دیمانەی ماڵپەری ڕوناکی لەگەڵ عەبدوڵا مەحمود

عەبدوڵا مەحمود: پاکانەکردن بۆ کتێب سوتاندن بەشداریکردنە لە سازکردنی ئەو ژینگەیەدا کەکتێب تیای ئەسوتێنرێت

 

ماڵه‌وه

 


ڕوناکی: بۆچى لە کوردستان سەرەراى کردنەوەى دەیەها پێشەنگاى کتێب کەچى تا ئێستا گرینگى ئەوتۆ بە خوێندنەوە نادرێت ؟
عەبدولا مەحمود: کردنەوەی پێشەنگای کتێب، زۆربوونی کتێبخانەکان و پڕبونیان لەکتێب، بوونی دەیان دەزگای چاپەمەنی و سەنتەری هەمەڕەنگی بەرهەمهێنانی کتێب... ئەمانە هەموویان دیاردەیەکی باشن، بەڵام لەوە گرنگتر بوونی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ بەکارهێنان و خوێندنەوەی کتێب. کتێب چەند زۆر بێت، ئەگەر خوێنەری نەبێت کاریگەری وەکو پێویست نابێت. کتێب چەند زۆر بێت کە نەخوێندرایەوە و خوێنەری نەبوو نەنوسراوە، بەرهەم نەهاتووە، لەدایک نەبووە.
هۆکاری نەخوێندنەوەی کتێب لە کوردستان گرفتێکی واقعییە، کەم کتیب هەیە لە کوردستان تیراژەکەی لە سێ بۆ چوار هەزار نسخە تێپەڕێت، ئەوە ئەگەر ئەمەش شانسی خوێندنەوەی هەبێت و لە کتێبخانەکاندا نەمێنیتەوە. گرفتی نەخوێندنەوەی کتێب لە کوردستان بەجیا لە گرانی کتێب و ئاستی لەخواری بژێوی خەڵک، لەبنەڕەتدا گرفتێکی پەروەردەیی و تەنانەت کەلتوریشە.
کاتێک سیستەمی سیاسی، سیستەمی پەروەردەو فێرکردنێکی تەندروستی نەبوو، یەکێک لە قوربانیانی ئەم دۆخە ئەبێتە پشتکردنە کتێب و خوێندنەوەی.
ئەگەر هەر شارێکی ئەوروپی بە نمونە وەربگرین، کە سیستەمی کراوەو مەدەنییە، پەروەردەو فێرکردن مەدەنیییە، دەروازەی نوسین و توێژینەوە لە هەموو زەمینەکانی نوسیندا ئازادە، کتێب خوێندنەوەو خۆشەویستی بۆ کتێب دیاردەیەکی جوان و خۆشناوە. ئەم دیاردە خۆشناوو جوانەش بۆتە کەلتورێک کەهەر بێنەرو چاودێرێک بۆ یەکجاریش سەیری باخچەی ساوایان بکات، سەیری قوتابخانەکان بکات، تەنانەت سەیری خەستەخانەکانیش بکات، کتیبخانە ئەبینێت. ئەوە جگە لەوەی لەهەموو گەرەکێکێدا لانی کەم کتێبخانەیەکی گشتی هەیە. بۆیە خۆشەویستی بۆ کتێب و کتێب خوێندنەوە بۆتە فەرهەنگێک کە خەڵک هەر بوارێکیان هەبێت کتێب ئەخوێنەوە، زێدەڕۆی نییە بڵێین لەناو هەر قیتارێکدا لەچواربەشی خەڵک سێ بەشی زیاتری خەڵک خەریکی کتێب خوێندنەوەن.
ئەم فەرهەنگە لەیەکەمین چاوکردنەوەی مناڵەوە دەست پێدەکات و هەڵدەکشی بەرەو سەر. لە سیستەمی دواکەوتوو داخراودا، لەژێر دەسەلاتی سیستەمی سیاسی نامەدەنیدا، لە کۆمەڵگایەکدا پەروەردەو فێرکردن سیخناخە بە دەمارگیری قەومی و دینی و دەمارگرژی ئایدۆلۆژی. سیخناخە بە ژێر پێخستنی مافی هاولاتی بوون و مافە فەردی و مەدەنیەکان و بەربەست دروستکردن بۆ ئازادی رادەربرین و بەیان و چاپەمەنی و توێژینەوە و رەخنەگرتن لە هەموو کەلتورو ئایدلۆژیا و ئەخلاقیات و .....تاد، کتێب و فەرهەنگی خوێندنەوە قوربانین. هەم کتیب بەگشتی کەمەو هەم نوسەرو روناکبیر پەلبەستن و هەمیش خوێنەر کەمە. کۆمەڵگای ئێمە قوربانی نەبوونی هەموو ئەمانەو قوربانی نەبوونی ژینگەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنە بۆیە خوێنەر کەمە، تیراژی کتێب کەمە. ڕێز لە خوێنەرو نووسەر گرتنیش بێگومان لە خوارە.
ڕوناکی: هەڵوێستى تاکە شەخسى رۆشەنبیرانمان ئایە هۆکارێکە بۆ رەفز کردنى تەواوى نوسینەکانیان ئایە هۆکارێکە بۆ ئەوەى کتێبەکانیان بسوتێنرێت؟
عەبدولا مەحمود: هیچ شتێک لەوە سادەتر نییە ئینسان لەو ڕاستیە سادەیە تێبگات کە نووسەرو رۆشنبیریش وەکو هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، و لەوەش سادەتر ئەوەیە کە هەر نووسەرو رۆشنبیرێک خاوەن هەڵوێستێکی دیاریکراوەو سەر بەبزوتنەوەو ڕەهەندیکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتیشە. ئەمەش مافی بێئەملاولای هەر نووسەرێکە، چ دیدیگایەک هەڵدەبژێرێت، یان چ هەلوێستێکی هەیە لەپەیوەند بە دیاردەو ڕووداوەکانەوە. هیچ نووسەرو رۆشنبیرێک نییە هەڵگری ئایدۆلۆژیایەک نەبێت، یان سەر بەبزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی نەبێت. هەر نووسەرو رۆناکبیرێک حاشا لەمە بکات، لەگەڵ خۆی و خوێنەرەکانی و کۆمەڵگاش درۆیەکی ئاشکرا دەکات. زۆر ئاساییە زوربەی نووسەران و رۆشنبیران سەر بەهیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نەبن، بەڵام یەک نووسەرو روناکبیرو تاکێکی کۆمەڵگا نییە، بێپەیوەند بێت بە یەکێک لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانەوە. ئەمەش هەڵبژاردنێکی ئازادانەیە.
هەڵوێستی هەر نووسەرو ڕۆشنبیریکیش لەکۆمەڵگای شارستانیدا، لەپەیوەند بەهەر مەسەلەو دیاردەو ڕووداوێکەوە، ئازادە. هەر وەکو چۆن هەڵسورانی هەر ڕەوت و هێزگەلێکی سیاسی ئازادە تائەو جێگایەی ئازار بەکەس ناگەیەنێت. کەس بریندار ناکات و حورمەت و شەخسیەتی کەس ناڕۆشێنێت. بۆ رۆشنبیرێکیش ئەمە هەروایە. بێگومان من یان ئێوە بۆچوونی دەیان و سەدان نووسەرامان پێ دروست نییە، یان لامان وایە هەڵوێست و بۆچونەکانیان هەڵەیە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کەس دەست بۆ سوکایەتیکردن یان تیرۆری کەسایەتی ببرێت و کەسایەتی هیچ کامیان لەکەدار بکرێت. وەئەگەر بڕیار بێت هەر نووسەرو رۆشنبیرێک لەسەر هەڵوێستیکی کە کۆمەڵێک خەڵک لەگەڵیدا نین، بکەوێتە بەردەم هەڕەشەو سوکایەتی پێکردن، بێگومان یەک تاکە نووسەرو رۆشنبیری پێ لەزەوی نامێنی دەربازی ببێت لەدەست سوکایەتی و بێڕێزی پێکردن. مادام کۆمەڵگا شوێنی ململانێی بزوتنەوەکانە، ئاواش شوێنی بەیەک کەوتنی بۆچون و ڕوانینەکانە. هەموو نووسەرو رۆشنبیریک هەڵگری هەر بیروباوەرو ئایدۆلۆژیاو روانینێک بێت، پێشکەوتخواز یان کۆنەپارێز، ئیسلام یان بێدین، حزبی یان سەربەخۆ، جەریئ یان ترسنۆک، .... بیت، ئازادە لە بەیان کردنی هەلوێست و بۆچونی خۆی، تائەو کاتەی ئازار بەکەس ناگەیەنێت و بەشێک نییە لە ژینگەسازکردن بۆ توندوتیژی و سوکایەتی پێکردن بەکەس.
بەو پێشەکیەوە دەمەوێ بڵێم هەڵوێستی کەسێتی هەرنووسەرێک پەیوەندی بە نووسەرەکەوە خۆی هەیە، خەڵک ئازادە کتێب و نوسینی کێ ئەخوێنێتەوە یان ناخوێنێتەوە، هی کێ ڕەفز ئەکات یانی هی کێ وەکو قوعان! ئەخاتە سەر مێز. خوێندنەوەی کتێب لای خەڵک و روناکبیرانیش پەیوەندی بەوەوە نییە ئەو نووسەرە چی کردووە یان مێژووی چۆن بۆوە. ئێستاش بەسەدان هەزار کەس بەدوای کتێب و نوسەری وادا دەگەڕێن کەبەشێک بوون لە دەسەلاتی هیتلەری فاشی. یان بەدوای کتێبەکانی ستالین، کتێب و بوچونەکانی مۆسۆلۆنی، کتێبەکانی مشیل عەفلەق و سەدام حسێن، دیمانەکان و نوسینەکانی شای ئیران....دەگەڕێن خۆ ئەمانە هەموویان دیکتاتۆر و سەرکوتکەر بوون و بە کلوکلور ئینسانیان سەرکوت کردووە، زیندانی کردووە، کوشتوەو سوتاندوە. بەڵام کتێبەکانیان ماوەو خەڵکیش ئەیخوێنێتەوە.
بۆیە هیچ پاساوێک نییە بۆ سوتاندنی کتێب، ئەگەر پاساوێک ببوایە بۆ سوتاندنی کتێب یافڕێدانی، کتێب نەئەما. کتیبخانەکان و کۆمەڵگا خاڵی ئەبوون لە کتیب. ببینن کە تا ئێستا دیکتاتۆرو موچەخۆرەکانیان و کتێبەکانیان، بیرەوەریەکانیان، شەڕە براوەو دۆراوەکانیان، لە کتیبخانەکانی دنیاو کوردستانیش دەست دەکەون.
پاکانەکردن بۆ کتێب سوتاندن بەشداریکردنە لە سازکردنی ئەو ژینگەیەدا کەکتێب تیای ئەسوتێنرێت. بۆیە جگە لە چەند نووسەرێکی کەم کە ژمارەیان ناگاتە پەنجەکانی دەست، لەواقیعدا هیچ حاڵی نەبوون لەدنیاو کتێب و مەعریفە بۆیە خەریکن لەژێر بیانوی پوچدا پاساو بۆ سوتاندنی کتێب ئەهێنەوە. هەندێکییان دەڵێن ئەمە تۆڵەیە!!، هەندێک دەڵێن قسەو کردەوەی پێچەوانەیە بۆیە ئەم کارە کراوە، ئەم دوو پاساوە هێندە دواکەوتوو پوچن لام وانییە خۆشیان ڕازی بکات، ئاخر تۆڵە چییە؟ جگە لە چەمکێکی کۆمەڵگای خێلەکی و دەرەبەگایەتیی، کەخەرمان سوتاندن و کلکی کەر بڕین....تاد نمونەکانی بوون. یان ئەگەر بریار بێت قسەو کرداری هەموو نووسەران وەکو یەک بن و ئەگەر ئەمە وانەبوو کتێبیان بسوتێنرێت یان بکەونە بەر هەرجۆرە هێرشبَک، دەبێ کۆمەڵگا سیخناخ بێت لە هێرش و هەڵوێست وەرگرتن و گلکۆی سوتماک لەکتێب ....تاد. هەڵگرانی ئەم بۆچوونە خیڵەکی و کاڵفامانە پێویستیان بە فۆرماتی دەزگای فکری و بیرکردنەوەیان هەیە تا هۆشیان بێتەوە بەر، کەفەرهەنگی خێڵ و دەرەبەگایەتی، سەر بە گوزەشتەیەکە کە ناگەرێتەوە. دیارە زۆرێک لەو پاساو پاکانە پوچانە لە ڕوانگەی لەدەستدانی بیلایەنیانەوەیە بۆیە بەدوای حیلەدا ئەگەڕێن و ئەهێنەوە. ئەگینا بۆ ڕاست و ڕەوان و بی َئەممام ئەگەر ڕەخنە لەم کەلتورو رەفتارە ناگرن.
من گومانم نییە، ئەوانەی هەڵساون بە سوتاندنی کتێب هیچ تاوانێکیان نییە و هەڵبژاردنێک نییە خۆیان دەستیان بۆبردبێت، بەڵکە تەنهاو تەنها قوربانین، قوربانی ئەو کەلتورەی هەندێک نووسەر پاکانە بۆ سوتاندنی کتێب دەکەن.
روناکی: تا چەند ئێمە وەک گەلى کورد لە رێگاى وەرگێرانەوە سودمان لە بەرهەمى نووسەرە بیانیەکان وەرگرتووە؟
عەبدولا مەحمود: بەڵی وەرگێران نەخشی واقعی بووە لەسەر خوێنەرو نووسەری ئیمەو دنیای بیرکردنەوەو فراونترکردنی دنیابینی کۆمەلگا. ئەوە کە وەکو پێویست نییە ڕاستە، بەلام وەرگێڕانی کتێب و نووسینەکانی نووسەرانی بیانی تاڕادەیەکی بەرچاو، نەخشی بەرجەستەی بووە بۆ ئاشنابوونی نووسەران و کۆمەڵگا، بە دنیای دەرەوەی خۆی، لە مێژووەو بیگرە بۆ سیاسەت، لە ئەدەبەوە بۆ شیعر، لە کۆمەڵناسیەوە بۆ فەلسەفە، لە ئابوریەوە بۆ جیۆلۆجی و شوێنەوارناسی ..... هەر چەند کەمیش بووە بەڵام ئەگەر وەرگێران نەبوایە ئەم ئاشنایەتی و زانیاریانە سەبارەت بەهەموو ئەمانە لە دنیای ناو کتیبخانەی کوردی و نووسەرو روناکبیرانی کوردستاندا، پێک نەدەهات. دیارە ئەم شەپۆلی وەڕگێرانە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایدا باش هەڵکشاوە، و بەڕاستی نەخشی باشی گێراوە لە ئاشناکردنی خوێنەر بە دنیاو ڕووداوەکانی، بە بەرەوپێشچون و گرفت و پێشکەوتنە زانستی و کۆمەڵایەتیەکانی. بەپێشکەوتنی ئەدەب و دنیای روناکبیری، بە نووسەرە ناودارەکان و شوێن پەنجەیان ...تاد. دیارە کەم وکوڕیش لەو بوارەدا هەیە وەکو نەبونی دەزگایەکی بێلایەنی سەراسەریء چاودێر بەسەر وەرگێڕانەکاندا. یان بەحزبیکردنی دەزگاکانی وەرگێران و فڕکان فڕکانی دەزگا حزبییەکان لە زمینەی چاپەمەنی و وەڕگیڕاندا، ئەمانە هەموویان زۆر کتێب و وەڕگێِڕانی خراپیشی خستۆتەوە، بەڵام بەهەموو ئەمانەشەوە وەرگێڕان نەخشی بەرجەستەی بووە، بەتایبەت کە شارەزایی زمانی لەکوردستاندا بەپێی چەندین واقعیەت، کەم و لاوازە.
ڕوناکی: لە رووى چۆنیەتى موسافاتى بەرگ ولاپەرو دیزاین و وێنەکان ئایە دەتوانین بَلێن گەلى کورد لە بەرهەم هێنان وچاپ کردنى کتێب قۆناغێکى پێشکەوتووى بریوە؟
عەبدولا مەحمود: من لام وایە لەوبارەیەوە لاوازیەکی بەچاو هەیە، کەم کتێب و گۆڤار و تەنانەت ڕۆژنامە هەن کە دیزانەکەیان، سەرنج راکێش بێت. ئێستا شەپۆلێکی فراوان لە کتێب و رۆژنانەو هەفتەنامە هەیە، گۆقار هەمەرەنگی ئەدەبی و فکری و زانستیش هەن. بەلام بەشێویەکی بەرچاو لە دیزاینی بەرگەوە بۆ مۆنتاژی ناوەوە، تا ئەو کاغەزەی چاپی لەسەر دەکرێت، لە باری چۆنیەتییەوە باش نین. دیارە ئێستا چاپخانە زۆر زیادی کردووە، و دەزگای پێشکەوتووش لە چاپخانەکاندا هەن، کە بەداخەوە وەکو پێویست نین. بەلام هەوڵ هەیە یان باشتر بڵێم شێوەیەک لە لاسایی کردنەوەی هەیە کە خەریکن فۆرمی ڕۆژنامەو و گۆڤارەکانی ئەوروپا دەگوازنەوە بۆ ناو پانتایی رۆژنامەگەری و چاپەمەنی لە کوردستان بەتایبەت لە باری دیزاین و شیوازی مۆنتاژو هەمەرەنگکردنی بابەتەکانیان. بەلام دیسان گرفتی کاغەزی باش وبەکارهینانی هونەری دیزاینی نوی لە ئاستێکی خراپدایە.
روناکی: نوسەران رۆشەنبیران چ دەستکەوتێکیان دەبێت کاتێک بابەتەکانیان لەسەر بودجەى خۆیان چاپ دەکەن پێت وایە حکومەت رۆڵى دەبێت چى بێت لەم نێوەندە ؟
عەبدولا مەحمود: کەم رۆشنبیر و نووسەر هەیە، لەسەر ئەرکی خۆی کتێب چاپ بکات، یان ڕۆژنامەو گۆڤار دەرکات، یان بابەتەکانی خۆی چاپ بکات و زەرەرمەندی مادی نەبێت.
خودی نوسین کارێکی گەورەیە، لەکاتێکدا ئەمە لەزوربەی کۆمەڵگاکانی ئەم سەردەمەدا بەکار حساب ناکرێت، کەس لەپای ئەوەی وەختی خۆی تەرخان دەکات و شەو و ڕۆژ دەخاتە سەریەک، پارەی پێنادرێت. ئەمە زۆرتر وەکو کاری خۆبەخشانەی نووسەری لێهاتووە. بۆیە ئەگەر تەنانەت نوسەرانێکیش شانسی ئەوەیان هەبێت بڕی تێچووی ئەو کتێبەیان دەست بکەوێت، هەر زەرەمەندن بە پێوانەی ئەو هەموو هیلاک بوون و ماندوبوونەی تیایدا سەرفیان کردووە. ئێوە بیهێنە پێش چاو ئەگەر کەسێک سەعاتێک هێزی کارەکەی بفرۆشێت لەپای ئەم چەند سەعات کارەی ئەیکات، لانی کەم بەشێکی کەم لە پارەکەی وەکو حەق دەست و ماندووبوون پێدەدەن، بەلام ئەمە بۆ نووسەران و ڕۆژنامەنووسەکان وانییە. دەگمەنن ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لەپای کاری رۆژنامەنوسیەکەیان پارەیان پێبدرێت. دیارە من مەبەستم نووسەرانی حزب نییە کە موچەی مانگانەی خۆیان هەیە، بەڵکە من باسی رۆژنامەنوسان و نووسەرانێک ئەکەم کە لەدەورەی تەلاری حزبدا ئەنووسن و کاری رۆژنامەگەری ئەکەن.
بێگومان ئەم حاڵەتە لە ئاوڕنەدانەوە لە نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، توانیایەکانیان و کاتیان بۆ پیشەکەی خۆیان لاواز و سنوردار ئەکات.
دیارە ئەمە لەدنیای دەرەوە وانییە، یەکێتی نووسەران یان رێکخراوەی تر هەن، کە جگە لە هەڵگرتنی بڕی مەساریفی تێچوو لە کتێب و ماندوبوونی نووسەران و ڕۆژنامەنوسان، هاوکات دەورەبەدەوەرە خەڵات ئەکرێن.
دیارە لەکوردستان حزبی دەسەڵات، چۆن هەموو بوارەکان و جومگەکانی ژیاری کۆمەڵگایان قۆرغ کردووە، ئاواش بواری چاپەمەنییان قۆرغ کردووە. بەو پێیە ئیمتیاز بۆ نووسەران و ڕۆژنامەنوسانی حزب، چاپخانە بۆ چاپەمەنیەکان و رۆژنامەو گۆڤارەکانی حزب، موچەو خەڵات بۆ نووسەران و موچەخۆرانی حزبە.
بە کورتیەکەی لە کوردستان قورسایەکی زۆر لەسەر نووسەرانی سەربەخۆ و ئازاد هەیە. سەختیەکی زۆرە بۆیان کتێب چاپکردن و بڵاوکردنەوەی.
دیارە ئەرکی حکومەت! و دەزگا پەیوەندیدارەکان لەوانە وەزارەتی رۆشنبیری یە، کە ئەم حاڵەتە نەخوازراوە کۆتایی پێبهێنن، بەڵام ئەمە بەخۆشی خۆیان ناکەن، چونکە خۆشیان سەربەخۆ نین و تائێستا حزب ئاراستەیان دەکات. ئەوەندەی ئەم وەزارەتە خەریکی ریکلام و فبیستیفالی حزب و بۆنەی حزب و یادی رەمزەکانی حزبە، نیو ئەوەندە خەریکی دنیای چاپەمەنی و رۆشنبیری نییە. ئەو پارە خەیاڵیەی بۆ دەزگا چاپەمەنی و حزبیەکان، بۆ ئەم هەموو بۆنە و فیستیفاڵە حزبیانە سەرفی دەکەن ئەگەر بری 10% بۆ بواری رۆشنبیری گشتی و رۆشنبیرانی ئازادو پێشکەوتنخواز خەرج بکەن، ئەوکاتە دەتوانرێت دەریایەک لە توانای شاراوەی رۆشنبیران و چاپەمەنی بکەوێتە بەردەم کۆمەڵگا.

 

 
   

ماڵه‌وه