ئامادەکردنى: رێنوار جبار
بزووتنەوەى شورایى مانگى ئازارى 1991 دوو تایبەتمەندى سەرەکى هەبوو. یەکەمیان ڕاوەستان بوو بەرامبەر بەناسیۆنالیزمى کوردو حزبەکانى و هەولڕدان بۆ جیاکردنەوەى ڕیزى سەربەخۆى کرێکاران و زەحمەتکێشانى کوردستان لەم بزووتنەوە کۆنەپەرستەى کە ساڵەها بوو خۆى سەپاندبوو بەسەر بیرو هۆش و هەموو هەوڵ و کۆششێکى خەباتکارانەى خەڵکى کوردستاندا...... وە دووەمیان ڕاوەستانى ئەم بزووتنەوەیە بوولەدژى کۆنەپەرستى مەزهەبى و پیاوسالارى ، بەتایبەت لەمەیدانى دیفاع کردن لە مافەکانى ژنان و ئازادى و یەکسانى هەمەلایەنەى ژنان، بەم شێوەیەش سەرەتاکانى بزووتنەوەى یەکسانىخوازى ژنان لە ناودڵى شوراکاندا سەرى هەڵداو گەشەى کرد. لەپاڵ بەرامبەرکێ لەگەڵ ناسیۆنالیزمى کورد، مەیدانێکى گرنگى بەرامبەرکێی کۆمەڵایەتى شوراکان لەگەڵ بزووتنەوەى کۆنەپەرستى ئیسلامى و بیڕوباوەڕى کۆنەپەرست و دواکەوتووى کۆمەڵگا بوو، دروشمى جیایى دین لە دەوڵەت و یەکسانى هەمەلایەنەى ژنان و پیاوان وە دیفاع کردن لە مافەکانى ژنان ووەستانەوە بەرامبەر کۆنەپەرستى دینى و پیاوسالارى لە دروشمە سەرەکىیەکانى شوراکانى مانگى ئازارى 1991 بوو.... ئەم تایبەتمەندیانەى بزووتنەوەى شورایى بەتوندى کاریگەرى لەسەر هەنگاوەکانى دواترى بزووتنەوەى کرێکارى و مۆدێرنیزم و یەکسانىخوازى کۆمەڵگا داناوتا ئێستاش تایبەتمەندى گرنگى بزووتنەوەکە پێکدەهێنن. لەکاتێکدا لەجەرگەى ڕووداوەکانى عێراق و کوردستاندا ناسیۆنالیزمى کوردو بزووتنەوەى کۆنەپەرستى ئیسلامى خەریکى نقوم کردنى کۆمەڵگا بوون لە کۆنەپەرستىدا، وە لەکاتێکدا حزبەکانى ئەم بزووتنەوانە پێشبڕکێیان بوو لەسەر پڕکردنەوەى لیستى تیرۆرکردنى زۆرترین ژمارەى ژنان....شوراکان بۆ یەکەم جار لە مێژووى کوردستان زۆرترین بواریان خولقاند بۆ هاتنە مەیدانى ژنان و بۆ پشتیوانیکردن لە یەکسانى هەمەلایەنەى ژتان، وە بۆ وەستانەوە لە دژى بێمافى و سەرکوتى ژنان. بەشدارى فراوانى ژنان لە کۆبونەوە گشتىیەکان و دەرکەوتنى دەیان هەڵسوراو و قسەکەرى ژنان نمونەیەکى بەرجەستەى شوراکان بوو.
کۆمۆنیستەکانو هەڵسوڕاوانى بزووتنەوەىشورایى، تێدەکۆشان بۆئەوەى پێکهاتنى شوراکانو بزووتنەوەى شورایى بکەنە مەیدانێک بۆ هاتنە مەیدانى بەرینى ژنان، وە مەیدانێک بۆ ڕاکێشانى سەرنجى جەماوەرى بەرینى کرێکارو خەڵکى زەحمەتکێش بۆ مافە مەدەنىو کۆمەلایەتىو ئابوورىیەکانى ژنان، بۆ ئازادىو یەکسانى هەمە لایەنەى ژنان لەگەڵ پیاواندا، لەم ڕێگایەوە دەیانویست شوراکان بکەنە ئامڕازێک بۆ سەپاندنى گشت داواکارىو مافەکانى ژنانو کۆتایى هێنان بە پلە دوویىو بێمافى ژنان لەهەموو ئاستەکاندا.
لەم پێناوەدا هەڵسوڕاوانى بزووتنەوەى شورایى ئەم بەیاننامەیەى خوارەوەیان بڵاوکردەوەو شوراکان وەکو بەیاننامەى خۆیان پشتیوانىیان لێ کرد:
داواکارى یەکانى ئێمە کرێکارانو هەموو ئافرەتانو پیاوانى کۆمۆنیست بۆ دابینکردنى مافەکانى ئافرەتان بەم جۆرەى خوارەوەیە:
ئافرەتان لە هەڵبژاردنى هاوسەریاندا ئازادن. زەواج ئیشێکى دڵخوازە، معامەلەکردن لەسەر زەواج بەهەر بیانوویەک بێت قەدەغەیە. بۆ بەڕەسمىناسینى زەواج تەنیا زەواجى مەدەنى پێویستە، یانى تۆمارکردنى لە دەفتەرێکى ڕەسمیداو بەبێ بەڕێوەبردنى هیچ ڕەسمو یاسایەکى ئاینى.زەواجى شەرعى لەبارى قانونىیەوە پەسەند نىیە. زەواجى ئافرەتانو پیاوانى کەمتر لە 18 ساڵ قەدەغەیە. چەند ژنە قەدەغەیە، تاوانبارانى ئەم شێوەیە لە زەواج دەبآ بخرێنە بەر لێپرسینەوەو سزادان. لە پەیوەندى تایبەتى نێوان ژنو پیاودا بۆ سەفەرکردن هیچیان بەئەوى ترەوە نابەسرێتەوە.
هەر جۆرە سزادانو لێدانو بێحورمەتى و بەچاوى سووک سەیرى ئافرەتان کردن بەهەر بیانوویەک بێت، وەک ناموس پەرستى، دواکەوتوویى ڕۆشنبیرى و ڕەگەزپەرستى و ئاینى مەحکومەو تاوانبارانى ئەم ڕەوشتە دەبێ سزابدرێن. هەر جۆرە جیاوازى و نایەکسانى یەک لەنێوان ژنو پیاودا سەبارەت بەمیراتو سەرپەرشتى منداڵ کە بەگوێرەى یاساى کۆن بۆ پیاو بەڕەسمى ناسراوە دەبێ هەڵوەشێتەوە، ژنو پیاو لە بەرامبەر منداڵەکانیانداو تەواوى دارایى و کەرەسەى ناوماڵدا بەیەکسان بەهرەمەندن.
هەر جۆرە نایەکسانى یەک لەنێوان ژنو پیاودا لەبابەت مەسەلەى تەڵاق دەبێ هەڵگیرێت.ئەو ئافرەتانەى کە بەبێ زەواج کردن دەبنە خاوەنى منداڵ دەبێ مافى دایکایەتىیان بۆ بەڕەسمى بناسرێت. پەیوەندى تایبەتى نێوان ژنو پیاو لەبەرامبەر هەڵبژاردنو هەڵبژێراندا دەبێ مافى یەکسانیان هەبێت. ئافرەتان لە شێوەى جلو بەرگ کردنەبەردا ئازادن، داسەپاندنى جلو بەرگى تایبەتى و سەرپۆش بەسەر ژناندا بەتەواوى قەدەغەیە.
جیاکردنەوەى ژنو پیاو لە ژێر هەر بیانوویەکو لە هەر جێیەک دەبێ قەدەغە بکرێت، هیچ جۆرە ڕێگرى دروست کردنێک بۆ تێکەڵاوبوونى ژنانو پیاوان لە شوێنە گشتىیەکاندا نابێ بمێنێ. هەر جۆرە جیاوازىیەک لە نێوان ژنو پیاودا لە ئیشو پەروەردەو فێرکردندا، دەبێ هەڵگیرێ، بۆ فێرکردنو خوێندەوارى ئافرەتان دەبێ ئیمکاناتى زیاتر ئامادە بکرێت، تا ئافرەتان بەشێوەیەکى هەرچى زیاتر لە قۆناغەکانى خوێندندا بەشدارى بکەن.
شوێنى بەخێوکردنى منداڵو باخچەى ساوایان لە هەموو شارو لادێکاندا دەبێ بەفراوانى سازبکرێت. بۆ ڕزگار بوونى ئافرەتان لە چنگ ئیشوکارى ناوماڵو منداڵدارى، کۆمەڵ لەسەریەتى مەسئولیەتى مالى و تەندروستى و ئابوورى تەواوى منداڵان بگرێتە ئەستۆ. بۆ بەربەرەکانى لەگەڵ بیروباوەڕى دەسەڵاتداریەتى پیاوان ( پیاو سالارى) دەبێ پەروەردەکردنى پیاوان لە پۆلە تایبەتىیەکاندا بەڕێوە بچێ. بۆ ئەم کارە پێویستە هەموو گۆڤارو وەسیلەى ڕاگەیاندنى گشتى بخرێتە گەڕ، بۆ ئافرەتان بەپێى گوزەرانو دژوارو دواکەوتوویى کارێکى تایبەتى و زیاتر بکرێ، ژنانى هەموو کۆمەڵ دەبێ لە ئیمکانیاتى تەندروستى بەخۆڕایى بەهرەمەند بن. هەموو جۆرە کەلو پەلى خەستەخانەى تایبەتى بۆ ئەو ژنانەى کە منداڵیان ئەبێت بەشێوەى پێشکەوتوو و دکتۆرو دەرمان بە خۆڕایى ودەست پێ ڕاگەیشتنى بەردەوامى ژنان لەم بابەتەوە دابین بکرێ.
دەوڵەت لەسەرى پێویستە بۆ ئەو ئافرەتانەى کە بوونەتە قوربانى لەش فرۆشى لەبارى مالى و گوزەرانەوە ژیانیان دابین بکاتو ئیمکاناتى پەروەردەکردنو ئیشى شیاویان بۆ دیارى بکا. تاوانبارانو دەڵاڵەکانى ئەم جۆرە کارانە دەبێ بەتوندى سزا بدرێن.
بۆ ئافرەتانى کرێکار: 6 سەعات کارکردن لەڕۆژدا بۆ ژنانى دووگیان، 18 هەفتە ئیجازە (مۆڵەت) بە مەعاشەوە بۆ ئافرەتان لەکاتى منداڵ بووندا. هەقدەستى یەکسان لە بەرامبەر کارى یەکساندا بۆ ژنو پیاو، مانگانە دوو ڕۆژ ئیجازە بۆ ژنان لەبەر عادەتى مانگانە، دەبێ دەست بەجێ لە هەموو کارگەو شوێنێکى بەرهەمهێناندا بەڕێوەبچێ. هەر جۆرە جیاوازى یەک لەسەر ئەساسى ژنو پیاوبوون بۆ هەڵبژاردنى ئیش قەدەغەیە. ژنان دەبێ لە دیارى کردنى ئیشێکى موناسبدا مەجالى تەواوو ئیمکاناتى پێویستیان هەبێ و بۆ ئەم مەبەستە دەبێ پەروەردە بکرێنو ژنان دەبێ بەکردەوە بۆ بەشدارى لەم ئیشانەدا هان بدرێن. کارى قۆنتەراتى بۆ ژنانیش هەروەک پیاوان قەدەغەیە. هەموو ئافرەتانى کرێکار دەبێ لەکارگەو دامەزراوەکاندا بەپێویستىیەکانى تەندروستى و تەکنیکى پێشکەوتوەوە کار بکەن. ژنو پیاو دەبێ لە بیمەى دەرمانى و بیمەى پەککەوتەیى و بیمەى بێکارى و هەر جۆرە ئیمکاناتێکى تر بەیەکسان کەڵک وەرگرن. دەبێ ئیمکاناتى تایبەتى بۆ ئەو ژنانەى کە بەشەو ئیش دەکەن ئامادە بکرێت. ژنانى منداڵەبەر لەشەودا نابێ ئیشیان پێ بکرێ. ئیشێکى لەبار لەگەڵ وەزعى منداڵەبەرى ژنان بەتایبەت ئەو کاتەى منداڵ شیرە خۆرە بێت دەبێ بۆ دایکان دیارى بکرێ. سپاردنى هەر جۆرە ئیشێکى سەختو دژوار کە کار دەکاتە سەر سەلامەتى ژنانو دەرکردنى ژنانى دووگیان لەسەر ئیش لە ژێر هەر بیانوویەکدا بێت قەدەغەیە. ئیش کردنى ژنان دەبێ زەمانەت بکرێ، بە دواى کاتى ئیجازەداو تێپەڕبوونى کاتى بوونى منداڵەکانیان بچنەوە سەر ئیشى پێشووى خۆیان، دەبێ بۆ ژنانى دوو گیان ئیشى سووک دیارى بکرێت. ژن یا پیاوى کرێکار بۆ بەخێوکردنى منداڵە ساواکەیان بۆیان هەیە کە لە ئیجازەى 18 هەفتە بۆ دایک یان باوک بە مەعاشەوە کەڵک وەرگرن. ئەو ژنانەى کە منداڵى شیرە خۆرەیان هەیە لە شوێنى ئیشەکەیان بۆیان هەیە لە ماوەى دوو نیو سەعاتیدا کە شیر دەدەن بە کۆرپەکەیان وەک ماوەى ئیش کردن بۆیان بە حساب بێت. هەر جۆرە جیاوازىیەک لە دژى ژنان بۆ بەشداری کردنیان لە ڕێکخراوە سیاسى و پیشەیى و ڕۆشنبیرى یەکاندا قەدەغەیە. ژنو پیاو لە بەشدارىکردنو مافى ئەندامەتى لەم ڕێکخراوانەدا بەتەواوى یەکسانن. پێکهێنانى ڕێکخراوە لە دەورى داخوازىیەکانى ژنان ئازادەو مافێکى ڕەوایە، حکومەت لەسەریەتى کە ئەم ڕێکخراوە جەماوەرى و غەیرە دەوڵەتىیانە، جا چ ڕێکخراوى تایبەت بەژنان بێت یان شوراى گەڕەکەکان، بە ڕەسمى بناسێت و بەناوى دەزگاى تەنفیزى و چاودێرى کردن بەسەر داخوازىیەکانى تایبەت بە ژنان، بۆ بەسەر ئەنجام گەیاندنى ئامانجەکانیان ئیمکانىیەتیان پێبدات.
ئەمە بڕیارى ئێمەى ژنانو پیاوانى کرێکارە. ئێمە هەموو ژنانو پیاوانى کرێکارو زەحمەتکێشو هەمووخەڵکى ئازادیخواز بۆ بەدەست هێنانى ئەم ئامانجانەى سەرەوەو کردنیان بەیاساى کۆمەڵ، بانگەواز دەکەین. یاساى بنەڕەتى کۆمەڵ دەبێ قانونى یەکسانى یەکجارى ژنو پیاو بێت لە هەموو مافێکى قانونى داو لە هەموو مەیدانێکى ئابوورىو سیاسى و کۆمەڵایەتىدا.
بژى یەکسانى ژنو پیاو
بژى ئازادى، یەکسانى، حکومەتى کرێکارى
مارسى 1991
یەکێک لەهەڵسوڕاوانى بزوتنەوەى شورایى
ژنێکى چەکدار لەکاتى رێپێوانى شوراکاندا لەشارى سلێمانى
|
|
