هەولێر، لە دەروونەوە نەخۆشە!

ماڵه‌وه 

بەشدار على

لێکۆڵینەوە سایکۆلۆژیى  زانستییەکان ودکتۆر و مامۆستایانى بوارى دەروونى و نەخۆشیەکانى، ئەوە دووپات دەکەنەوە کە مرۆڤ توانایەکى لە رادەبەدەرى هەیە و دەتوانێ بەسەر زۆرێک لە کێشە و گرفت و بەربەستەکانى ژیاندا زاڵ بێت و چارەسەریان بکات بەبێ ئەوەى کاریگەرییەکى نێگەتیڤ بەسەر هەست و دەروونى ئەو مرۆڤە جێ بهێڵێت، چ جاى تێک چوونى دەروون و لەدەستدانى بیرکردنەوەى!مەگەر کێشە گەلێکى زۆر و گەورە و لە چارەنەهاتوو دەوورى مرۆڤەکان بتەنێت ئەوکاتە مرۆڤ دووچار دەبێت.

بەداخەوە بەپێی داتایەک لە نەخۆشخانەى فێرکارى هەولێرەوە بەدەستم گەیشتووە، رێژەى دووچاربوانى دانیشتوانى شارى هەولێر و دەووروبەرى بە نەخۆشیە دەروونیەکان لە چاو ساڵانى پێشووتر زۆر روو لە زیادبوونە،بە گوێرەى ئەو داتایانە لە ماوەى(18)مانگى رابردوو (685)کەس دووچارى نەخۆشى دەروونى هاتوون کە هەموو جۆرێکى تیایە تا دەگات بە توندترینیان لە هیستریا و شیزۆفینیا و هەروەها لەدەستدانى عەقڵ و بیرکردنەوە بە تەواوەتى، هەر بەپێی ئەو داتایانە(481)حاڵەت پیاون و (204)یش ئافرەتن، دیارە ئەو بەشێکە لە واقعى تۆمارکراو کە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و زیندانەکان و بەشێکى زۆریشیان لە ماڵەکان و ناوچە دوور لە شار و لەگوندەکان توندکراون، لەکاتێکدا لە هەموو دونیا ئەو کەسانەى کە تووشى نەخۆشى دەروونى دەبن دەخرێنە ژێر چاودێرى و چاکسازىءئەگەرى چارەسەریشیان زۆرە، نەوەک زیندان وەکو ئەوەى حکومەتی کوردستان کردوویەتى کە نەک هەر نەخۆشیەکەى بەرەو چاکبوون نابات بەڵکو قوڵتر و ترسناکترى دەکات، ئەمە بێجگە لەو خەڵکانەى لەبازار و شەقامەکان و مامەڵە و کڕین و فرۆشتن و کاسبى و خوێندن و جوڵانەوە و گفتوگۆکانیان بە ئاشکرا هەست بە نائاسایى بارى دەروونیان دەکرێت .

وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد، ژینگەیەک تێکچوونى بارى دەروونى مرۆڤ و لەدەستدانى عەقڵ و کۆنترۆڵ نەکردنى بیرکردنەوە لێدەکەوێتەوە، کە ئەوپەڕى خراپى گوزەران و کەڵەکردنى کێشە و گرفتە رۆژانەیەکان و بێئومێدى و داخرانى هەموو دەروازەکانى باشتر بوون لە ئارادابێت، ئەم داتایانەش جارێکى تر بەیانى خراپى و وێرانى گوزەرانى خەڵک دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو شوێنێکى دونیا ئەو جۆرە نەخۆشیانە و بگرە مەترسیدارتریش هەیە، بەڵام هەرگیز وەکو کوردستان رێژەکەى ئاوا بەرز نیە، تەنانەت وەکو دیاردەیەک و پەتایەک چاوى لێدەکرێت و دەبیندرێت.

خەڵکى کوردستان بەردەوام لەنێو بیرکردنەوە و دڵەراوکێ و ترس و کارکردن و بێکارى و نەبوونى  و دەستەبەرنەکردنى پێداویستیەکان و مسۆگەرنەکردنى کرێی خانوو و جل و بەرگ و ژەمى بەیانى مناڵەکانى و نادیارى چارەنوسى بەیانى...،خول دەخواتەوە.بینینى رۆتینات و گەندەڵى و دزى و راوڕووتى و نایەکسانى و خنکاندن و سەرکوتى دەنگە جیاوازەکان...، بۆتە دیمەن و دیاردەى هەمە رۆژە و چاو و گوێچکەکانمان ئازار دەدەن.

خەڵک لە ئایندەى سبەى دڵنیا نییە و نازانێ چاوەڕوانى سوپاى تورکیا یان ئیران یان(خیانەتێکى دیکەى) ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى یاخود ئەنفال و کیمیابارانێکى دیکە لەسەر دەستى مالکى بکات، ڕۆژ لەدوایى ڕۆژ گرانى بازار و بەرزبوونەوەى نرخى شتومەکەکان خەڵک هەراسان کردووە و خەڵک بە کەمترین داهات ئەگەر هەیبێت فریا ناکەوێت و مناڵەکانى رووت و برسى دەبن، سەرەتایترین پێداویستیەکانى تەندروستى لە بنکە تەندورستیەکان شک نابرێ، یاسایەک نییە لە دادگاکان کارى پێ بکرێت هێز و توانا هەموو شتەکان یەکلای دەکاتەوە، ئاو کارەبا و رێگاوبان و پێداویستیە سەرەتاییەکانى تر بۆتە خەون!، ساکارترین مافە فەردى و مەدەنیەکانى تاک لە ژێر پرسیاردایە، تەنها لەسەر گۆڕینەوەى نامەیەک و تەلەفۆنێک بە سەدان گەنجى کچ و کور ِخەڵتانى خوێنکراون و دەزگایەک نییە بۆ پارێزگاریکردنى عاشقان!چونکە بەردەوام لەژێر مەترسى کوشتندان، ئەگەر واسیتەیەک لە دائیرەیەک نەبێت بۆ ساکارترین کار نابێت رووى تێبکەیت چونکە کارەکە ناچێتە پێشەوە و دەبێت بەدوایى کەسێک بگەرێیت، سەربارى هەموو ئەمانەش، بەرپرسانى پارتى و یەکێتى لەوپەرى نازونیعمەت و خۆشگوزەرانى دەژین و هەموو سەروەت و سامانى خەڵکیان خستۆتە خزمەتى بەرژەوەندى و کارە تایبەتیەکانى خۆیان... .

ئیتر ئەمە ژیان و گوزەرانى خەڵکە لە کوردستان بۆیە نەخۆشى و دەرد و بەڵاى جۆراو جۆر تووشى خەڵک دەبێت،بەلێشاو کۆچ دەکەن و کوردستان جێ دەهێڵن تەنانەت ئەگەر لە لە باشتر بوونیشى لەدەرەوە دڵنیا نەبێت،دەستە دەستە بە ماددەى بێهۆشکەر ئاڵودەدەبن،رێژەى خۆکوژى و کۆتاى هێنان بە ژیانى خۆیان روو لە زیاد بوونە بۆ رزگاربوون لەم جەهەنەمەى بۆیان خولقاوە.

سەربارى هەموو ئەوانە،بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕ و جێگیر نیە و هەموو شتێک قابیلى گۆڕان و ئاڵوگۆڕە و ووزە و تواناى مرۆڤ و کۆبوونەوە و یەکگرتوو بوونمان دەتوانێ زامنى ئەو گۆڕانە بێت،هەموو بەرەپێش چوون و گۆڕان و باشتر بوون و رزگارى خەڵک لە کێشە و گرفتەکان و دەرد و بەڵاکان لە مێژوودا نیشانیانداوە کە دەبێت یەکگرتوو بین و لە دەورى یەکتر کۆبینەوە و ووزە و تواناکانمان یەک خەین بۆ فەراهەم بوونى ژیانێکى تەندورست.