پرسیار: له 27 ئۆکتۆبه‌ر به پێی بڕیاری هه‌موارکردنی یاسای باری که‌سێتی له کوردستان په‌رله‌مانی کوردستان به به‌ندێک له‌م یاسایه‌دا فره‌ژنی وه‌ک شێوازێکی ئاسایی هاوسه‌رگیری قبووڵ کرد. سه‌رنجی گشتیتان سه‌باره‌ت به‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مان‌و به‌م هه‌موارکردنه‌ی یاسای باری که‌سیتی چییه؟
جه‌مال موحسین: ئه‌مه ته‌نها یه‌ک قسه‌ی پێویسته ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره تا سه‌ر مۆخ دواکه‌وتوو و دژی ژنه و "هه‌موارکردنی"
به‌مجۆره‌ی یاسای باری که‌سێتی ئه‌سڵه‌ن هیچ ناکۆکیه‌کی له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆک و پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی ناسیۆنالیستی کوردی ئاوێزان له‌گه‌ڵ ئیسلامدا نییه. زۆر به ڕۆشنی: گه‌ر ئه‌و بڕیاره له په‌یوه‌ند به ژنانه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه ده‌رنه‌چوایه، گه‌ر ئه‌و بڕیاره له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی پیاوسالاری و دوژمنی ژنانه‌وه درنه‌چووایه وه‌ک شتێکی غه‌ریب ئه‌چووه پاڵ شته سه‌یره‌کانی تری دنیا! ده‌سه‌ڵاتدارانێکی کورد که ئێستا له پاڵ مالکی‌دا دائه‌نیشن، ئایه‌توڵاکانی به‌غداد و نه‌جه‌ف به ڕه‌مزی ڕوحانی به خه‌ڵک ئه‌قه‌بڵێنن، 18 ساڵیشه له کوردستان نیشانیانداوه که ده‌ستپێشخه‌ری کوشتنی ژنان ئه‌وان بوون، که ڕاپێچكردنی ژنان به‌ره‌و بازاڕی له‌شفرۆشی به شێوه‌یه‌کی فراوان له ژێر سایه‌ی ئه‌واندا بوو، که شه‌خیه‌ت و حورمه‌تی ژنانیان ژێر پێنا، که هه‌رچی شتی خراپه له دژی ژنان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی کوردایه‌تیدا سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده و بگره خراپتریشی لێ ئه‌وه‌شێته‌وه. ئه‌م شته بۆ ئه‌وان تازه نییه و ته‌نها به‌م بڕیاره‌یان داویان بۆ ژنان و مافه‌کانیان دانه‌ناوه. پیاوسالارییه‌ک که ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تییان کردووه زۆر ده‌مێکه وه‌ک دڕنده‌یه‌ک خۆی بۆ جه‌سته‌ی هه‌زاران هه‌زار ژنی کوردستان مات داوه. به‌ڵام ئه‌م بڕیاره هه‌وڵێکی تری نوێنه‌رانی خوا و عه‌شره‌ت، دین و خێڵ، پیاوسالاری و کۆنه‌په‌رستی، نوێنه‌رانی به‌عسیزمی دژی ژنانه بۆ درووستکردنه‌وه‌ی مێژوویه‌کی تری دژه ژن.
پرسیار: زیاتر له 15 ساڵه جووڵانه‌وه‌ی ژنان‌و جووڵانه‌وه‌کانی دیفاع له مافه مه‌ده‌نیه‌کان له کوردستان‌و ئازادیخوازان بانگه‌شه‌و خه‌بات بۆ گۆڕینی یاساکانی باری که‌سێتی ده‌که‌ن، ئایا ئه‌م هه‌موارکردنه له چاو ئه‌م کار‌و هه‌ڵسوڕان‌و بانگه‌شه‌یه‌دا چ جێگایه‌کی هه‌یه؟
وه‌ڵام: من حه‌ز ناکه‌م ناوی بنێم "هه‌موارکردن" چونکه ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌رچووه ئه‌وه‌یه که ئه‌ڵێین "چاکی مه‌که با خراپ نه‌بێ"! شتێک که خۆی له بنه‌ڕه‌ته‌وه خراپ بووبێت و ده‌سه‌ڵاتێکی ئیسلامیش "چاکی" بکات بێگومان هه‌ر خراپ ده‌رئه‌چێت. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئه‌م "هه‌موارکردنه" به ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵ و تێکۆشانێکه که چه‌ند ساڵه جووڵانه‌وه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی ژنان بۆ گۆڕینی یاسای باری که‌سێتی ئه‌یده‌ن. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه که جێگه و ڕێگه‌ی ژنان له یاسادا به‌رێته ئاستێکی به‌رزتر تاکو له کۆمه‌ڵگاشدا ئه‌و جێگا و ڕێگایه‌یان پێ بدات. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له هه‌وڵی جێگیرکردنی یه‌کسانی نێوان ژن و پیاودا بووه و ئێستاش هه‌روا به جۆرێک له هه‌وڵدایه. له کاتێکدا ئه‌م "هه‌موارکردنه" خه‌ریکی گێڕانه‌وه‌ی ژنانه بۆ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست. ئه‌م یاسایه‌ی ئێستا له دیوه‌خانه‌کانه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژنان و شه‌خسیه‌تیاندا ئه‌کات. بۆیه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران ته‌نها ئه‌وه‌مان هه‌یه که بڵێین "دیوه‌خانتان گه‌رم پیاوانی عه‌شره‌ت و دین".
بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی ژنان له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژنان و پیاوان ده‌ستیان بۆ گۆڕینی یاسای باری که‌سێتی ئه‌برد و هه‌ربۆیه "یاسای یه‌کسانی ژن و پیاو" چه‌ند ساڵه وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤێک له‌لایه‌ن ئێمه‌وه خراوه‌ته به‌رده‌م کۆمه‌ڵگا. له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتی کوردایه‌تی_ئیسلامی ڕێک ده‌ستی بۆ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی بردووه بۆ بنه‌مایه‌ک بۆ یاسای باری که‌سێتی. یاسا کۆنه‌که هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ریعه‌یه‌وه دانرابوو وه ئه‌و "هه‌موارکردن"ه‌ش که ئه‌وان ئه‌یڵێن هه‌ر هه‌مان بنه‌مای هه‌یه، هه‌روه‌ک له ڕاسپارده‌ی حکومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه: "... تا بتوانرێت له چوارچێوه‌ی ئاینی ئیسلامدا کۆمه‌ڵێک گرفت و کێشه‌ی ژنان چاره‌سه‌ر بکات و یه‌کسانی مافه‌کانی مرۆڤ مسۆگه‌ر بکات." له ڕاستیدا ئه‌و به ناو مه‌رجانه‌ش که ئه‌وان له‌به‌رده‌م فره‌ژنیدا دایانناوه (گوایه گه‌ر ژنه‌که نه‌خۆشیه‌کی هه‌بێ و نه‌توانێ به واجباتی سێکسی هه‌ستێ، که پیاو بتوانێ یه‌کسانی ماددی و مه‌عنه‌وی له نێوان ژنه‌کانیدا دابین بکات...) ڕێک هه‌مان ئه‌وانه‌یه که له قورئاندا هاتووه. ئایا ئه‌مه بێجگه له سه‌ریکردن و دانانی ژنان به ئامێری سێکسی و خوڵقێنراو له پێناو له‌ززه‌ت به‌خشین به پیاواندا هیچی تر ئه‌گه‌یه‌نێ؟ ڕاستیه‌که‌ی ئه‌م یاسایه ڕه‌سمیه‌ت و شه‌رعیه‌ت به‌خشینه به له‌شفرۆشی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌ژێر ناوی پێکه‌وه‌نانی خێزان و له چوارچێوه‌ی شه‌ریعه‌تدا. ئه‌م یاسایه ته‌ماحی مه‌لها سازکردن بۆ پیاوان ڕه‌وانه‌ی لای فواره‌ی ئاو که به حۆری "پاکیزه" ده‌وره‌دراوه له‌و دنیا و به‌هه‌شتدا ناکات، بگره لێره و له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه بۆیان ته‌ئمین ئه‌کات. هه‌ر که‌س پاره‌ی هه‌بێ ئه‌توانێ سه‌ربکات به‌م مه‌لهایه‌دا و ژنانیش ته‌نها ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره له‌به‌رده‌میاندا پاڵ که‌ون. ئه‌مه ئیتر پێچه‌وانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌که‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامیه له ناو دیوه‌خاندا که ئه‌یووت: "پیاوێک ژنی دووه‌م بێنێت شه‌ریفانه‌تره له‌وه‌ی بچێت زینا بکات." به بڕوای من یه‌ک زه‌ڕڕه فه‌رقی نییه و شه‌ریفانه‌ش نییه، فره‌ژنی یه‌کسانه به ڕه‌سمیه‌تدان به له‌شفرۆشی ژنان به ئه‌حکامه‌کانی ئیسلام و قورئان.
پرسیار: هۆکاری ئه‌وه چییه که خه‌بات‌و جووڵانه‌وه‌ی ژنان له کوردستان نه‌یتوانیوه بۆ خواسته‌کانی خۆی فشارێک درووست بکات؟ ئایا ئه‌م نسکۆ‌و سه‌رنه‌که‌وتنه‌ی جوولانه‌وه‌ی ژنان که ده‌کرێت له گۆشه‌نیگای په‌سه‌ندکردنی ئه‌م بڕیاره‌وه به ڕوونی ببینرێت، هیچ ده‌رس‌و ته‌جروبه‌یه‌کی بۆ ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه تیایه؟
وه‌ڵام: سه‌باره‌ت به به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که من وای ئه‌بینم که فشار دروستکراوه. ته‌ماشاکه‌ن، له‌سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی کوردایه‌تیدا له 1991 ه‌وه ئه‌وان ده‌ستیان کرد به ژن کوشتن له ژێر ناوی به‌عسی بوون و گوایه له‌شفرۆشیدا. نه‌ریتی ژن کوشتن (ئه‌وه‌ی که ئێمه پێمان ئه‌ووت و پێی ئه‌ڵێین تیرۆری ژنان) ئه‌وان دایانهێنا. ئه‌و کات که ئێمه ئه‌مان ووت ژن نابێ ژن بکوژرێ، ئه‌یانووت "داکۆکی له قه‌حبه ئه‌که‌ن". له ناوه‌ڕاسته‌کانی 90 ه‌کاندا و به تایبه‌تی له 95 و 96 و به دواوه که ئێمه گه‌وره‌ترین کار و چالاکی و سازدانی سیمینار و کۆڕ و که‌مپه‌ینمان بۆ دژ وه‌ستانه‌وه‌ی تیرۆری ژنان و لابردنی یاسای باری که‌سێتی و جێگیرکردنی یاسای یه‌کسانی ژن و پیاو ساز ئه‌دا، ئه‌وان و ئیسلامیه‌کان هه‌رچی توانای خۆیان بوو به‌ڕێیان خست تا نه‌هێڵن خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئێمه بێن. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌وت و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی ئێمه‌دا هاتنه‌وه و ده‌سه‌ڵات ناچاربوون بۆ نمونه به‌ندێکی یاسایی سه‌باره‌ت به "غسل العار" ده‌ستکاری بکه‌ن. وه نمونه‌ی تریش له‌و باره‌یه‌وه زۆره. ئه‌وه‌تا ئێستاش که یاسایه‌کی وا ده‌رئه‌چێت له چه‌ندین لاوه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی به‌رز ئه‌بێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌نگه ناو هۆڵی دیوه‌خانه‌که‌شیان (په‌رله‌مان) ئه‌گرێته‌وه. ئه‌ی حه‌ق نییه بپرسین ئیشی چییه که‌سانێک هه‌ن جه‌رائه‌ت ئه‌که‌ن له‌وێشه‌وه ده‌نگ هه‌ڵبڕن؟ به بڕوای من ئه‌وه نیشانه‌ی ده‌ور و کارکردی بزووتنه‌وه‌ی ئێمه و جووڵانه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی ژنانه. به‌جۆرێک تارمایی فشاری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه له هاتوچۆدایه. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه که ئایا ته‌نها فشار به‌سه؟ لێره‌وه دێمه سه‌ر به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌تان.
کێشمه‌کێش له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی مافه ئینسانیه‌کانی ژنان له کۆمه‌ڵگادا له لایه‌ک و هه‌وڵدان بۆ سه‌پاندنی کۆنه‌په‌رستی و بێمافی به‌سه‌ر ژناندا له لایه‌کی تره‌وه یه‌کێکه له مه‌سه‌له و ململانێ هه‌ره ئاڵۆز و گه‌وره‌کانی کۆمه‌ڵگا. به خۆرایی نه‌ووتراوه که ئازادی ژنان پێوه‌ری ئازادی کۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌مه جه‌نگێکی گه‌وره‌یه. لایه‌کی ئێمه‌ین که ئه‌مانه‌وێ یه‌کسانی ژن و پیاو به ده‌ست بێنین، لاکه‌ی تریش دیوه‌خانه‌که‌یه! ڕاسته ئه‌وه‌ی که ئه‌مجاره ئه‌و یاسایه‌یان داناوه و ئه‌یانه‌وێ فه‌رزی بکه‌ن بۆ خۆی پاشه‌کشه‌یه‌ک به‌سه‌ر ژنان و ته‌واوی کۆمه‌ڵگادا ئه‌سه‌پێنێ گه‌ر سه‌ر بگرێ بۆیان. به‌ڵام هێشتاش مه‌سه‌له‌که به‌وه ته‌واو نابێ. له هه‌ر شه‌ڕێکدا گه‌ر پاشه‌کشه‌ش به‌سه‌ر لایه‌کدا فه‌رز بکرێ، به دوایدا ئه‌و لایه خۆی بۆ هێرش ئاماده ئه‌کاته‌وه. ته‌جروبه‌یه‌ک که ئه‌بێ تا ئێستا ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازیه وه‌ریگرتبێ و وه‌ریبگرێ ئه‌وه‌یه که ڕازی بووه و ڕازییه به‌وه‌ی له فشاردا بیهێڵێته‌وه. که‌سانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و نوێنه‌رانی یه‌کسانی ژن و پیاو ئه‌بێ له مه‌یدانی بڕیاردانی کۆمه‌ڵگادا بن، نه‌ک له‌ولاوه خه‌ریکی فشاردانان بن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه که هه‌یه.
ته‌جروبه‌یه‌کی تر ئه‌وه‌یه وه‌ک ووتم ته‌واوی یاساکه و هه‌تا "هه‌موارکردن"ه‌که‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئیسلامه‌وه‌یه. که‌سێک گه‌ر بیه‌وێ به قازانجی ژنان یاسایه‌ک جێگیر بکات ئه‌سڵه‌ن ئیمکانی نییه له چوارچێوه‌ی یاسا محه‌مه‌دیه‌کاندا بۆ ماف و یه‌کسانی ژنان بگه‌ڕێ. گه‌ر که‌سێک پێی وابێ کارێکی وا له چوارچێوه‌ی ئیسلامدا ئیمکانی هه‌یه، مه‌نسور حکمه‌ت ووته‌نی وه‌ک ئه‌و "عه‌بقه‌رييه بيرخراپه وايه كه ده‌يه‌وێت له گه‌راجى خانووه‌كه‌يدا ده‌زگايه‌ك دروست بكات كه مسى بۆ بكات به زێڕ!" هه‌ندێ له هه‌ڵسووڕاوی بواری ژنان پێیان وابوو ئه‌کرێ له ئیسلامدا کون و که‌له‌به‌رێک بدۆزنه‌وه و ئه‌و چاکسازیه‌ی سه‌باره‌ت به مافه‌کانی ژنان تیادا ببیننه‌وه. به‌ڵام ئه‌بێ ئێستا بۆیان ده‌رکه‌وتبێ که ئه‌بێ له جێگه‌ی ئه‌و عه‌بقه‌رییه بیرخراپه بێنه ده‌ره‌وه. گه‌ر بته‌وێ یه‌کسانی ژن و پیاو به‌ده‌ست بێنی نه‌ک ناتوانێ له دوو توێی ئیسلام و په‌ڕه‌کانی قورئاندا بۆی بگه‌ڕێی، بگره ناچاری خۆت له ته‌وه‌هوماتی ئه‌و دینه ڕزگار بکه‌یت و له دژی ئه‌و په‌ڕانه سه‌دان په‌ڕه‌ی تر پڕ بکه‌یته‌وه.
پرسیار: په‌رله‌مانی کوردستان له یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریشدا بێباکی‌و نامۆیی خۆی به پاراستنی مافه دیموکراتیه سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌رخست، پاشان ئه‌و بڕیاره له لایه‌ن مه‌سعود بارزانیه‌وه په‌سه‌ند نه‌کراو درایه‌وه به په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵ‌وگۆڕی تیا بکرێت. ده‌کرێت هه‌مان سیناریۆش له بابه‌ت ئه‌م یاسا نوێیه‌وه دووباره ببێته‌وه. به بڕوای ئێوه ئه‌م سیناریۆیه چی نیشان ده‌دات؟ ئایا سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاگای له شێوازی ده‌نگدانی لیسته‌که‌ی خۆی له په‌رله‌ماندا نییه (که بۆ خۆی کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه)؟ یاخود ئاگای لێیه‌و ئه‌مه سیناریۆیه‌کی پێشتر داڕیژراوه (که کێشه‌که گه‌وره‌تره)؟
وه‌ڵام: سه‌ره‌تا ئه‌وه بڵێم که ئه‌و شته‌ی پێی ئه‌ڵێن په‌رله‌مانی کوردستان یه‌که‌م جاری نییه بێباکی و نامۆیی خۆی به مافه‌کانی خه‌ڵک سه‌لماندووه. ئێمه چه‌ند جارمان ووتووه که ئه‌وان ده‌مێکه له‌و ئیمتحانه‌دا ده‌رنه‌چوون! هه‌رچی هه‌یان بوو دایان نا و کردیان. یه‌ک کرده‌وه‌یانم بۆ بهێنه‌وه که به قازانجی خه‌ڵک بووبێ! ئه‌وه‌نده‌ی به یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئه‌م یاسای باری که‌سێتییه ئه‌گه‌ڕێته‌وه پێم وایه به‌شی دووه‌می قسه‌که‌ی ئێوه‌یه که "کێشه‌که گه‌وره‌تره." که‌س ناتوانێ باوه‌ڕ به‌وه بکات "په‌رله‌مانتارێک" (لانی که‌م سه‌ر به لیسته‌که‌ی مه‌سعود بارزانی) جه‌رائه‌تی ئه‌وه بکات شتێک بڵێ که حزبه‌که‌ی، یان ئه‌سڵه‌ن بنه‌ماڵه‌ی زاڵ به‌سه‌ر حزبه‌که‌یدا، بۆی داناوه. هه‌ر ئه‌وه‌ی که ژنانێک هه‌ن سه‌ربه لیستی زه‌رد ده‌نگ بۆ ئه‌م یاسایه ئه‌ده‌ن، ئه‌بێ له ناخه‌وه سه‌رزه‌نشتی خۆیان کردبێ که له دژی وویستی خۆیان لانی که‌م وه‌ک ژنێک ده‌نگ به بڕیارێک ئه‌ده‌ن که حزبه‌که‌یان به‌سه‌ریاندا سه‌پاندوویه‌تی. بۆیه باسه‌که ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه نییه که سه‌رۆکی پارتی ئاگای له شێوازی ده‌نگدانی لیسته‌که‌ی خۆی نییه. ئه‌و ئه‌وه‌ی زه‌مانه‌ت کردووه که که‌س شه‌هامه‌تی ئه‌وه‌ی نییه شتێک بڵێ دژی بیرکردنه‌وه و ئایدۆلۆژی حزبه‌که‌ی. ئیتر ئه‌وه‌ی که دواتر وه‌ک یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریه‌که سیناریۆیه‌کی به‌وجۆره ساز ئه‌که‌ن که گوایه "مه‌کره‌مه‌ی سه‌ید ڕه‌یسه" که یاساکه جێگیر نه‌بووه له گاڵته‌یه‌کی بێتام ئه‌چێ. گه‌ر ده‌نگی ئازادیخوازی له کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی ووڵات نه‌بووایه یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری هه‌ر به‌وجۆره دائه‌نرا و جێگیر ئه‌بوو. بۆ ئه‌م یاسایه‌ش هه‌روایه. ئه‌وان به‌ردێکیان فڕێ داوه‌ته گۆمه‌که‌وه و شڵه‌قاوه. نابێ ته‌وه‌هومێکی له‌و بابه‌ته هه‌بێ که ئه‌وه مه‌رحه‌مه‌تی سه‌رۆکه ناهێڵێ ئه‌و یاسایه به‌و جۆره ده‌ربچێت. گه‌ر ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه به‌وجۆره بێ که نه‌هێڵێت یاساکه بڕیاری له‌سه‌ر بدرێ، ئه‌ویش ناچاره بڵێ ئیمزای ناکه‌م و ڕه‌وانه‌ی بکاته‌وه بۆ ته‌عدیل. گه‌ر ته‌عدیلێکیش بڕیار بێ بکرێ ئه‌بێ ئه‌وه بێ ده‌ستی دین به ته‌واوه‌تی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا بنبڕ بکرێ. ئه‌مه ئیتر هیچ سازشێک هه‌لناگرێ ئه‌گه‌ر مافه‌کانی ژنان به ئه‌سڵ وه‌ربگیردرێ.
پرسیار: ئایا ستراتیجی دروست بۆ جووڵانه‌وه مه‌ده‌نیه‌تخوازه‌کانی کوردستان، له‌وانه‌ش جووڵانه‌وه‌ی ژنان، بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره نوێیه‌ی په‌رله‌مان چییه؟
وه‌ڵام: وه‌ک له وه‌ڵامه‌کانی پێشووتردا ووتم، یه‌که‌مین مه‌سه‌له ڕه‌وینه‌وه‌ی هه‌ر جۆره خۆشخه‌یاڵییه‌که به‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی ئیسلامدا ئیمکانی گه‌ڕان به دوای مافه‌کانی ژناندا هه‌یه. یاسا، نه‌ک ته‌نها یاسای باری که‌سێتی بگره هه‌موو یاساکانی تر، نابێ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌ریعه‌ته‌وه بێت. دووه‌م مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه که ستراتیژییه‌ک که ئه‌بێ بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی ژنان له به‌رده‌می خۆیدا دایبنێ ئه‌وه‌یه که له ده‌وری ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی تر خۆی ساز و ئاماده بکات و ڕێکبخات. ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ش ته‌نها یاسای یه‌کسانی ژن و پیاوه[*] که حزبی ئێمه خستوویه‌تیه به‌رده‌م کۆمه‌ڵگا. با ساتێک له‌وه بگه‌ڕێێن که که‌سێك باوه‌ڕی به کۆمۆنیزم و ئایدۆلۆژی ئێمه هه‌یه یان نا، وه ته‌نها و ته‌نها له‌سه‌ری ئه‌وه‌وه بۆی بچین که ژن و پیاو ئه‌بێ یه‌کسان بن و گه‌ر ئه‌مه‌ش له یاسادا جێگیر ببێ، ئه‌وا ئه‌توانین کۆمه‌ڵگاش له‌سه‌ری ڕابێنین، ئه‌وا ئه‌بێ ئه‌م به‌دیله‌ی ئێمه خستوومانه‌ته به‌رده‌م کۆمه‌ڵگا هه‌موومان له ده‌وری کۆبینه‌وه. هه‌موومان کاری بۆ بکه‌ین. بۆچی له توانادا هه‌یه کۆمه‌ڵێک عه‌شیره‌تگه‌ر و کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی کۆببنه‌وه و یاسا فه‌رز بکه‌ن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا، به‌ڵام ئیمکانی نه‌بێ ئێمه‌ش یه‌کگرتوو بین و یاسایه‌کی دوور له دین و پیاوسالاری، یاسای یه‌کسانی ژن و پیاو کۆمه‌ڵگاکه‌مان جوان بکات؟ به‌ره‌و ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان به‌وه ناکرێ داوایان لێ بکه‌ین "توخوا پیاوی چاک بن و مه‌رحه‌مه‌ت بنوێنن ئه‌و یاسایه بگۆڕن"، بگره به‌وه ئه‌کرێ بۆ داکۆکی له مافه‌کانی ژنان هێرش به‌رین. ئه‌و هێرشه‌ش ئه‌وه‌یه که به‌دیلێکی تر، یاسایه‌کی تر، یاسای یه‌کسانی ژن و پیاو بخه‌ینه کۆمه‌ڵگاوه و به زوویی جێگیری بکه‌ین.
پرسیار: هه‌ن ده‌ڵێن په‌رله‌مانی کوردستان ته‌عبیر له ئاستی فه‌رهه‌نگی دوواکه‌وتووی کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌کات، ڕای ئێوه له‌م باره‌یه‌وه چییه؟
وه‌ڵام: ئه‌م پرسیاره به‌رنه به‌رده‌م هه‌ندێ له کوێره دێکانی کوردستان که ده‌مێکه فره‌ژنی تیا نه‌ماوه تا ئه‌وان وه‌ڵامتان بده‌نه‌وه بزانن پێتان ئه‌ڵێن "بێزه‌حمه‌ت مه‌مانخه‌نه ڕیزی په‌رله‌مانتاره‌کانه‌وه" یان نا؟! جا گه‌ر له من بپرسی ئه‌وا ئه‌ڵێم له‌گه‌ڵ ڕێزێکی زۆرم بۆ لایه‌نی ئینسانی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له په‌رله‌مان دانیشتوون (به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به یاسای فره‌ژنی داوه)، به‌ڵام پێویسته مۆزه‌خانه‌یه‌کی تر بکه‌ینه‌وه بۆ دانان و ڕیزکردنی بیروراکانی ئه‌و به‌ڕێزانه. ئه‌وانه بێگومان که مناڵه‌کانی خۆشیان گه‌وره بوون به چاوی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌وه ته‌ماشای بیرکردنه‌وه‌ی باوک و دایکه‌کانیان ئه‌که‌ن!
پرسیار: به‌شێک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌ڵێن که بۆیه ئه‌م یاسایه پێویسته، چونکه کچی قه‌یره زۆره‌و له کوردستان ژن له پیاو زۆرتره. ئێوه وه‌ڵامتان بۆ ئه‌م ئه‌رگیومه‌نته چییه؟
وه‌ڵام: حه‌ق نییه ئه‌وه ناو بنێن ئارگیومێنت. ئه‌وه بێجگه له قسه بزڕکاندنی که‌سانێکی هه‌وه‌سپه‌رست که ژنیان ته‌نها بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی هه‌وه‌سه سێکسیه‌کانیانه هیچی تر نییه. به ڕاستی حه‌قه "قه‌یره‌کانی کوردستان یه‌کگرن" له به‌رامبه‌ر ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌و جه‌نابانه‌دا و بیسه‌لمێنن که ئه‌وان ئینسانی کامڵ و یه‌کسانن و پێویستیان به "پیاوی عاقڵی" ناو په‌رله‌مان نییه دوو دوو سێ سێ ئه‌مان ڕیز بکه‌ن بۆ پیاوان تا وه‌ڵام به "قه‌یره‌یی" یه‌که‌یان بده‌نه‌وه. ئه‌وان خه‌ریکن یاسایه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ی دژه ژن دائه‌نێن و هێشتاش ئه‌یکه‌ن به منه‌ت به‌سه‌ر "قه‌یره" کانه‌وه! چ مانایه‌ک هه‌یه بۆ قبوڵکردنی ئه‌مه؟!
پرسیار: به‌شێک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌ڵێن ئێمه بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وتکه‌نمان و خۆپاراستن له هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که، ئه‌و بڕیاره‌مان په‌سند کرد. باشه ئه‌وه چه‌نده ڕاسته ئه‌گه‌ر پیاوه‌کانمان دوو ژن نه‌هێنن. ئه‌وه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کورد له ژێر مه‌ترسیدایه؟
وه‌ڵام: ئه‌م قسه‌یه له گوێزێکی پووچ ئه‌چێ، یان هه‌ر خۆی ناو‌کی نییه یان کرم تێی داوه. له‌شکری تورکیا و ئێرانیان هێنایه سه‌ر سه‌رمان هه‌ر ووتیان بۆ خۆپاراستن له هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌یه! حزبی ئێمه‌یان دا به دادگاکه‌یان که به یاساکانی به‌عس به‌ڕێوه ئه‌چوو، لێیان داین و لێیان کووشتین و باره‌گاکانیان داخستین هه‌ر هه‌مان شتیان جووه‌وه، له حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان دا هه‌ر وایان ووت، شه‌ڕی په‌که‌که‌یان کرد هه‌ر وایان ووت. هه‌ر ئه‌وه ماوه ئه‌و بیانووه پووچه له مه‌سه‌له‌ی ژنانه‌وه بئاڵێنن. خۆ هه‌ندێ له مه‌سئولینی خۆیان ده‌مێکه وه‌ک شێخه‌کانی سعودیه و ئێران و ووڵاته به ئیسلام کووتراوه‌کان چه‌ند ژنیان ڕیز کردووه بۆچی پێشتریش ئه‌و هه‌ڕه‌شانه هه‌ر هه‌بوون؟ هه‌بوونی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسیه و په‌یوه‌ندی نییه به‌وه‌وه که ئه‌مان ئه‌یڵێن.
به‌ڵام له لایه‌که‌وه ڕاستیش ئه‌که‌ن: ئه‌وان کاتێک ئه‌چن بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا ئاسان پێیان ئه‌ڵێن "ئێوه نه‌تانتوانیوه وه‌ک ئێمه ڕیزکردنی چه‌ند ژنه به یاسا ڕه‌سمیه‌ت پێ بده‌ن، بۆیه نه خۆتان و نه سنوور و نه ئاسایشی خۆتان پێ ناپارێزرێ". ئه‌مانیش بۆ ئه‌وه‌ی لانی که‌م له‌و په‌یوه‌ندیه دیپلۆماسیانه‌دا که بۆبه‌رژه‌وه‌نی سیاسی و ئابوریه خه‌جاڵه‌ت نه‌بن، ئیتر ئه‌و قسه و بیانووه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ش ئه‌بڕن. ئه‌مه ئیتر نه دوور نه نزیک په‌یوه‌ندی به "ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی" خه‌ڵکه‌وه نییه، بگره جووتکردنی بڕیاره‌کانه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌نیه‌کانی خۆیاندا. ئه‌مه زۆرتر له خه‌یاڵه‌کانی دۆن کویکسۆت ئه‌چێ بۆ پاراستنی کۆشک! به‌ڵام ئێمه به‌رپرس نین له‌وه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه‌ی ناو په‌رله‌مان له باری ده‌روونیه‌وه وه‌ک دۆن کویکسۆتیان لێهاتووه که ئه‌وسه‌ره‌که‌ی کۆتایی هاتنی ژیانی ده‌سه‌ڵاتدارییانه. وه باجه‌که‌شی نابێ خه‌ڵك و ژنان بیدات.
پرسیار: باسگه‌لێکی زۆر سه‌باره‌ت به به‌شداری ژنان له ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌و گوایه چه‌نده ژنان له جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات‌و دام‌وده‌زگاکانی بوونیان زۆرتر بێت. هێنده زۆرتر به‌رگری له مافه ژنان ئاسان ده‌بێت، به‌و پێیه که به‌شێکی به‌رچاوی ژنان له په‌رله‌مان ده‌نگیان به یاسای فره‌ژنی داوه، ئه‌و حوکمه‌ی سه‌ره‌وه له‌م باره‌دا چۆن ده‌کرێت هه‌ڵبسه‌نگێنرێت؟
وه‌ڵام: بوونی ژنان له ئۆرگانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا ڕه‌نگه نیشانه‌یه‌ک بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژنان له مه‌یدانه‌کانی کۆمه‌ڵگادا به‌شداری ئه‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه ئۆتۆماتیکی و ڕاسته‌وخۆ ناکاته هاتنه‌دی مافه‌کانی ژنان. ئه‌وه‌تا به به‌رچاوی خۆمانه‌وه نمونه‌ی زیندوو له کوردستان ئه‌بینین که ژنانێک هه‌ن خۆیان ده‌نگ به چه‌ند ژنه ئه‌ده‌ن. قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌و ژنانه‌ی ئه‌چنه ده‌سه‌ڵاته‌وه نوێنه‌رایه‌تی کوێ و چ لایه‌ن و چ به‌شێک له کۆمه‌ڵگا ئه‌که‌ن. مه‌علومه گه‌ر ژنانێکی یه‌کسانیخواز خۆیان به‌سه‌ر ئۆرگانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا فه‌رز بکه‌ن و له‌وێدا ببن کاریگه‌ری گه‌وره‌ی ئه‌بێ له‌سه‌ر به ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ژنان. هه‌تا گه‌ر ژنانێکی فیمینیست (ئه‌و جۆره له فیمینیست که شه‌ڕ له‌سه‌ر مافه‌کانی ژنان ئه‌که‌ن) له‌و شوێنانه‌دا ببن هه‌ر ئیمکانی گۆڕانکاری به قازانجی ژنان و مافه‌کانیان له ئارادا ئه‌بێت. به‌ڵام ژنێک که پێ له‌سه‌ر ئیسلام و شه‌ریعه‌ت دابگرێ، ژنێک که "ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی"، که بیانوویه‌کی حزبه‌که‌یه‌تی، به ده‌سته‌وه بگرێ، ژنێک که نه‌یه‌وێ دڵی عه‌شیره‌تگه‌ری و پیاوسالاری بڕه‌نجێ هه‌رگیز ناتوانێ له سه‌نگه‌ری به‌رگری له مافه‌کانی ژناندا بێت. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌ویش وه‌ک ڕه‌گه‌زێکی ژن ئه‌که‌وێته به‌رامبه‌ر ژن و مافه‌کانیه‌وه.
