له 27 ئۆکتۆبه‌ر به پێی بڕیاری هه‌موارکردنی یاسای باری که‌سێتی له کوردستان په‌رله‌مانی کوردستان به به‌ندێک له‌م یاسایه‌دا فره‌ژنی وه‌ک شێوازێکی ئاسایی هاوسه‌رگیری قبووڵ کرد. سه‌رنجی گشتیاتان سه‌باره‌ت به‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مان‌و به‌م هه‌موارکردنه‌ی یاسای باری که‌سیتی چییه؟
سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشیتان لێئه‌كه‌م بۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌وه‌ره گرنگه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م بڕیاره‌و هه‌موار كردنی یاسای باری كه‌سێتی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه هیچ شتێك نیه جگه له ته‌ئكید كردنه‌وه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ژنان وه‌كو ئینسانی پله دوو و مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵیان وه‌كو هه‌ركاڵایه‌كی تر له‌بازاڕدا ، وه‌ئه‌وه‌ی كه‌زیاتر ماهیه‌تی ئه‌م په‌رله‌مانه هۆش وبیر كۆنه‌ی ده‌رخست ، هاوكات ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه كه ئه‌م په‌رله‌مانه نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستان نین وه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی خواست و ئیراده‌ی ئه‌وانه‌وه شكڵی گرتوه ، هاوكات په‌رله‌مان جارێكی تر دڵسۆزی و پشتیوانی خۆی بۆ سه‌رجه‌م لایه‌ن وعه‌قڵ پیاوسالاره‌كانی كوردستان دوپات كرده‌وه .
زیاتر له 15 ساڵه جووڵانه‌وه‌ی ژنان‌و جووڵانه‌وه‌کانی دیفاع له مافه مه‌ده‌نیه‌کان له کوردستان‌و ئازادیخوازان بانگه‌شه‌و خه‌بات بۆ گۆڕینی یاساکانی باری که‌سێتی ده‌که‌ن، ئایا ئه‌م هه‌موارکردنه له چاو ئه‌م کار‌و هه‌ڵسوڕان‌و بانگه‌شه‌یه‌دا چ جێگایه‌کی هه‌یه؟
ماوه‌ی پانزه ساڵی ڕابردو كوردستان له‌په‌یوه‌ست به بزوتنه‌وه‌ی ژنانه‌وه ده‌یان ڕێكخراوی دیفاع له‌مافه‌كانی ژنانی گرته خۆ ، جگه له ده‌یان ڕێكخراوی تر كه له‌مه‌یدانی دیفاع له علمانیه‌ت و عه‌داله‌ت و یه‌كسانی كۆمه‌ڵگادا ده‌وری به‌رچاویان هه‌بوه ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و قوربانی و كوشت و كوشتاره‌ی چ له‌ڕێگه‌ی خۆكوشتنی ژنان یان كوژرانی ژنانه‌وه به‌تاوانی خۆشه‌ویستی و له‌ژێر ناوی پاراستنی شه‌ره‌ف و ناموسدا له كوردستان ئه‌نجام دراون ته‌ماشا بكه‌ین ئه‌توانم بڵێم كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی لاواز بوه ، وه هاوكات ده‌سه‌ڵات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌داو بۆ سه‌ركوتی ئه‌م ده‌نگه ده‌ستی گرتوه به ژه‌نگاوی ترین عه‌قڵه‌كانی كۆن و سه‌رده‌می جه‌هل و خورافه ، وه ئه‌مه‌شی گرێداوه به ڕێزگرتن و پاراستنی كه‌لتوری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه , سه‌ره‌نجام ئه‌گه‌ر واته‌ماشای بكه‌ین كه ئایا جێگه‌و ڕێگه‌ی جوڵانه‌وه‌كانی ژنان له‌هه‌موار كردنی ئه‌م یاسایه‌دا چیه ؟ ئه‌وا من پێم وایه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵێك به‌ند له‌ویاسایه‌دا هاتوه كه‌ڕێگری له‌به‌رامبه‌ر فره‌ژنیدا دروست ئه‌كه‌ن به‌ڵام له واقعدا له‌م هه‌مواركردنه‌دا دیسانه‌وه مه‌كانه‌تی ژن له كۆمه‌ڵگادا وه‌كو ئینسانی كامل چاولێناكرێ ، دیسانه‌وه ژن ده‌ره‌جه دووه ، دیسانه‌وه پیاو ئیمكانی به‌كارهێنانی ژنی هه‌یه وه‌كو كاڵایه‌ك ، دیسانه‌وه خه‌ته‌ری خۆكوشتنی ژنان یان كوشتن‌یان هه‌ربه‌رده‌وامه ، دیسانه‌وه ژن ده‌بێ چاوی له‌شه‌فه‌قه‌و ڕه‌حم و به‌زه‌یی پیاو بێت ، وه‌سه‌ره‌نجام ئه‌م په‌رله‌مانه له‌ژێر ناوی ڕێزگرتن له بنه‌ما ئاینیه‌كانی ئیسلام و نه‌كه‌وتنه به‌رامبه‌ری دیسانه‌وه ده‌ره‌جه‌دوویی ژنی به‌ڕه‌سمی و له‌ژێر ناوی یاسادا به كۆمه‌ڵگا ڕاگه‌یاند ، وه هه‌ر به‌م پێیه‌ش ئه‌تواننین بڵێین كه به‌داخه‌وه كاركردی ئه‌م بزوتنه‌وانه له‌سه‌ر ئه‌م هه‌موار كردنه جێگایه‌كی ئه‌وتۆی نیه.
هۆکاری ئه‌وه چییه که خه‌بات‌و جووڵانه‌وه‌ی ژنان له کوردستان نه‌یتوانیوه بۆ خواسته‌کانی خۆی فشارێک درووست بکات؟ ئایا ئه‌م نسکۆ‌و سه‌رنه‌کوتنه‌ی جوولانه‌وه‌ی ژنان که ده‌کرێت له گۆشه‌نیگای په‌سه‌ندکردنی ئه‌م بڕیاره‌وه به ڕوونی ببینرێت، هیچ ده‌رس‌و ته‌جروبه‌یه‌کی بۆ ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه تیایه؟
پێشئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌بكه‌ین كه بۆچی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نه‌یتوانیوه ئامانجه‌كانی بپێكێ وه بۆئه‌وه‌ی خودی ئه‌م وه‌ڵامه له جێگه‌ی خۆیدا بدرێته‌وه ده‌بێ جێگه‌وڕِێگه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌و ئاوێته‌بونی له له‌گه‌ڵ خواسته كانی ژناندا بزانین ، من پێموایه شێوازێك كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه گرتویه‌تیه به‌ر شێوازی ڕیشه‌كێشكردنی كێشه‌كه نیه به‌ڵكو زیاتر و زۆربه‌ی ئه‌و ڕێكخراو بزوتنه‌وانه به‌پشتیوانی لایه‌نێكی حزبی دامه‌زراون كه ئامانجی و ئه‌و حزبه ئه‌باته ڕێوه وه ناتوانێ وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هاتبێته مه‌یدان كار بكات ، وه‌ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی ئه‌وڕێكخراوانه سه‌ر به ئه‌و حزبانه‌ن كه خۆیان ئێستا له‌ده‌سه‌ڵاتدان و ئیمزای خۆیان له و بڕیارانه داوه كه به‌ڕه‌سمی ژن به‌پله دوو چاو لێده‌كات ، پرسی ژن پێویستی به بزوتنه‌ویه‌كه كه له‌خودی كێشه‌ی ژنانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت ، من مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه كه خه‌بات بۆ ئه‌م ئامانجه نه‌كراوه هه‌ڵبه‌ت له پانزه ساڵی ڕابردوودا كوردستان شاهدی هاتنه‌مه‌یدانی جۆراوجۆری ژنان بوه وه ده‌سه‌ڵاتی ناچار به ملكه‌چ بوون كردوه له‌به‌مبه‌ر داواكاریه‌كانیدا ، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نه‌یتوانیوه ببێته مایه‌ی ڕزگابوون و ئازادی ڕه‌های ژنان ، نه‌یتوانیوه ژن وه‌كو ئینسانێكی یه‌كسان له ماف و ئه‌ركدا له‌یاسادا بناسێنێ ، نه‌یتوانیوه هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ به‌تاوانی ناموس له‌سه‌ر ژنان لاببات ، وه ئه‌كرێ ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه به‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مان ڕاچڵه‌كێ و چاو به ڕابردووی خۆیدا بخشێنێ ، هاوكات ده‌بێ له‌به‌رامبه‌ر به‌مه‌دا و به‌سوود وه‌رگرتن له ده‌رس و ته‌جروبه‌كانی ڕابردوو لێبڕاوانه‌تر بێته مه‌یدان ، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ده‌بێ له‌ژێر كاركردی هه‌رجۆره عه‌قڵیه‌تێتێكی نامۆ به یه‌كسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژن و پیاو ده‌ربكێشرێت ، ده‌بێ خه‌باتی خۆی توندتر بكاته‌وه وه ده‌بێ له به‌ره‌یه‌كدا خۆی ببینێته‌وه كه‌هه‌ڵگری ئامانجی یه‌كسانی ته‌واوی ژن وپیاوه له‌سه‌رجه‌یم بواره‌كانی ژیاندا .
په‌رله‌مانی کوردستان له یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریشدا بێباکی‌و نامۆیی خۆی به پاراستنی مافه دیموکراتیه سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌رخست، پاشان ئه‌و بڕیاره له لایه‌ن مه‌سعود بارزانیه‌وه په‌سه‌ند نه‌کراو درایه‌وه به په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵ‌وگۆڕی تیا بکرێت. ده‌کرێت هه‌مان سیناریۆش له بابه‌ت ئه‌م یاسا نوێیه‌وه دووباره ببێته‌وه. به بڕوای ئێوه ئه‌م سیناریۆیه چی نیشان ده‌دات؟ ئایا سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاگای له شێوازی ده‌نگدانی لیسته‌که‌ی خۆی له په‌رله‌ماندا نییه (که بۆ خۆی کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه)؟ یاخود ئاگای لێیه‌و ئه‌مه سیناریۆیه‌کی پێشتر داڕیژراوه (که کێشه‌که گه‌وره‌تره)؟
بۆهه‌ركه‌سێك كه له‌كوردستاندا ژیابێت یان ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ بارودۆخی كوردستاندا هه‌بێت ، هیچ دودڵ نیه له‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات له‌كوردستان نه‌ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانه وه‌نه‌ده‌سه‌ڵاتی هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی ڕۆتینی تره كه به‌ڕوكه‌ش دانراوه ، به‌ڵكو شێوازی حوكم له كوردستاندا حوكمی میلیشیاتیه كه‌خۆی له نێوان دومیلیشیادا ده‌بینێته‌وه كه بریتین له یه‌كێتی و پارتی وه ئه‌م دوو هێزه‌ش به‌گوێره‌ی قودره‌تی هێزه‌كانیان ده‌سه‌ڵاتیان دابه‌ش كردوه ، وه ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كه ئێستا باڵاده‌ستتره له كوردستان زیاتر ده‌سه‌ڵاتێكی خێزانی و خێڵه‌كیه وه به‌حوكمی ئه‌و میلیشیایه‌ی كه هه‌یه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆی سه‌پاندوه به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا، ئه‌مه ئه‌مانگه‌ینێته ئه‌وه‌ی كه ئیتر قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه بڵێین په‌رله‌مان جگه له ناو هیچ ناواخنێكی نیه ، وه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كه هه‌یئه‌تێكی بڕیارده‌ر بێت هه‌یئه‌تێكی جێبه به‌جێكردنه كه ڕێك ئه‌كاته پێچه‌وانه‌ی شێوازی حوكمڕانیه‌ك كه حكومه‌ت جێبه‌جێكه‌ری بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان بێت ،وه كاتێك كه ئێمه ئه‌وه‌مان لاڕوون بێت كه په‌رله‌مان خاوه‌نی هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نیه ، ئه‌نجامدانی سیناریۆیله‌م جۆره‌و له‌جۆری یاسای ڕۆژنامه‌وانی و ده‌یان بڕیاری تر ده‌بێته به‌رنامه كاری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، هه‌ربۆیه داڕشتنی هه‌ریاسایه‌ك كه بڕیاربێت ئه‌م په‌رله‌مانه تاووتوێی بكات‌و بڕیاری له‌سه‌ر بدات پێشوه‌خت بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌و په‌رله‌مان ته‌نها ڕووكارێكه كه بۆ فریودانی خه‌ڵك دانراوه ،وه‌به‌م پێیه و به‌بێ هیچ دوودڵیه‌ك ئه‌كرێ ئه‌مه به‌سیناریۆ ته‌ماشا بكه‌ین ، وه‌دواتر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌گوێره‌ی ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ی كه بزوتنه‌وه‌كه ئه‌یبێت بڕیاره‌كه‌ی خۆی جێگیر ده‌كات .
ئایا ستراتیجی دروست بۆ جووڵانه‌وه مه‌ده‌نیه‌تخوازه‌کانی کوردستان، له‌وانه‌ش جووڵانه‌وه‌ی ژنان، بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره نوێیه‌ی په‌رله‌مان چییه؟
به‌ڕای من ته‌نها ڕێگه‌چاره بۆ سه‌پاندنی هه‌ر خواستێكی جه‌ماوه‌ری ته‌نها زیاتر توندكردنه‌وه‌و یه‌كستنی ڕیزی ئه‌و خه‌باته‌یه ، هه‌ربۆیه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌مه ته‌نها ڕێگه‌چاره‌یه،به‌ڕای من ڕێكخراوه‌كانی دیفاع له‌ئازادی ژنان و سه‌رجه‌م ڕێكخراو‌و لایه‌نه‌كانی دیفاع له عیلمانیه‌ت و ئازادی كۆمه‌ڵگا ده‌بێ به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووپێكبهێنن وه چ له‌ناوخۆی كوردستان وه چ له‌ئاستی دنیادا فشارێكی جددی بخه‌نه سه‌رده‌سه‌ڵات بۆ پاشگه‌زبونه‌وه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره ، وه ده‌بێ پشتیوانی ڕیكخواوه مرۆڤ دۆسته‌كانی دنیا مسۆگه‌ر بكه‌ن ، هاوكات له‌كوردستانیش ده‌بێ خه‌ڵكانی ئازادیخواز‌و یه‌كسانیخواز سازمان بده‌ن بۆ هاتنه مه‌یدان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژ به‌م بڕیاره.
هه‌ن ده‌ڵێن په‌رله‌مانی کوردستان ته‌عبیر له ئاستی فه‌رهه‌نگی دوواکه‌وتووی کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌کات، ڕای ئێوه له‌م باره‌یه‌وه چییه؟
لیره‌دا من پێمخۆشه به‌م پرسیاره وه‌ڵامه‌كه‌م ده‌ست پێبكه‌م ، كێ هه‌ڵگری فه‌رهه‌نگی دواكه‌وتوه كۆمه‌ڵگای كوردستان یان ده‌سه‌ڵاتێك كه به‌زه‌بری چه‌ك خۆی سه‌پاندوه به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا ؟ ده‌سه‌ڵاتێك كه بۆپاراستی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌ستی گرتوه به‌ڕزیوترن و كۆنه‌په‌رستانه‌ترین فه‌رهه‌نگه‌وه وه له‌م پێناوه‌شدا ملیاره‌ها دۆلار بۆ دروستكردنی مزگه‌وت و شوێنی ئایینی كردنه‌وه‌ی ده‌یان په‌یمانگاو كولێژی ئاینی خه‌رج ده‌كا ،ده‌سه‌ڵاتێك كه له‌سیسته‌می په‌روه‌رده‌وفێركردندا خوێندنی زانست و فه‌رهه‌گی دواكه‌وتوی ئاوێته‌ی یه‌كتر كردوه ، ده‌سه‌ڵاتێك كه‌بۆ ڕازیكردنی دڵی ده‌رودراوسێ هاوشێوه‌كه‌ی خۆی ئاماده‌یه كوردستان به‌خاوه‌ن فه‌رهه‌نگی دواكه‌وتو به‌دنیا ته‌عریف بكات، ده‌سه‌ڵاتێك كه كوشتنی ژنان به‌بیانوی شه‌ره‌ف و ناموسه‌وه له‌ژێر ناوی فه‌رهه‌نگو كه‌لتوردا په‌رده‌پۆش بكات، بۆچی دبێت خاوه‌ندارێتی ئه‌م فه‌رهه‌نگه دواكه‌وتوه بداته پاڵ كۆمه‌ڵگای كوردستان؟ ئه‌گه ته‌نها بۆ یه‌ك مانگ نه‌ڕه‌نه‌ڕی پێنج وه‌خته‌ی ڕۆژانه‌ی مزگه‌وته‌كان ده‌مكوت بكرێ وده‌یان كه‌ناڵی تری كه خه‌ریكن ژاراوی ئه‌وفه‌رهه‌نگه ڕزیوه ده‌رخواردی خه‌ڵ ئه‌ده‌ن ڕابگیرێ ئه‌گه‌ر ئازادی عه‌قیده به‌ڕه‌سمی بناسرێ ، ئه‌گه‌ر ده‌ستی هاوكاری و یارمه‌تی بۆ ده‌یان لایه‌نی ئیسلامی و تیرۆرستی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كوردیه‌وه ڕابگیرێ ، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌و ده‌یان فشاری تری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان لابدرێ ئه‌وكاته ڕووی دزێوی ئه‌وان و ڕووی شارستانی خه‌ڵكی كوردستان بۆ هه‌موو دنیا مه‌علوم ئه‌بێ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو فشاره‌ش كۆمه‌ڵگای كوردستان ته‌سلیم به‌م فه‌رهه‌نگه دواكوتوه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌بوه وه به‌پێچه‌وانه‌ی ئیدعای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه ئه‌گه‌ر بێت و خه‌ڵكی كوردستان ئازادانه به‌یانی ڕه‌ئی خۆیان بكه‌ن ، ئه‌وا دنیایه‌ك ئاره‌زوی خه‌په كرا‌و ده‌بینی كه له‌ژێر فشاری ئه‌خلاقی و زه‌برو زه‌نگی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا شاراوه‌ته‌وه .
به‌شێک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌ڵێن که بۆیه ئه‌م یاسایه پێویسته، چونکه کچی قه‌یره زۆره‌و له کوردستان ژن له پیاو زۆرتره. ئێوه وه‌ڵامتان بۆ ئه‌م ئه‌رگیومه‌نته چییه؟
پێش هه‌مو شتێك ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه كاتێك باس له فره‌ژنی ده‌كرێت ، فره‌ژنی یاسایه‌كه كه بۆ دامركانه‌وه‌ی هه‌وه‌سه جنسیه‌كانی پیاو داڕێژراوه ،وه پیاویش كاتێك سوود له وه‌ها یاسایه‌ك وه‌رده‌گرێ ئیختیاری هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵبژاردنی كچ لای خۆیه‌تی نه‌ك به‌پێی ویستی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه به‌ڕێزانه! ،له‌لایه‌كی تره‌وه بوونی قه‌یره كچ و یاسای فره‌ژنی دووشتن كه له هیچ خاڵێكدا یه‌كناگرنه‌وه وه چه‌سپیش پێكه‌وه نانوسرێن ،، ئه‌گه‌ر پیاوێك بیه‌وێ ژنی دوه‌م و سێیه‌م بێنێ بۆچی قه‌یره كچ دێنێ؟ ئه‌ی بۆ كچێكی تازه‌پێگه‌یشتو ناهێنێ ؟ ئه‌م جه‌نابانه من نازانم به چ معیارێك له په‌رله‌مان دانراون به‌ڵام حه‌ق وایه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه یان دانشتنه‌كانی په‌رله‌مان له كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه بڵاو نه‌كه‌نه‌وه یان كه‌سانێك دابنێن لانی كه‌م قسه‌كانیان نه‌بێته مایه‌ی گاڵته‌جاڕی ، ئه‌گه‌ر نائه‌گه‌ر من نازانم ئه‌م به‌ڕێزانه ! چۆن ئه‌م دوومه‌سه‌له‌یه به‌یه‌كه‌وه گرێ ئه‌ده‌ن.
به‌شێک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌ڵێن ئێمه بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وتکه‌نمان و خۆپاراستن له هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که، ئه‌و بڕیاره‌مان په‌سند کرد. باشه ئه‌وه چه‌نده ڕاسته ئه‌گه‌ر پیاوه‌کانمان دوو ژن نه‌هێنن. ئه‌وه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کورد له ژێر مه‌ترسیدایه؟
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش زیاتر هاوشێوه‌ی مه‌سه‌له‌ی قه‌یره كچه‌كه‌و فره‌ژنیه‌كه‌یه، یان زیاتر ڕه‌نگه ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانانه ئه‌م هاوكێشانه‌یان زیاتر له‌گۆڤاری سیخوڕمه‌وه ده‌رهاویشتبێ! هه‌ربۆیه ئه‌كرێ په‌رله‌مانێك كه زیاتر له‌وه ئه‌چێ وه‌كو گاڵته‌جاڕیه‌ك كه‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی به خه‌ڵكی بكا دانرابێ لێكدانه‌وه‌ی واشی هه‌بێ ، له‌كوێی دنیادا هه‌بوه ژن هێنان په‌یوه‌ندی به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌بێت ، یانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ بێت یان ده‌وڵتانی دراوسێ هێرش نه‌كه‌نه سه‌ری وه‌لێی زویر نه‌بن ده‌بێ دووژن بێنێت ، یان دووژنه‌و چه‌ند ژنه به‌ڕه‌سمی بناسێت، ئه‌مه مه‌گه‌ر هه‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی كوردستان بتوانن ته‌فسیری بكه‌ن ، ئه‌گه‌ر نا من پێم وانیه لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسی بێت بتوانێ ئه‌م دومه‌سه‌له‌یه به‌كه‌وه بگونجێنێت یان بیسه‌لمێنێت كه ته‌واوكه‌ری یه‌كن.
باسگه‌لێکی زۆر سه‌باره‌ت به به‌شداری ژنان له ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌و گوایه چه‌نده ژنان له جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات‌و دام‌وده‌زگاکانی بوونیان زۆرتر بێت. هێنده زۆرتر به‌رگری له مافه ژنان ئاسان ده‌بێت، به‌و پێیه که به‌شێکی به‌رچاوی ژنان له په‌رله‌مان ده‌نگیان به یاسای فره‌ژنی داوه، ئه‌و حوکمه‌ی سه‌ره‌وه له‌م باره‌دا چۆن ده‌کرێت هه‌ڵبسه‌نگێنرێت؟
زۆروكه‌می ژنان له سلكی ده‌سه‌ڵاتدا پێوه‌ر نیه بۆ ئازادی زیاتری ژنان یان به‌رگری كردن له‌مافه‌كانیان، هه‌روه‌ك چۆن جۆری ده‌سه‌ڵات له‌به‌دیهێنانی داواكاریه‌كانی خه‌ڵدا باشی و خراپی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌ڵئه‌سه‌نگێنێ ، بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش هه‌روایه ،له‌كوردستان جگه له په‌رله‌مان تا ئاستی وه‌زیریش ژن به‌شداری هه‌یه له‌ده‌سه‌ڵاتدا ، به‌ڵام ئه‌و ژنانه نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجود ئه‌كه‌ن نه‌ك خواسته‌كانی ژنان ، هه‌روه‌ك چۆن پیاوێك له‌هه‌ر ئاستێكی ده‌سه‌ڵاتداجێبه‌جێكه‌ری سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و نیزامه‌یه بۆ ژنیش هه‌ر وایه، هه‌روه‌ك خۆت ئاماژه‌ت به‌و ژنانه‌داوه كه له په‌رله‌ماندا ده‌نگیان به فره‌ژنی داوه ،مه‌سه‌له‌ی بزوتنه‌وه‌ی ژنان وخواسته‌كانی كاری ژنانی یه‌كسانیخوازو سه‌رجه‌م ئینسانه ئازادیخوازه‌كانه وه ده‌بێ ده‌سه‌سه‌ڵات ناچار به‌دانپێدانانی ئه‌م مافه بكرێ.
10/11/2008
