ڕێبوار عارف
دوو مانگێ لەمەوبەر لەشارۆچکەیەکی فەرنسا، جووتیارانی ئەو ووڵاتە وەک نەریتێکی خۆیان، هەموو بەهارانێک هەڵدەسن بەگێڕانی کەڕنەڤاڵی نمایشکردنی بەشێک لەبەروبوومی ساڵانەیان... هاوکات سەرۆک کۆماری فەرنسا نیکۆلا سارکۆزی بۆ ساتەوەختێک سەردانێکی ئەم کەرنەڤاڵەی کرد. سارکۆزی لەکاتێکدا سەردانەکەیدا کەلەکۆمەڵێک جووتیار نزیک بووەوە دەستی درێژکرد بۆ کەساێکیان بەمەبەستی
دەست لێدانەوەو تەوقەکردن... کابرای جووتیار بە سڵمینەوەیەکەوە کشایە دواوە پێ ووت (( تۆ لە ئێمە نیت دەست لەگەڵ تۆدا لێ نادەمەوە پیسم دەکەیت...)). سارکۆزی بەشڵەژاویەکەوە بەکابرای جووتیاری ووت ( تۆ خۆت پیس و چڵکنی و من دەستم پیس ناکەم ...)).
لەم چەند هەفتەی ڕابردودا بەهۆی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر سەرۆک کۆماربوونی سارکۆزیدا ڕایگیریەک لەسەر شایستەبوون و محبوبیەتی نیکۆلا سارکۆزی ئەنجامدرا، ئەوەی کەبەدیکرا ئەوەبوو بەڕێژەیەکی بەرچاو کێرڤی دەنگەکانی سەرۆک کۆمار هاتبووە خوارەوە. لەمبارەوە لێکۆلێنەرەوانی سیاسی وای بۆ دەچن کە یەکێک لە هۆکاری هاتنەخوارەوەی کێرڤی محبووبیەتی سارکۆزی بەهۆی ئەو بەرخوردەوە بوو کە لەبەرامبەر بەو جووتیارەدا کردی، چونکە ئەو وەلامە شایستەی سەرۆک کۆمارێک نیە لەبەرامبەر بە هاولاتیەکدا.
ئەفسووس، بۆ ئاستی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی ئەو ڕۆژنامەنووسە پارێزەرەی کە پاش نیوسەدە لە هەڵسوڕانی سیاسی و ڕابەرایەتی کردنی بزوتنەوەیەک و تەنانەت پاش تیپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر سەرۆک کۆماربوونیدا، نە تەنیا لەبەرامبەر بە هاولاتیەکدا، بەڵکو لە بەرامبەر بە یەکێک لە گەورەترین دەزگاکانی ڕایگەیاندنی ئەم وولاتەدا زمانێک بەکار بهێنێت کەجێگەی تیاڕامان و سەرسوورمانێکی زۆرە.
ئەفسووس کە بەکارهێنانی ئەم زمانە نە بە ڕێکەوتەو نە ئەنجامی هەڵچوون و بەرزبوونەوەی فشارخوێنی تاڵەبانی بوو، بەڵکو ماوەیەکە هەموومان گوێ بیستی شەپۆلی ئەم هەڕەشەو گوڕەشانەی (( سەرۆک وسەرکردەو سەرۆو سەروەرو سەردارەکانی حزبە دەسەلاتدارەکان و حکومەتەکەیانین ))، ئەم ڕۆژانە لەم وولاتەدا ئەم جۆرە ئەدەبیاتە کراوەتە گۆپاڵێکی جەرگ بڕو ئاراستەی جەستەو هەناوی ئازادی بیرورا دەربرین دەکرێن. ئای کە لەخوارەوە دەبینرێت ئاستی فەرهەنگی کۆمەڵگایەک کە سەرۆک کۆمارەکەی بەو زمانە بدوێت، وای کە کارەساتە هاولاتی بوون لە وولاتێکدا کە هاولاتیان لە زمانی سەرۆک و سەرکردەکانەوە وا بەو شێوە سووکایەتیان پێ بکرێت.
کە دیارە مەسەلەکە تەنیا شوبهاندنی ئینسان نیە بە سەگ و هیچو پوچ و قسەی قۆڕو هەڵەق ومەلەق و...بەڵکو لە ڕاستیدا وێنەکانی پشت ئەم زاراوانە ئەو قلشتە گەورەی نێوان دەسەلات وجەماوەر نیشان دەدات، بۆیە ئەمڕۆ زیاتر لەهەر کاتێکیکە هەست دەکەن کە (( ناحەزان و داخ لەدلان و دوژمنان))یان بەرۆکیان پێدەگرن، هەربۆیە تەنیا ڕێگەیەک لەبەردەم خۆیان دەیبینەوە ئەوەیە کە ئەو بزوتنەوە کۆمەلایەتیە فراوانەی کەئەمڕۆ سەرتاسەری کوردستانی تەنیوەتەوە، بەرشالاوی هەڕەشەوگوڕەشەو لەمەنگەنەدان بکەوێت ولەم ڕێگەیەشەوە هەنگاوێکی جدیتر هەڵبهێنرێتەوە بۆ پاشەکردن بەو سەنگەرەی کە لە نەبەردی پاراستنی ئازادی بیروڕادا لە کێبەرکێیەکی جدی ولیبڕاوانەدایە. کە بەبڕوای من ئەمە سەرەتای کاریانەو بەدەستەوە گرتنی ئەم شێوازو ڕەوشتانە ئاراستەکانیان بەرەو تووندکردنەوەی زنجیرو کەلەبجەو ئاوادان کردنەوەی گۆشەی زیندانەکانە لە شەپۆلی ئازادیخوازان!
ئەوەی جێگەی مەترسیەکی زیاترە قۆلبوونەوەی قلشتی ئەم دابرانەی حزب حکومەت لە جەماوەری بەشمەینەت و ئازادیخواز گەشتووتە دووڕیانی رەسمیەت پێدانەوەی سەرلەنۆێ و ئاشکرای یاساو ڕێساکانی بەعسە، بۆیە لەدابەشکردنی کارەکاندا یەکیەتی بە ئاراستەی سەرکوت کردنی دەنگی ناڕەزایانی ناوخۆوە سەرگەرمەوە پارتیش بە دەم کوتکردنی نەیارانی سیاسی دەرەوە. کە دیارە سەرۆک کۆمار دەستەلاتی پێکەوە گرێدانەوەی هەردوو شێوازەکەی هەیە بۆیە پێناچێت کە سنووری هیچ ڕێکەوتنامەیەکی بەزاندبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم زاتە بەحوکمی ئەوەی کەخۆی ڕۆژنانووس و پارێزەرو سەرۆکە لە پێگەیەکی بەهێزتر بەهرەمەندە بۆ دیاریکردنی سنووری ئازادی بیروڕا دەربرین. ئاخەر لە وولاتێکدا کە ئەفسرێک بتوانێت لەکاتی دەوامدا پاش هەرجۆرە سووکایەتی کردنێک بە دکتۆرێک، دواتر ڕاپیچی زیندانی بکات، ئیتر بۆ نیگەرانبین لەوەی ئەگەر هاتوو سەرۆک کۆمار نووسەران و ڕۆشنبیرانی بە سەگ شوبهان ؟!
بێ خۆدزینەوە لە بەراوردکاریەکەی نیوان تالەبانی و نیکۆلای دەڵێن چی ؟
مەخابن دۆستان نە ئەو هەڵە لەمن دەوەشێتەوەو نە ئەوەندە خۆشخەیاڵم کە هیچ بەراوردکاریەک لە نیوان عیراق و فەرنساو تاڵەبانی و نیکۆلا سارکۆزیدا بکەم، ئەویش نە لەبەر ئەوەی کە خاڵی لێکچوون و ؛خوانەخواستە؛ جیاوازیەکانی ئەم دوو سەرۆکە چیە، بەڵکو قسەکە لەسەر ئەوەیە لە کۆمەڵگایەکدا کە مەدەنیەت مانای هەیە، ئاسایترین ماف وئازادی تاکەکانی ئەوەیە کە هاولاتیەک نەک هەر وەلامی هەواڵپرسی سەرکۆک ناداتەوە بەڵکو ڕووی تێبکات و پێ بڵێت (( تۆ لە ئێمە نیت دەست لەگەل تۆدا لێ نادەمەوە پیسم دەکەیت...))، ئەوە هاولاتی نیە کە دەبێت بەهۆی پێشلیکاریەکی دیارکراوەوە پەلکێشی بەردەم لیپرسینەوەو دادگا بکرێت بەڵکو ئەوە سەرۆک کۆمارە بەهۆی وەلامدانەوەیەکی ناشایستەوە دەبێت باجەکەی بدات و لە کێرڤی محبووبیەتی بێتە خوارەوە. من دڵنیام کە سەرانی ئەم حزب وحکومەتە نیگەرانی هاتنە خوارەوەی کێرڤی ؛ محبووبیەت ؛ی خۆیان نین، ڕۆشنە کە ئەوان سەرۆک وسەرۆکبوونیان بەئیرس بۆماوەتەوە. بەلام تۆ بڵێت لەمێژووی دەسەلاتداریەتی ئەم بەڕێزانەدا ببینین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سنووری ماف و ئازادیەکانی ئێمەی هاولاتیان بەو ئەندازە گەشەی کردبێ کە حورمەتی ئینسانیمان پارێزرابێت ؟
سەرەتای ئایاری 2008
