بیست دەقیقەکەی نێوان نەوشیروان مستەفا و نێچیرڤان بارزانی



عرفان کریم

arfan96@yahoo.de

 

پروپاگەندەو ئیدعاکانی بەرپرس و سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆران و بەشێک لەو رۆشنبیر وقەدیم چەپانەى ،کەشوێن ئەم بزوتنەوەیە کەوتون و شەو و رۆژ لە رێگای ،دەزگا راگەیاندەکانی سەر بەکۆمپانیای ووشەوە ،باس لەدەستپێکردن و هاتنە کایەی قۆناغێکی نوێ دەکەن لە دونیای سیاسەت لەکوردستاندا و رۆژانە بەگوێی خەڵکیدا دەدەن کەگوایە ،لەگەڵ دروستبوونی گۆراندا،سەرەتایەکی تازە ،لەسیاسەتی شەفافیەت و کراوەدا هاتۆتەکایەوە و ئیدی ئەمان ،بەپێچەوانەی ئەحزابی مەوجودی تائێستای کوردستان ،سیاسەتی ئەم لیستە بریتی دەبێت لە شەفافیەت و راستگۆیی و لەمەودوا ،ئەمان کۆتایی دەهێنن بەسیاسەتی ووت وێژ و گفتوگۆی ژێر بەژێر و وبریاریدان و رێکەوتن لەپشتی پەردەوە،ئیدی چی تر ،ئەوە تەنها سەرکردەو (قائد) ێک ،نی یە کەبریاری کۆتایی دەدات ،بزوتنەوەی گۆرانیش ،وەکو ئەحزابی شمولی و تۆتالیتاری دیکە نی یە لەنمونەی یەکێتی و پارتی ،کە لەلای ئەوانە ،دەسەڵاتی بریاردەر و موتڵەق ،قۆرغکرابێت لەلایەن تەنها کەسێکەوە .

بەڵام واقع و هەقیقەتی شێوازی گفتوگۆ و کۆبونوەکانی بزوتنەوەی گۆران ،لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی کوردستان وعێراق دا ،ئەوەمان نیشان دەدات ،کە ئەم بزوتنەوەیە نەک نمونەی حزبێکی تۆتالیتاری و شمولی یە ،بەڵکو بارۆمەتری دیموکراسیەکەی ،بەئەندازەی عەقلیەتی دواکەوتووترین هۆز وعەشیرەتیش ،بریاری دەستەجەمعی و شەفافیەتی تێدا بەدیناکرێ ،ئەوەی کە بەئاشکرا لە دەزگاکانی راگەیاندن و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەیبینین ،ئەوەیە کە سیاسەت و رەفتاری ئەم بزوتنەوەیە ،کۆپی و دوبارە بونەوەی هەمان سیاسەتی ئەحزابی بۆرجوازی و ناسیونال عەشیرەتی یە لەکوردستاندا ، تەنها لەروکەشێکی ناوەرۆک پەتاڵدا دەیەوێ نمایشی خۆی بکات ،وە ئەوە تەنها و بەتەنها خودی نەوشیروان مستەفایە ،کە بریاردەری ئەوەڵ و ئەخیرە لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکەدا ،ئەوەتانێ (رێکخەری گشتی ) بزوتنەوەکە ،کەوا لەمانگی ئەیلولی 2011 داو ،بە دوو قۆڵی و بۆماوەی یەک سەعات لەگەڵ مەسعود بارزانی و لە ژورێکی داخراودا و بەبێ ئامادەبوونی هیچ یەکێک ،لەسەرکردەکانی بزوتنەوەکە و کۆبونەوی سازدا ، وە لەوێشدا بینیمان کەچۆن ،ئەو بەرپرس وکادیرانەی گۆران ،تەنها ئەرکی پێشوازیلێکردن و بەخێرهاتنکردن لە مەسعود بارزانی و چاخواردنەوەیان لەگەڵ ئەودا،پێ سپێردا ،وا بۆ جارێکی دیکەش لە 24.01.2012 رێکخەرى گشتی بزوتنەوەکە ،لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ،کاندیدی تازە بۆ سەرۆکایەتی کابینەی نوێ ی حکومەتی هەرێم ،بۆ مامەوەی 20 بیست دەقیقە بە دوو قۆڵی کۆبۆنەتەوە ،کەسێکیش نەبوو بزانێ ،باسی چی کراو لەسەر چی رێکەوتن و دەربارەی چی گفتوگۆیان کرد ،ئەمە لەکاتێکدایە کە وەفدی رەسمی هەردوو لایەن ،واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆران (بەجیا) و لەهەمانکاتدا و بۆ ماوەی سەعات و نیۆێک ،کۆبونەی هاوبەشیان ئەنجامداوە ،لێرەدا پرسیار ئەوەیە ،ئایا ئەم کۆبونەوەی دوو قۆڵیانە ،بۆچی بەجیاواز و بەنهێنی و دوور لەچاوی کامیراو ،بە شاراوەیی دوور لە ئاگاداری وەفدی هەردوو لایەن سازدەدرێت؟ ئەگەر ئەم گفتوگۆیانە لە بەروەژەوەندی خەڵکی کوردستانە ،سیحرو لوغز لە بەنهێنی هێشتنەوەو ئاشکرا نەکردنی ناوەرۆکی قسەوباسەکان لەکوێ دایە؟ ئەگەر مەسەلەکە ،بەشداریکردن یاخود بەشداری نەکردنی لیستی گۆرانە ،لەکابینەی نوێ ی حکومەتی هەرێمدا ،وەکو چۆن ،نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندندا ،باسی لێوەکرد ،کەوایە بۆچی بەنهێنی و دوو قۆڵی یە..؟ بەڵام خودی شاردنەوەی ناوەرۆکی کۆبونەوەی دوو قۆڵی ئەم بیست دەقیقەیە و لەژوورە داخراوەکاندا،ئەو راستیەمان بۆ دووپات دەکاتەوە ،کە سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆران ،بەهەمان شێوەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی ،هێشتا لەژێر چادرگای تاریک و رەش قەترانی شەفافیەتی خۆیاندا ،نەهاتونەتە دەرەوە و ژێر بەژێر و دوور لەچاوی جەماوەر و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان،گەمەی سیاسی خۆیان دەکەن و ئەمانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی سەرمایەو گەندەڵی لەکوردستاندا ،وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی کورد ،بەشوێن دەسکەوت و ئیمتیازاتی حکومەتی زیاترەوەن ،هەربۆیە لەنێو بازنەی کۆبونەوە ،پێنج قۆڵی و سێ قۆڵی و دوو قۆڵیەکاندا ،ئەخولێنەوە و بێزار و ماندوو نابن .

25.01.2012

Copyright © 2007 hkkurdistan.org