مه‌لا به‌ختیار بدوێنه شه‌رحی خۆی ده‌کات!
محسن کریم
مه‌لا به‌ختیار له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتیدا رۆژی 4-6-2008 ده‌رباره‌ی کێشه‌کانی نا‌وخۆی یه‌کێتی و به‌تایبه‌تی ده‌رباره‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك باس ده‌کات که پێویستی به تێڕامان هه‌یه. مه‌لا به‌ختیار ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات که نه‌وشیروان مسته‌فا، جێگری پێشووی جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌وکاته‌وه که له قاسمه‌ڕه‌ش بوون، واته زیاتر له 20-25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌گه‌ڵ سکرتێری
یه‌کێتی و سیاسه‌تی ره‌سمی یه‌کێتیدا ناته‌باوناکۆكه.
" مه‌لابه‌ختیار: یه‌كه‌م كاك نه‌وشیروان كێشه‌كانی له قاسمه ره‌شه‌وه قوڵبونه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ جه‌نابی مام جه‌لال‌و سیاسه‌تی یه‌كێتی نه‌ك له دوای دووركه‌وتنه‌وه‌ی له ساڵی پاره‌وه. ..."
"... له 20 ساڵی ره‌به‌قدا كاك نه‌وشیروان به ئاره‌زووی خۆی هاتووه‌ته‌وه كوردستان، هاتووه‌ته مه‌كته‌بی سیاسی، چووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات دانیشتووه، هه‌موو ئه‌و قسانه، هه‌موو ئه‌و بیروبۆچوونانه كه كردوویه‌تی‌و ده‌ریبڕیوه جیاواز بووه له سه‌راپای سیاسه‌تی ره‌سمی یه‌كێتی..."
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:
" ئێستا زۆر به ته‌حه‌مولین له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی، هه‌رگیزیش نامانه‌وێت لاپه‌ره ره‌شه‌كانی ناو یه‌كێتی له شاخ بۆ چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان دوباره بێته‌وه، یان بۆ كپكردنی ده‌نگه ناره‌زاییه‌كان یان ده‌نگه یاخییه‌كان، خه‌ڵك بگرین‌و بكوژین‌و ئه‌شكه‌نجه بده‌ین، ئه‌و لاپه‌ره ره‌شانه زۆر دزێون له‌مێژووی یه‌كێتیدا، به‌ش به‌حاڵی خۆم هه‌رگیز له‌گه‌ڵ دوباره‌كردنه‌وه‌ی لاپه‌ره ره‌شه‌كانی مێژودا نیم به‌رامبه‌ر به هیچ كه‌سێك، هه‌تا ئه‌وانه‌ی هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌وره ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به‌یه‌كێتی...."
له جێگایه‌کی دیکه‌دا که هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی لێی ده‌پرسێ ئێوه له راگه‌یاندنی مه‌كته‌ب سیاسیتاندا كه‌سایه‌تی مام جه‌لال و له‌تكردنی یه‌كێتی به هێڵی سوورداده‌نێن، كه‌واته ئه‌مه جۆرێکه له هه‌ره‌شه بۆئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت له یه‌كێتی جیا ببنه‌وه، مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ:
"هه‌ره‌شه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه نه‌هێڵین یه‌كێتی‌و تواناكانی یه‌كێتی، به تاكتیك‌و فرت‌وفێڵ بۆ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌ناو یه‌كێتیدا ئیستیغلال بكرێت، به‌و شێوه‌یه هه‌ره‌شه نییه كه سه‌ركوتیان بكه‌ین."
با له ئیعترافی یه‌که‌می مه‌لا به‌ختیاره‌وه ده‌ست پێ بکه‌م.
ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی مه‌لا به‌ختیار راست بێت و له‌وکاته‌وه نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ره‌سمی و شه‌رعی یه‌کێتیدا ناکۆک بووبێت، که‌واته نه‌وشیروان به‌رپرسیارێتی هیچ کام له‌و سیاسه‌تانه‌ی یه‌کێتی ناکه‌وێته ئه‌ستۆ که یه‌کێتی له‌و ماوه دوور‌و درێژه‌دا جێبه‌جێی کردوون. که‌واته نه‌وشیروان به‌رپرسیار نییه له‌و هه‌موو تاوانانه‌ی یه‌کێتی دژی خه‌ڵک ئه‌نجامی داون، له بابه‌تی؛ به تاڵان بردنی داهاتی خه‌ڵك له 15-16 ساڵی رابردوودا، هه‌ڵایسانی شه‌ڕی نا‌وخۆی له‌گه‌ڵ پارتیدا که ده‌یان که‌سی تێدا بوونه قوربانی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و دوو حیزبه، په‌لاماردانی لایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستانی عێراق هه‌ر ئه‌وکاته‌ی که له‌قاسمه ڕه‌ش بوون، شه‌ڕفرۆشی و په‌لاماردانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و په‌که‌که‌ی هاوخوێنی له‌سه‌ر داوای رژێمی تیرۆریستی ئیسلامی ئێران و ده‌وڵه‌تی شۆڤینیستی تورکیا، پاکسازیه‌کانی نا‌وخۆی یه‌کێتی، تیرۆری حه‌مه‌ی حه‌لاق، شه‌ڕفرۆشیه‌کانی یه‌کێتی دژی حیزبی شیوعی، په‌لاماری دڕندانه‌ی یه‌کێتی بۆسه‌ر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق له‌سه‌ر داوای سوپای پاسداران و ئاغای ره‌حیمی و لیستێکی دوورودرێژ له تاوان و سه‌رکوت دژی ئازادیخوازی و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کورستان....
ئه‌گه‌ر وابێت وبیرو بۆچوونه‌کانی نه‌وشیروان وه‌کو مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ سه‌راپا نا‌ته‌با بووبێت به سیاسه‌تی ره‌سمی و شه‌رعی یه‌کیتی، ئه‌وه مه‌لا به‌ختیار بێ ئه‌وه‌ی ئاگای له‌خۆی بێت، ده‌ستی خوێناوی نه‌وشیروان وه‌کو که‌سایه‌تی دووه‌می یه‌کێتی له به‌شێکی زۆری ئه‌و ماوه‌یه‌دا، له هه‌موو ئه‌و تاوانانه پاك ده‌کاته‌وه و هه‌مووی ده‌کاته ملی جه‌لال تاڵه‌بانی سکرتێری یه‌کێتی و ئینجا خۆشی وه‌کو هاوخه‌تی سیاسی سه‌رسه‌ختی تاڵه‌بانی و باقی هاوفکره‌کانی له‌سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیدا. ئه‌مه‌ش بێگومان مه‌ئموریه‌تێکی فاشلی دیکه‌ی مه‌لا به‌ختیاره که ماڵی خۆی و سکرتێره‌که‌ی و هاوبیره‌کانی خۆی وێران ده‌کات!
ئه‌وه راسته که چه‌ند ساڵێکی نه‌وه‌ده‌کان نه‌وشیروان تۆراو کوردستانی به‌جێهێشت. بۆیه ره‌نگه هه‌قی بێت که به‌رپرسیارێتی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و ماوه‌یه‌ی یه‌کێتی له‌ئه‌ستۆ نه‌گرێت، به‌ڵام که‌سێك که ته‌نها به‌شی فووکردنه میزه‌ڵان عه‌قڵی هه‌بێت ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه له مه‌لا به‌ختیار وه‌رناگرێت که نه‌وشیروان سه‌راپا له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌کانی یه‌کیتیدا موخالیف بووه!
هه‌روه‌کو مه‌لا به‌ختیار خۆی ده‌ڵێ نه‌وشیروان هه‌رکاتێك هاتبێته‌وه به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ی وه‌رگرتووه. ئه‌گه‌ر وابووه، که وابووه، ئه‌مه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ که نه‌وشیروان که‌سایه‌تیه‌کی گرنگ و به‌رپرس و کاریگه‌ری یه‌کێتی بووه. هه‌ر به‌م پێیه‌ش ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی له داڕشتن و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ته‌کانی یه‌کێتیدا به‌ده‌ست هێناوه. بۆیه نه‌ک هه‌ر هه‌رکاتێک هاتبێته‌وه ناو یه‌کیتی چووه‌ته مه‌کته‌بی سیاسی وه‌کو مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ، به‌ڵکو به‌رده‌وام تا پێش وازهێنانی له به‌رپرسیارێتی جێگری جه‌لال تاڵه‌بانی بووه. نه سکرتێری یه‌کێتی و نه سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نکولییان له ده‌وری کاریگه‌ری ئه‌و له سیاسه‌تی یه‌کێتیدا نه‌کردووه و ده‌ستبه‌رداریشی نه‌بوون.
ئه‌گه‌ر به قسه‌ی مه‌لا به‌ختیار بێت که زیاتر له 20 ساڵه نه‌وشیروان موخالیفی تاڵه‌بانی و هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی یه‌کێتییه، چۆنه تاڵه‌بانی ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ی کردوه که که‌سێک بکاته جێگری خۆی که هه‌ر ده‌می کردبێته‌وه، به قسه‌ی مه‌لا به‌ختیار، ووتوویه‌تی نه‌ء! راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که یان ئه‌وه‌تا مه‌لا به‌ختیار راست ناکات، یان ئه‌وه‌ته "جه‌نابی مام جلال" زۆر ئۆپۆرتۆنیسته! هه‌ڵبه‌ت من پێم وایه که له هه‌ڵبژاردنی نه‌وشیراوندا بۆ جێگری خۆی جلال تاڵه‌بانی عاقڵ بووه، چونکه له هه‌موو که‌سێکی ناو سه‌رکردایه‌تی یه‌کیتی زیاتر خزمه‌تکاری سیاسه‌ته‌کانی تاڵه‌بانی بوه. له راستیدا وه‌کو عه‌ره‌ب ده‌ڵێن" رجل المهمات الصعبة"ی تاڵه‌بانی بووه! لانی که‌م من شاهێدی ئه‌وه بۆ نه‌وشیروان و تاڵه‌بانی ده‌ده‌م که له کاتی لێدانی حیزبی ئێمه له ساڵی 2000دا، نه‌وشیروان سه‌رکرده‌ی ژووری عه‌مه‌لیاتی تاڵه‌بانی بوو له سلێمانی که‌ئه‌و کاته جه‌نابیان له‌تارانه‌وه ته‌وجیهاته‌کانی ئاغای ره‌حیمی- سه‌رکرده‌ی سوپای پاسدارانی ئیران- یان بۆ قه‌تڵ وعامی کۆمۆنیسته کرێکاریه‌کانی کوردستان بۆ نه‌وشیروان ده‌گواسته‌وه.
له ئیعترافی دووه‌میدا مه‌لا به‌ختیار دان به‌وه‌دا ده‌نێ که یه‌کیتی له شاخ بۆ یه‌کلا کردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی نا‌وخۆی و کپکردنی ده‌نگه ناره‌زاییه‌كان یان ده‌نگه یاخییه‌كان، خه‌ڵکیان گرتووه و کوشتوه‌و ئه‌شکه‌نجه داوه. وه ئه‌مه به‌لا‌په‌ڕه‌ی ره‌شودزێو له مێژووی یه‌کێتی داده‌نێت که خۆی ووته‌نی حه‌ز ناکات دووباره ببنه‌وه. ئایا مه‌لا به‌ختیار ئه‌توانێ راشکاوانه به خه‌ڵکی کوردستان بڵێ که کێ به‌رپرسی یه‌که‌می ئه‌و لاپه‌ڕه ره‌شانه‌ی یه‌کێتییه؟ ئایا جلال تاڵه‌بانی وه‌کو شه‌خسی یه‌که‌می یه‌کێتی و خۆیشی تا ئه‌وکاته‌ی له‌ناو سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیدا بوو، پێش دامه‌زراندنی "ئاڵای شۆڕش" به‌رپرسیارن یان نا؟ ئایا ئه‌م سیاسه‌تی ته‌سفیه‌و سه‌رکوته‌ی نه‌یارانی سیاسی نێوخۆی یه‌کێتی تا ده‌گاته گرتن و زیندانی خودی مه‌لا به‌ختیار وگرتن و کوشتنی ژماره‌یه‌ک له لایه‌نگرانی ده‌چێته خانه‌ی سیاسه‌تی ره‌سمی یه‌کێتییه‌وه یان ده‌چێته چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته ناره‌سمی و نا شه‌رعیه‌کانی یه‌کێتی که نه‌وشیروان پێی هه‌ستاوه!؟ ئه‌گه‌ر لێکدانه‌وه‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار له‌سه‌ر ناکۆکیه‌کانی نه‌وشیروان پیاده بکه‌ین ئه‌وا به‌وه ده‌گه‌ین ئه‌مانه‌ش هه‌مووی جلال تاڵه‌بانی و داڕێژه‌رانی سیاسه‌تی ره‌سمی یه‌کێتی لێی به‌رپرسیارن. به‌ڵام له‌وه ده‌چێ مه‌لا به‌ختیار بیه‌وێ ئه‌م په‌ڵه ره‌شانه‌ی یه‌کێتی بخاته ئه‌ستۆی نه‌وشیروان، که دڵنیام لانی که‌م گرتن و سوکایه‌تی کردن به‌خۆی له ساڵانی کۆتایی هه‌شتاکاندا ده‌خاته ئه‌ستۆی نه‌وشیروان. ئه‌گه‌ر به‌مجۆره بێت ئیتر ئه‌وه نابێته لێکدانه‌وه‌ی سیاسی به‌ڵکو ده‌بێته نوکته‌یه‌کی دیکه له نوکته‌کانی مه‌لا به‌ختیار!
ئه‌مه‌شیان به‌هه‌رحاڵ، به‌ڵام ئه‌ی ده‌رباره‌ی لاپه‌ڕه ره‌شودزێوه‌کانی شاری یه‌کێتی مه‌لا به‌ختیار چی ده‌ڵێ. کێ له‌م مێژوه ره‌شه‌ی یه‌کیتی به‌رپرسیاره؟ ئه‌و نمونانه‌ی من له سه‌ره‌وه هێناومنه‌ته‌وه، که ته‌نها نمونه‌ی خه‌روارێکن، له شاخ روویان نه‌داوه. لێدانی په‌که‌که و حیزبی دیموکرات له دوای قاسمه‌ڕه‌ش بوون. تیرۆری حه‌مه‌ی حه‌لاق له سه‌یته‌ره‌که‌ی کۆیه‌و ساڵی 1997 بوو. شه‌ڕی ناوخۆ له‌ناو ماڵ وگه‌ڕه‌که‌کانی شاره‌کاندا له 1994-2000 بوو. تیرۆری کادرانی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری به رۆژی رووناك و له ناو شاری سلێمانیدا ساڵی 2000 بوو. ده‌کرێ مه‌لا به‌ختیار له‌مه‌شدا راشکاو بێت و به‌پرسی راسته‌قینه‌مان پێ بڵێت!
ئیعترافی ئه‌خیری مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌یه که سه‌رباری ئه‌وه‌ی که حه‌زناکات لاپه‌ڕه ره‌شه‌کانی سه‌رکوتی نه‌یاره‌کانیان له سه‌رده‌می شاخدا دووباره‌بێته‌وه، به‌ڵام ئێساش له‌سه‌رده‌می شاردا بڕوای وایه که سه‌رکوتی نه‌یاره‌کانی سیاسه‌ته‌کانی یه‌کێتی و جلال تاڵه‌بانی له ناو یه‌کێتدا بکه‌ن، چونکه به قه‌ولی مه‌لا به‌ختیار" یه‌كێتی‌و تواناكانی یه‌كێتی، به تاكتیك‌و فرت‌وفێڵ بۆ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌ناو یه‌كێتیدا ئیستیغلال ده‌که‌ن!". ئه‌م راگه‌یاندنه‌ی مه‌لا به‌ختیارئه‌و قسه‌یه‌ی پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه که چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک له‌وه‌پێش کردوونی که ده‌ڵێ: " به‌ش به‌حاڵی خۆم هه‌رگیز له‌گه‌ڵ دوباره‌كردنه‌وه‌ی لاپه‌ره ره‌شه‌كانی مێژودا نیم به‌رامبه‌ر به هیچ كه‌سێك، هه‌تا ئه‌وانه‌ی هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌وره ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به‌یه‌كێتی....". مه‌لا به‌ختیارو سکرتێرو سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که‌ی نه‌ک ئاماده‌ن که ئه‌و لاپه‌ڕه ره‌شانه‌ی مێژووی یه‌کێتی له‌به‌رامبه‌ر نه‌یارانی سیاسی ده‌ره‌وه‌ی خۆیاندا به‌کار بێننه‌وه، به‌ڵکو ئاماده‌ن که له‌گه‌ڵ ها‌وڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌کانی خۆشیاندا دووباره‌ی بکه‌نه‌وه! ئه‌م چه‌ند دێڕه ماهیه‌تی سیاسی چینایه‌تی ئه‌و به‌ڕێزه‌و حیزبه‌که‌ی نیشان ده‌دات. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که هه‌ر کاتێک هه‌ستیان به مه‌ترسی ره‌وت و لایه‌نێکی سیاسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و کورسی ده‌سه‌ڵاتیان کرد، لوله‌ی چه‌کی میلیشیاکه‌یانی تێ ده‌که‌ن و "ده‌کوژن و ده‌گرن و ئه‌شکه‌نجه ده‌ده‌ن". مه‌لا به‌ختیار بدوێنه شه‌رحی خۆی ده‌کات!
|
|
