| محسن کریم |
زیاتر له‌دوو هه‌فته‌یه ده‌وڵه‌تی ناسیۆنال- یه‌هودی و فاشستی ئیسرائیل شه‌رێکی خوێناوی به‌سه‌ر خه‌ڵکی غه‌ززه‌دا داسه‌پاندوه که تائێستا ژیانی هه‌زاران منداڵ و خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ خۆیدا لول داوه! ئه‌م کوشتارگایه‌ی خه‌ڵکی غه‌ززه‌ش دوای چه‌ندین مانگ له برسی کردن و بێبه‌شکردنییان له ئاو‌و کاره‌باو پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌کانی دیکه‌ی ژیان له داوو ده‌رمان و که‌ره‌سته‌ی پزیشکی وه‌کو ئه‌ڵقه‌ی کۆتایی سیناریۆیه‌کی تازه‌ی قه‌تڵوعامی دانیشتوانی غه‌ززه بۆ شکاندنی لوتی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی ئیسلامی له موحاسه‌باتی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل‌دا ته‌ماشا ده‌کرێت. کوشتارو وه‌حشیگه‌ریه‌ک که مه‌یدانه‌که‌ی شار‌و ئۆردوگای پڕله دانیشتوان و قوتابخانه‌و خه‌سته‌خانه‌کانن و تازه‌ترین ته‌کنۆلۆژیاو که‌ره‌سته‌ی جه‌نگی تێدا به‌کاردێت. کوشتارگایه‌ك که‌به‌شی هه‌ره‌زۆری قوربانیه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه برسی و بێدیفاعه‌ن که به‌ناچار که‌وتونه‌ته ژێر لێزمه‌ی مووشه‌ك و تۆپبارانی فڕۆکه‌ی F16 و هێلیکۆپته‌ری جه‌نگی و تانک و تۆپخانه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته دڕنده‌و له هه‌وسار به‌ربوه‌ی ئیسرائیل که ته‌نانه‌ت له ناو په‌ناگه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانیشدا کۆمه‌ڵکوژیان ده‌کات به بێ ئه‌وه‌ی باکی له هیچ شتێك وکه‌سێك هه‌بێت. وه‌حشیگه‌رییه‌ك که له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه به ئاشکرا پشتیوانی لێده‌کرێت و ئه‌وروپاش شه‌رمنۆکانه له‌پاڵ راگه‌یاندنی مه‌شروعیه‌تی"مافی ئیسرائیل بۆ دیفاع کردن له‌خۆ" وه‌کو نیشاندانی دڵسوتانی بۆ مناڵان و خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له غه‌ززه باسی "ئاگربه‌ست" ده‌کات!
خه‌ڵکی فه‌له‌ستین بۆ ده‌یان ساڵ قوربانی شه‌ڕی ساردی نێوان بلۆکی رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵات بوون و گه‌وره‌ترین زوڵمی مێژووی هاوچه‌رخیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. دوای کۆتایی هاتنی بلۆکبه‌ندی دنیاش نزیکه‌ی دوو ده‌یه‌یه له‌چاوه‌ڕوانی "پرۆسه‌ی ئاشتی" و به‌ڵێنی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستیندا، که بڕیار بوو دیاری نیزامی نوێی جیهان و سه‌رکرده‌یی ئه‌مریکا بێت بۆ خه‌ڵکی فه‌له‌ستین، له هه‌لومه‌رجێکی کاره‌ساتباری سیاسی و ئینسانی‌دا راگیراون. بزووتنه‌وه‌ی "فه‌تح"- نوێنه‌ری ره‌سمی و مێژوویی ناسیۆنالیزمی فه‌له‌ستینی- که بۆ ده‌یان ساڵ رابه‌رایه‌تی و نوێنه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له دژی داگیرکاری ئیسرائیل کردووه قاچی له‌ناو پرۆسه‌یه‌کی ئاشتی نه‌زۆکدا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل چه‌قیوه و له جیگای خۆیدا په‌ل ده‌کوتێ. "پرۆسه‌ی ئاشتی" نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل که بڕیاربوو له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستین بگات تا ئێستاش به‌هۆی سه‌ربادان و ئاماده‌نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی ره‌گه‌زپه‌رست وتیرۆریستی ئیسرائیلیه‌وه به قبوڵکردنی به‌هیچ ئاکامێك نه‌گه‌یشتوه. له هه‌لومه‌رجێکی وادا که ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین بوه‌ته خه‌ونێکی دوور و داگیرکاری و بێمافی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه درێژه‌ی هه‌یه، که‌لێنێکی سیاسی له بواری وه‌ستانه‌وه به رووی داگیرکاری ئیسرائیل په‌یدابووه که تا ئه‌و کاته فه‌تح و بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی فه‌له‌ستینی پڕیکردبوه‌وه، هه‌روه‌ها ئێستا سه‌رانی فه‌تح و ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی فه‌له‌ستینی له‌سه‌ر حسابی خوێن و ره‌نج و نه‌هامه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین خه‌ریکی سامان پێکه‌وه‌نانن و خه‌ڵکیش له بێمافی و نایه‌کسانی و هه‌ژاری موتڵه‌قدا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، له‌هه‌لومه‌رجێکی به‌وجۆره‌دایه که رێگا بۆ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس وباقی ره‌وته تیرۆریسته ئیسلامیه‌کانی دیکه کراوه‌ته‌وه که سه‌ربرزبکه‌نه‌وه‌و وه‌کو نوێنه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین له دژی داگیرکاری و زوڵم وزۆره‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی خۆیان هه‌ڵبخه‌ن! ئه‌م هه‌لومه‌رجه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه که ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل خۆی فاکته‌ری بنه‌ڕه‌تی دروستکردنیه‌تی، زه‌مینه‌ی سیاسی ره‌خساندوه بۆسه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی حه‌ماس و هه‌روه‌ها هۆکاری مانه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه ئیسلامیه تیرۆریستیه‌شه.
خه‌ڵکی فه‌له‌ستین به‌گشتی و غه‌ززه به تایبه‌تی قوربانی ملهوڕیه‌کان وملبادانه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلن له به‌ره‌سمی ناسینی مافی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان. ئیسرائیل و حه‌ماس هه‌ردوکیان به‌ژه‌وه‌ندیان له مانه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه کاره‌ساتباره‌ی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین و غه‌ززه‌دا هه‌یه. ئیسرائیل له تیرۆریزمی ده‌وله‌تی و داگیرکاری‌دا هه‌ژمونی و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی مه‌زهه‌بی خۆی ده‌بینێته‌وه و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ره‌وته ئیسلامیه تیرۆریستیه‌کانی دیکه‌ش مانه‌وه‌ی خۆیان له‌درێژه‌ی ئه‌و داگیرکاری و تیرۆریزمه‌ی ئیسرائیل‌دا ده‌بیننه‌وه‌و تیرۆریزمی ئیسلامی و په‌ره‌دان به‌رق وکینه‌ی دژه یه‌هودی و"زایۆنیستی" وه‌کو چه‌کی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئیسرائیل ره‌واج پێده‌ده‌ن. به‌ڵام هاوکات فه‌له‌ستین و کێشه‌ی فه‌له‌ستین له ئێستادا بوه‌ته گۆڕه‌پانێکی ململانێ و جه‌نگی نه‌فسی و ته‌سفیه‌حسابی نێوان ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا له‌لایه‌که‌وه و رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران له‌لایه‌کی دیکه‌وه که وه‌کو هێزێکی ناوچه‌یی له رۆژهاڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریکادا به تایبه‌تی سه‌ری به‌رزکردۆتوه. ئه‌مریکاو رۆژئاوا ده‌ستی سووری ئیسرائیل به‌خوێنی مناڵانی فه‌له‌ستینی ده‌سڕن و به شه‌ڕی "دیموکراسی وجیهانی ئازاد" له دژی تیرۆریم ناوی ده‌به‌ن و پاکانه‌ی تاوانه‌کانی ئیسرائیل ده‌که‌ن.
ده‌وڵه‌تی تیرۆریستی ئیسلامی ئێرانیش حه‌ماس و جهادی فه‌له‌ستینی و حزب‌و الله‌ی لوبنان وه‌کو به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی خۆی له‌دژی"شه‌یتانی گه‌وره" چاولێده‌کات.
به‌ڵام ده‌رکێشانی به‌ڕه له‌ژێرپێی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستی ئیسرائیل و تیرۆریزمی ئیسلامی له فه‌له‌ستین و پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ده‌وری خراپکارانه‌ی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی که له‌م ململانێ و جه‌نگ وکوشتاره‌ی خه‌ڵکی فه‌له‌ستیندا به‌شوێن سیاسه‌تی قازانجپه‌رستانه‌ی خۆیانه‌وه‌ن، به‌ستراوه‌ته‌وه به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستینه‌وه.
هه‌رئینسانێکی ئازادیخواز ده‌بێ ئه‌م په‌لامارو هه‌وسارپچڕینه‌ی ئیسرائیل وه‌کو ده‌ستدرێژی بۆسه‌رخۆی و بۆ سه‌ر ماف وئومێد وبه‌هاکانی خۆی سه‌یربکات. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی خه‌ڵکی ئازادیخوازی دنیا که ئێستا له دژی کوشتار و هه‌وسارپچڕینی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و بۆ راگرتنی ده‌ستبه‌جێی ئه‌م وه‌حشیگه‌ریه‌ی ئیسرائیل پێی ناوه‌ته مه‌یدان، ده‌بێت له‌پاڵ ئیدانه‌کردنی کرده‌وه تیرۆریستیه‌کانی حه‌ماس و تاقمه ئیسلامیه تیرۆریستیه‌کانی دیکه‌دا، فشار بۆ ئه‌مریکا و غه‌رب بهێنیت که ده‌ستبه‌رداری پشتیوانیکردن بن له ده‌وڵه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستی ئیسرائیل و فشاری بخه‌نه سه‌ر که ده‌ستبه‌جێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستین به‌ره‌سمی بناسێت و هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بۆ جێبه‌جێکردنی بهاوێت. ته‌نیا ڕێگاچاره بۆ ده‌ربازکردنی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین له‌م بازنه‌ی خوێنڕێژیه و دابینکردنی ئاسایش بۆ خه‌ڵکی ئیسرائیلیش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین و کۆتایی هاتنه به‌داگیرکاری ئیسرائیل.
12-1-2009
|
|
