به‌چی ده‌چێت ژنان و کچانی شار بازاڕه‌کانی له‌شفرۆشی ئامادده‌بێت بۆ لوشدانیان، پاڵه‌وان و موشته‌رییه چه‌وره‌کانی ئه‌و بازاڕه‌ش نازناوی پارێزه‌رانی شه‌ره‌فیان هه‌ڵگرتبێت. ئاخر ئێوه چۆن نه‌تان بینی، کاتێک شه‌ڕ هاته ماڵه‌کانتان پاڵه‌وانه‌کانی شه‌ره‌ف بۆ کو‌شتنی ژنان و کچانی شار ده‌یان میدالیای ئازایه‌تی له یه‌خه‌یا‌ن درا! چۆن نابینن مه‌رگی سه‌رقه‌برانه‌کان وه‌خته ژیانی شار لووشبدا، ده‌سته ده‌سته کچانی دڵ پڕله‌هیوا، گه‌نجانی خۆشی نه‌دیو، جه‌سته‌ی جنراوی قوربانییه‌کانی ته‌قینه‌وه خۆکوژییه‌کان, ئاپۆرایان به‌ستووه و له‌سه‌ره‌ی گۆردا وه‌ستاون. ژیان بۆنی مه‌رگی گرتووه، مه‌رگیش نه له‌کاتی خۆی و نه له‌شوێنی خۆی, سه‌ر به هه‌موو کوچه‌و کۆڵانه‌کانی شاردا ده‌کات!
ئێوه ئاسمانی ڵێڵ و تاریکی شار نابینن، نابینن چۆن له مه‌رگی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌سته‌کان، شیعر له دیوانه‌کان یاخی بوون، زانست بۆته جادوو، یه‌ک و یه‌ک ناکاته دوو،گالیلی دووباره ده‌خرێته‌وه دادگا و پاکانه‌ی پێ پڕ ده‌کرێته‌وه، ئێوه نابینن چۆن له زه‌وتکردنی ژیان له مامۆستاکانی شار قوتابییه‌کان چه‌نده بێ نازن، قوتابخانه و زانکۆکان خه‌ریکن سه‌رهه‌ڵده‌گرن و سه‌رهه‌ڵگرتنێک که جارێکی تر بیر له گه‌ڕانه‌وه بۆ شار نه‌که‌نه‌وه!
جه‌نگ گوڵی نێو باخچه‌کانی هه‌ڵوه‌راند، دارخورماکانی له‌تونێتیدا خنکاند، نه‌وره‌سه‌کانی له‌که‌نار یاخیکرد،جه‌نگ عیشق و خۆشه‌ویستی قه‌ده‌غه‌کرد،جه‌نگ خه‌ریکه دیجله و فوراتیش لێک جیابکاته‌وه، جه‌نگ کارێکیکرد ئاوی شیرینی کرده موڵکی ده‌وڵه‌مه‌ندکان و سوێراویش به‌شی هه‌ژاره‌کان. جه‌نگ به‌نیازه هه‌موو جوانییه‌کانی شار بدات به‌کۆڵیا بۆ تاریکی دوزه‌خ، جه‌نگ له بۆسه‌دایه بۆ کو‌شتنی ئینسانییه‌ت.
به‌ڵێ له‌م شاره‌دا هێشتا دڵێک ماوه که بۆ ئازادی و خۆشبه‌ختی لێده‌دات. له‌م شاره‌دا ژنانێک هه‌ن ئیتر نایانه‌وێ بنه قوربانی یاساکانی سه‌رده‌می به‌رد، کرێکارانی نه‌وت به‌جۆش و خرۆشترن له چاڵی نه‌وتی مه‌جنون بۆ ئازادی و مافه‌کانیان،مندڵانێک ماوه که نایانه‌وێ یاری به تفه‌نگ بکه‌ن و بیری بووکه‌شوشةکانیان ده‌که‌ن، دایکان باوانێک هه‌ن نایانه‌وێ منداڵه‌کانیان وه‌ک دار له‌سه‌ر شوسته‌ی شه‌قامه‌کان بڕوێن بۆ ده‌ستفرۆشی و بۆیاخکرنی پێڵاوه گه‌وره‌کان،له‌م شاره‌دا گیانيک هه‌یه ماندووه له‌جه‌نگ، جه‌سته‌یه‌ک هه‌یه ئیتر نایه‌وێ جلی خاکی سه‌ربازی له‌به‌ربکات و ئاسن وباروت بدات به‌کۆڵیدا،گه‌نجانێ هه‌ن ده‌یانه‌وێ ژیانی ئه‌مڕۆ جوانتر بنوێنێ له دوێنێ، له‌م شاره‌دا چاوێکی تیژ هه‌یه که ته‌نیا ئینسان ده‌بینی نه‌ک قه‌بیله و عه‌شیره‌ت!
|
|

