|
بنار
مسته‌فا
bnarmustafa@yahoo.co.uk |
سه‌ره‌نجام سۆسیالیست
ئه‌نته‌رناسیۆنال له‌دوا کۆنگره‌ی خۆیدا، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانی وه‌ک
ئه‌ندامێکی هه‌میشه‌ی خۆی قبوڵ کرد. سه‌رکردایه‌تی ینک زۆر پێشتر جاڕی ئه‌مه‌یان
دابوو، بۆ نمونه مه‌لا به‌ختیار له به‌هاری 2005دا ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند1،
ئه‌و کات هێشتا ینک له ژێر چاودێری ڕێکخراوی ناوبراودا بوو.
ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کانی
سه‌ر به یه‌کێتی نیشتیمانی هه‌واڵی ئه‌وه‌شیان بلاوکرده‌وه، که جه‌لال
تاڵه‌بانی، وه‌ک جێگری سه‌رۆکی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنال هه‌ڵبژێردراوه2.
له ڕاستیدا تاڵه‌بانی وه‌ک یه‌کێک له جێگره‌کانی سه‌رۆکیی ڕێکخراوه‌که
هه‌ڵبژێردراوه، که تێكڕایان 30 دانه‌یه3.
ئه‌ندامبوونی یه‌کێتی
نیشتیمانی کوردستان له سۆسیالیست ئنته‌رناسیۆنالدا چ ده‌گه‌ێنێت؟! ئایا یه‌کێتی
پارتێکی زۆر پێشکه‌وتوو و مرۆڤدۆسته؟ پارتێکی ئاشتیخواز و به‌رگریکه‌ره له
مافه‌کانی خه‌ڵکی؟ پارتێکی دیموکراتی و لایه‌نگری مافه‌کانی مرۆڤه؟!...هتد.
ئاشکرایه وه‌ڵامی ئه‌مانه هه‌مووی "نه‌خێر"ه و نا ممکنه. لانی که‌م بۆ خه‌ڵکی
کوردستان یه‌کێتی ناسراوه و جێگه‌ی ئومێد نییه و هیچ سیمایه‌کی پێشکه‌وتنخوازیشی
پێوه نه‌بووه و نییه، زیاتر به پارتێکی ناسیۆنالیستی میلیشیایی و
عه‌شایه‌ر پێناسه
ده‌کرێت و ده‌ناسرێته‌وه.
به بۆچوونی من
ئه‌ندامبوونی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنالدا، پووچی
و لاوازی و بێ به‌هره‌یی ئه‌و ڕێکخراوه ده‌خاته ڕوو، که ئاماده‌ییه پارتێکی
میلیشیایی وه‌ک ینک بکاته ئه‌ندامی خۆی. ده‌ستنیشانکردنی جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک
یه‌کێک له جێگری سه‌رۆکی ڕێکخراوه‌که، ئه‌م ڕاستیه ده‌سه‌لمێنێت.
ڕێکخراوی سۆسیالیست
ئه‌نته‌رناسیۆنال ڕێکخراوێکی بۆرژوازی جیهانیه و پێکهاتووه له هێزه سۆسیال
دیموکراته‌کانی وڵاته جیاوازه‌کان، که زۆرێکیان ماوه‌یه‌کی درێژ حوکمی وڵاتانیان
کردووه،
به تایبه‌تی له ئه‌وروپادا و زۆرێکیشیان تا ئێستا هه‌ر له ده‌سه‌ڵاتدان.
سیاسه‌تی ئه‌م پارتانه تا ئێستا ئاراسته‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی نه‌بووه له‌گه‌ڵ
سیاسه‌ته دژه ئینسانیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و جه‌نگه وێرانکه‌ره به‌رده‌وامه‌کانی.
پارتی کرێکارانی به‌ریتانیا، که ئه‌ندامێکی چالاکی ئه‌م ڕێکخراوه جیهانیه‌یه،
هێزێکی سه‌ره‌کی بوو له به‌ڕێوه‌بردنی جه‌نگ دژ به خه‌ڵکی عێراق. هه‌روه‌ها له
کرێکاران و خه‌ڵکی وڵاتی خۆشیاندا ڕۆژ به ڕۆژ خه‌ریکی ئه‌وه‌ن که
ده‌ستکه‌وته‌کانیان له چنگی خه‌ڵکی ده‌ربکێشن.
هه‌روه‌ها ئه‌و ناوه‌ش
که به خۆیانه‌وه هه‌ڵواسیوه "سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنال"، کاریگه‌ری
بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیزمی مارکسه و ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ره، ناوێکه
بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و فریودانی کرێکاران و خه‌ڵکی ئازادیخواز. خه‌ڵکی ئه‌وروپا
ده‌مێکه په‌نجه‌ی خۆیان گه‌زیوه له به‌رامبه‌ر ئه‌م هێزانه‌دا. بۆیه وه‌رگرتنی
ینک له‌م ڕێکخراوه‌دا شتێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره نییه، به‌ڵکو دیارده‌یه‌کی گونجاوی
دنیای ئه‌مڕۆیه، که هه‌موو پێوانه‌کان سه‌رمایه‌داری و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه و
جه‌نگی دڕندانه‌ی نێوان سه‌رمایه‌دارانه.
ئه‌وه‌ش له یاد
نه‌که‌ین، که هه‌ر له ڕێکخراوی سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنالدا چه‌ندین پارتی تری
کۆنه‌په‌رست ئه‌ندامی هه‌میشه‌ین، وه‌ک: پارتی نیشتیمانی دیموکراتی میسر، پارتی
کادیمای ئیسڕائیل ...هتد.4 بێ وتنیش ڕوونه که بوونی ئه‌م پارتانه له
ڕێکخروێکدا، نابنه سه‌ربه‌رزی بۆی.
ئه‌گه‌ر به کورتی
ئاوڕێکی بچووک له مێژووی ینک بده‌ینه‌وه، که سه‌رجه‌م بریتییه له:
به‌خێو‌کردنی هێزه میلیشیاکه‌ی و شه‌ڕی چه‌کداری له‌گه‌ل پارته‌کانی تری کوردستان،
پێش له‌شکرکێشی بۆ هێزه‌کانی پاسدارانی ئێران و جه‌ندرمه‌ی تورکیا، سات و سه‌ودا و
ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسی فاشست، سه‌رکوتکردنی نه‌یارانی سیاسی خۆیان،
مه‌حرومکردنی خه‌ڵکی له سه‌ره‌تایترین مافه‌کانیان، بازرگانیکردن به نانی
ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکییه‌وه، به‌ڕێوه‌بردنی کۆنه‌په‌رستترین ده‌ستوور، به‌کارهێنانی
سوڵحی عه‌شایه‌ری به‌رامبه‌ر به تاوانی کوشتن و ده‌یان بابه‌تی تری له‌م جۆره.
که له تێکڕایاندا، جه‌لال تاڵه‌بانی پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی بووه. ئه‌دامبوونی
پارتێکی له‌م جۆره پیرۆزی سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنال بێت و قابیلیانه!
هه‌روه‌ها دۆسیه‌ی ینک
به‌رامبه‌ر مافی مرۆڤ، نمونه‌یی نییه. ئه‌منێستی ئه‌نته‌رناسیۆنال چه‌ندین جار
له‌م باره‌یه‌وه ڕاپۆرتی داوه5، که له شه‌ڕی ناوخۆدا دیلیان
کوشتوه، ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانیانی داوه، هه‌ڵسوڕاوانی سیاسیان
ده‌ستگیرکردوه...هتد. ئه‌مانه به‌شێکی بچوکن له‌و تاوانانه‌ی ینک ئه‌نجامی داون و
ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ لێوه‌ی دواون، وه‌ک ده‌زانین تاوانه‌کانی ینک له
په‌یوه‌ند به مافی مرۆڤه‌وه لیستێکی زۆر درێژتره. لێره‌دا پرسیاری تێروانینی
سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنال به‌رامبه‌ر به ئازادی و دیموکراتیه‌ت و
مافی مرۆڤ دێته پێشه‌وه، کاتێک پارتێکی میلیشیای وه‌ک ینک ده‌کاته
ئه‌ندامی خۆی.
مه‌لا به‌ختیار هۆشداری
به هه‌ڤاڵانی ده‌دات، که له‌گه‌ڵ دنیای پێشکه‌وتوودا بێنه‌وه6، چونکه
ئه‌ندامێتیان له‌و ڕێکخراوه‌دا له ژێر مه‌ترسیدایه. باشتره مه‌لا بێ خه‌م بێت،
ئه‌گه‌ر ساڵه‌های ساڵه پارته‌که‌ی حسنی مباره‌ک و پارتی تری له چه‌شنی ئه‌مان
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یین، ئه‌وا جێگه‌ی ئه‌مانیشی تێدا ده‌بێته‌وه.
8.7.2008
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
1:
گفتوگۆی مه‌لا به‌ختیار له‌گه‌ڵ ڕادیۆی لاوان له یۆتێبۆری، 23.4.2005
2:
سایتی
PUKmedia
3:
سایتی سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنال
4:
سایتی سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنال
5: بۆ
نمونه ڕاپۆرتی ئه‌منێستی له‌سه‌ر عێراق و کوردستان له ساڵی 2000دا:
http://www.mafhoum.com/press2/72S26.htm
6:
کوردستانی نوێ، 1.7.2008، ل1-2
|