شیوەنى ئیسلامیەکان بۆ هەریسەکەیە !

ماڵه‌وه 

  

دوایى تێپەر بوونى (10)رۆژى تەواو بەسەر بۆردومانەکانى کەرتى غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە،لە ناکاوێک ئیسلامیەکانى کوردستان وەک بڵێى( ئیلهامیان) بۆ هاتبێت بە شێوەیەکى توند ئیدانەى ئەو کارەیان کرد و سەرەنجام کۆبوونەوەیەکى فراوانیشیان لە هۆڵى هاى سیتى لە هەولێر ئەنجام دا،دیارە بێدەنگى چەند رۆژەیان هێمایەک بوو بۆ ئەوەى کە دەیانویست وەکو دەیان موسیبەتى ترى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى لە دونیا چاوپۆشى لێبکەن،بەڵام دیار بوو لە جانبێکى ترەوە فشاریان کرایە سەر!

بروا ناکەم هیچ کەسێکى خاوەن ویژدان هەبێت  لەگەڵ بینینى دیمەنى لەت و پەتکردنى  مناڵان و گەنجان و پەککەوتوانى غەززە شەو خەوى لێ نەزرابێت، ویژدانى ئازارى نەدابێت و کۆڵێک فرمێسکى بۆ هەڵنەرشتبن، ئەو کردەوەیە دونیاى نابەرابەرى وەحشیگەرى لەژێر باڵا دەستى ئەمەریکا  لاى خەڵک زیاتر ناشیرن کرد، بەڵام هەڵوێستى ئیسلامیەکانى کوردستان بانێکە و دوو هەوا !

دونیاى نابەرابەرى و دوورکەوتنەوە  لە عەقڵ و مەنتق و هەنگاونان بەرەو نقوم بوونى زیاترى خەڵک لە خوێن،لە سەراسەرى دونیا لەچوارچێوەى ستراتیجى ئەمەریکا خەریکە دەچێتە پێشەوە.ئەم چەند رۆژە ئیسرائیل بە سەخترین شێوە غەززەى بۆردومان کرد و بەسەدان خەڵکى بێ تاوان هاوشێوەى عێراق و ئەفغانستان بوونە قوربانى ئەو سیاسەتە دژە ئینسانیە،کەسێکیش نیە گومانێک لەوە بکات لەخوێن هەڵکێشانى فەڵەستینیەکان بەشێکە لەو وەحشیگەریە و بەربەریەتەى کە ئەمەریکا چەند سالێکە دەستى بۆ بردووە،ئیسرائیلیش بەبێ هاوکارى و یارمەتى ئەمەریکا ناتوانێ ئەو کارانە بکات و بۆ هەموو شتێکیش دەگەرێتەوە لاى برا گەورەکەى!.

ئیسلامیەکانى کوردستان پێویستە خۆیان یەکلایبکەنەوە، نابێت خورمژت بیت! لەلایەک لە پێناو بەدەست هێنانى سەروەت و سامان و پۆست و مانەوەیان  خۆیان لەگەڵ هەموو پرۆژە و بەرنامەکانى ئەمەریکا و رۆژئاوا جووت کردوە و لە ئەلفەوە تاکو یا  کێشەیەکیان لەگەڵیان نیە،لەلایەکى ترەوە لەبەر( بەرژەوەندییەکى زیاتر) لەبەرامبەر یەکێک لە نزیکترین دۆستەکانى ئەمەریکا کە لەم دەورەیەدا  پرۆژەیەکى ئەمەریکاى پێسپێردراوە لە غەززە سەنگەر دەگرن و خەڵکى کوردستانیان لەدژى هان دەدەن. 

ئەم (نا) ووتنەى ئیسلامیەکانى کوردستان نا ووتن نبە بۆ جەنگ و کوشتن و برین و کۆتاى هێنان بە ژیانى خەڵکى سڤیل و بێ تاوان،ئەگەر ئەمانە دژى جەنگ و ماڵوێرانى و کوشتن بونایە و سەلامەتى گیانى مرۆڤەکانیان لا مەبەست بوایە،دەبوایە بۆ لە خوێن هەڵکێشانى خەڵکى عێراق و ئەفغانستان شایلۆغانیان نەکردایە و پێش لەشکریان بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى(ئیسرائیل یەکێک بوو لە هاوپەیمانە بەهێزەکانى)نەکردایە، تاکو ئیستا رۆژانە لاشەى ئینسانەکان بە لەت و پەتى دەچێتە ئاسمانەوە و پاروو چەورەکەشى بەشێک دەچێتە گیرفانى ئەمان،ئەگەر زەرەیەک ویژدانیان بۆ گریە و نوزەى مناڵان لێبدایە و سیاسەت و بەرنامەیان نزیکایەتیەکى لەگەڵ ئاشتى و ئارامى و ئاسودەى هەبوایە، نەدەبوونە بە یەکێک لە جێبەجێکارانى بەرنامە و سیاسەتى ئەمەریکا لە عێراق و کوردستاندا کە بە ئاشکرا لە پشتەوەى بۆردومانەکانى غەززەوەیە و دووریش نیە ئەگەر ئەمەریکا دۆستى وەکو یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوەى بۆ دورست بێت، قەتڵ و عام و کوشتن و برینى زۆر زیاترى بەدواوە دێت.

بێجگە لەمانە  ئیستا کۆمەڵگاى کوردستان بەدەست دەیان کێشە و گرفتەوە گیرۆدەیە و خەڵکەکەشى لە مردنەکى شێنەییدا ژیان دەگوزەرێنن،بەڵام بۆ ساتێکیش ئەو کێشە و گرفتانە نەبویە هەوێنى بەرنامەیەکى ئەو (مرۆڤ دۆستانە)و ئێوارە کۆرێکى بۆ تەرخان بکەن و بەشێک لە بەرنامە و راگەیاندنەکانیان بۆ ئەو کێشە و گرفتانە تەرخان بکەن.

 تاکو ئەو ساتەش رۆژانە ئێران و تورکیا بۆردومانى ناوچە شاخاوى و سنورییەکان دەکات و خەڵکەکەشى دەبنە قوربانى و ئاوارە و سەرگەردان دەبن، تیرۆ و تۆقاندن و کوشتن و رفاندن نزیکترین ئەگەرێکە لە ژیانى هەر یەکێک کە لە عێراقدا بژیت، برسیەتى و نەبوونى و بێکارى و بێ خانە و لانەى دەستى خستۆتە بینەقاقاى خەڵکى عێراق و کوردستان ،گەندەڵى و رۆتینات و بە هەدەردانى سامانى ئەو وڵاتە بۆتە دیاردە و لە دوورەوە بە سەروسیماى دەسەڵاتدارانەوە دیارە ، یاریکردن بە چارەنووسى خەڵک و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ هەواڵگرى و دەزگا سیخورییەکانى دونیا ، عادەتێکە و هیچ یەکێکبان سڵى لێناکەنەوە ، ......هەموو ئەمانە نەبویە مەوزوع و  مەترسى و دیاردە و کارەساتێک تا یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوەى ئیسلامى  هەستى پێبکەن!

ئەو هەڵوێستەى ئیسلامیەکان هەڵوێست بوو بە نرخى رۆژ،هەڵوێستێک نەبوو بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژە دژە ئینسانیەى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى خەریکە لەسەراسەرى دونیا بەرێوەى دەبەن،بۆیە ئیتر کۆتاى پێدەهێنن و نایانەوێت لەمە زیاتر توند بێت و بەرژەوەندییەکانیان بکەوێتە مەترسیەوە.