|
_ئەم هەڵبژاردنە لە سایەی ئەم هەلومەرجە سیاسی یەی باڵادەستی ئەحزابی قومی
ملیشیایی و عەشیرەتی ونەبونی دەوڵەت و دەستور یاسایەکی مۆدیرن کە دەستەبەر
ی ماف و ئازادی یە سیاسی و فەردی یەکان بکات هیچ شەرعیەتی نی یە وپەیوەندی
بە چارەنوسی کرێکاران وزەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازەوە نی یە، بۆیە
نابێت بەشدار بین! هەڵوێستی کۆمۆنیستێک .
_هەر لیستێک دەرچێت هەر گۆڕینی دەم و چاوەکانە، هیچ لە کرێ یەکەی من
ناگۆڕێت!بۆیە دەنگ نادەم .هەڵوێستی کرێکارێک.
_ هەژدە ساڵە پەرلەمان چیان بۆ ژنان کردوە، جگە لە مۆر دانەوە لە یاسای فرە
ژنی و برەو دان بەکەلتوری کۆنەپەرستی و دژە ژنی، بۆیە دەنگ نادەم! هەڵوێستی
ژنێک.
_ ئەمانە کەی گوێیان لە خواستی لاوان گرتوە تا دەنگیان بۆ بدەم، بۆیە هەر
دەنگ نادەم! هەڵوێستی لاوێکی دڵپڕ لە هیوا.
-کوڕە دەنگ بە لیستی گۆرانیش بدەم سبەینێ کوڕەکانی ئەوان لە زانکۆ لافمان
بەسەردا لێدەدەن، بۆیە دەنگ نادەم بەوانیش ! هەڵوێستی خوێندکارێکی زانکۆ.
-بە خوا نمرەیەکی بەرزیش بێنم خۆ هەر لە کۆلیژێکی باش وەرناگریم، چونکە
حزبی و ڕۆڵەی مەسئول نیم،بۆیە دەنگ نادەم! هەڵوێستی قوتابی یەکی پۆلی شەشی
ئامادەیی.
- دەنگ بدەم یان نەدەم، هەر یەکێتی و پارتی دەردەچن و، هەر نایەڵن بە
ئازادانە بیر بکەینەوەو ڕای خۆمان بە بێ ترس دەربرین، بۆیە نازانم دەنگ
بدەم نەدەم.....!سا دەنگ نادەم بە هیچ لیستێک و فۆرمەکە بە سپێتی پڕ
دەکەمەوە! هەڵویستی نوسەر، شاعیر و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرێک.
- هەر لیستێک دەرچێت بۆ ئەم پەرلەمانە ،بروایان بە مافەکانی تاک و، بە
ئازادی عەشق و خوشەویستی نی یە. بۆیە ئیتر بۆ بەشداری هەڵبژاردن بکەم،! بە
چاوی خۆشەویستەکەم نایکەم! پەیامی کوڕکچێکی ئاشق.
-بەشداری هەڵبژاردن بکەم و دەنگ بە لیستی کوردستانی بدەم ،لەو باوەرەدام لە
باری هونەری یەوە کۆمەکی مادی باشم بکەن بۆ دەرهێنانی کلیبەکەم،نازانم
بیکەم نەیکەم..!کوڕە ئاخر دوایی دەبمە گۆرانی بێژی دەربار....سابە
هونەرەکەم دەنگ بە هیچیان نادەم! هەڵوێستی هونەرمەندێکی گۆرانی بێژ.
-بەشداری بکەم یان نەکەم و، دەنگ بە باشترین لیستیش بدەم ،من هەر لەسەر ئەم
شۆستەیە دەبێت دەشتفرۆشی بکەم.کەواتە هەموو دونیا هەستێت لە دژم بەشداری
ناکەم .هەڵوێستی پاکەتفرۆشێکی سەر شۆستەکان.
-هەتیو ئەحە دەنگ بە کێ دەدەی لەم هەڵبژاردنەدا، بەخوا لەم هەڵبژاردنە
گۆڕانکاری ڕوو دەدات...!
حەمە بڵێ ئێی...! کامیان زۆر باش باس لە گۆڕانکاری دەکات هەر کە چوە ناو
پەرلمانەوە باشتر پۆلیس و ئاسایش هاندەدەن تا پڕ شەقمان کەن و تڕو
تفاقەکانیشمان بشکێنن.هەتیو ...گۆڕان درۆیەکی گەورەی ئەوانەیە کە تۆراون لە
تاڵەبانی و بارزانی. بۆیە بەشداری چی و لیستی گۆڕانی چی!!بەخوا دەنگ بە کەس
نادەم..! هەڵویست و گفتوگۆی نێوان پینەدۆزێک و سبوغچی یەکی پێڵاوی سەر
شۆستەکان.
ه ه ه باوە گیان مودیرەکەمان وتی بە باک و دایکتان بڵێن با دەنگ بە لیستی
کوردستانی بدەن...
ڕۆڵەکەم تۆ هێشتا مناڵی... باشە ،مودیر بۆ ئەم قسانە لە قوتابخانە بۆ ئێوە
دەکات، خۆ ئێوە هێشتا مناڵن!!نا ڕۆڵەی خۆم، تۆ هەقت نەبێت، من خۆم دەزانم
دەنگ دەدەم یان نادەم!! ....تۆ وەرە سەیر کە ئەمانە لە ڕێگای قوتابخانە
سەرەتایی یەکانیشەوە مناڵان دەکێشنە پای سیاسەتەوە.باشە ئەمانە چەند
عەشایەرو دواکەوتون...!!!!.
گفتوگۆی نێوان قوتابی یەکی سەرەتایی و باوکێکی کرێکاری بیناسازی بە
هەڵوێست.
-کاکە بیللاهی دەنگ بشدەم هەر پارچە زەوی یەکم نادەنێ و هەر حەمەد ئاغاو
بایز ئاغاش دەکەنە سەرۆکی یەکێتی جوتیارانی کوردستان....بۆیە واللهی دەنگ
نادەم ..!خۆ چیم هەیە... ئەوپەڕی بایەعەکەم دەبڕن، دەبا بیبڕن!هەڵویستی
جوتیارێکی زەحمەتکێش.
-بە هەزار دەردی سەری و پینەوپەڕۆ و ڕەنجکێشان زانکۆم تەواو کرد. ئێستا
دەمەوێت ماسترەو پاشان دکتوراکەش بێنم.... بەڵام لەم لا دەڵێن دەبێت پارتی
بیتو، لاولایش دەڵێن دەبێت یەکێتی بیت.کوڕە دەبا هەر نەبێت بەخوا دەنگ بۆ
هیچیشیان نادەم! هەڵوێستی دەرچوویەکی زانکۆ.
-لە شۆڕشی ئەیلولەوە تا ڕاپەڕینی ئازاری 1991 و وەدەرنانی بەعس، من چەکم لە
شان بووە. بە خەیاڵی خۆم بۆ کۆتایی هێنانی بە ستەمەی لەسەر ئەم خەڵکەیە
سەرفرازو سەربەخۆی بێت.کەچی ئیستاش هەر سەرەک جاش و موستەشارو بەعسی یەکان
لەسەرو ئێمەوەن و دەڵێن ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن نەکەن و دەنگ بە لیستی
کوردستانی نەدەن موچەکەتان دەبڕێت...سا بە موقەدەساتم دەنگ نادەم دەبا ئەو
موچەیەی من لە سایەی ئەمانەو بە دەستی کۆنە سەرەک جاشەکان وەری دەگرم با
ببڕێت..! هەڵوێستی پێشمەرگەیەکی دێرین.
-دەیان ساڵ بە دەست بەعسەوە لەم شارەدا ڕەزالەتمان بوو تا تەرحیلی کردین و
سەروەت و سامانی لێ داگیر کردین. شەش ساڵیشە بە زۆر و بە تەفرەدان ئیمەیان
هیناوەتەوە کەچی ئەوە 6 ساڵە لە ناو ئەم کەلاوەیەداین نە ئاوومان هەیە، نە
کارەبا ،نە نەوت. نە کار ...ئێستاش لەم سەروبەندی ئەم هەڵبژاردنەیان دەڵێن
ئەگەر دیعایە بکەن بۆ لستی کوردستانی ئەوە دوای هەڵبژاردن بە بۆڕی نەوت و
غاز دەهێنین بۆ ناو ماڵەکانتان و بە دۆری زل ئەمانیش دەیانەوێت دەیان ساڵی
تر هەڵمان خەڵتێنن ولەم کەلاوەیەدا لە چاوەڕوانی بمان هێڵنەوە.واللا هەق نی
یە کەس لەو کوردستانە بەشداری هەڵبژاردن بکات.هەڵوێستی ئاوارەیەکی
کەرکوک.........هتد
- لە ئەنفالەکە براو باوک و پیاو دوو کوڕی گەنج و ماڵ و سامانمان هەموی لە
دەستدا ،کەچی ئێستا دەبێت داوا لەو کۆنە موستەشارەی ،کە کەواسوری بەلەشکری
بەعس بوو، داوا لەو بکەین تا شەهیدانەمان بۆ دابین بکات ،ئەویش ئیستا دەڵیت
ئەگەر دەنگ بە لیستی کوردستانی نەدەن شەهیدانەکەتان دەبڕین.کوڕە دەبا بی
بڕن بە غەوزی گەیلان دەنگیان پێ نادەم . دەی بڕن دە با بیبڕن...!
بیرکردنەوەو هەڵوێستی ژنە ئەنفالێکی گەرمیان.
ئەمانەو دەیان شێوە بیر کردنەوەوهەڵوێستی تر، وێنایەکە لە موشاهەداتی واقعی
ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان بە چین و تویژە جیاجیاکانی یەوە لەم سەرو بەندی
سیناریۆی هەڵبژاردندا.دیارە لە بەرانبەر ئەم وێناکردنەدا وێنەیەکی تر هەیە
لە بەرپرسانی ڕیزەکانی یەکێتی وپارتی و سەرمایەدار و ئاغاو دەرەبەگ و
بارزگانو بەڵێندەرەکان لە ناو ئەو حزبانەو حزبە ورد ودرشتەکانی تر کە داوا
لە ڕیزەکانیان دەکەن بە هەمو شێوەیەک خەڵکی بەشداری هەڵبژاردن بکات و
دەنگیان بۆ بدەن .
هەروەها لەم نێوەدا بە نێهنی وئاشکرا بەڕێوەبەران و بەرپرسان، بە تایبەتی
هی لیستی کوردستانی پارتی و یەکیتی ،فشار دێنن لە هەموو مەیدانەکانی کار و
ژیان، هەر لە بەڕێوەبەری کارگەو کارخانەکان تا قوتابخانەو پەیمانگاو
زانکۆکان و دوائیرەکان و بانکەکان و کۆڕوکۆمەڵەکانی ،وەک یەکێتی
مامۆستایانو خوێندکارانو قوتابیانو هونەرمەندانو نوسەرانو جوتیارانو
پیشەوەرانو دەیان ڕێکخراوی وەهمی بە تاڵی بەناو جەماوەری و بەناو سەربەخۆی
سەر بە یەکێتی و پارتی .ئیتر چ بە ترس و تۆقاندن و چ بە تەفرە دان و
هەڵخەڵەتاندن خەڵکی وادار دەکەن تا بەشداری بکەن و دەنگیان بۆ بدەن.
هەر کەس لەم ماوەیەدا ئەگەر سەرنجی ئەو هەواڵ و قسەوباس و گفتوگۆیانەی
دابێت کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو بۆتەوە ،بە تایبەتی ئەوانەی کە لە
ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەو حزبانەدا نین ، بۆی دەردەکەوێت کە لە پاڵ ئەوەی کە
خەڵکی زۆر هەیە بە قەناعەتەوە دەنگ دەدات و بەرژەوەندی لەم دانگدان و
هەڵبژاردنانە هەیە. بەڵام هاوکات بە هەزاران کەس هەیە لە ترساو لە برساو
لەبەر ناڕۆشنی دەنگ دەدەن .وە هەزارانیش هەن دەنگ نادەن و دەزانن کە ئەم
شێوازە لە هەڵبژاردن و دەنگ دان لە سایەی دەسەڵاتی ئەم دوو حزبە قومی یە
ملیشیایی یە و لە نەبونی کەشێکی ئازادانە هیچ بە قازانجی خەڵکی کوردستان نی
یە .وە زۆری تریش هەن کە زۆر ڕۆشنن و دەزانن خودی شێواز و سیستەمی پەرلەمان
دەربڕی بەرژەوەندی یە سیاسی یە چینایەتی یەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان نی
یە و لە جێی ئەم شێوازو سیستەمە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دەبێت سیستەمێکی تر
کە لەسەر بنەمای شورایی یە بنیاد بنرێت .
ئەگەر بە واقعی سەرنجی کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستان بدەین لەم سەروبەندی
هەڵبژاردنەدا ئەم دوو بەرە سیاسی یە کۆمەڵایەتی یەمان زۆر بە ئاشکرا بۆ
دەردەکەوێت.
تا ئەو جێگەی دەگەریَِتەوە بەبەرەی بەرگری و لایەنگرانی هەڵبژاردنی
پەرلمانەوە لە هەمو سات و کاتێکدا ڕیزەکانی خۆیان لە حزبە قومی و ئیسلامی
یە بۆرژواو ووردە بۆرژواکان ڕێک خستووە و لە ڕێگای ژوورنالیست و میدیا
بەکریگیراوەکانیانەوە توانیویانە هەزاران کەسیش خۆشخەیاڵ کەن و ناچاریان
کەن بەشداری هەڵبژاردن کات .
بەڵام بە داخەوە تا ئەو جێگەیەی دەگەڕێتەوە بە بەرەی کرێکاران و
زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازەوە کەلێن و بۆشایی گەورەیان ئەوەیە کە
بەهرەمەند نین لە ڕیزی یەکگرتوو سەراسەری سیاسی وحزبی و جەماوەری خۆیان.
بۆیە ئیتر هەموو ئەو هەڵوێستە سیاسی یە مەنفی یەی کە بەرانبەر بە هەڵبژاردن
و پەرلەمان و سەرجەم دەسەڵاتی سیاسی ئەم حزبە قومی و ئیسلامیانە دەردەبڕدێت
بە وێنەی تاک و پەرش و بڵاو دێتە بەرچاو.
هەڵبەت پڕ کردنەوەی ئەم بۆشایی یە سیاسی یە و کۆکردنەوەی ئەو دەیان و سەدان
هەزار خەڵکەی کوردستان ئەرکی هەر ئێستای کۆمۆنیستەکان و ڕابەرانی کرێکاری و
کەسایەتی یە ئازادیخوازەکانە بۆ کۆتایی هێنان بەو هەلومەرجەی کە بە زۆر
سەپێنراوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا.
نیوەی جونی 2009
mozafar_as@yahoo.com
|