|
عبدالله مه‌حمود |
له ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌موزه‌و و به‌دیاریكراویش له 22 ته‌موزه‌وه تا ئێستا ته‌نگژه‌و ئاڵۆسكاوی نێوان به‌غداو هه‌ولێر درێژه‌ی هه‌یه. هۆكاری ئه‌م ته‌نگژانه‌ش، ئه‌گه‌ر زۆر نه‌گه‌رێنه‌وه دواوه ده‌توانین بێ دودڵی بڵێن. سازانی هێزه‌كان و بزوتنه‌وه سیاسیه‌كان بۆ پێكهێنانه‌وه‌ی عێراق، ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه، باڵانسی هێزه‌كان گۆڕاوه، بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی و ئیسلامی عێراقی له سه‌ره‌تای كه‌وتنی به‌عسه‌وه تا ئێستا، جێگا‌و ڕێگایه‌كی مناسبتری په‌یداكردۆته‌وه‌و به‌هێز بووه، بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی كورد‌و هێزه‌كانی به‌پێچه‌وانه‌وه كێرفی توانایی و جێگا‌و ڕێگایان له عێراق و ناوه‌ندی كێشمه‌كێشه‌كاندا به‌ره‌وخوار ده‌ڕوات.
بێگومان نائاكامی ئه‌مرێكا له عێراق، له‌به‌رامبه‌ر ته‌وژمی سیاسه‌ت و نه‌خشی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا، بوار په‌یداكردنی زیاتر بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌تانه تا له‌هه‌میشه زیاتر ئه‌سپی خۆیان له ساحه‌ی سیاسی عێراقدا تاوبده‌ن، توانا په‌یداكردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی میلیتانتی قه‌ومی عه‌ره‌بی سوننه له‌ناو كێشمه‌كێشی سیاسی عێراقدا كه به‌كه‌وتنی به‌عس كه‌مه‌ری شكێنرابوو، بوونه‌ته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئاراسته‌ی به‌هێزكردنه‌وه‌ی مه‌ركه‌زو هه‌نگاونان به‌ئاقاری خۆگرتنه‌وه‌و توانا په‌یداكردنه‌وه‌دا.
تێكچوونی هاوپه‌یمانیه‌ته‌كان له ئاكامی گۆڕانی هێزو بزوتنه‌وه سیاسیه‌كانی ناو ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تانه له عێراقدا بوونه‌ته مه‌بنای و دوباره چاوخشاندنه‌وه به هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كاندا. به‌وپێیه‌ش دوباره چاوخشاندنه‌وه به‌و كه‌یسانه‌ی پێشتر سازانیان له‌سه‌ر كرابوو، له‌وانه كێشه‌ی بودجه، داهاتی سامانه سروشتیه‌كان، پێشمه‌رگه، ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، فیدرالی، سنور، یاسای وه‌به‌رهێنان و .....تاد.
ئه‌وه‌ی كه ئێستا له ساحه‌ی سیاسی عێراقدا ڕووئه‌دات به‌رئه‌نجامی واقعی ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌یه.
دیاره له‌ناو ئه‌م كێشانه‌دا، كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هاتۆته‌وه گۆڕێ، كێشه‌یه‌ك كه مه‌بنای ڕێكه‌وتنی هه‌موو هێزه قه‌ومی-دینیه‌كانه"عه‌ره‌بی عیراقه به‌سونه‌و شیعی"وه، ئه‌ویش كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێمێكه كه كوردنشینه.
كێشه‌ی ناوچه‌جێناكۆكه‌كانی وه‌كو قه‌ره‌ته‌په‌و خانه‌قین و جه‌له‌ولاو دیاله ....تاد، كێشه‌ی كه‌ركوك، به‌شێكن له‌و كێشه‌یه. وه‌ڵامدانه‌وه‌ش پێیان گرێی خواردووه به چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌وه نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه.
كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه قه‌ومییه‌كانی عیراق، كێشه‌یه‌كی مێژوویی پر توندوتیژی بووه، مه‌بنای ئه‌م كێشه‌یه زوڵمی قه‌ومی بووه، له‌سه‌ر خه‌لكی كوردستان. بوونی ئه‌م كێشه‌و وه‌ڵام وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی كارسازو پێشكه‌وتنخوازانه، كه سته‌می میللی سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان كۆتایی پێبهێنی مافی هاوڵاتی بوونی یه‌كسان زه‌مانه‌ت بكات، سه‌رئه‌نجام بۆته هۆی مه‌یدانێكی گرنگ و سه‌ره‌كی ململانی حزب و هێزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی كورد و به‌یه‌كدادانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته قه‌ومیه‌كانی عێراق و بزوتنه‌وه‌كانیدا.
ئه‌مڕۆ ئه‌م كێشه‌یه، به خۆگرتنه‌وه‌یه‌كی نسبی هێزه قه‌ومی ودینیه‌كانی عه‌ره‌بی عێراق به‌هاوكاری و هاوپشتی وڵاتانی ناوچه‌كه له‌ژێرناوی سنوردانان بۆ قه‌ڵه‌مره‌وی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی كورددا، هاتۆته‌وه گۆڕێ. چه‌ند ناوچه‌و شوێن و مه‌سه‌له‌یه‌كیش وه‌كو ده‌روازه‌ی ئه‌م كێشه‌یه كراونه‌ته مه‌بنا.
كه‌م كه‌س و لایه‌ن هه‌ن، ئه‌م كێشه‌یه وه‌كو به‌شێك له كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و په‌یوه‌ندیدار به كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن، زۆرتر ئه‌م كێشانه وه‌كو كێشه‌ی سنور و چه‌ند شوێنێك ته‌ماشاده‌كه‌ن، نه‌ك وه‌كو كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ترو فراوانتر.
وه خه‌ریكن بۆوه‌ڵامی ئه‌م كێشانه له قه‌ره‌ته‌په‌و خانه‌قین و دیاله‌و جه‌له‌ولاوه ده‌ست پێده‌كه‌ن، نه‌ك له ئه‌سڵی كێشه‌كه‌وه. كه كێشه‌ی مێژووی خه‌ڵكی كوردستانه. و ئه‌م كێشانه‌ش ئه‌نجامی ئه‌ون.
كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، كێشه‌ی سنور نییه، هێنده‌ی كێشه‌ی به‌ڕه‌سمی ناسینی مافی هاوڵاتی بوونه. كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كێشه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌و خانه‌قین و نییه، هێنده‌ی كێشه‌ی خه‌ڵكێكه كه خوازیاری سه‌ربه‌خۆیین. كێشه‌ی نه‌وت و بودجه نییه، هێنده‌ی كێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی وبه‌ڕه‌سمی ناسینی ئیراده‌ی چه‌ندین ملیۆن ئینسانه. ئه‌وانه‌ی كه ئه‌م كێشه‌یان هێناوه‌ته خواره‌وه بۆ كێشه‌ی بودجه، پێشمه‌رگه، داهاتی سامانی سروشتی، فدراڵی، قه‌ره‌ته‌په‌و ...تاد، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه نییه. بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی كورد ئه‌و هێزو بزوتنه‌وه‌یه كه به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌یه‌وێت كێشه‌ی سه‌ره‌كی خه‌ڵكی كوردستان بكاته بارمته‌ی داخوازی و قازانجه‌كانی خۆی و ئه‌م كێشه سه‌ره‌كیه بهێنێته خواره‌وه بۆ كێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌و داهات و .... بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌شی خه‌ڵكی كوردستان به بارمته‌بگرێت و ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگی داهاتووی خۆیان بكات بۆ سه‌همی زیاتر له به‌شداربوونی له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و درێژه‌دان به‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی تاڵانیخوازانه‌ی له كوردستاندا.
ئه‌م سیاسه‌ت و تموحه‌ی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی كورد، هیچ ته‌بایه‌كی له‌گه‌ڵ داوا‌و خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیشی به‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بناغه‌یی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه نییه.
كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌یسێكی تایبه‌ت و به مێژوویكراوی واقعییه، به جیابونه‌وه‌وپێكهێنانی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ، یان به‌هاتنه سه‌ركاری حكومه‌تێكی سكولاری غه‌یره قه‌ومی له‌عێراقدا، وه‌ڵام وه‌رده‌گرێته‌وه.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا لای وابووه لای وایه ئه‌م هێزانه‌ی عێراق دیموكراتی و سكولارن، ئه‌وه خه‌ڵكی كوردستان نییه، ئه‌وه ئه‌و یه‌كێتی و پارتیه‌ن، كه چه‌ندین ساڵه ده‌هۆڵی عێراقی دیموكراسی و بانگه‌شه‌ی دڵسۆز بوونی ئه‌م هێزانه بۆ خه‌ڵكی كوردستان و مافه‌كانی ده‌كوتن. ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه تاسه‌رمۆخ كۆنه‌په‌رستانه ، مل بده‌ن به چه‌ند خواستێكی یه‌كێتی و پارتی له‌وانه‌ش بودجه‌ودرێژه‌دان به به‌شداری پێكردنی ده‌سه‌ڵاتیان له‌وناوچه‌و شوێنانه، ئه‌وا پێشوازی لێده‌كه‌ن و ئه‌مه به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن.
له كاتێكدا هێشتنه‌وه‌ی سه‌همی یه‌كێتی و پارتی له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و قبوڵكردنی شه‌راكه‌تیشیان له ناوچه‌و شوێنه‌كانی وه‌كو خانه‌قین و دیاله‌و قه‌ره‌ته‌په‌و كه‌ركوك....تاد، وه‌كو ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردو بوویانه به‌مانای كۆتاییهێنان به‌كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نییه و نه‌بووه. وه‌لانانی هه‌موو ئه‌وكێشانه‌ش كه یه‌كێتی و پارتی باسی ده‌كه‌ن و كێشمه‌كیشان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند به‌رده‌وامه بۆیان، به‌مانای كۆتاییهێنان و وه‌ڵامدانه‌وه نییه به كێشه‌یه‌كی واقعی و مێژووی كه كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی عه‌ره‌بی به دینی و غه‌یره دینییه‌وه، به‌سونی و شیعه‌وه.
ڕاستی ئه‌وه‌یه یه‌كێتی و پارتی ڕه‌بتیان نییه به كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌و به‌ناحه‌ق و له غیابی بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزو ڕادیكاڵ و سه‌ربه‌خۆدا خۆیان به كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه هه‌ڵواسیوه، له‌به‌رامبه‌ریشدا ته‌بان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی و دینی عه‌ره‌بی و له‌ده‌ستوریشدا ئه‌وه‌یان قبوڵكردووه كه عێراق به‌شێكه له‌دنیای عه‌ره‌ب و ...تاد. به‌مانایه‌كی تر یه‌كێتی و پارتی چه‌نده له دنیای واقعیدا بێ په‌یوه‌ندن به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه هێنده ته‌باو هاو به‌رژه‌وه‌ندین له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی عه‌ره‌بی و ئیسلامی عیراقی و هه‌رگیز ئه‌وه‌ی فه‌رامۆشیان نه‌كردووه ئه‌م بزوتنه‌وانه بوون، و هه‌موو هه‌وڵیان ئه‌وه بووه كه له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا هاوبه‌شیان پێبكه‌ن. ته‌نانه‌ت كێشمه‌كێشی ده‌یان ساڵه‌ی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی كورد له‌گه‌ڵ ده‌وله‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق به ڕژێمی به‌عسیشه‌وه كه له‌هه‌موویان دڕنده‌ترو هه‌وسارپچراوتر بووه به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی كوردستان ئاماده‌بوون شه‌راكه‌تی قبوڵ بكه‌ن، به‌ڵام ڕژێمی به‌عس به‌و غرورو توانایه‌ی هه‌یبوو ئاماده‌نه‌بوو ئه‌مان بكاته شه‌ریكه به‌شی واقعی، ئه‌وه‌ی ئێستاش ڕووده‌دات و به‌ڕێوه‌یه هه‌مان سیناریۆیه به‌ڵام ئه‌مجاره به‌چكه سه‌دام حسێنه‌كان په‌یره‌وی لێده‌كه‌ن.
كه‌واته كێشه‌ی واقعی كێشه‌ی خه‌ڵكی كودستانه‌و چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ش په‌یوه‌ندی به یه‌كێتی و پارتی یه‌وه نییه، بۆیه بۆچاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه ده‌بێ ڕێگایه‌كی تر بگیرێته به‌ر.
ڕێگایه‌ك كه له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا، كوردستان له عێراق جیابكاته‌وه. چونكه مانه‌وه‌ی كوردستان به عێراقه‌وه به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك و خانه‌قین و قه‌ره‌ته‌په‌و دیاله‌و...تاد، له چوارچێوه‌ی عێراقدا، به‌مانای بێبه‌شكردنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه له‌مافه‌سه‌ره‌تایه‌كانی هاوڵاتیبوون،و دوباره‌كردنه‌وه‌ی كێشمه‌كیشی قه‌ومی و ئه‌و خوێنڕێژه‌یه‌یه كه مێژووی چه‌ندین ده‌هه‌ی عێراق و ناوچه‌كه‌ی پێكهێناوه.
ڕێگای كۆتاییهێنان به‌كێشمه‌كیشی ئێستای نێوان به‌غداو هه‌ولیر، ڕێگای كۆتایهێنان و به‌رگرتن به دوباره بوونه‌وه‌ی سیناریۆی زوڵمی قه‌ومی و بێمافی جیابونه‌وه‌ی كوردستان و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی غه‌یره قه‌ومی و سكولاره. ده‌وڵه‌تێك كه ناسنامه‌ی قه‌ومی نییه، ده‌وڵه‌تی هه‌موو دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانه بێگویدانه هیچ ئینتمایه‌كی ئیتنكی و دینی و مه‌زهه‌بی ...پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی ئاوا زامنی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی تری كوردستانه. با له دڵی كێشمه‌كێشی ئێستای نێوان به‌غداو هه‌ولێردا ئاڵای جیابونه‌وه‌ی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بكه‌ینه په‌رچه‌می خه‌باتی ئه‌م ده‌وره‌یه‌مان.
|
|
