کارکردن بە مناڵان قەدەغەیە !!؟

ماڵه‌وه‌ 

کامەران لەتیف

  کارکردن بە مناڵان ، یەکێکە لە دیاردە بەربڵاوەکانى کۆمەڵگا دواکەوتووەکان کە مافە سەرەتاییەکانى مرۆڤ حسابێکى بۆ ناکرێت ،ئەگەرچى کارى مناڵان یەکێکە لە پێداویستیە ئابووریەکانى کۆمەڵگاى سەرمایەدارى ، بەڵام لەچەندین ووڵاتى دنیادا کەبزوتنەوە ئازادیخوازو کرێکاریەکان خاوەنى مێژوویەکى دێرینترن وقورسایى وکاریگەرى بەهێزیان لەسەر پێوانەوبەهاکانى کۆمەڵگاو یاساکان داناوە ، مناڵان تاڕادەیەکى بەرچاو لە زۆر لایەنەوە مافەکانیان پارێزراوە ، بەمانایەکى تر

مناڵ وەک مناڵ مامەڵەدەکرێت کە پێویستە کۆمەڵگا چاودێرى وسەرپەرشتى بکات وپێداویستیەکانى ژیانێکى شایستەى بۆ دابین بکات ،(هەر لە خویندن وفێرکردنەوە تا دەگاتە دابین کردنى خۆراک وجل وبەرگ وپێداویستیەکانى خۆشگوزەرانى و گەشەى فکرى وبەدەنى وپاراستنى لە بەرامبەر توندوتیژى ناو خێزان وکۆمە لگا ...............هتد

بەڵام لە کوردستان وەکو باقى ووڵاتان وشوێنەکانى دیکە کەمافەکانى مرۆڤ لە فەرهەنگى دەسەڵات ویاسایى ئێستادا شتێکى هەرزانە ، مناڵانیش لە خراپترین هەلومەرجى ژیان وگوزەراندا ژیان بەسەر دەبەن و مافەکانیان بە ئاسانى لەناو کۆمەڵگا و لە لایەن خێزانەکانیانەوە وەکو شتێکى ئاسایى وسروشتى پێشێل دەکرێت ، بەڵام لەم نێوەدا ئەوەى کە زۆرترین زەحمەت وبێمافى و نەگبەتیەکانى ئەم وەزعەى لەسەرشانە مناڵانى کرێکاران وخەڵکە زەحمەتکێش وکەمدەرامەت وهەژارەکانن ، کارکردن بە مناڵان لە لایەن خێزانەکانیانەوە  وەکو پێویستیەکى ئابوورى بۆ پڕکردنەوەى کەمى داهاتى ڕۆژانەى خێزانەکان ، یەکێکە لە مەترسیدارترین پێشێلکارى کە بەرامبەر بە مناڵان دەکرێت ،  خێزانە هەژارەکان ناچاردەبن کە مناڵەکانیان لە بەرخوێندن دەربهێنن وتەنانەت هاوکاتى خوێندنەکەیان کاریان پێدەکرێ ، بەڵام ئەوەى گومانى تێدانییە  ئەوەیەکە حکومەت دەستیان بە سەر داهاتى کۆمەڵگادا گرتووە، بەرپرسیارن لە کارپێکردنى مناڵان ،چونکە ئەوان کرێ وموچەیەک ئەدەن بە کرێکاران وتوێژە ئیشکەرەکانى کۆمەڵ کە بەشى بەڕێوەچوونى ژیانى خێزانەکانیان ناکات و ناچاردەبن لەژێر فشارى ئابوورى ودابین نەبوونى گوزەراندا مناڵە کانیان بنێرنەسەرکار ،  هەروەها حکومەت راِستەوخۆ بەرپرسیارێتى بەرێوچوون وبژێوى مناڵان لە ئەستۆناگرێ تافشارى بەخێوکردنى مناڵەکان دایک وباوک ناچار نەکات مناڵەکانیان ڕەوانەى بازاڕى کاربکەن ، هەرلەبەر ئەوەى حکومەت هیچ بەرپرسیارێتیەکى بەرامبەر ژیان وگوزەرانى مناڵ لە ئەستۆ نەگرتووە ، هیچ چوارچێوەیەکى یاسایى وهیچ ئۆرگانێکى تایبەتى حکومەتیش نییە بۆ چاودێریکردنى چۆنیەتى بەرێوچوونى ژیان وگوزەرانى  مناڵان سەربارى ئەمانە بەپى یاسا دەوڵەتى عێراق کە لەکوردستانیش هەمان ئەو یاسایانە بەرێوەدەچن مناڵانى تەمەن (15)ساڵ بەڕەسمى  دەکرێ کاریان پێ بکرێ ، کەئەمەش پاساوێکى یاسایى یە  بۆ کارکردن بە مناڵان . بەم شێوەیە دەسەڵات دەورى بنەڕەتى هەیە لە ڕەواجدان بە کارپێکردنى مناڵان و شێواندنى کەسایەتى و هەڵوەرینى جەستەى ناسکیان لە ژێربارى سەختى کارو دابینکردنى بژێوى خێزاندا..........

مناڵان بەبەرچاوى یاساو دەسەڵاتەوە لەناو کارگەکاندا کاریان پێدەکرێ بە تایبەتى لە کارگەکانى ناوچەى پیشەسازى شارەکان ، بۆیاخچێتى ، فیتەرى ،دەستگێڕى ، شاگردى ، قەسابى .......................هتد

ئەمە بێجگە لەوەى تایبەتمەندیەکى کارکردنى مناڵان سوکایەتى ولێدان وجنێودانە بە مناڵ ، نەک وەکو کرێکارێک دەچەوسێتەوە و بەرهەمى ڕەنجیان زەوت دەکرێ ، بەڵکو هاوکات وەکو کۆیلەکانى مێژووى کۆن مامەڵەیان لە گەڵ دەکرێت ، بە ڵام حکومەت ودەسە ڵات و یاسا مێشێک میوانیان نى یە !؟

ئەگەر هەر دەستەو ڕێکخراو وسەنتەریکى سیاسى وکۆمەڵایەتى خۆى بە لایەنگرلە مافەکانى مرۆڤ  و بەتایبەتى مافەکانى مناڵان دەزانێت ، دەبێ لێبڕاوانە کار بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەم هەلو مەرجەى ژیان وگوزەرانى مناڵان بکات ، دەبێ کارپێکردنى مناڵان وەکو تاوانێک تەماشایى بکرێت ئەوەى پێى هەڵدەستێ ڕووبەڕووى لێپرسینەوەو سزادان بێتەوە .

دەبێت هەمووبۆ دامەزراندنى یاسایەک کاربکەین  کەمافەکانى مناڵان وەکو یەکێک لە بەندو مادەبنەڕەتیەکانى جێگیر  بکات ، ئەمە هەنگاوێکە بۆ نزیکبوونەوە لە کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو ئازادو هاوچەرخ   .

بەرپرسى سەنتەرى بەرگرى لەمافەکانى مناڵانى کوردستان /ئۆفیسى سلێمانى

Kamaranlatif88@yahoo.com

 
  ماڵه‌وه‌