با وابێ ئەى کەر جارێ با وابێ،لە جێگاى پاشا جەنابت شا بێت

بەڵام بزانە کاکى نێرەکەر،چــــــــەرخى زەمانە هەر ئاوها نابێت  *

ماڵه‌وه‌ 

بەشدار على

با زۆر نەگەرێینەوە دواوە،چونکە  بەردەوام چینە دەسەڵاتدارەکان لە هەوڵ دابوونە و نەیانهێشتوە مێژوو وەکو خۆى بگات و هەمیشە بۆلاى خۆیان شکاندۆتەوە،بۆیە بڕوامان تەنها بەم شتانە هەیە کە بینیومانە،رژێمى بەعس و دارودەستەکەى ئیمپراتۆریەتێکیان دورست کردببوو،دەتوانم بڵێم سیاسەت و ستراتیژى زۆرێک لەوڵاتانى عەرەبى بە پێچەوانەى سیاسەتەکانى بەعس نەدەچووە پێشەوە،زۆرترین

ئیمکانیاتیان لەبەردەستابوو،خاکێک لێواو لێو لە ئاڵتونى رەش و هەموو سامانە دانسقەکانى  تر بۆ ملهوڕى و سەرکێشیەکانى سەرانى بەعس تەرخان کرابوو کە دەکرا و دەکرێت تاکى عێراقى بەختەوەرترین تاکى ئەو سەرزەمینە بێت،بەڵام بەداخەوەخەڵکى عێراق نەک هەر خاوەنى هیچ شتێک نەبوون ،بەڵکو سەربارى ئەوەى لە ژیانێکى پڕ لەنەهامەتیدا شەو و رۆژیان بەرێ دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا سامانى وڵاتەکەشیان بۆ قڕکردنیان بەکاردەهێندرا،هەمووشمان دەزانین ئەنجامەکەیان بەچى گەیشت!دڵنیاش بن ئەگەر ئەمەریکاش نەبوایە جامى خەڵکى عێراق پڕببوو بە چارەنوسێکى خراپتر دەرۆیشت،چارەنوسى هەموو دەسەڵاتێکى توتالیتار و نایەکسان و بێ سیستەم و بەرنامە و بۆخەڵکەکەى ،لە ێدام و حیزبى بەعس باشتر نابێت.

ئەوەى لەسەردەمى بەعس بەسەر سەرى خەڵکى کوردستان هات، هەر لە ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساد و کوشتن و زیندانى و بێ سەروشۆێن کردن و سەرکوت و داپلۆسین،نیو ئەوەندەى رق و بێزارى و توڕەى خەڵکى بەرزنەکردەوە وەکو ئەوەىئیستا دەیبینین ،خەڵکى کوردستان قوربانیاندا،ماڵوێران کران،شار بەدەر و گوندبەدەرکرا،دۆست و ئازیزانیان لەدەستدا،کەچى بۆ ساتێکیس نەیانتوانى هەناسەیەکى ساف هەڵمژن!بۆیە ئیستا خەڵک بە ئاشکرا قسە دەکات و جنێو دەدات و تف لە رابردووى خۆى دەکات کە ئەو وەزعیەتەى دورستکرد.

ئیستا لەکوردستان کێشە گەلێکى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى یەخەى خەڵکى گرتووە و دەسەڵاتدارانیش بە بەهانەى جۆراو جۆر شانى خۆیان لە هەموو شتێک خاڵى دەکەنەوە،لەنێو شەقامەکاندا مناڵان لەبرسان رادەکشێن و گیان لەدەست دەدەن،دەزگایەک بەرپرسیاریەتى خۆى راناگەیەنێ،لە بازارەکاندا ژنان بەرچەقۆ دەدرێت،رۆژانە کچان و کوڕان،لە کوچە و کۆڵانەکان خۆیان دەسوتێنن یان ژەهرخوارد دەکەن،بە رێگا و شێوازى جۆراو جۆر ئازادییەکان بەرتەسک دەکرێنەوە، دەیان خێزان لە بەر نەبوونى و بێکارى و بێ خانە و لانەى شیرازەى خێزانیان دەپچڕێ و جیادەبنەوە و کارەساتى دڵتەزێنى لێ دەکەوێتەوە،بەسەدان خێزانى تریش لەم لاوە لە ژەمى بەیانى دڵنیا نیە،بازار و نرخى کاڵاکان رۆژ لەدوایى رۆژ لە زیاد بوونە و داهاتى تاکەکانیش هەر لە داکشانە،(چونکە خۆیان بازرگانن و نرخەکان بە ئارەزووى خۆیان بەرزدەکەنەوە،وایلێهاتووە ئەگەر لە ماڵێکدا هەموو ئەندامەکان کارێک یان دوو، سێ کار نەکەن نەتوانن نان بخۆن!،بەڵام ژیانێکى شاهانە و فیرعەونانەیان بۆ خۆیان دورست کردووە و لە هیچ شتێکیان کەم نیە.

شەش کابینەى حکومەت رۆیشت ،شەش سەعات کارەبایان بۆ خەڵک دابین نەکرد و لەم ماوەیەشدا نەخۆشى و کاریگەریەکانى گەرما و ووشکە ساڵى لەسەر خەڵکى دەردەکەوێت،کەچى بەرپرسان یەک دەقیقەش کارەبایان ببڕێت کارمەندى دائیرەى کارەباکە سزادەدرێت،یاساو دەستورێکى سەردەمیانە بوونى نیە و ئەوەى هێزى هەبێت دەتوانێ کارى سەیر و سەمەرە بکات و یاساى سەیر و سەمەرە لە دادگاکاندا کار پێ بکات، هەرەشە و پەلاماردانى وڵاتانى ناوچەکە و بۆردومان کردن بەردەوامە،بەغدا سەربارى دەسەڵاتى لەرزۆکى خۆى دان بە هیچ یاسا و دەستور و کار و پرۆژەیەکى حکومەتى هەرێمدا نانێت و بەم حاڵە شڕەى خۆى هەرەشەى پەلاماردان دەکات،دەسەڵاتیش بەرنامەیەکى نیە بۆ رزگاربوون و دووبارەنەبوونەوەى کارەساتە دڵتەزێنەکان و هەر خەریکە لاشەى خۆى رادەکێشێت وبەدواى کۆکۆدنەوەى پارچە شکاوەکانى خۆیەتى،بەڵام فریا ناکەوێت،چونکە ڤایرۆسەکە هەموو کون و کەلەبەرێکى تەنیوە،نارەزایەتى و توِرەیى خەڵکیش گەیشتۆتە لوتکە.

،هیچ زەمانێک نەیتوانیوە بەم حاڵەوە بچێتە سەر،ریفۆرم و چاکسازى ناتوانێ دڵى خەڵک خۆش بکات و کۆتایى بەم گوزەرانە وێرانەى خەڵک ناهێنێت،پێویستە بە زووترین کات دەسەڵاتداران دەست بە گۆڕینى سەراپاى سیستەمانى بەرێوەبردنى کۆمەڵگاوە بکەن و کەمێک ئاگادارى ژیان و گوزەرانى ئەو خەڵکە بن کە خەریکە تیا نقوم دەبن و بۆچەندین جارىتریش بوونەوە قوربانى،دڵنیام ئەگەر ئەو کارە نەکەن، جامەکە پڕ بووە و لێ دەرژێت.

 *( دێرە شیعرێکى شێخ رەزایى تاڵەبانیە)

Bashdar_net@yahoo.com

  ماڵه‌وه‌