لاوان

ماڵه‌وه‌ 
   

عبداللە مەحمود

لاوانی کوردستان، ئەو ئۆردووە بئەشمارەی کۆمەڵگا، ئەو توێژە بەرینە کۆمەڵایەتیە، بەشێکن لەو ئینسانانەی کەخەون و خولیایان، ئاوات و ئارەزوویان، خنکێنراوە. سەرەتاییترین خواستەکانیان بە تەلی دڕکاوی دەسەڵاتی میلیشیایی و فەرهەنگی عەشیرەتی دەورە دراوە. ئەم توێژە بەرینە لەبەرامبەر بە هەلومەرجی نائینسانی ژیانیان، لەبەرامبەر بەنەبوونی کەمترین دەرو و ئایندەی باشتردا، دەمێکە و پۆل پۆل خەریکی کۆچن لە مەملەتی خەسێنراوی خولیاو ئارەزووەکانیان بۆ ئەو مەمەلەکەتەی کە پڕە لە خولیاو هیواو ئاینندە، بۆ ئەوروپاو ئەمریکاو ئوسترالیا.
ئێستا نزیکەی 18 ساڵە ئەم کۆچە، بەردەوامە، نزیکەی 18 ساڵە پۆل پۆل، لاوانی ئەم ووڵاتە کە ناوی کوردستانە، بە کێوی سنورەکان، شەپۆلی دەریا بێرەحمەکان، ڕیزە چەک بەدەستانی پارێزەرانی سنور، حەقلی ئەلغامدا، تولەڕیێ مەرگ هەڵگردا، تانکەری سەرداپۆشراو ء سنگی شاحینەکاندا، خەریکن خۆدەربازکردنن، ئێستا بەدەیان هەزار ئینسان لە وڵاتانی جۆراوجۆری دنیادا بڵابوونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لەم ئینسانە سەرهەڵگرتوانە، بەتایبەتیش لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، چاوەڕاوانی وەڵامن، چاوەروانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتین، چاوەڕوانن، ء چاوەڕوانن.
وڵاتانی ئەوروپایی بەتایبەتی خەریکی هێرشێکی فراوانن بۆسەر ئەم پەنابەرانە، بەتایبەتیش ئەوانەی کەمافی پەنابەریتیان نییە، یان مافی پەنابەریتی کاتیان هەیە، بەمەبەستی ناردنەوەیان. لە وڵاتی بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپایی تری وەکو سویسراو سویدو فنلەند... خەریکن بەهەمان شێوەی بەریتانیا پەنابەران پەلبەست بکەن و بە شێوازی نەشیاو دوور لە پرانسیبی ئینسانی بیانگێڕنەوە، بۆ ئەو مەمەلەکەتەی خەڵک تیایدا لەسەر عیشق خەڵتانی خوێن دەکرێت، بۆ ئەو مەمەلەکەتەی کە ئەو بەرپرسانەی بەهێزی سەدان پارێزەرەوە، بانگەشەی ئارامی و ئاشتی و ئاسایشی تیا دەکەن.
دنیایەکی سەیرە، خاوەن سامانءتەلارەکان، خاوەن دەزگای ئەمن و پۆلیس و زانیاری و پاراستنەکان، خاوەن حکومەت پەرلەمان، خاوەن دەسەڵاتەکان، هێزی زەبەلاحی پارێزگاری لەدوایانەوەیە، ماڵەکانیان و گەڕەکانیان، تەلبەندکراوە خەڵکی بۆی نییە لێی نزیک ببنەوە. هەموو ڕۆژێک هەواڵی هەڕەشەو لەشکرکێشی تورکیاو ئێران بۆ کوردستان ناوچەکەی هەموو وروژاندووە، ڕۆژانە هەواڵی جەرگبڕی کوشتاری بێگەردەکان، دوعاکانی ئەم وڵاتە، مانێشتی بڵاوکراوەکانە، سەردێری هەواڵی تەلەفزیۆن و ڕادیۆکانە، هەواڵی ڕفاندنی مناڵان و پارچەپارچەکردنیان، ڕوو لەزیادیە، کەچی ئەڵێن کوردستان ئارامە، ئاشتی بەرقەرارە، پۆلیس هوشیارە، ....تاد.
چ موسیبەتێکە، چ بەڵایەک داسەپێنراوەتە سەر ئەم خەڵکە، و لاوان چ شانسێکیان لەیەخەدراوە. دڵداریکردنیان قەدەغەیە، داهێنانیان تیا کوژراوە، سەرەتاییترین پێداوستی سەرگەرمیان و کەمترین پێداویستی زانستی و کەمترین دەوراتی پەروەردەیی و وەزشی، تائێستا خەونن. ئەخوێنیء ئەبیتە خاوەن شەهادە، کەچی بێکاریت و دامەزراندن بۆتە خەونێک، دائەمەزرێت و موچەکەت بەشی کرێ خانوەکەت ناکات، هاوسەرگیری ئەکەن و شوێنی نیشتەجێبوون دەست ئەخاتە بینەقاقایان، نەخۆشیەکی قورس یەخەی ئازیزێکت ئەگرێت و موچەی دەیان فەرمانبەر پێی ڕاناگات، خواردنی ئیکسپایەر دێت و مەرگی شێنیەیی لەبەردەگای زوربەی هەرەزۆری ماڵەکانە.... دیسان ئەوتریت کوردستان ئارامە، بابپرسین لە شوێنێک ئەمنیەتی خوراکی نەبێت، ئاسایش هەیە؟ ژن کوشتن هەبێت ئارامی هەیە؟ نان نەبێت ژیان هەیە؟ ئەمانە ئەو درۆ زبەلاحانەن کە لەگەڵ خواردنی ئێکسپایەردا تەخشان و پەخشان دەکرێت.
لەو لاشەوە لاوانێک کە بەهەزار دەردەسەری گەیشتونەتە ئەم ووڵاتانە، دیسان بەرپرسی تەخشان و پەخشانی درۆ زەبەلاحەکە بۆ ئەمنیەت، ووڵاتانی ئەورپاییان والێکردووە، مافی پەنابەرێتی نەدەن بەکەس،ء ئەوانەش کەمافی پەنابەرێتی کاتیان پێدراوە بۆیان تازە نەکرێتەوە و بگێڕدرێنەوە بۆ کوردستانی خاکی گەوهەرو ئاوی کەوسەر!!، قارەمانانی پاریزەری ئەم خاک و ئاوەش!! بە قۆناغە تفەنگ پێشوازیان ئەکەن.
لاوانی کوردستان، کە بەحەق داینەمۆی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانی دووساڵی ڕابردووی کوردستانن، بە ڕێکخراوبوون و یەکگرتوبوونیان لە ڕێکخراوەی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازدا، بە کۆبونەوەیان لەدەوری خواستە زۆر بنەرەتی و سەرەکیەکانیاندا، بە هێنانە مەیدانی هێزی یەکپارچەیان، دەتوانن هەم خواستەکانی خۆیان دابسەپێنە سەر دەسەڵات و بەرگری لە خواست و مافە مەدەنی و فەردیەکانیان بکەن و هەم بەربگرن بە سیاسیەتی ڕێکەوتنی ئەحزابەکانی کوردستان لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپی بۆ ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران.
لاوانی کوردستان پێویستیان بە ڕێکخراوی پێشرەو ڕادیکاڵ و ئینسانی هەیە، ڕێکخراوێک کە بێگوێدانە ئینتمای حزبی و سیاسی و ببێتە چواچێوەیەک بۆ کۆکردنەوەی لاوان لە پێناو خواستەکانیاندا. ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ئەوپەری هاوکارو پشتیوانیان دەبین.
1-5-2008
 

 
  ماڵه‌وه‌