له‌ساڵیادی تیرۆری هاورێیان شاپور و قابیلدا

 عبداللە مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

 ئەم 18ی مانگە 10هەمین ساڵڕۆی تیرۆری هاورێیان شاپوروعبدالقادرو قابیل عادلە، ساڵڕۆژی تیرۆری دوو ڕابەری ئاوارەکان و بێخانەولانەکان، دووڕابەری بێبەشان و دوو ڕابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە، هاوکات ساڵیادی یەکێک لەو هەزاران دڕندایەتیانەیە کە ئیسلامیەکانی کوردستان و مەلا کرێگرتەکانیان نەخشە بۆکێشەرو و هاندەرو جێبەجێکەری بوون.

بەڵی 10ساڵ بەر لەئێستا و لە کاتێکدا ئەم دوو سیما ناسراو خۆشەویستەی بێبەشان سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ وەرێخستنی ئاکسیۆنی ئایار بوون لە شاری هەولێر، لە پیلانێکی چەپەڵی نەخشەبۆکێشراوی تیرۆریستیدا، تیرۆرکران.

ئامانج لە تیرۆری ئەم دوو هاورێیە چاوترسێنکردنی کۆمۆنیزم، چاوترسێنکردنی ئازادیخوازی، چاوترسێنکردنی ڕابەرانی جەماوەری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بوو.

ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامیانە کە مەڵاشوی سیاسیان بە کوشتارو ترساندن و تۆقاندن کەوتووە، لۆژیکێکی تر جگە لە لۆژیکی ترساندن و تۆقاندن و تیرور و کوشتاریان نییە، لەبەرامبەر بە گەشەی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازیدا، لەبەرامبەر بەگەشەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژناندا، لەبەرامبەر بە بزوتنەوەو خواستی خەڵکی بێخانەولانەدا، لەبەرامبەر داوکاری و ناڕەزایەتی ئاوارەکانی شارەکانی کوردستاندا!! هەراسان ببوون، ترساو ڕەنگ بزرکاوبوون،  کەوتە پیلان گێران، ئاخر ئەوان 8مارسی ئەوساڵەیان بینیبوو، زاکیرەیان پڕی بوو لەشکست بەرامبەر بە ئازادیخوازی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان، ئەوان بوون پیلانی چەپەڵیان لە هۆڵی میدیای ئەوشارە، مایە پوچ و ئابڕوبردەکرا.

ڕێگەگرتن لە پیلانیان، بە پیلانی تر دارشت، پیلان تایبەتمەندیانە، ئاخر زیندانەکان، گوێگرتن لەهەواڵەکان، ڕوانین لەوێنەکان، چاوخشاندنەوە بە کارنامەکان، هەڵدانەوەی مێژوو... هەموویان گەواهی ڕِاستیەکی چەسپاون، ڕاستی هەوسارپچراوی ئیسلام و ڕەوتەکانی لەبەرامبەر گەشەی کۆمەڵگاو خواستە شارستانیەکانیدا.

شاپورو قابیل یان تیرۆکرد، ئەمە ئەگەر بە حەق خەسارەتێکی گەورە بوو لە خەڵکی بێخانەو لانەو بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایە، خەسارەتێکی گەورەبوو لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و بزوتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان، بۆ سەربەخۆیی و پێکهینانی ووڵاتێکی سەربەخۆی عەلمانی، ئەوا بەهەمان ئەندازە ترسنۆکی بودەڵەیی ئەو ڕەوەتە ئیسلامی و مەلاکرێگرتەو مێشک ژەنگرتوانەی پشتی ئەم پیلانەی نیشاندا.

ڕەوتی ئازادیخوازی و پێشکەوتخوازی کۆمەڵگا، کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، داواو خواستی بێخانەو لانەو ئاوارەکان، ... کە ڕیشەیان لە نیزام دەسەڵاتدارێتی نابەرابەرو تاڵانچی کوردستاندایە، بەتیرۆری ئەم هاوڕێیانە بێدەنگ نەکرا، نەخەوێنرا، ڕەوانەی ماڵی خامۆشی بزوتنەوەکان نەکرا، بەڵکە بەردەوامە.  

 پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کەیەکیک لەئاوات و خواستەکانی ئەم ئازیزانە بوو، پێکهات. بەمەش نەک پیلانی چەپەڵی ئیسلامیەکان، بە تیرۆری ئەم هاورێیانە کەئامانجیان پاشەکەشەی کۆمۆنیزم و ڕەوتی ئازادیخوازی بوو،مایەپوچ دەچوو، بەڵکە خودی پێکهاتنی ئەم حزبە لەپاڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقدا و بەوئامانجە بەرزە ئینسانیانەوە لە پێناو ڕزگاری کۆمەڵگا لەدەست نابەرابەری چەوساندنەوەو بێمافی، وەڵامێکە بە کۆنەپەرستی ئیسلامی و باندەکانی، وەڵامە بە دەسەڵاتی مشەخۆرو میلیشایی بەکرێگیراو.

ئەمرۆ دەساڵە ئەم هاورییانە لەگەڵمان نین، بەڵام کاروانمان هەر بەوڕێگایەدا کەئەوان ڕابەرو ڕێنیشاندەری بوون،بەردەوامە.بێگومان ئەم کاروانە کە کاروانی ڕوو لەئاسۆی ڕزگاری بێبەشانە، سەرباری هەر گرفت و پیلانیک، هەر پاشەکشەو کۆسپێک، درێژەی هەیە و دەبێت. کۆمۆنیزم بەوێنەی بزوتنەوەی ڕزگاری ئینسان لە هەموو زوڵم و بێمافیەک کە ئاوێنەی باڵانوینی ئەم ئازیزانە بوو. ئەمرۆ بە پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، فەتحکردنی سەنگەرێکی ترو ئامادەکردنی وەسیلەیەکی تری ڕزگاری بێبەشانە. با ئەم وەسیلە و چەکی ڕزگاریە، بە بەهێزکردنی و پشتیوانی کردنی، پێوە پەیوەستبوونی، گەورەو گەورە بکەین، بۆ ئاڵوگۆری بناغەیی. ئەمە ویستی ئازیزانی گیانبەختکردومانە.    

17-4-2008