![]() |
| مووچه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم!
|
||
ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه له میانه‌ی چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ شێخ بایز تاڵه‌بانی، وه‌زیری دارایی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پرسی بودجه‌ی هه‌رێم، بودجه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که(سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، حکومهتو پارله‌مان)و بودجه‌ی حیزبه‌کان ئهوورووژێنێ. ئه‌گه‌ر چی وهڵامو لێدوانه‌کانی وه‌زیری دارایی له‌م باره‌وه هه‌ر هه‌مووی ڕووکهشو سهرپێیینو به‌هیچ جۆرێک په‌یوه‌ست نابێته‌وه به مه‌سه‌له‌ی باس‌و پرسی شه‌فافیه‌ته‌وه، وه جێگای گه‌لێک ڕه‌خنه‌و به‌دواداچوونه، چونکه له بنه‌ڕه‌تدا ئاراسته‌ی وهڵامو لێدوانه‌کانی بۆ خۆدزینه‌وه‌یه له وه‌ڵامدانه‌وه به گرفتی نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت، به مه‌سه‌له‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی سامان‌و داهاتی گشتی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حیزبی‌و حکومیه‌وه، به سوود وه‌رگرتن له پله‌وپایه‌ی ده‌وڵه‌تی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌و داهات تا ده‌گات به دیارده‌ی ئاشکرای گهندهڵیو فه‌رهودی مومتهلهکاتو سه‌رچاوه‌ی سامانی گشتی کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام من له‌م ووتاره‌دا له‌سه‌ر وه‌ڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامه‌که سه‌باره‌ت به بڕی مووچه‌ی سه‌رۆکی ههرێمو جێگره‌که‌ی ڕادهوهستمو هه‌وڵئه‌ده‌م ڕۆشنایی بخه‌مه سه‌ر هه‌ندێ لایه‌نی گرنگ‌و په‌یوه‌ندیدار که وه‌زیری دارایی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیشی شپرزه‌و ئیحراج کردووه. "ئاوێنه ده‌پرسێ: موچه‌ی مانگانه‌ی سه‌رۆكی ههرێمو جێگره‌كه‌ی چه‌نده؟ شێخ بایز به‌م شێوه‌یه وه‌ڵام ئه‌داته‌وه: من لێره موچه‌ی وه‌زیر ده‌زانم كه ناكاته نیوه‌ی موچه‌ی وه‌زیرێكی به‌غدا كه سافییهكهی 7 ملیۆن‌و چوار سه‌د هه‌زاره، ئه‌ندامی په‌رله‌مانیش به‌هه‌مان شێوه موچه‌كه‌ی نیوه‌ی موچه‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان نیه، به‌ڵام به‌خوا نازانم موچه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم چه‌نده، چونكه وه‌زیفه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی نییه له عێراقدا، له‌گه‌ڵ موچه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا. خۆت لێیان بپرسه، ئه‌وانه حیساباتی خۆیان هه‌یه له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه، كاكه خۆ هه‌موو حیساباتێك له دارایی نییه (هێڵ هی منه)، ده‌رباره‌ی په‌رله‌مانیش په‌رله‌مان شوێنێكی ته‌شریعییه من ته‌داخولی ناكهمو ده‌رباره‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان له پێشدا خۆی وه‌زیری مالییه بووه، ئایا ئێستا پاره‌ی وه‌زیری مالییهكهی وه‌رده‌گرێت یان په‌رله‌مان؟ من نازانم." جێگای پێکه‌نینه وه‌زیری دارایی حکومه‌تێک به‌م جۆره ئاخاوتنانه بچێته نێو باسی مه‌سه‌له‌یه‌کی چاره‌نووسسازی کۆمه‌ڵگاوه له چه‌شنی باسی بودجه. چۆن وه‌زیری دارایی نازانێ مووچه‌ی مانگانه‌ی گرنگترین‌و به‌رزترین خاوه‌ن پۆستی ووڵات، حکومهتو پارله‌مان چه‌نده! هه‌ر خودی ئه‌م بێئاگاییه‌ی وه‌زیری دارایی خۆی ئه‌سڵی بهپهندبوونی چه‌مکی شه‌فافیه‌ته له کوردستان. ئه‌م لێدوانانه‌ی وه‌زیری دارایی به‌رجه‌سته‌ترین داتا‌و دۆکومێنتی ئه‌و ڕاستیه‌یه که له دووتوێی ئه‌زموونی بێوێنه‌ی دیموکراسی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی‌دا، نه شه‌فافیه‌ت مانایه‌کی هه‌یه، نه شه‌رعیه‌تی یاسایی له ئارادایه، وه نه دام‌و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی پارله‌مانی‌و حکومهتیو ئه‌م شتانه له پێناو خزمه‌کردنی خهڵکو به‌ڕێوه‌بردنی ووڵات‌و چاودێری نهزمو نیزامدا هاتوونه‌ته ئاراوه! سه‌رجه‌می ئه‌م دیارده‌و چه‌مکه سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیانه له ناوه‌رۆکی خۆیان بهتاڵکراونهتهوهو ته‌نها وه‌کو ڕووکه‌شێک یان ده‌مامکێک بۆ شاردنه‌وه‌ی باڵاده‌ستیی بێڕهقیبی دوو حیزبی میلیشیایی کوردی به‌سه‌ر موقه‌ده‌راتی کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌وه قووتکراونهتهوه، ئه‌ویش بۆ خۆ جوانکردن له به‌رده‌م بیروڕای خارجیدا. ده‌نا ئه‌وه‌ی له کوردستان ده‌یبینین ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی حیزبی‌و میلیشیاییهو جلوبه‌رگی دیموکراسیانه‌یان به‌باڵایدا بڕیوه. وه هه‌ر ئه‌وه‌ش سه‌رچه‌شمه‌ی ئیحراجیو بێوهلامیی وه‌زیری داراییه. شێخ بایز تاڵه‌بانی ناهه‌قی نییه ئه‌گه‌ر بێئاگایی خۆی ڕابگه‌یه‌نێ له مووچه‌و سه‌رچاوه‌ی داهاتی سه‌رۆکی هه‌رێم. چونکه باس‌و خواس ده‌رباره‌ی مووچه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم زیاتر له ته‌لیسمێک ئه‌چێت، نه‌ک پرس‌و مه‌سه‌له‌ی بوون‌و نه‌بوونی پۆست‌و پله‌و پایه‌ی حکومه‌تی له چوارچێوه‌ی ڕژێمێکی دیموکراسی‌و حکومه‌تی پارله‌مانی‌و ئه‌م شتانه‌دا. ئه‌م باسه زیاتر له ڕژێمێکی تۆتالیتارییه‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌دات. بایز تاڵه‌بانی به ئاگاییه‌وه خۆی له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره لائه‌دات. ئه‌و ده‌زانێ مه‌حاڵه ته‌لیسمی مووچه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌و ساناییه بشکێنرێت! وه‌زیری دارایی به‌م ڕاگه‌یاندنانه‌ی شانی خۆی له‌ژێر لێپرسراوێتیه‌کی گه‌وره‌دا خاڵی ئه‌کاته‌وه. ئه‌و وه‌کو وه‌زیری حکومه‌ت ئه‌رکیه‌تی به ڕاشکاوی سووچ‌و که‌ڵێنی باسی بودجه‌و داهاتی وولات ڕۆشن بکاته‌وه. ئه‌مه که خۆی لێ لائه‌دات به‌یانی ئه‌و واقعیه‌ته‌یه که خۆشی شه‌ریک‌و هاوبه‌شه له ناشه‌فافبوونی بودجه‌دا. ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌م شانخاڵیکردنهوهیهی بایز تاڵه‌بانی ڕه‌وایه‌تی وهربگرێو که‌س له‌سه‌ری نه‌یه‌ته جواب، سبه‌ی ئه‌توانرێ ئه‌و قه‌یرانه سیاسیه‌و ئه‌و فه‌وزاو بێسه‌ره‌و به‌ره‌ییه‌ی له کوردستان باوه، ئه‌و بێنهزمیو گهندهڵیو پاشاگه‌ردانییه‌ی به‌ربینی کۆمه‌ڵگای کوردی گرتووه، دیزه به‌ده‌رخۆنه بکرێ‌و خوڵقێنه‌رانی وه‌کو به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رئه‌چن، یاخود بگۆڕێ بۆ کارهساتو تراژیدیای ئینسانی به‌شوێن خۆیدا بهێنێت. دیاریکردنی هه‌ر بڕو ئه‌ندازه‌یه‌ک له ئاستی مووچه بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم، پرسیارگه‌لی دیکه به‌شوێن خۆیدا دێنێته ئاراوه که وه‌ڵامدانه‌وه پێیان بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به تایبه‌ت له‌م سه‌روبه‌ندی سیناریۆی هه‌ڵبژاردنه‌دا ئێجگار سهختو دژواره. سهروهتو سامانێکی فیرعهونئاسا که سه‌رۆکی هه‌رێم، یان سه‌رۆک کۆماری عێراق، یاخود سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم کۆیان کردۆته‌وه‌و به زه‌بری میلیشیاو هێزی چه‌کدار ده‌ستیان به‌سه‌ریدا گرتووه، چۆن بهعهقڵدا ئه‌چێت به مووچه‌ی مانگانه که‌ڵه‌که بکرێت! هێنانه‌ئارای پرسێکی له‌م جۆره له‌لایه‌ن وه‌زیری داراییه‌وه کاره‌ساتی لێئه‌که‌وێته‌وه. بۆیه ئه‌بێت سه‌ری بنرێته‌وه. له سه‌د لاوه به‌ڵگه‌و مه‌دره‌کی گه‌نده‌ڵی ده‌رکه‌وتو که‌وته سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌کان، به‌ڵام نه‌مان بینی ته‌نها یه‌ک که‌سیش لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌لدا بکرێت! یاسای چی‌و دادوه‌ری چی! لێره سه‌رۆک قه‌ره‌قۆشه! کام پارله‌مان، کام مه‌رجه‌عی ده‌سه‌ڵات، کام عهدالهتو کام سه‌روه‌ری یاسا، کام شهفافیهتو کام پرۆسه‌ی لێپێچینه‌وه، له‌به‌رده‌م ههیبهتو بالاده‌ستی سه‌رۆکی هه‌رێمدا جورئه‌تی ده‌مکردنه‌وه ئه‌کات! کێ سه‌ری خۆی لێ ته‌وقه بێته پێشه‌وه‌و باسی پرسی مووچه‌و چاوگی سهروهتو سامانی بێئهژماری مه‌سعود بارزانی نه‌ک له شهقامو له ئاستی ڕای گشتیدا، به‌ڵکو له‌نێو هۆڵی پارله‌مان‌و له‌به‌رده‌م زوومی کامێرای ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا بخاته سه‌ر مێز! کێ ئه‌توانێت زانیاری په‌یدابکات که له سهریڕهشو له قه‌ڵاچوالان چی ئهگوزهرێو خاوه‌ن بڕیاری ئه‌م حیزبانه له کۆبوونه‌وه داخراوه‌کانیاندا چۆن بڕیاری سیاسی ئه‌ده‌ن، چۆن په‌سه‌ند ئهکرێو کێ ته‌نانه‌ت له خودی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کانیش جورئه‌تی موخاله‌فه‌ت کردنی هه‌یه!؟ کێ ئه‌توانێ ڕوونی بکاته‌وه به‌شداری‌و ده‌نگدانی هاوڵاتیان له هه‌ڵبژاردندا به‌کام میکانیزمی ئه‌فسانه‌یی له کۆبونه‌وه‌ی پشتی کوالیسهکانی سهریڕهشو قه‌ڵاچوالاندا مانای ده‌خاله‌تی هاوڵاتیان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا ئه‌گه‌یه‌نێ! یان کام مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره‌ی ڕژێمی به‌عس له‌به‌رده‌م ئوتوریته‌ی سه‌دام حسه‌یندا جگه له چه‌مانه‌وه‌و له‌به‌یک ووتن شتێکی تری له ده‌ست ئه‌هات!؟ سه‌رکردایه‌تی پارتی‌و یه‌کێتیش کوا ڕێگایان پێئه‌درێ ملیان له موو باریکتر نه‌بێت له‌به‌رده‌م بڕیاری سه‌رۆکه‌کاندا! ئاخر به‌رژه‌وه‌ندیان پێکهوهیهو ئه‌و جۆره ده‌خوازێ! خه‌ڵکی کوردستان پێویسته خۆیان بێنه مهیدانو خۆیان به‌ده‌ستی خۆیان ئایینده‌و چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگاکه‌یان دیاری بکه‌ن. ئه‌م کاره‌و ئه‌م ئیراده‌یه له ڕێگای پارله‌مان‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه ئیمکانی نییه. ده‌بێ ئه‌م سیناریۆیه بپێچرێته‌وه‌و ڕێگا بکرێته‌وه نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان له هه‌ڵبژاردنێکی ڕاسته‌وخۆو ئازادانه‌دا شێوازی حوکمڕانی وولات دیاریبکه‌ن. خه‌ڵکی ناڕازی‌و ئازادیخوازانی کوردستان نابێت ڕێگابده‌ن کۆمه‌ڵێک به‌رپرسی پاره‌په‌رستو هه‌لپه‌رست چیتر ئایینده‌و چاره‌نووسی ئه‌م خه‌ڵکه‌و ئه‌م کۆمه‌ڵگایه له ده‌ستیاندا بمێنێته‌وه. 11حوزه‌یران2009 |
||