هەڵبژاردن و کۆتایهاتنى تاکڕەویى

 

ماڵه‌وه 

                                                                                                                                                                     بەشدار على

گۆڕان و سەرەو ژوور کردنى وەزعیەتى موجود و هاتنەکایەیەى ژینگەیەکى لەبار بۆ نەشو نماکردنى تواناکان و مومارەسەکردنى و دامەزراندنى سیستەمێکى پێشکەوتوو لە کۆمەڵگادا ، هیواو ئاواتى تاکە بە تاکەى خەڵکى کوردستانە و رۆژانە بە چەندین شێوازى جیاواز لە قسە و گفتوگۆ و کار و کردەوەى تاکەکان هەستى پێدەکرێت،دەسەڵاتى تاکڕەوى و دەست بەسەراگرتنى هەموو جومگەکانى بەرێوەبردن و ژیان و دیاریکردنى چارەنوسیان لەلایەن عەقڵیەتێکى کۆن و چەق بەستوو و دژ بە گۆڕان، بۆ مرۆڤى سەدەى بیست و یەک جێگاى قبوڵ نیە ،بۆیە هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێت ئەو وەزعیەتە پێویستى بە گۆڕانێکى ریشەیى هەیە و دەشگۆڕێت ! بە مانایەکى تر، ئەگەردوو دەیە عەقڵیەتى شاخ توانى حوکمى کۆمەڵگا بکات ئەوا بە هۆى ئاڵوگۆڕەکانى عێراق و کوردستان و ناوچەکە و جیهان و هۆشیارى و بە ئاگایى خەڵکى کوردستان لە رووداوەکان،لە داهاتوودا ناتوانێ بە هەمان ریتم سیاسەت و ستراتیژەکانى بەرێتە پێشەوە،چونکە ئەو سیستەمەى کە حیزب و حکومەتى لەسەر بنیاد نراوە لەسەر بنەماى خێلەکیەوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر و بەرامبەرەکەى دەکات و بەمەش ناتوانێ مامەڵەى تەندورست و مەدەنى بێت و جێگاى فرە رەنگى تیا نابێتەوە و سەرەنجام ماف و ئازادى و ژیان و چارەنوسى مرۆڤەکان لە تێروانینێکى تەسکى حیزبایەتیەوە چاوى لێدەکرێت و دیاریدەکرێت ، وەکو ژیانى ئیستاى کوردستانى لێدێت.
ئەوەى جێگاى مەبەستى ئەو کورتە نوسینەیە،ئەو گۆڕانکاریە چۆن روودەدات؟ لەکوێوە دەست پێدەکات و لە کێوە کۆتاى دێت؟ ئایا دەسەڵاتى زاڵى نێو کۆمەڵگا کە لە هەموو ئیمکانیاتێک بەهرەمەندە و هێزى لەبەردەستایە رێگا دەدات لەدەرەوەى خۆى ئەو گۆڕانکاریە رووبدات و زەمینەى دەرکێشانى کورسیەکانى بەرێبخرێت و هەرەشەیەک بن بۆ سەر دەسەڵات و سەروەت و سامان و بەرژەوەندییەکانى!؟
بەرپاکردنى شۆرش و بەرێکردنى کودەتا لە وەزعیەتى سیاسى و کۆمەڵایەتى کوردستاندا زەمینەى نیە و ناواقیە و زۆرێک لە هێز و لایەنەکانیش ئەوەیان لا رۆشنە و بۆیە تاقیناکرێتەوە و دەستى بۆ نەبراوە ،دەسەڵاتى توتالیتى و زاڵکردنى فەرهەنگێکى نامەدەنى و میلیشیایى بەسەر خەڵک و مۆنۆپول کردنى نان و هەناسە و ناچارکردنیان بە کەمترین پێداویستى رۆژانە،هەروەها فراوانبون و گەورەبوونى دەستە و کۆمەڵەو ئەحزابەکان و یەکگرتوکردنیان لە بەدیل و پلاتفۆرمێکى جیاواز لە ستراتیژى پارتى و یەکێتى ، ئومێدێک لە نێو دڵى کەسدا جێناهێڵێت.تەجروبە لەم بارەیەوە زۆرە ،زۆر ئاساییە بۆ ئەوەى دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیان نەچێتە لێژییەوە بە شێوازى توندتر دەستى بۆ بەرن وەکو ئەوانەى لە پێشتردا دەستیان بۆ بردووە، لە ماوەى ئەم دوو دەیەى دەسەڵاتى سیاسى لە کوردستاندا بە دەرکردن لە وەزیفە و گواستنەوە و نان بڕین و هەرەشە و چاوسورکردنەوەیەک و شل کردنەوەى دەرگاى زیندان و دادگاکان ئەو کۆڕ و کۆبونەوانەیان پەرت و بڵاوکردوە و مەترسەکانیان دوور خستۆتەوە و ئامادەن چەندین کەڕەتى تر لەژێر بەهانەى (لەپشت بوونى دەستى دەرەکى و تێکدانى ئەزموونەکە و هەرەشە بۆسەر ئاسایشى نەتەوەیى و پێشێل کردنى یاسا و دەستور و مقدساتى خەڵک و کۆمەڵگا ....)ئەو هەلوێستانە دووبارە دەکەنەوە و لێناگەرێن شتێکى لێ سەوز بێت.
لە رۆژانى داهاتوو خەڵکى کوردستان بە هەڵبژاردنێکى تر و یاریکردنێکى ناچارى ترى ئەحزابى ناسیونالیستى کوردیدا تێپەڕ دەبێت بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتى تاکڕەوى خۆى و پاراستنى وەزعیەتى موجود،بەڵام لێرەدا بەهۆى لە ئارادا نەبونى میکانیزمێکى تر بۆ گۆڕان کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، دەکرێ خەڵکى کوردستان سوودى لێوەرگرن و ئەم مانۆڕە بەلایەنى کەم دەسپێکێک بێت بۆ گۆڕان و پەیامێک بدات بە گوێى پارتى و یەکێتى کە دەسەڵاتى رەهایى ئەوان تاسەر بەردەوام نابێت،لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە رۆشنە وەکو هەموو هەڵبژاردنەکانى تر دەست لە هەموو شێوازێکى سەرکوت و داپڵۆسین هەڵناگرن و ئەگەرى هەموو جۆرە توندوتیژیەکى لێدەکرێت و سەرەنجامیش حیسابێک بۆ ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ناکەن،بەڵام بەپێى زانیارییەکان لە هەڵبژاردنى ئەم جارەى پەرلەمانى کوردستاندا لەژێر سەرپەرشتى و چاودێرى نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمەریکیەکان و وڵاتانى ئەوروپى بەرێوە دەچێت و کۆمەڵێک رێکخراوى مەدەنى و دەزگاى راگەیاندنى دنیا بەدوایى ووردەکارییەکانیدا دەچن، ئەگەرى پێشێلکاریەکان کەمترە لە جارانى پێشووتر و دەتواندرێ خەڵکى نارازیش قسەى خۆى تیا بکات و هەڵوێستى خۆى نیشان بدات .
لە ئەمرۆى کوردستاندا هەڵبژاردن هەرگیز بەماناى هەڵبژاردن نیە بۆ دەستەبەربوونى مافە فەردیى و مەدەنیەکان، هەڵبژاردنى لە گۆڕنانى سیستەم و یەکە ئیداریەکان نابێت ، هەڵبژاردن و لێسەندنەوەى چارەنوسى خەڵک نیە لەدەست چینى دەسەلاتداردا ، هەڵبژاردنى کۆتایهێنان بە گەندەڵى و بە هەدەردانى سامانى خەڵک و نا رۆشنى لە بودجە و داهات و خەرجیەکان نیە و نابێت ، بەڵکو دەکرێ ئەم هەڵبژاردنە بکەین بە سەرەتایەک، دەروازەیەک بۆ ئاڵوگۆڕ لە هەموو ئەو شتانەى کە باسمان کرد و شلۆق کردنى گۆمى مەنگى دەسەڵات لە کوردستاندا، بەڵام کێشەکە لێرەدایە ئایا هێز و لایەنێک هەیە لە کوردستان جێگاى متمانەى خەڵک بێت و بە تایپێکى جیاواز و سەردەمیانە کار بکات هەموو ئەو هەڵانەى دەسەڵاتى سیاسى کوردى کردى ئەو دووبارەى نەکاتەوە مامەڵەیەکى تەندورست لەگەڵ خەڵک و بەرامبەرەکانى بکات ؟
هەر نەبوون و دەست نەکەوتنى وەڵامى ئەو پرسیارەشە چەندین ساڵە خەڵکى لە نێو دوو ریانێکى سەختدا راگرتوە و گۆڕان و گۆڕانکارى لە نێو دەسەڵاتدا کردۆتە کارێکى کەمێک قورس.
مانەوە لەم وەزعیەتە هەرگیز بە قازانجى خەڵکى کوردستان نیە، نوخبەیەکى کەم لەوپەرى رفاهیەتدا دەژین و دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانى بەریوەبردنەوە گرتووە و بە ئارەزووى خۆیان یاساو دەستورى مەتاتى دادەرێژن و بەسەر خەڵکى هەژار و کەمدەرامەتى پەیڕەو دەکەن ، یارى بە ژیان و چارەنوسیان دەکەن و رۆژانە دەیان کەڕەت هەستى مرۆڤەکان بریندار دەبێت بەبێ هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک.
بۆیە ئەگەر ئەوان مانۆڕ بۆ مانەوە و شەرعیەتدان بە دەسەڵاتەکەیان بەرێبخەن، با ئێمەش ئەو مانۆڕە بکەین بە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکارى و سەرەوگووم کردنى دەسەڵاتى تاکڕەوى و دەست راگەیشتن بە مافو ئازادییە سەرەتاییەکان.
Bashdar_net@yahoo.com