ماڵه‌وه

شکاندنی کەسایەتیی ئینسانە بێبەشەکان!

موحسین کەریم

دیمەنێك کە هاوکات من و ئەوکەسانەی نارەحەت دەکرد کە پێکەوە تەماشای بەرنامەکانی تەلەفزیۆنەکانمان دەکرد، ئەو خێزانە هەژارو موحتاجانە بوو کە کرابونە خۆراکی پڕوپاگەندەی قێزەونی بازرگانی سیاسی و موشتەری راکێشانی کۆمپانیاکان! ئەو کەناڵانەی راگەیاندن بەرواڵەت وا نیشاندەدەن کەبەو کارەیان ئەرکێکی ئینسانی ئەنجامدەدەن! گوایە لەرێگای پیشاندانی مەینەتو کارەساتی ژیانی ئەو خێزانانەو کڕوزانەوەو پاڕانەوەی ئەوانەوە لەمانگی رەمەزاندا ویژدانی دەوڵەمەندانێك دەبزوێنن کە بە بینی کروزانەوەو رەزالەتی ئینسانەکان بایەخ و کاریگەریی زەکاتی سامانەکانیان بۆ کڕینی ئەو دنیا هەست پێدەکەن و بەوجۆرە چەند هەزار دینارێك زەکاتیان پێرەوادەبینن! وەکو هاندان و دەستپێشکەریش خۆیان بڕێك پارەیان پێدەدەن! بەڵام کاتێك ئینسان دیمەنەکان و پڕوپاگەندەی ئەو کەناڵانە دەبینێ ئەو ئامانجە قێزەونەی بۆ دەردەکەوێ کە لەپشتی ئەم سوکایەتیکردنەوە بەو ئینسانە مەحرومانەوە خۆی حەشارداوە.

ئەوەندەی من ئاگاداربووم لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە کە سەر بەیەکێتی  نیشتمانیەو تەلەفزیۆنی یەکگرتوو کە تەلەفزیۆنی یەکگرتوی ئیسلامیە، ئەو بەرنامانە پێشکەش دەکرێن. وەکو باسدەکرا بەرنامەکەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بە سپانسۆری مالیی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ بەڕێوەدەچێ. پێشکەشکەری بەرنامەکەش لەناو قسەکانیدا سوپاسی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەکرد کە بڕیارە هاوکاری مالی ئەو خێزانانە بکات و مووچەیەکیان بۆ ببڕێتەوە!  تەلەفزیۆنی یەکگرتووش چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرد کە کۆمەك و زەکاتی یەکگرتویان وەرگرتبوو، سوپاسو ستایشی یەکگرتوویان دەکرد!

بۆ هەر ئینسانێکی هوشیار و خاوەن ویژدانی ئینسانی هێنانی ئەو ئینسان و خێزانە هەژارو موحتاجانە بۆسەر تەلەفزیۆن و بزواندنیان بەو ئامانجەی کە کڵۆڵی و داماوی و بێدەسەڵاتی و موحتاجی خۆیان لەگەڵ هەنسك و فرمێسک و هەستکردن بە کەمی و نزمیدا تێکەڵ بکەن، بۆئەوەی ویژدانی کەسانێك بجوڵێ و ژەمی چەند رۆژێکیان یان خەرجی چەند سەردانێکێ دکتۆر و دەرمانی نەخۆشەکانیان بۆدابین بکەن، مایەی نەفرەت و نارەزایەتیە. ئەگەر ئەو لایەن و کەسانە مەبەستیان هاوکاری ئەو خێزانانە بوایە، دەیانتوانی بەبێ ئەوەی بیانهێننە سەر تەلەفزیۆن ئەو کارەبکەن. ئەگەر ئامانج یارمەتی و هاوکاری بێت ئەوا بەبێ ئەو شکاندنی کەسایەتیە دەکرا ئەنجامبدرێ، بەڵام ئامانجەکە ریکلامی سیاسی و بازرگانیە بۆ ئەو لایەن و کۆمپانیایانە و ئەوەش پێویستی بە شاشەی تەلەفزیۆنەکان هەیە!!

ئەوە گۆشەیەکی کارەساتەکەیە کە کۆمپانیایەك و کەناڵێكی راگەیاندنی لایەنێك لە زەحمەت و مەینەتی ژیانی کەسانێك کەرەستەی پڕوپاگەندەی سیاسی و بازرگانی بۆخۆی بەرهەمدێنێ و کەسایەتی ئەو ئینسانە زەحمەتکێش و بێبەشانە ووردوخاش دەکەن. کارەساتی گەورە ئەوەیە کە ناوی وەزارەتی حکومەتێك دێتە ناوەوە کە بەپێی ئەرکی سەرشانی دەسەڵات بەرامبەر بە هاوڵاتیانی دەبێ بەرپرسیارێتی ژیان و پاراستنی کەرامەتی شەخسی و ئینسانی هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرێ! دەسەڵاتو حکومەتێك کە خۆی وەکو "نوێنەری سیاسی هەڵبژێردراوی خەڵك!" بەسەر خەڵکدا سەپاندوەو  داهات و سامانی کۆمەڵگای بۆخۆی قۆرخکردوە، بەڵام کەمترین بەرپرسیارێتی لەوبارەوە بەئەرکی خۆی نازانێ! دەنا بۆچی دەبێ کەسانێك بەوجۆرە ناچاربن کە تەنها بۆ ئەوەی لایەکیان لێبکرێتەوە ئامادەبن ئازارو فرمێسکەکانیان بکەنە بابەتی ریکلامی سیاسی و بازرگانی چەند لایەن و کۆمپانیایەك؟

یەکێك لە ئەرکەکانی هەر دەسەلاتێك بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆی ئەوەیە کە لەئاست ئەو هاوڵاتیانەی توانای دابینکردنی ژیان و گوزەرانی خۆیانیان نیە، یان پەککەوتەو خاوەن-پێداویستی تایبەتن و دەبێ کۆمەڵگا  چاودێری و خزمەتی زیاتریان بکات، پێویستە بەرپرسیارێتی نیشانبدات. ئەوە ئەرکی دەوڵەت و حکومەتە کە چارەسەری مەسەلەی بێکاری و کەمدەرامەتی و چارەسەری نەخۆشی و  چاودێری کەمئەندامان و پەککەوتەکان بکات و ژیانێكی شەرافەتمەندو موحتەرەمیان بۆ دابین بکات. حکومەت بەرپرسە کە کەرامەت و حورمەتی ئینسانی هاوڵاتیانی بپارێزێ و رێگا نەدات بازرگانی بە موعانات و دەردەکانیانەوە بکرێ!

دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەر کەسێکی ئامادەبەکار، دابینکردنی بیمەی نەخۆشی و کەمئەندامی وپەککەوتەیی تێروتەسەل کە لەگەڵ پێداویستیەکانی ژیانی هاوچەرخدا بگونجێ بۆ هەموو ئەوانەی کە پێوسیتیان بەو بیمانە هەیە، دابینکردنی چارەسەری خۆرایی بۆ هەموو ئەو نەخۆشیانەی کە بە نەخۆشی بەردەوام و خەتەرناك دەناسرێن، دابینکردنی مووچە بۆئەو کەسانەی کە چاودێری کەسانی پەكکەوتەو کەمئەندام دەکەن یان کردنەوەی بنکەی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ بۆ چاودێریکردنیان، ئەو ئەرکە سەرەتاییانەی هەر دەسەڵاتێكن کە بەقەدەر سەرە دەرزیەك بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆیان نیشان دەدەن.

ماڵه‌وه