|
بەشدار
علی
بەرێوبەرایەتی پۆلیسی
هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری رایانگەیاند:( رێژەی خۆکوژی
و رووداوەکانی خۆکوشتن روو لە زیاد بوونە بەتایبەت لەناو توێژی
گەنجان و لاوان،بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین چەک لەماڵەکان
نەهێلێن و لە رێگای لیژنەیەک لە هاوڵاتیان وەربگرینەوە)
بۆ هەموو شتێک پێویستە
چەک لەماڵەکان دابماڵدرێت ،بەڵام بە هیچ شێوەیەک کار لەسەر
کەمبوونەوەی دیاردەی خۆکوژی ناکات ،بۆیە ئەگەر پۆلیس و ئاسایش و
دەزگا ئەمنیەکان گەرەکیتیان بەر بەم دیاردەیە بگرن ،لەرێگای
بەدواداچونێک لە هۆکاری خۆکوژییەکان بکۆڵنەوە و بۆ دامودەزگاکانی
پەیوەندیدار راسپێرن بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.خۆ
ئەگەر چەکیش نەبێت شێوازی تر لەبەردەستایە.
خۆیان ژەهر خوارد
دەکەن،بە چەقۆ کۆتای بە ژیانیان دەهێنن،لەسەربان و چیاو
خەرەندەکان خۆیان دەهاوێن،ملیان بە پەت دەکەن و خۆیان دەخنکێنن...
بەداخەوە شێوازەکانی خۆکوژی زۆرن و وەکو رۆژانە بەرگوێ و چاومان
دەکەوێت.
کێن ئەو کەسانەی
خۆشترین ساتەکانی تەمەنیان بەدەستی خۆیان کورت دەکەنەوە؟ کێن ئەو
کەسانەی مان و نەمان لای یان بەهایەکی نیە و هەر چرکەیەک خۆزگە
بە مەرگ دەخوازن و کۆتای بە ژیانی خۆیان دەهێنن؟بێگومان ئەو
کەسانەن کە تروسکایەکی ئومێد لە دڵیاندا نەماوەتەوە و هەموو
دەروازەیەکی باشتر بە روویاندا داخراوە و لە هەر شەش لاوە
فشارەکان بەردەوامیان هەیە و رێگایەکیش شک نابەرێ بۆ چارەسەری..
چەندین ساڵە کاردەکرێت
بۆ دورستکردنی ئەو ژینگەیەی کە ئیستا خۆکوژی کردۆتە دیاردە و
سەدان دایک و باوک جەرگ سوتاو کرد،دەسەڵات و لایەنە
پەیوەندیدارەکانیش درەنگ خەبەریان بویەوە و ئیستاش بەم میکانیزمەی
رایانگەیاندوە ناتوانن بەر بە گیان لە دەست دانی دەیان و سەدان
گەنج بگرن،چونکە ریشەی ئەو دیاردەوە لە شوێنێکی تر سەرچاوەی
گرتوە و و ئاو لە کانیەکی تر دەخواتەوە،هۆکار و بابەتی تر لە
پشتەوەی پەرەسەندنی خۆکوژی ئینسانەکان خۆی حەشارداوە کە لایەنە
پەیوەندیدارەکان نایزانن یان نایانەوێت قسەی لەسەر بکەن؟!
خەڵکی کوردستان ئیستا
هۆشیارەو بە چاوی خۆی هەموو شتێک دەبینێت و لاپەرەی سپی
دەخوێنێتەوە و پێویستی بە پەردەپۆشی و میکیاج نیە،ئاستی
خزمەتگوزارییەکان لەژێر سفردایە،گرانی و هەڵاوسانی نرخ باڵی
بەسەر بازاردا کێشاوە،بێکاری بەڵایەکە رۆژانە دەیان خێزان
هەڵدەوەشێنێتەوە و هەرەشە لە سەدانی تر دەکات، جیاوازی و
هەڵاوردنی نێوان چینەکان تا ئەو پەڕی خۆی گەیشتوە،لە شارێکی دە
هەزار کەسیدا گەنجان شوێنێک شک نابەرن کە بە ئارامی بێ دوو دڵی و
چەند ساتێکی ئارامی تیایدا بەرێبکەن، یاساو دەستوری سەدەکانی
ناوەراستی مرۆڤانی نیاندەرتاڵ بەسەر گەنجانی سەدەی بیست و یەک
پەیڕەو دەکەن،ئیتر ئەمانە هۆکاری بێزاری و بێ ئومێدی خەڵکە و
پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لێرەوە بۆ بەرگرتن بەم دیاردەیە دەست
پێبکات.
بەهەزار و یەک شێوە کار
لەسەر یەخسیرکردن و کۆیلە کردنی گەنج دەکرێت و وایلێدەکەن بیر
نەکاتەوە و گوێرایەڵ بێت و باس لە دونیا بینیەکەی خۆی نەکات
،بێگومان ئەمەش دژی بیرکردنەوەی گەنجە و لاوان ناتوانن ئاوا
بیگوزەرێنن و ئەنجامەکەشی بەداخەوە بە یاخی بوون و خۆکوژی
کۆتای دێت ،چونکە دوایی نائومێدی بە فەرامۆشی دەسپێردرێن و
دەزگا و لایەنێک نیە بۆ چارەسەری و بەدواداچونی کێشە و گرفتەکان
و بە تاڵکردنەوەی لە رق و توڕەبونەکانی.
بە هەزارەها کچ و کوڕ
مەترێک زەوی شک نابەرن و خێمەیەکی تیا هەڵدەن و بەیەکەوە بژین
،ناچار دوای چەندین ساڵ لە سۆز و خۆشەویستی بە ناچاری دەست لە
یەکتر هەڵدەگرن ،بەرپرسانیش خاوەنی چەندین کارگە و کۆمپانیا و
کۆشکن ! خەڵکی ئاسایی دەستیان بە سەرەتاتریت ئامێرەکان سەردەمەوە
راناگات و مەحرومن لێی ، بەرپرس و خانەوادەکانیشیان خاوەنی هەموو
شتێکن و لە هەموو شتێک دوا مۆدێل نەبێت بەکاری ناهێنن ،جا حکومەت
و دەسەڵاتێک کە لە توانایدا زۆر بە ئاسانی هەموو ئەو کێشانەی
لاوان چارەسەر بکات،بەڵام کە نایکات بۆ نایکات؟!
ئیتر دیاردەی خۆکوژی
هۆکاری تری هەیە و پێویستە ئاڵوگۆڕی ریشەیی لە سیستەمەکانەوە
دەست پێبکرێت،لە باش کردنی ژیانی خەڵکەوە دەستی بۆ ببرێت،لە
بنەبڕکردنی گەندەڵی و دزی و راوڕووتی بەرپرسە نا مەسئولەکانەوە
دەست پێبکرێت،لە زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابین کردنی
خانوبەرەی گونجاو بەبێ جیاوازی بۆ هەموان دەستی بۆ ببرێت،لە
کەمکردنەوەی جیاوازییەکانەوە دەستی بۆ ببرێت،لە لێپرسینەوە و
بەدواداچونی کێشە و گرفتەکانی خەڵکەوە دەست پێبکرێت...،نەک لە
رێگای کۆکردنەوەی چەند پارچە چەکێک،چونکە کە نا ئومێدی و بێ
هیوایی ئینسان گەیشتە ترۆپک ، هەموو رێگایەک تاقیدەکاتەوە بۆ مردن
و مانەوەی خۆی بە پێویست نازانێ! |