دوایى سەدەیەک, هێشتا سەرەتاترین ئازادییەکان لەژێر پرسیاردان!

ماڵه‌وه‌ 
   

بەشدار على
Bashdar_net@yahoo.com

ئەم رۆژانە زیاتر لەسەدەیەک بەسەر دەرچوونى یەکەمین رۆژنامەى کوردى تێپەرى کرد،بەڵام ئەوەى جێگاى تێرامانە سەربارى هەوڵە بەردەوامەکانى رۆشنبیران و نوسەران و ئازادیخوازان تاکو ئیستا راگەیاندن لە کوردستاندا لەنێو کەشتیەکدایە و بەرەو ئاقارێکى ترسناک گوزەر دەکات و ئەگەر پێش بەم کەشتیە نەگرین بۆى هەیە هەموو سەرنشینەکانى تیا بچن!ئەمەش زیادە رۆیى نیە،کە هەموو دەروازەکان لەلایەن هێزە میلیشیاکانەوە مۆنۆپۆل کرا و پەنجەرەیەکى بۆ روانینەکانى تر نەهێشتەوە و عەقڵ و مەنتق بەسەر کایەکانەوە هەستى پێ نەکرا بێگومان کائینەکانى تر تیا دەچن و لەم نێوەندەشدا تەنها خەڵکى سڤیل زەرەرمەن دەبن،بیرکردنەوەیەکى زۆرى ناوێت تاکو تێبگەیت کە سەرەتاترین ئازادییەکان لە چ ئاستێکدان و بۆچى بڵاوکراوەکان لەبەرچاوى خەڵکەوە رەزا گرانن و لەگەڵ ئەمەشدا بەردەوامیش لەهەوڵدان تا لاپەرە و تیراژ و ژەمارەشیان روو لە زیاد بوون بکەن؟
یەکێک لە پایە سەرەکیەکانى چاپەمەنى لە هەر وڵاتێک ،ئازادى رادەربڕین و ئازادى وەرگرتنى زانست و زانیارى و بڵاوکردنەوەیە لەسەر هەموو کون و کەلەبەرێکى ئەو وڵاتە ،بۆ ئەوەى دیاردە و کارە ناڕەواکان و هەتا باشەکانیش بخرێتە بەر دیدى بەرپرسان و خوێنەران و گوێگران وبینەران،بەڵام لە وڵاتێکى وێرانەى وەکوکوردستاندا کە هیچ شتێکى لە جێگاى خۆى نیە،شتێک نیە بەناوى (یاساو دەستوور،جا هەر چۆنێک بێت) تا هەمووان بە یەکسانى پەیڕەوەى لێ بکەن،ئەوەى هەیە بەرژەوەندى و میزاجى دەسەڵاتدارانى کوردستانە،هێزى میلیشیایى هەموو شتەکان یەکلایى دەکاتەوە!مەهزەلەیە،بەرپرسان هەم خۆیان لایەنى جێبەجێکارن و هەم خۆشیان چاودێرن،کە ئەمە لەهیچ وڵاتێکى دونیا بوونى نیە،رێگا بەهیچ لایەن و دەزگا و کەسانێکیش نادەن ووردەکارى و راستیەکان بەیان بکات.
بەرپرسان و دەسەڵاتداران هەمیشە لە بۆسەدان بۆ ئەوەى هەوڵەکان لەباربەرن بۆ گەیاندنى راستیەکان و ئاوەژوو کردنەوەیان،هەموو شێوازێکى توندوتیژى و سەرکوت و داپلۆسین ئازار و ئەشکەنجە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەى دەنگەکان خەفە بکەن،رۆژانە دەیبینین و دەیبیستین لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان، لەسەر ووتن و نوسینى تەنها دڵۆپێک لە دەریایەکى تاوان و پێشێلکارییەکانیان ،نوسەران و رۆژنامەنوسان دووچارى ئیهانە و سوکایەتى و تێ هەڵدان و وون کردن دەکەنەوە،زۆرترین ئیمکانیاتى ماددى و مەعنەویان تەرخان کردووە بۆ ئەوەى رێکەوتنە ژێرەو ژوورەکان و نایەکسانى و نا عەدالەتى و دزى و راووڕووتەکانیانیان پیشانى دەرەوە نەدرێت و هەر لاى خۆیان تەواو بێت ،بۆ ئەم مەبەستەش شێواز و رێگاى جۆراو جۆر دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان و کۆنترۆڵکردنى گۆرەپانەکە،سەربارى دەست هەڵنەگرتن لە ئازاردانى دەروونى و جەستەیى و نان بڕین و شار بەدەرکردن لەدوا هەوڵیشیاندا رێگاى (دیموکراتیان) گرتۆتە بەر و ئەوانەى دەیانەوێت شتەکان وەکو خۆى باس بکەن و بگەیەنن راپێچى دادگاکانیان دەکەن، چونکە بەبرواى ئەوان گەیاندنى رووداوەکان وەکو خۆى زیان بە (ئاسایشى نەتەوەیى)دەگەیەنێ و ئەزمونەکە لەبار دەبات!بەڵام بێ ئاگان لەوەى کە هەموو ئەو کار و کردەوە و رۆتینات و گەندەڵى و ماندووکردن و ئازاردانى رۆژانەى خەڵک و نەبوونى سیستەم و دەستورێکى مۆدێرن لە کۆمەڵگا و دامودەزگاکان،(ئەزموونەکەى) تا لێوارى مەرگ بردووە.
لایەنێکى تر کە پێویستە لێرەدا ئاماژەى بۆ بکەین سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستانە،ئەم رێکخراوە جگە لە دەزگایەک بۆبەرهەمهێنانى نوسەر و رۆژنامەنوسى مشەخۆر و گەندەڵ بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەکان و شاردنەوەى هەموو ئەو دیاردە شەرمهێنەرانەى کۆمەڵگاى کوردستان کار و وەزیفەى هیچى تر نەبوە و نیە،بە سەدان نووسەر و رۆژنامەنوس بە دڕندانەترین شێواز دووچارى ئازار و ئەشکەنجە بوونەوە ئەو رێکخراوە نوزەیەکى لە دەمەوە دەرنەهات بەڵکو چوە سەنگەرى دەسەڵاتەوە و بوە ئامرازێکى باش بۆیان تا بەر بگرن بەو شەپۆڵە نارەزایەتیە فراوانەى خەڵکى کوردستان،دواکەوتووترین و کۆنەپەرسترین ئەلتەرناتیڤى پێشکەش بە حکومەت و پەرلەمان کردووە بۆ زیاتر قوفڵ کردنى دەمى خەڵک،ئیتر دوایى چەندین ساڵى کارکردن و تەجروبەیان ناتواندرێ چاوەروانیەکیان لێ بکرێت.
کەوایە گوزەرکردنى ئەو وەزعیەتە بەم شێوەیە لە قازانجى خەڵکى کوردستان نیە،رۆژ لە دواى رۆژ نا یەکسانى و زۆڵم و زۆردارى روو لە زیادبوونە،ئامرازەکانى دەمکوتکردنەوە و بەرتەسک کردنەوەى ئازادییەکانیش شێوازى جیاواز بە خۆیەوە دەبینێ،لەم نێوەندەشدا زەرەرمەندى یەکەم تەنها ئێمەى خەڵکى کوردستانە،بەرپرسان بەهۆى ئاشکرا نەکردنى کارەکانیان و نەبوونى هیچ چاودێرێک هەر خەریکى گڵ دانەوەى سەروەت و سامانى خەڵکن و لە هەموو خۆشگوزەرانى و رەفاهیەتێکى سەر ئەم زەمینە بەهرەمەندن و دەستیان بە پێشکەووترین ئامێر و ئالیەتى سەردەم رادەگات و وەزعیەتەکە بە قازانجى ئەوان دەروات،هەروەها گلەیى ونارەزایەتیە جۆراو جۆرەکانى بازار و شەقام و زانکۆ و قوتابخانە و پارک و باخچەو ناو تاکسى و پاسەکان بەبێ یەکگرتووى و کۆکردنەوەى هێزەکانمان نامان گەیەنێتە هیچ ئامانجێک،جا پێویستە لە هەموو لایەکدا هێزەکانمان کۆکەینەوە و لە دەورى یەکتر کۆبینەوە و بۆ بەدەست هێنانى تەواوى مافو ئازادییەکانمان و بەهرەمەندبوون لە تەواوى خزمەتگوزارییەکانى سەردەم.

 
  ماڵه‌وه‌