|
پروشە: بەدوای باڵادەستی
ئەمریکا لە عێراقدا هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان پەرش و بڵاوبوون، ئێوە ئەم وەزعە بۆچی
دەگێرنەوە؟
عبداللە مەحمود: ڕاستیەکەی ئەوەیە نەک لەگەڵ باڵادەست بوونی ئەمریکا، بەڵکە
لەگەڵ دارمانی بلۆکی سوفیەت، کە بەناحەق ناوی کۆمۆنیزمیان بەسەر سیستەمەکەیدا
سەپاندبوو، ئەم داڕمانە لەلایەن بۆرژوازی و میدیای نۆکەریەوە، وەکو شکستی کۆمۆنیزم
دەرخواردی بەشەریەتی گۆی زەوی درا، ستالینزم، ناسیونالیزمی ڕوسی و کارنامە
پرتاوانکاریەکەی، خرایە پاڵ کۆمۆنیزم و سوسیالیزم، ئەم شەپۆلە لە پرۆپاگەندەی
بۆرژوازی کە نەخشەمەندانە بەڕێوە برا، تاڕادەیەکی زۆر نەک کۆمۆنیزم و سوسیالیزم
ڕەوتە کۆمۆنستی و سوسیالستەکانی خستە ژێر گوشارێکی گەورەی ئایدۆلۆژیەوە، بەڵکە
لەگەڵ خۆیدا دەستی بۆرژوازی ئاوەڵە کرد بۆ هێرش بۆسەر هەموو دەسکەوتەکانی بەشەری
تائەوکاتە، باسی عەدالەتخوازی و یەکسانی ، پێشکەوتنخوازی.و.. کەهەرکام لەوانە کە
پێشتر بە کۆمۆنیزم تەداعی دەبوونەوە کەوتنە بەر بۆمبارانێکی وێرانکەر، هەر ئەمەش
بوو وای کرد بەدەیان حزب و لایەنی سیاسی خۆبەکۆمۆنیست زان و و چەپ، کە لە ئاکامی
سەرکەوتنی شۆرشی ئۆکتۆبەرو گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری ئەوسەردەمە بەناحەق ناوی
کۆمۆنیزم و چەپیان بەسەرخۆیاندا بڕیبوو، لەکاتێکدا ئەمانە فڕیان بە کۆمۆنیزمی مارکس
و لنینەوە نەبوو، بەڵکو چەپێک بوون کە ئیلهام وەرگر لە مائۆئیزم و ناسیونال ڕیفۆرمی
ڕوسی بوون. خوازیاری سەربەخۆی ئابوری و گەشەی پیشەسازی و سەربەخۆی میللی و دژی
ئیمپریالستی بوون، بە کەوتنی سەرچاوەی هێز و خانەخوی فکرو پراکتیکیان و کە ڕوسیای
ستالینزم و ناسیونالیزمی ڕوسی بوو، خێرا بوونە قوربانی و بەپەلە ناوی خۆیان گۆڕی،
ئاڵا سورەکەیان فڕێدا، زۆریشیان هەر لەبەریەک ترازان. بێگومال ئەم هێرش و ئەم هەموو
داڕوخان و ناوگۆرین و .... کاریگەری بوو لەسەر سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی
لەوانە بزوتنەوەی سوسیالستی چینی کرێکار و حزب و ڕەوەتەکانیشی. بەڵام لەناو دڵی ئەم
هێرشەدا دیسان ئەو کۆمۆنیستانەی کە زۆر زووتر بروایان بەوە هێنابوو کە ڕوسیا
دەوڵەتێکی سەرمایەداری دەوڵەتی و وسیستەمەکیشی سیستەمێکی بۆرژوازی یەو فڕی بە
سیستەمی سوسیالسیتی و کۆمۆنیزمەوە نییە، ئەمانە تاکە حزب و ڕەوت و هێز بوون کە
توانیان بمێنەوە، توانیان بڵێن نا ئەمە درۆیە، دەستیان بە ڕەگە فکرو سیاسیەکانی و
میتۆدەکانی مارکسەوە گرت و مانەوە. ئێمە لە عێراق و کوردستان و ئیران و لەو ڕەوت و
هێزانە بووین. هەتا بۆ خۆجیاکردنەوەی لەو ڕەوت و هێزانەی تر کە بەناوی کۆمۆنیزمەوە
بەڵام بەناوەڕۆکی تری ناسیونالستیەوە درێژە بە بوونیان بدەن و پراکتیکی سیاسی بکەن،
مەنسوری حیکمەت وشەی کرێکاری بۆ کۆمۆنیزم زیاد کردو بەم شێوەیە کۆمۆنیزمی کرێکاری
بە وێنەی خەتی مارکسیستی و پابەند بە ڕەوتی ناڕەزایەتی دژی سەرمایەداری کرێکارەوە،
پێناسە کردەوە. پاشان چەندین حزبی کۆمۆنیستی لەسەر ئەم بنەما و لێکدانەوە بەهەمان
میتۆدی مارکسەوە پێکهاتن، لەوانە حزبی ئێمە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و حزبی
کۆمۆنیستی کریکاری ئیران ....
بێگومان جەنگ و داگیرکاری ئەمریکا کە نەک هەر هاوکات بوو لەگەڵ ئەم هێرشەی بۆرژوازی
بۆ سەر کۆمۆنیزم و عەدالەتخوازی و بەشەریەتی ئەم گۆی زەویە، بەڵکە ڕێک بۆ
تەعریفکردنەوەی دنیای دوای شکستی بلۆکی شەرق، عێراق کرایە ناوەندو سەنتیزی
یەکلاکردنەوەی کیٌشمەکیشە ڕوون و هاوکات شاراوەکانی بۆرژوازی جیهانی، فۆرمۆلی "نەزمی
نوێی دنیا" کە هەڵگری کۆمەڵێک بانگەشەی لە چەشنی" کۆتایی هاتنی سەردەمی
دیکتاتۆرەکان، دنیای ئاشتی و ئارامی، تەمەدونی غەربی...." لە بیر هەموو کەسێکی
سیاسی و چاودیری ڕووداوەکانی ئەو کاتە ماوە.
هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق کە بە داسەپاندنی ئابلۆقەی ئابوری دەستیپێکردو پاشان بە
بۆمباباران و هێرش و جەنگی یەکەمی کەنداو درێژەی پەیدا کرد، ڕووداوێکی گەورەی
جیهانی بوو، ڕووداوێکی نەخشە بۆکێشراو بوو تا لەو ڕێگایەوە ئەمریکا باڵادەستی و
هەژمونی خۆی بەسەر دنیای دوای شکستی بلۆکی شەرقدا، جێگیر بکات.
دیارە جەنگێکیش کە ئەم ئامانجەکەی بێت و بێگومان پاشەوپاشگەڕانەوەی کۆمەڵگا،
سەرهەڵدانەوەی تەعەسوباتی قەومی و دینی، پاشەوپاش گەڕانەوەی فەرهەنگی و
زیندوکردنەوەی کەلتورو دەمارگیری هەمەڕەنگی قەومی و تایفی و بەدوای خۆیدا دێنێ،
لەناو هەلومەرجی جەنگی کۆنەپەرستانەدا، فەزاو هەلومەرجێک دێتە ئاراوە کە نەک بە
قازانجی و کۆمۆنیزم هێزو حزبە کۆمۆنیستیەکان نییە، بەڵکە ڕێک بە پێچەوانەوە کاریان
سەخت دەکات، ئەیانخاتە ژێر گوشارێکی زۆرەو چونکە لەهەرشوێنێکی دنیا هەلومەرج و فەزا
بە قازانجی خەڵک نەبێت کۆمۆنیزم ناتوانی کەڵکی لێوەربگرێت. باچەند نمونە بێنمەوە.
لە فەزایەکدا کە کۆمەڵگا میلیتاریزەکراوە، کۆمەڵگایەک کە مانەوەی فیزکی بەشەر
ئەبێتە ئارەزوو، یانی ئەوەی کە چاوەڕوانی ئینسانەکان دێتە ئاستی نزیک بەسفر. لە
کۆمەڵگایەدا کە برسێتی بڕستی لەخەڵکی نەدار بڕیبێ، خەبات و تێکۆشان ئەبێت بە مانەوە
و نەمردن و بێگومان ئەمەش ئاستی خەباتکارانەی خەڵک دێنێتە خوارەوە. لە شوێنێکی کە
دەسەڵات بووە بە کۆمپانیا و بازرگانی، لە شوێنێک کە حکومەت نییە، لەشوێنێک کە لە
جێگای مافی هاوڵاتی بوون، کورد بوون و عەرەب بوون، مەسیحی و موسڵمان و شیعە بوون،
پێناسەی کەسەکان بکات و ئەم هەویەتە بەچەک دابسەپێنرێت و لەسەر ئەم هەویەتە
داسەپاوەش کوشتاری ڕۆژانە وەڕێبخری، چ جێگایەک بۆ هەڵسوڕانی سیاسی و کۆمۆنیستی
دەمێنێتەوە. ئەمانە ئەو واقعیەتانەن کە بەڕاستی کاری چەپ و کۆمونیستەکانی قورس
کردووە، ئەمە ئەم هۆکارانەن کەوای کردووە چەپ نەتوانێ وەکو پێوێست نەخشی واقعی خۆی
ببینێ.
بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت ئەم پاشەکشەو بەرەوپاشگەڕانەوەی چەپ و کۆمۆنیزم لە
ئاکامی شکستی بلۆکی شەرقدا و تەنانەت گوشاری وەزعی سیاسی عێراق لەسەر چەپ و
کۆمۆنیزم ئێستا وەکو سەرەتای جەنگی یەکەمی کەنداو نەماوە.
لانی کەم ئینسان دەتوانێت بڵێت کە هەراوهۆریای بۆرژوازی و ئەو بەڵێنانەی ئەیدا کە
بەدوای مەرگی کۆمۆنیزمدا دنیا ئارام دەبێت، و سەرمایەداری بازاڕی ئازاد دەبێتە خێرو
بەرەکەت وسیستەمە دیکتاتۆرەکان کۆتاییان دێت، ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزم بنبڕ دەکرێت
و تەمەدونی غەربی دەبێتە مایەی خۆشبەختی بەشەریەتی گۆی زەوی و..... هەموویان پوچی
خۆیان نیشاندا، و شوباتی 2003 و هاتنە مەیدانی ملیۆنان ئینسان بەڕووی شەڕخوازی
ئەمریکادا، دەسپێکردنی سەرەتای دەورەیەکی پێچەوانە بوو بە ڕووی بۆرژوازی جیهانی و
سیاسەتەکانیدا . ئەمە پەیامی بێدابوونەوەی بەشەریەتی ئازادیخواز عەدالەتخواز،
پەیامی ئەو ئینسانانە بوو کە زوو تێگەیشتن ئینسانیەت پێویستی بە عەدالەت و ئازادی
هەیە، و ئەمەش لە شان و شەوکەتی نیزامی سەرمایەداری ناوەشێتەوە، چ دەوڵەتی رفاه بێت
و چ نیئۆلیبرالی، چ بانگەشەی کۆتایی مێژوو بکات و چ هەراوهۆریای دژە تیرۆربکات، چ
بازاری ئازاد بێت و چ نا، ناتوانی وەڵام دەرەوەی خواستی ملیاردەها ئیسان بێت.
ئەزمەی دەوری نیزامی سەرمایەداری و وبێسەرەوبەرەیی و فەوزا تایبەتمەندیەکی زگماکی
ئەم نیزامەیە.
|