لەیادى راپەریندا...

ماڵه‌وه 

بەشدار على

ئەم رۆژانە هەژدە ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر راپەرینى جەماوەرى خەڵکى کوردستاندا ،کە لە ئەنجامدا دەسەڵاتى بەعسى بە شێوەیەکى فیزکى لە کوردستاندا کۆتاى پێ هات.

لەماوەى زیاتر لە سى ساڵ حوکمڕانى ئەم رژێمەدا لەکوردستان و عێراقدا،جگە لەماڵوێرانى و بێ دەرەتانى برسیەتى و شەڕ و کوشتن و بڕین و سەرگەردانى و ئاوارەیى،نەیتوانى شتێکى تر بە چاو و گوێچکەى خەڵک ئاشنا بکات،هەر ئەمەش هۆکارى سەرەکى راپەرینى خەڵک بوو لە دژى ئەو رژێمە نەگریسە و لە کوردستاندا وەدەریاننا،پەندێک هەیە دەڵێت( هەموو شتێک لە باریکیدا دەپچڕێت،بەڵام زوڵم و زۆردارى لە ئەستورى)ئەمە رێک لەگەڵ دەسەڵاتى بەعس و کۆتاییەکەى دێتەوە.

ئەوەى جێگاى باسەکەى ئێمەیە ئەوەیە ، دوایى هەژدە ساڵ ئازادبوون لە فاشیترین دەسەڵات و  و سەربەخۆیى و حوکمڕانى و تێپەربوونى پێنج کابینەى حکومەتى کوردستان خەڵکى هێشتا بەدەست کێشە گەلێکى زۆردا گیریان خواردووە ، برینەکانى سەردەمى بەعس هێشتا بە رووخسارى کۆمەڵگاى کوردییەوە دیارە و سارێژ نەبوە ، بەداخەوە دەبوایە خەڵکى کوردستان ئیستا بەختەوەرترین خەڵک بن لەسەر ئەم زەمینە.

خەڵکى کوردستان بۆچى رژێمى قەومى بەعسیان رەفز کردەوە؟چونکە یاسا و دەستوورى ئەشکەوتیان بەسەر سەرى خەڵکدا فەرز کردبوو و بەم هۆیەشەوە دەست و قاچى خەڵکیان بۆ  ساکارترین گۆڕانکارى و بەوەوپێش چوون کەلەبچە کردبوو، بەداخەوە دوایى نزیکەى دوو دەیە ئەو یاسایانە نەیانتوانى گوڕانکاریەک بەخۆوە ببینن، بە پەیڕەو کردنى ئەو یاسایانە هیواو خۆزگەى هەزارەها لاو خرایە ژێر گڵ،دڵ و جەرگى هەزارەها دایک و باوک داخ کرا ، خەڵکى لەدەست بێکارى و برسیەتى و نەبوونى جامى سەبرى پڕبوو و راپەڕى،دیسانەوە برسیەتى و نەبوونى بویە مۆتەکە و دەستى خستە بیتاقاقاى سەدان خێزان،بەعس هەمیشە لە هەوڵدابوو بۆ ئەوەى بچوکترین پرۆژەى خزمەتگوزارى لە کوردستاندا ئەنجام نەدرێت و تا گووم بوونیشى نەیهێشت ئەنجام بدرێت و چەندین نەوەش بەم داخەوە سەریان نایەوە،دەسەڵاتى سیاسى لە کوردستاندا نەیتواى ساکارترین خەون و خولیاکانى خەڵک لەماوەى چەندیت سالى پێشودا لە بابەت ئاو و کارەبا و سوتەمەنى و رێگاوبان و  و خانوبەرەى گونجاو بکاتە واقیع سەربارى لەبەردەستابوونى زۆرترین ئەمکانیات و بودجە و هاوکارى و یارمەتى وڵاتانى دونیا و جێبەجێ کردنى بڕیارى(986) ،مناڵان و گەنجانى ساڵانى هەشتاکان و نەوەدەکان بوون بە قوربانى سیستەم و پرۆگرامێکى دارزیو و ئیفلیج و دەیان نەخۆشى دەروونى و عەقڵى دووچار کردوون و نەوەیەکى ناتەندورستیان لێ دەرچوو، کە ئاوى لە نا ئینسانیترین سەرچاوەوە خواردۆتەوە  و تا ئیستاش لە ناوەندەکانى خوێندن پەیڕەو دەکرێت، سەرەنجام بەداخەوە بە مانەوەى ئەو سیستەمە نەوەى نەوەدەکانیش بە دەردى ئەوانى پێشووترى خۆیان رۆیشتن.

لەبەرامبەر هەموو ئەمانەشدا بەعس نزمترین دەنگى نارەزایەتى بە ئاگر و ئاسن وەڵام دەدایەوە و نارازى بوونى هەر تاکێک لەم وەزعیەتە بە مەرگى خۆى و خانەوادەکەى کۆتاى دەهات ، لەدوایى راپەرین و بەعسیش کەم نەبوون ئەو کەسانەى لەسەر رستە و نوسین و سوکە گلەییەک خرانە زیندان و بە مەرگ سپێردران، ئیتر ئەو سیاسەت و سیستەمانە بۆ مرۆڤى ئەو سەردەمە جێگاى قبوڵ نیە ، خەڵک هۆشیارە و بە ئاسانى رەش و سپى لە یەکتر جیا دەکاتەوە و نان و ئازادى و ئەمنیەت و خۆشگوزەرانى ساکارترین مافى خەڵکە و بەبێ قەید و شەرت دەبێت دابین بکرێت.

 بەڵام گەورەترین دیاردە لەدوایى راپەرین کە هێز و ووزەى لەنێو گیانى خەڵک نەهێشت و ئینتما  و گیانى دڵسۆزى خستە کەنارەوە ، قوڵبوونەوەى جیاوازى لەنێو چینەکانى خەڵک و نەبوونى دادى کۆمەڵایەتى بوو، چونکە خەڵک دەبینێت کە بەرپرسان لەو پەرى ناز و نیعمەت و رەفاهیەت دەژین و خاوەنى هەموو شتێکن و بەشى هەرە زۆرى خەڵکى کوردستان بەدەست نەبوونى سەرەتاترین پێداویستى دەناڵێنن.

دوایى 18 ساڵ لە راپەرین و ژێرەو ژوورکردنى دەسەڵاتى تولیتارى دڕندەى بەعس، ئیستا لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە راپەرینە بۆ ئازادى و سەربەخۆیى و گێرانەوە ژیان و ئەمنیەت و خۆشگوزەرانى بۆ خەڵکى کوردستان، راپەرینێکى بەهێزى رۆشنبیرى و فەرهەنگى و کەلتورى و هۆشیارى و یاساییمان گەرەکە،بۆ گەڕاندنەوەى سەروەرى بۆ مرۆڤەکان،بۆ نەمان و بنەبڕکردنى جیاوازییەکان و دەست کۆتاکردنى هەموو ئەو کەسانەى سامانى خەڵک بەفیرۆ دەدەن،بۆ بەرەوپێش بردنى فەرهەنگ و کەلتور لە کۆمەڵگا و توڕ هەڵدانى فەرهەنگى دارزیو لە کۆمەڵگادا،دواتریش بۆ گۆڕینى سیستەمەکانى نێو کۆمەڵگا.