ڕونکردنەوەى سکرتاریەتى ڕێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراق:


سەبارەت بە هەواڵێکى هەڵبەستراوى ڕۆژنامەى هەواڵ

 

  لە ژمارە 263ى "ڕۆژنامەى هەوالڕ"ى ڕۆژى 19-1-2008، بەمانشێتێکى گەورە نوسیویەتى کە" ئەندامێکى حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى، لەکاتى مناقەشەیەکى فکریداو بەسەرخۆشى هاوڕێیەکى خۆى کوشت". ئەم هەواڵە ناڕاست و هەڵبەستراوە لەوە زیاتر لە "هەواڵ" ى دەزگاى زانیارى چاوەڕوان ناکرێت.
بەڵام ئەمە یەکەمین کردەوەى هەواڵبەستنى "ڕۆژنامەى هەواڵ" نیەو دواین درۆ هەڵبەستنیشى نابێت. ئەگەر لەم ناوچەیەدا دەسەلاتێکى مەدەنى تێدابوایە ئەوە "هەواڵ" لە ڕیگاى داداگاوە دەمێک بوو پێچابویانەوە لەبەر تۆمەت لێدان و درۆسازى. بەلام بە جیا لە دادگا ئەم هەفتەنامەى "هەواڵ هەلبەستنە" یان لە ڕیگاى دەزگاى جاسوسیەوە زانیارییەکى پێدەبڕیت، یان ئەوەتا ناچارە بۆ ئەوەى هەواڵ چنینەکەى بلاو بکاتەوە پێویستى بەوەیە کە تۆمەت لێبدات و تەشهیرو درۆهەڵبەستن بکاتە سیماى خۆى، ئەمجارەیان پێدەچێت کە کەمیان هەواڵ پێگەیشتبێت لە دەزگاکەیانەوە بۆیە ناچار بوون کە بە تۆمەت لێدان ئەو بۆشایە پڕ بکەنەوە لەلایەن کەسێکەوە کە "نەیویستوە ناوى خۆى ئاشکرا بکات"؟! ئەمەیان سەیرە وەک ئەوەى سەرنوسەرى "هەواڵ" هەموو شتێک لاى ئاشکرا بێت یان تەنانەت خۆى ئاگادارى "هەفتەنامە"کەى بێت. لەم هەفتەنامەیەدا سەرنوسەر تەنها پولى مانگانە وەردەگریت و بۆى نیە پرسیار بکات لەوەى نوسەرى ئەێلى ئەو وتارانەى بلاویان دەکاتەوە کێن و لە کوێوە هاتوە؟! جا بۆیە ئەگەر بۆ عورفى رۆژنامەوانى بگونجێت کە دەگونجێت ناوى سەرچاوەى خۆى ئاشکرا نەکات ئەوا بۆ "هەواڵ" مەسەلەیەکى تر لە گۆڕێیە ئەویش ئەوەیە ئەم رۆژنامەیە بە پیچەوانەى هەمو رژنامەکانى دنیاوە زۆربەى زۆرى نوسین و هەوال و وتارەکانى سەرنوسەر ئاگایى لێنیە و ئەمرى پێدەکریت و تەنانەت بۆى نیە بیگێریتەوە بۆ چێککردنیش.
ئێمە وێراى ئەوەى کە دڵنیاین جەماوەرى کوردستان ناوەرۆکى ئەم هەفتەنامەیە دەناسن و بە درۆى ئەم "هەواڵ"ە تێناکەون، لە هەمانکاتدا بۆ ڕاى گشتى ڕوندەکەینەوە تائێستاش نەئێمەو نە پۆلیس و نە کەس وکارو هاوڕێیاکانى هاوڕێ (موسا حسێن) بەڵگەى تەواوى ئەم مەسەلەیەیان لانیەو ڕاستى و چۆنێتى ڕووداوەکە نەسەلمێنراوە. لەئەگەرى دەستکەوتنى هەر زانیاریەکى نو و ئاشکرابونى ڕاستیەکان، بە راى گشتى کوردستان و هەمولایەنێکى ڕادەگەیەنین.

 

سکرتاریەتى ڕێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراق
20-1-2008