|
مەخابن کۆمەڵگا بە دەستى سەدان کێشە و گرفت گیرۆدەیە،حیزبە ئیسلامیەکان و
مەلا و ئاخوندەکان کە خۆیان بە رزگارکەرى بەشەریەت دەناسێنن نوزەیان
لەبەرەوە نایەت،بەڵام لەبەرامبەر نووسین و بڵاوکردنەوەى چەند ووتار و
کتێبێک و لێکۆڵینەوەیەکى مەیدانى و زانستى لەسەر مێژووى ئیسلام و کار و
پرۆژە و ماهیەتى حیزبە ئیسلامیەکان هاواریان لێ هەڵساوە و بە هەموو
ئەندامەمانى لەشیان پەلاماردەدەن.
دوایى
بڵاوبوونەوەى چەند تێبینیەکم لەسەر سیاسەت و کارکردنى یەکگرتووى ئیسلامى
کوردستان،چەند برادەرێک بە ووتار و تەلەفۆن و نووسین بە شێوەیەکى زۆر توند دوور لە
هەموو عورف و عاداتێکى ئەخلاقى و سیاسى وەڵامیان دایەوە،لەیەکى تریشەوە کۆمەَلێک
مەلا بە پاڵپشتى حیزبە ئیسلامیەکان خەریکى کەمپینێکن دژى بڵاوکردنەوەى نووسین و
کتاب و لێکۆڵینەوە بەبێ سانسۆر و کۆنترۆڵ،دیارە لە هەوڵى تریشدا دەستیان نە
پاراستووە، بۆیە لەبەرامبەر ئەو هێرش و پەلاماردانانە کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکتر بە
پێویست زانى چەند تێبینیەکى تر ئیزافە بکەم.
هەر هەفتە و
یەکێک لە وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە هێرش دەکات و گوند و ناوچە سنورییەکان بۆردومان
دەکان و مناڵ و ژن و لاو و گەنجانى ئەو وڵاتە لەناودەبات و کەم ئەندام دەکات،خەڵکى
بەدەست نەبوونى و هەژارى و دەست کورتیەوە دەناڵێنن،قوتابیان و مامۆستایان و
فەرمانبەران بەدەست رۆتینەوە گیرۆدەن،بەهۆى بوونى یاسا و دەستورێکى نامەدەنى رۆژانە
سەدان گەنج و لاوى کوڕ و کچ خەون و خولیاکانیان لێ دەبێت بە سەراب.....،کەچى مەلا و
عەممامە بەسەرەکان و حیزبە ئیسلامیەکان مێشێک میوانیان نیە،لەلایەکى تریشەوە دژى
ئازادى نوسین و بڵاوکردنەوە و لێکۆڵینەوەن کە سەرەتاترین و ساکارترین مافى هەر کەس
و لایەنێکە کە چى دەڵێت و چى بڵاودەکاتەوە.
سەرەتا
هاورێیانى موسڵمان زۆر دوایى لێبوردنتان لێ دەکەم،من ناتوانم بەم زمان و فەرهەنگە
نزمەى کە ئێوە پێى پێ دەئافتن و وەڵامى منتان پێ داوەتەوە من قسەى پێ بکەم بۆیە خۆم
لە زۆرێک لە وەڵامەکانتان دەپارێزم،کاک ئاوات لە مەکتەبى راگەیاندنى یەکگرتوو بە
تەلەفۆن پێم دەڵێت( تۆ وەکو مەڕ کاوێژ دەکەیت و کاوێژکردنەکەشت لە خزمەتى پارتى و
یەکێتیدایە و چوونە سەنگەرت لە یەکگرتوو خزمەتکردنە بە گەندەڵى پارتى و
یەکێتیدا...)هەروەها جەنگى ناوێک لە نامەیەکدا بۆم دەنوسێت(...هەر هیچ نەبێت
توانیومانە کەسانى وەکو تۆ لە کوردستاندا کەم بکەینەوە و ئیستا کافرى وەکو تۆ بە
ترسەوە لەسەر حیزبە ئیسلامیەکان و ئاینى پیرۆزى ئیسلام دەدوێن وناتوانن قسە
قۆڕەکانیان بە راحەتى بڵاو بکەنەوە... )
دیسانەوە
دووبارەى دەکەمەوە،گەندەڵى و دزى و راووڕووتى و نایەکسانى و بێ مافى پارتى و
یەکێتیم هەزار جار پێ باشتر لە حوکمى شمشێر و سەرپەراندن و تێزاب و زیندەبەچاڵکردن
و دەست بڕینەوە و تەقاندنەوە و رەجم کردن و لە چادر هەڵکێشانى ژنان و گیرکردنى
مناڵان لە حوجرەى مزگەوتەکانى ئیسلامیەکان، لە کاتێکدا هیچ بەرنامە و پرۆژە و
سیاسەتێک نیە من بە پارتى و یەکێتی و دەسەڵاتدارانى کوردستان ببەستێتەوە و بە هەموو
شێوەیەک لە هەوڵدام بۆ گۆڕین و ژێر یەژوورکردنى ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و بێ سیستەم و
نایەکسانە،بەڵام ئێوەى ئیسلامیەکان مردنتان بە ئێمە نیشان داوە بۆیە بە سەر ئێشەى
پارتى و یەکێتى مەمنونین!ئەوەش باش بزانن خەڵکى کوردستان زۆر لەئێوە دەترسن کە لە
ئەنجامى نەمانى پارتى و یەکێتى ئێوە ببن بە هێز و فرسەت بقۆزنەوە،بۆیە بە شێوەیەک
لە شێوەکان لەبەرامبەر دەسەڵاتى پارتى و یەکێتى نەرمى دەنوێنن و بەدوایى بەدیلێکى
مەدەنى دەگەرێت کە تەعبیر لە خواست و وویستەکانیان بکات،
من لە
ووتارەکەى سەرەتاشم بە روونى ئەوەم باس کردووە و بەیەک ووشەش بەرگریم لە دەسەڵاتى
پارتى و یەکێتى نەکردووە.
لەلایەکى
ترەوە بەدەست من نیە،ئێوەى ئیسلامیەکان لە هەموو دونیا بە هێزى کاولکار و داخراوى
کۆمەڵکا ناسراون و رۆژانەش کار لەسەر جێکردنى ئەو پرۆژانە دەکەن،لەهەر شوێنێک
دەسەڵاتان هەبێت ژنان و ئافرەتان دەبێت چاوەڕوانى قیامەت بکەن و دەست لە ژیانى
ئیستا هەڵگرن،چونکە بەپێى یاسا و دەستوور و شەرعیەتەکەتان پلەدوون و ئالیەتى
خزمەتکردن و چێژ وەرگرتنن، مناڵان خۆشى و شادى و یارى و ژیانى بەرائەتى مناڵیان لێ
دەبێت بە حەرام،لاوان دەبێت بۆ ئەبەد باسى خۆشەویستى و سەرگەرم کردن و جوانى و
بەختەوەرى نەکەن،ئازادى و مافە فەردى و مەدەنیەکان دەبێت بە خەون،هەر ئیستا خەریکن
ئەو تروسکاییەى کە بە هەوڵ و ماندووبوون و قوربانى خەڵک بەدەست هاتووە لەبارى بەرن
و هاوار دەکەن و پەلامار دەدەن،هەژارى و برسیەتى و جیاوازى نێوان چینەکان درێژە پێ
دەدەن،تیرۆر و تۆقاندن و مل پەراندن بەشێکى جیانەکراوەى بردنەپێشەوەى سیاسەت و
بەرنامەکانتانە،.... .دەتوانن یەک مەملەکەتم نیشان بدەن کە ئێوە باڵا دەست بن و
ئەو مەرگەساتانەى لەسەرەوە باس کرا بەشێک نەبێت لە کۆمەڵگاکە،جا قسەى من لەسەر
ئەوەیە،کە ئێوە خاوەنى ئەو بەرنامە و پرۆگرامانەن و ناتوانن ببن بە ئومێدى خەڵکى
کوردستان کە دڵیان بۆ ئازادى و یەکسانى و خۆشگوزەرانى و رەفاهیەت و خۆشى و گەشت و
سەیران مەدەنیەت لێ دەدەت.
لە کۆتاییدا
دەڵێم، هاورێیان پەیامەکەتان رۆشنە دەتانەوێت خەڵکى کوردستان هەمیشە لە تاریکیدا
بژین و هەموو دەرگاکانیان لەسەر دابخەن و هیچ جۆرە دەخاڵەتێکیان لەسەر ژیان و
چارەنووسى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى کۆمەڵگادا نەبێت،بۆیە دەتانەوێت
مافى بیرکردنەوە و نووسین و قسەکردن و بڵاوکردنەوەیان لێ زەوت بکەن.
|