![]() |
| چەند پرسیار لە بەڕێزان......... |
||
لەگەڵ نزیک بونەوەی وادەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، زوربەی لیست و قەوارە سیاسیەکان بە شێوەی جۆراوجۆر دەستیان کردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن. جگە لە لیست و قەوارە سیاسیەکان هاوکات زۆرێک لە نوسەران و قەڵەم بەدەستان کەوتونەتە بانگەشەی هەڵبژاردن و خەریکن بانگەشە بۆ لیست و قەوارەی دڵخوازی خۆیان دەکەن. لەونێوەدا ژمارەیەک لە نوسەرو قەڵەم بەدەستی دیار بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کەوتونەتە بانگەشە بۆ هەندێک لیستی دیارکراو. دیارە هەرکەس ئازادە لەوەی بانگەشە بۆ چ لیستێک دەکات، یان هەوڵبدات خەلکی بۆ کۆبکاتەوە. بەلام خەڵکیش حەقی هەیە پرسیار بکات و پرسیار بخاتە سەر بانگەشەکان، بەتایبەتیش وەختێک بە ناحەق لەبەرچاوی خەڵک فریشە دەکرێت بە دێوەزمەو و بەپێچەوانەشەوە دیوەزمە دەکرێت بە فریشتە، کۆمەڵێک پرسیار دەوروژین. ئەو بەرێزانە کە من مەبەستمە چەند پرسیاریان ئاراستە بکەم ئەو نوسەرانەن کە بە شێوەی جۆاروجۆر بانگەشە بۆ لیستی گۆران دەکەن. من تەنها پرسیار دەکەم و وەڵامەکان دەسپێرم بەو بەڕێزانە خۆیان. هەروەها ئەوان ئازادن وەڵام ئەدەنەوە یان نا، چونکە لاموایە سەرئەنجام خەڵکی ئازادیخواز و چاودێرانی سیاسی ڕوداوەکان داوەری خۆیان دەکەن. چاکسازی و گۆڕان خواستی گۆڕان و چاکسازی خواستێکە دەمێکە خەڵک بۆی لە مەیداندایە. داوایەک نییە ئەم ساڵانەی دوایی هێنرابێتە گۆر. خواستی گۆڕان و لەوانەش گۆڕانی ڕیشەیی لەدڵی خرۆشانی جەماوەری ساڵی 1991 دا خۆی نیشاندا. دەرکەوتنی بزوتنەوەی شورایی و پێکهاتنی شوراکان و شکاندنی ئیحتیکاری ساحەی سیاسی کوردستان لە لایەن چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە کە تا ئەوکاتە ئیحتیکاری بزوتنەوەی قەومی کورد بوو، یەکەمین و سەرەتای ئەو گۆڕانە سەردەمی و شاریە بوو کە خەڵکی کوردستان وەکو ئاو بۆ ژیان پێویستیان پێی بوو. بۆیەکەمین جار خواستی یەکسانی ژن و پیاو، ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی، جیای دین لە دەوڵەت، مافە فەردی ومەدەنیەکان و ئازادی و ئازادی تاکە کەس، ئازادی رۆژنامەگەری و چاپەمەنی، سەعات کار، کرێ و خواستی کرێکاری، خواستی سەربەخۆی کوردستان و ئیدەی ریفراندۆم بۆ خستنە گەری ئیرادەی خەڵکی کوردستان، دادگای ئاشکراو عادلانەی جەماوەری، هەڵبژاردن لە خوارەوەو گیرانەوەی ئیرادە بۆ خەڵک، قەدەغەکردنی سزای ئیعدام.... ئەمانە هەموویان لەدڵی بزوتنەوەی شورایی خەڵکی کوردستاندا هێنرانە ئاراوە و خەڵکی کوردستان بەکردەوە پێیان ئاشنا بوو. پاشان هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی و شوراکان بە دەستی دەرەکی تاوانبار کران، تۆمەتی تابوری پێنجەمیان درایە پاڵ، هێرشیان کرایە سەر، هەوڵدرا بارەگای شوراکان دابخەن، بەرگیرا لە مدیرە بەعسیەکانی کارگەکان و پارێزران... پرسیار ئەوەیە، ئەوکاتە برادەرانی خواستی گۆڕان و لیستی گۆرانی ئێستا هەڵوێست و کارنامەیان چی بوو؟ لەو کاتە بەدواشەوە دەیان و سەدان ناڕەزایەتی بۆ گۆڕان و چاکسازی وەڕێخراوە، میدیای ئازاد و نیمچە ئازاد و میدیای بەرەی ڕادیکاڵی کۆمەڵگا، نەخشی گرنگیان نیشانداوە، خەڵک و لە پێشیانەوە رابەرانی بزوتنەوە ناڕەزایەتی و گۆڕانەکان خراونەتە زیندانەوە، تەقەیان لێکراوە، لێیان کوژراوە، قاچیان بڕاوەتەوە، دادگایان لێگیراوە، تۆمەتبار کراون بە دەستی دەرەکی و دوژمنی ئەزمونی کوردستان!!. برادەرانی گردەکە ئەو کاتە لەکوێی ئەم ناڕەزایەتیانەدا بوون؟ لەبەرامبەر ئەولایەن و حزب و کەسایەتی و میدیایانەی خواستی چاکسازیان بەڕوی دەسەڵاتدا دەهێنایە مەیدان ئەم برادەرانەی ناو دەسەڵات وەڵامیان چی بووە؟ خواستی گۆڕینی یاساکانی بەعس لەوانە " یاساکانی باری کەسێتی، یاساکانی سزادان، یاسای چاپەمەنی و ئەحزب و کوروکۆمەڵەکان..تا هێنانە مەیدانی دەیان و سەدان داخوازی کریکاری و جەماوەری، خواستی تویژە مەحرومەکان، خواستی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان" کرێکاران، لاوان و خویندکاران، ژنان و بیخانەولانەکان...." تا دەگات بەخواستی دادگاییکردنی تاوانبارنی بەعس، تاوانبارانی ژن کوژ،.. خواستی دەستهەڵگرتن لە پشتیوانیکردن لە کۆنەپەرستی و ئیسلامی سیاسی... بەمەبەستی گۆڕان خراونەتە بەردەم دەسەڵات، برادەرانی لیستی گۆران جوابیان بۆیان چی بووە؟ ژنان و کێشەی ژنان بەدوای خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستان و نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان، شەپۆلێکی ژنکوژی لە ژێرناوی ئەخلاق و پەیوندی ئەو ژنانە بەدامودەزگا جاسوسیەکانی دەسەڵاتی بەعسەوە، دەستیپێکرا. هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی و چەپەکان کە کەوتنە وەستانەوە بەرووی ئەم ژن کوژیەدا تاوانبارکران بە بەرگریکردن لە بەرەڵایی و بیئەخلاقی...تاد وسەرئەنجام لەماوەیەکی کەمدا بەدەیان ژن قەسابی کران. پرسیار ئەوەیە، کاراکتەرە سەرەکیەکانی ئێستای لیستی گۆڕان لەو بارەیەوە لە کوێی ئەم ژن کوژیەدا بوون و هەڵوێستیان چی بوو؟ وە دوای زیاتر لە دەیەیەک لەم ڕووداوانە لە دیمانەیەکدا کە سالار حەمە عەلی لەلایەن دەزگای دیالۆگەوە لەگەڵ کاراکتەری سەرەکی لیستی گۆران سازیداوە لە پەیوەند بە کێشەی ژنانەوە لە کۆمەڵگای کوردستاندا، لەوەڵام بەپرسیارێکدا دەڵێت" کێشەیەک نییە بەناوی کێشەی ژنان لەکوردستان" هەروەها لەوەڵامی پرسیارێکی تردا دەڵێت" لێدانء سوکایەتیء هەڕەشە ءتیرۆری دژ بە ژنان بە کێشە نازانم " دیسان پرسیار ئەوەیە، یەکێک لە کەسایەتیە پلە یەکەکانی لیستی گۆران و بانگەشە چاکسازی ئاوا بڕوانێتە کێشەی ژنان، ئێوە چۆن تەماشای ئەم هەڵوێست و بۆچون و بانگەشانە ئەکەن کە بۆ چاکسازی و گۆڕان دەیکەن؟ وە ئێوە لەوبارەیەوە دەڵێن چی؟ ئۆپۆزیسۆن و بیرورای جیاواز بونی جیاوازی بیروڕا لەناو هەر حزبێکی سیاسیدا، نیشانەی زیندوییەتی ئەو حزبەیە، نەبونی مایەی تیرامان و هەڵوێستەو دیاردەیەکی حزبە داخراو سەرکوتکەرەکانە. لە کۆمەڵگاشدا بوونی ئۆپۆزیسۆنی جدی دیاردەیەکی تەندروستی سیستەمی دیموکراسیە و نەبونی ئۆپۆزیسۆنیش پرسیار دەخاتە بەردەم ئەم دەسەڵات و کۆمەڵگایە. پرسیار ئەوەیە لەناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا کاراکتەرە ناسراو سەرەکیەکانی لیستی گۆران لەکوێی ڕێزگرتن لە ئازادی بیرورای نێوحزبیدا بوون؟ و چۆن مامەڵەی مخالفینی سیاسی خۆیانیان کردووە؟ لە کۆمەڵگاشدا چۆن مامەڵەی حزبی ئۆپۆزیسۆن یان مخالیف بە خۆیانیان کردووە؟ ئەگەر ئێستا نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانی لە یەکێتیدا بریار بەدەست بووبان، چۆن مامەڵەی ئەو کادرانەی یەکێتییان دەکرد کەلەناو یەکیتیدا دژی یەکێتی دەوەستانەوە وسەنگەریان لە ناوپەیکەرەی حزبدا لە حزب دەگرت ؟ هەروەها وەختێک یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دەستی برد بۆ هێرش بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، بە دادگا و پاشان بەهەڕەشەو دوایش بەبڕینی ئاو و کارەبا و ئابلۆقەدانی بارەگاکان و گرتنی کادرو ئەندامان و دەستبەسەرکردنی وەفدی مفاوەزات و پاشانیش هێرشی چەکداری بۆسەر بارەگاکانیان و سەرئەنجام بە ڕۆژی روناک کوشتارکردنی ژمارەیەک هاوریی لیان و ریگەگرتن لەوەش کەس و کاریان بیان نێژن و مەراسمی پرسەیان بۆدابنین. پاشانیش بە قەدەغەکردنی هەڵسورانی یاسایی ئەوحزبەیان گەیاند. کارەکتەرە سەرەکیەکانی لیستی گۆران هەڵوێستیان چی بوو؟ وەلەکوێی ئەم ڕووداوەدا بوون و نەخشیان چی بوو؟ جیابونەوەی کوردستان و ریفراندۆم ئایندەی کوردستان تیگەیشتن لەوە کە تا کوردستان قەوارەی دەوڵەتی پێنەدرێت، تا نەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆی بەڕەسمی ناسراو، دەسەڵاتی میلیشیایی حزبی کۆتایی پێنایەت. وە هیچ هێزێکی سیاسی لەکوردستان ناتوانی دەسەڵات لە دەستی خۆیدا کۆبکاتەوە و کۆتایی بهێنی بە دووئیدراەیی و دوو ناوچەی قەڵەمرەوی دەسەڵات. نە یەکێتی نیشتمانی دەتوانێ ببێتە هیزی باڵادەست لە بادینان و نە پارتی لەسلێمانی دەتوانێ ئەم دەسەڵاتەی هەبێت و نەهەلبژاردن و حکومەت و پەرلەمانیش دەتوانێ کۆتایی بە دووئیدارەیی بهێنێت. هاوکات هیچ ئاسۆیەکیش بۆ بەیەکەوە ژیانی ئارەزومەندانە لەژیر سایەی عیراق و هیزەکانی ئێستایدا بەدی ناکرێت. هیچ هێزێکیش ناتوانی کوردستان بەزۆر بە عێراقەوە بلکێنێتەوە. تائێستاش هەڕەشە لەسەر کوردستان هەیە زیاتریش دەبێت، لەوەها هەلومەرجێکدا خواستی سەربەخۆی کوردستان و ریفۆراندۆم مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە بۆ بریاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆیان. لە هەڵبژاردنەکانی 2005 دا بینیمان کە %86 خەڵک لە راپرسیەکی ناڕەسمیدا دەنگیان بە سەربەخۆیدا. کاراکتەرە سەرەکیەکانی ئێستای لیستی گۆران، هەڵوێستیان لەوبارەیەوە چۆن بوو؟ چۆن مامەڵەی ئیرادەی خەڵکیان کرد؟ لەبەرامبەر بە دەستێوەردانی هەمەلایەنەی وڵاتانی دژە ئازادی ناوچەکەو پێشێلکردنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و هێرش بۆسەر ئۆپۆزیسۆنی ئەم وڵاتانەدا، کەسایەتیە بریار بەدەستەکانی ئەوکات و ئێستای کۆمپانیای وشە، کاردانەوەیان چی بووە؟ وە بەرنامەی جیاوازیان بۆ ئاینندەی سیاسی کوردستان کامەیە؟ گەندەڵی گەندەڵی یان بە واتایەکی دروستر تاڵانی داهاتی کۆمەڵگا، تیرۆری سامانی خەڵک...تاد، مێژووەکەی بەئەندازەی دەسەلاتی میلیشایی ئەحزابی قەومی کوردە. بە ئاودیوکردنی ممتەلەکەتەکانی دوای ڕاپەرین و بەدیاریکراویش بە ئاودیوکردنی ممتەلەکاتی بەنداوی بێخمە دەستی پێکردو تا کوردستان خاڵی کرا لە زۆر وەسائیل و مەکائین و ... کە بەعس دوای خۆی جێی هێشتبوو. پاشانیش هەردوو حزب یەکێتی و پارتی و هەریەکەیان داهاتی ژێر دەسەلاتی خۆیان و ئەو بڕە پارەیەی لە بریاری 986 و باقی ئەو داهات و برەپارانەی تر بۆکوردستان نێردراوە لە نێوان خۆیاندا برا بەشیان کردووە، هەروەها هەموو پرۆژە ئابوری و بازرگانیەکان و هەموو کۆمپانیا گەورەو ... لەدەستی خۆیان یان دۆستانی خۆیاندا مۆنۆپۆل کردووە. وە هەرلایەکیان کۆمپانیای ئاشکرایان هەیەو هەبووە. ئەمانە هیچیان تازە نین، لەهەموو ئەو ماوە زەمەنیەدا، هەڤاڵانی ئێستای ناو لیستی گۆران و بەرپرسەکانیان کاردانەوەو هەڵوێستیان چیی بووە؟ 5-6-2009 |
||