ئەنفال

                                                                                                                                                         عبداللە مەحمود

ئەم چەند ڕۆژە یادی شاڵاوەکانی ئەنفالە، یادی ئەو ڕۆژە شومانەیە کە کۆمەڵ کۆمەڵ خەڵکی بێتاوان ڕەوانەی دۆزەخ دەکران، ئەو دۆزەخەی بەعس لەدرێژەی داسەپاندنی زوڵمی قەومیدا بەسەر خەڵکی کوردستان و لە ژێر بیانووی جۆراوجۆری وەکو هاوکارانی "مخەریب"دا بۆ خەڵکی ناڕازی و توڕەی خەڵکی کوردستانی داخستبوو. لەماوەیەکی کەمدا بەسەدان گوندو ئاوایی خاپورکران و دانیشتوانەکەیشی کۆمەڵ کۆمەڵ ڕاپێچی بیابانەکانی خواروی عێراق کران و کۆمەڵ کۆمەڵ کرانە ناو گۆڕی لمینەوە.
ئەمسال 20 ساڵە بەسەر ژێر لم خستن و ژێرخاک خستنی سەدان هەزار ئینساندا تێپەرئەبێت، وە هاوکات 20 ساڵ بەسەر پاشماوەی ئەو ئینسانانەدا تێپەر ئەبێت کە پێیان ئەوترێت پاشماوەکانی ئەنفال، و لە ئەنفال ڕزگاریان بووە، ئەمانە کەس و کارو ئازیزانی ئەنفالکراوەکانن.
ئێستا نزیکەی 18 ساڵە بەعس لەکوردستان نەماوە، 5 ساڵە بەعس لەگۆڕنراوە، کەچی پاشماوەکانی ئەنفال، زیندوەکانی ئەنفال، جەستەی روحمردەی ئەم سەردەمەن، بەجۆرێک لەبەردەم پرۆسەی ئەنفالدان هی بەعس نییە، هی فەیلەق و فیرقەکان و سەرۆک جاش و کرێگرتەکان نییە، پرۆسەی ئەنفالی ئەم زەمەنە درێژەی پرۆسەی ئەنفالی پێشووە بە شێوەی پلە پلە و ئەنجامدەرەکەیشی بەعس نییە، کوشتاری پێ بەپێی کوردایەتییە، پرۆسەی ئابڕوبردنی بەها ئینسانیەکانە، پرۆسەی مەمرەومەژی هێشتنەوەی سەدان هەزار ئینسانە لە خاکی کوردستان!!دا، لەو ئۆردوگا زۆر ملیانەی بەعس بە باڵای ئینسانی کۆتاییەکانی سەدەی بیستی بڕی.
لە کاتێکدا دەسەڵاتی کوردی هەموو ساڵێک لە یادی کارەساتی ئەنفالدا غیرەتی ئەبزوێت و بۆنەو مەراسیمی جۆراوجۆر سازئەکات بۆ روحی پاکی قوربانیانی ئەنفال، هەر لەوکاتەدا و بەدرێژایی 12 مانگەی ساڵ غیرەتی ئەوەی نییە، لایەک لە کەس وکاری ئەنفالکراوەکان بکاتەوە. لایەک لەو زیندوانە بکاتەوە کەبەحەق بوونەتە قوربانی مردووە ژێرخاکخراوەکانیان.
ئاخر ئۆردویەک ئینسان کە هەموویان چەندین ئازیزو خۆشەویستی خۆیان لەدەستداوە، هەموو ڕۆژێک پێویستیان بە هاوکارییە، بەهاوکاری مەعنەوی و هاوکاری مادی و دابینکردنی پێداویستیەکانیان و قەرەبووکردنەوەیان، کەچی ئەڵێی ئەنفالکراوەکان بۆیە ژێرخاکخراوان تا زیندوەکان و کەس وکاریان ئەنفالی ناو ئەو ئۆردوگا زۆرەملییەکان، ئەنفالێکی تر تاقی بکەنەوە، بۆئەوەی لەوێوە لەزامی ئازیزانی لەدەست چوویان تێبگەن.
هاوکات لەدرێژەی هەڵڕشتنی فرمێسکی درۆینە بۆ کارەساتی ئەنفال چەندین ڕێکخراوی فاشستی پێکهێنراوان، ڕێکخراوی وا کەهیچ تەبایەکیان لەگەڵ ئینسان و ئینسانیەتدا نییە، پڕاوپڕن لە قەمچێتی، ئەو قەومچیتی یەی ئەنفال تەنها یەکێک لە مەرگەساتەکانی دەستیەتی.
ئاخر ڕێکخراوێکی نامەدەنی و شارز لە دەمارگیری قەومی، چی فەرقە لەو دەمارگیرەییە قەومیەی بەعس، کەدڕندەیەکەی گەیاند بەکیمیاباران و ئەنفال و خاپورکردن.
بەکورتی ئەگەر مەرگەساتی ئەنفال، وەکو تراژیدیایەکی ئینسانی هاوچەرخ کەبەدەستی بەعسییە قەومچیەکان ئەنجامدرا، ئەوپەری دڵڕەقی قەومگەراکانی بەعس بووبێت، ئەوا کەس وکاری ئەنفالکراوەکان، تراژیدیای برسێتی و نەبوونی و بێکاری و بێخانەولانەیی و ئاوڕنەدانەوە لێیان ئەنفالیکی ترە پەیتا پەیتا قوربانیانی دەبینرێن.
لەهەموو ئەمانە واوەتر، خەڵکی کوردستانی ئەنفالکراو غازبارانکراوی دەستی بەعس، تائێستا لەبەردەم هەڕەشەدان، هەڕەشەی لکاندنەوەی کوردستان بە حکومەتی مەرکەزیەوە کەتائێستا لەلایەن بزوتنەوەی دەسەڵاتبەدەستی کوردستانەوە هەوڵی بۆئەدرێت، هەڕەشەیەکی ئەوەندە گەورەیە، کە سەرئەنجام چەندین مەرگەساتی تری لەهەگبەکەی خۆیدا هەڵگرتووە.
ئەگەر پێکهێنانەوەی دەوڵەت لەعێراقدا بەم فۆرمە قەومی ودینی و تایفییەوە شانسی سەرپێکەوتنی پێببڕێت، گومان لەوەدانییە ئەم دەوڵەتە بەپێی ماهیەتەکەی ناتوانێ هەڵگری سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق نەبێت، دەوڵەتێکی عروبی چۆن ئەتوانێت مافی خەڵکی کوردستان و خەلکی تر بە ئیرادەی خۆی بەڕەسمی بناسێت، دەوڵەتێکی دینی و تایفی چۆن ئەتوانێت ئازادی دینداری بۆ خەڵکی تر قبول بکات. ئەمە وەهمە، وەهمی پەخشکراوی نەزمی ناو نەزمی نوێی دنیا.
خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەموو ئەو ئینسانانەی چەندین دەهەیە زەرەرو زیانی گیانی و روحی مادییان داوە بەتایبەتی، پێویستە بە چاوێکی کراوەوە بڕواننە ڕەوەندی ڕووداوەکان، هەرچی زووە ئاسۆی ڕزگاری خۆیان لە ئاسۆی بزوتنەوەی قەومی کورد بە ئەحزابی دەسەلابەدەست و بێدەسەلاتیەوە، بە حزب و ڕێکخراوە بەناو ئینسانیەکانیەوە، جیابکەنەوە و پەرچەمی سەربەخۆی کوردستان و پێکهێنانی ووڵاتێکی سەربەخۆی غەیرە قەومی و عەلمانی بەرزبکەنەوە. پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئاوا زامنی ساڕێژکردنی برینەکانی ئەنفالی دوێنی و ئێستایە.