گیرابێتەبەر.
عومەرفەتاح جێگرى حکومەتى کابینەى پێنجەم بۆ دڵنیاکردنەوەى دانیشتوان لەپاکى ئاوى
دەریاچەکە، لەبەردەم خەڵکدا ئاوى خواردەوە و ئێتر بێدەربەستانە هاولاتیانى لەنێو
ترس و دڵەڕاوکآى توشبوون بە نەخۆشى، رَاگرت. ئێستا کەلێکۆڵینەوەکان ئەوەیان
دەرخستووە کەئاوى ئەم دەریاچەیە بەتەواوى بەکەڵکى خواردنەوە وبەکارهێنانى ژیانى
ڕۆژانە نایەت و چەندین مەوادى ژەهراوى و کیمیایى تێکەڵ بووە، بۆ تەمەترسیەکى
هەرساتەو هەر ڕۆژە، بەتایبەتى لەکەش و هەواى ئێستادا کە نەخۆشى ئەنفلۆنزاى بەراز و
پەتاو سکچون و گرانەتا لەولاتانى دەروبەر وبەتایبەتى لەشارەکانى خواروى عێراق
بڵاوە.
بەپێى ڕاپۆرتێک کەبەرلەماوەیەک
لەهەفتەنامەى ئاوێنەدا بلاوکرایەوە، هۆکارەکانى پیسبوونى ئاوى ئەم دەریاچەیە بۆ
ئەوە گێڕدراوەتەوە کەبەشێکى زۆرى پاشەڕۆ و زێرابى شارو ناوچەکانى کوردستانى ئێران و
دەوروبەر دەڕژێتە نیو ئەم ئاوەوە، ئەمە وێراى ئەوەى کەبەهۆى نەبوونى چاودێرى وژینگە
پارێزییەوە، بەشێکى زۆر لەپاشەڕۆى کارگەو شوێنەکانى کار دەڕژێنرێتە ئاوى دەریاچەى
دەربەندیخانەوە و بەم هۆیەشەوە ئاوەکەى دووچارى پیس بوونێکى کەم وێنەکردووە، کەئیتر
بەکەڵکى بەکارهێنانى ژیانى شارەکان نەیەت.
شارۆچکەى دەربەندیخان و گەرمیان و کۆمەڵە
ناوچەیەکى تر کە لەسەر بەکارهێنانى ئاوى دەربەندیخان دەژین، بەهۆى پیسبوونى ئەم
ئاوەوە لەبەردەم مەترسیدایە و پێدەچێت ژیانى زیاتر لەسەد هەزارهاولاتى بخاتە بەردەم
توشبوون بەنەخۆشى جۆراوجۆرەوە. بەلام لەبەرامبەردا دسەلاتدارن نەک هەر خەمێکى
جیدیان لەخۆیان نیشان نەداوە بگرە تارادەیەکیش ویستویانە زانیاریەکان لەخەڵک
بشارنەوە و دانیشتوان قانعکەن تابەدیارئەم مەترسیەوە ژیان بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە
کەسامان وداهاتى کۆبووەوەى دەستى بەرپرسیاران و قورغکردنى ئیمکاناتى پێویست هێندە
هەیە کە زیاتر لەدەجار خەڵکى کوردستان لەبەردەم گرفت وکێشەى پیسبوون ونەبوونى ئاو
قوتاربکات.
ئاشکرایە کە ئاوى هەربەنداوێک و
هەرسەرچاوەیەکى ئاوى بۆئەوەى کەبەسەلامەتى و بەپێى ستانداردى تەندروستى
بەکاربَهێنرێت، دەبێ بەکەناڵى پاکردنەوە و دەزگاى پاکژى ئاوادا تێپەڕێت. ئەوەى
کەتائیستا حکومەت و کابینە یەک لەدواى یەکەکانى یەکیتى وپارتى نەیانتوانیوە ئەم
سیستەمە پاکژى و پاڵاوتنە لەکوردستاندا دامەزرێنن و دواى 18 ساڵ لەدەسەلاتدارێتى
تەنها خەڵکیان لەچوارچیوەى ئیمکانات و دەزگاکانى پێشووى حکومەتى بەعسدا ڕاگرتووە،
خۆى نیشانەى نەتوانینى ئەم حیزبانەیە لەبەڕێوەبردنى ژیانى کۆمەلانى خەڵکى و دابین
کردنى پێداویستییە سەرەتاییەکانیاندا. ئەم دەسەلاتەو سەرانى ئەحزابى ناسیونالیزمى
کورد، لەبنەوە لەسەر جیاوازى چینایەتى خۆیان و زۆرینەخەڵکى کوردستان دەسەلاتیان
دامەزراندووە و لەم سۆنگەیەشەوە ژیانى فیرعەونى و پڕ ئیمکاناتیان بۆخۆیان و دەست
وپێوەندەکانیان دابین کردوەو خەڵکیشیان گیرۆدەى دەیان موسیبەتى ڕۆژانە کردووە.
بەلام ئەوە هەردانیشتوانى خەڵکى شارۆچکەى دەربەندیخان نین کەدەبێ زەحمەتى ئاوکێشان
و دابین کردنى ئاوى پاک لەئەستۆبگرن و بەشێک لەکات وتەمەنى رۆژانەیان بەم
مەسەلەیەوە خەریک بکەن، بەڵکو هەرئێستاش لە شارۆچکەى قەلادزى گرفتى پیسبوونى ئاو
لەئارادایە، ئەمە وێراى ئەوەى کەکێشەى کەم بوونى ئاوو نەبوونى بووارى پاکژى و
چاودێرى تەندروستى بەسەر سەرچاوە ئاویەکاندا، بەیەکجارى هەموو خەڵکى شارەکانى
کوردستانى گیرۆدەى فشارو زەحمەت وبارى دەروونى وجەستەیى خراپ کردووە و لەونێوەشدا
مەترسى توشبوون بەنەخۆشى بۆتە بەلایەکى سەرسەریان.
خەڵکى کوردستان شایەنى ئەم ترس و زەحمەتە
بێبەرابەرەى ژێرسایەى دەسەلاتى کوردایەتى نین، دابین کردنى ئاوى پاک و کارەبا و
تەندروستێکى سەلامەت، ئەرکى هەرلایەنێکە کەئیدعاى حکومەت ودەسەلات دەکات. داهاتى
کوردستان و سامانى نەوت وژێرزەمینى و بۆدجەیەک کە لەحکومەتى عێراق وەردەگیرێ کافیە
بۆئەوەى کەکێشەى کەمى وپیس بوونى ئاو لەکوردستان بنەبڕبکرێت. بەلام تەجروبە نیشانى
داوە کە دەسەلاتى مەوجود لەوەى زیاتر لێڕەچاو ناکرێت کەپێشکەشى خەڵکى کردووە. بۆیە
دەبێت خەڵکى شارەکانى کوردستان لەپێشیانەوە دانیشتوانى شارۆچکەى دەربەندیخان،
بۆخواستى دابین کردنى ئاوى پاک و دروخستنەوەى مەترسى یەکانى بەردەم پیسبوونى ئاوى
بەنداوەکە بێنە مەیدانەوە، دەبێ نوێنەرانى ڕاستەوخۆى جەماوەرى لەسەرترۆپکى
ناڕەزایەتى خەڵک وخواستەکان ڕاوەستێت و بەرنامەى بابین کردنى ئاوى پاک بەدەستەوە
بگرێ و چاوەڕآى مەرحمەت ولوتفى بەرپرسیاران نەکەن. خەڵکى کوردستان ئەوەندە دڵسۆز و
شارەزا و پسپۆڕى هەیە کەئەگەر ئیمکانات بخرێتە بەردەستیان دەتوانن لەکورت ماوەدا
بەسەر هەرکۆسپێکدا زاڵبن. تەجروبەى ناڕەزایەتىیەکانى خەڵکى کوردستان ئەوەى
سەلماندووە کەدەبێ یەخەى دەسەلاتداران بگیرێ و ناچار بکرێن بەملدان بەخواستى
هاولاتیان.
|