شه‌ماڵ علی
shemalali@yahoo.com
کۆمیدیانێکی ئه‌مریکی سه‌باره‌ت به بڕیاری هه‌فته‌ی رابردووی ئۆباما بۆ کشانه‌وه‌ی به‌شێک له هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عیراق ده‌ڵی: "ئۆباما بریاری دا که هیزه‌کانمان له عیراق بکشێنینه‌وه، چونکه وا دیاره ئه‌گه‌ر ئابووریمان به‌م حاڵه بڕوات ئه‌و هێزانه‌مان لێره، له ناوخۆی ئه‌مریکا پیویست ده‌بێت". ئه‌گه‌رچی ئه‌م ئاماژه گاڵته‌ئامێزه وه‌ک له لای کۆمیدیانه‌کان باوه بڕێکی زۆر له زیاده‌ڕۆیی تیایه، به‌ڵام وه‌ک ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر نیوه‌ش نه‌بێت ده‌رسه‌دێکی باشی گاڵته، ڕاستییه. ئه‌وه‌ی که له‌و گاڵته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ڕاستیه ئه‌وه‌یه که مه‌به‌ستی ئۆباما له کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ده‌ستشتن له‌م ناوچه‌یه‌و کۆتایی هێنانی ئاماده‌یی‌و ته‌ده‌خولی سه‌ربازی له‌م ناوچه‌یه‌دا نییه.
کشانه‌وه‌ی هێزه‌کان له عیراق یه‌کێک له به‌ڵینه ئینتیخابیه‌کانی ئۆباما بوو. له وتارێک که سه‌باره‌ت به باری ئابووری له‌به‌رده‌م کۆنگریسدا پێشکه‌شی کرد ئۆباما ئه‌وه‌ی زۆر به ئاشکرا به‌یان کرد، که مه‌سه‌له‌که پابه‌ندبوون به به‌ڵێنه‌کان نییه، به‌ڵکو یه‌کێک له ڕێگاکانی که‌مکردنه‌وه‌ی مه‌سره‌ف‌و هێنانه خواره‌وه‌ی که‌سری بودجه‌ی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی کۆتایی هێنانی شه‌ڕه له عیراقدا.
کاکڵه‌ی مه‌به‌ست له‌م باسه‌دا ئه‌وه‌یه، که ئۆباما به له‌به‌رچاوگرتنی ستراتیج‌و سیاسه‌تیکی ته‌واو جیاواز له ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریکا نییه که ده‌یه‌وێت هێزه‌کانی له عیراق بکشێنێته‌وه. مه‌سه‌له‌که هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ‌و سیاسه‌تی کۆتایی هینان به به‌کارهێنانی هێزی سه‌ربازی بۆ گه‌یشتن به مه‌رامه‌کانی ئه‌مریکا نییه که ئۆبامای گه‌یانده ده‌رکردنی بڕیاری کشانه‌وه له عیراق. له‌وه‌ش ئاشکرا تر باسه‌که (وه‌ک هه‌ندێک ده‌یانه‌وێت به مه‌به‌ست یاخود به پێی تێگه‌یشتنێکی نادروست به‌یانی بکه‌ن) ئه‌وه نییه که ئه‌مریکا له‌م ناوچه‌یه‌دا ته‌واو دۆڕاوه‌و خه‌ریکه بارگه‌و بنه‌ی ده‌پێچێته‌وه. ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌مریکا بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی ڕابردووی ئامرازه‌کانی ده‌گۆڕێت، ده‌نا مه‌به‌سته‌کان‌و به‌شێکی گه‌وره له نه‌خشه‌کانی له شوینی خۆیدا ماوه.
جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زۆر پێویسته، چونکه گه‌لێک وه‌همی زیانبه‌خش خه‌ریکه له‌سه‌ر بنه‌مای وێناکردنی نادروست له سیاسه‌تی تازه‌ی ئه‌مریکا‌و گۆڕانی هاوسه‌نگی هێز له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه بنیات ده‌نرێن. هه‌ندێک لایان وایه، ئه‌مریکا خه‌ریکه کلیله‌کانی عیراق ته‌سلیمی ئێران ده‌کات. هه‌ندێکی تر پێیان وایه ته‌واوی ئاڵ‌وگۆڕه‌کانی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوو، به پاشه‌کشه‌ی ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان. وه‌ک چۆن فلیمێکی ڤیدیۆیی هه‌ڵکه‌یته‌وه میژووی ناوچه‌که بۆ دواوه ده‌گه‌ڕیته‌وه: مالیکی ده‌بێته سه‌ددام، مه‌سعود ده‌بێته باوکی، په‌لامار بۆ سه‌ر کوردستان ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه‌و له نزیک ماوه یان له دوور ماوه ئاشبه‌تاڵ‌و ئاواره بوونێکی تر چاوه‌ڕوانمان ده‌کات.
کار ده‌گاته ئه‌وه‌ی هه‌ندێک پێیان وایه که ململانێ له‌سه‌ر ناوچه "سنووریه‌کان" مه‌یدانی خۆنیشاندانی هێزه سیاسیه‌کان‌و هێزگرتنه‌و گوایه ده‌بێت بۆ پاراستنی خه‌ڵک خۆمان بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی مالکی ئاماده بکه‌ین. ئه‌م تێڕوانینه هه‌ر که‌س مه‌تره‌حی بکات زیانبه‌خشه‌و ته‌سلیم بوون پێی کاره‌ساتی به دوادا دێت.
ڕاستی مه‌سه‌له‌کان له عیراق‌و کوردستان شتێکی تره. که‌مکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا، بگره ملشکاندنی دوا سه‌ربازیشیان له عیراق به مانای شکستی یه‌کجاره‌کی ئه‌مریکا نییه‌و هه‌ل‌ومه‌رجی ڕابردوو له عیراق‌و کوردستان دروست ناکاته‌وه. ئه‌مریکا ئه‌گه‌ر له‌و خه‌ونه‌ش خه‌به‌ری بووبێته‌وه که تاقه هێزی ملهوڕی ناوچه‌که بێت، ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی له‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌بووه‌و نابێت. به‌م جۆره‌ش نه‌ک ململانێ له‌سه‌ر عیراق‌و ناوچه‌که کۆتایی نایه‌ت، بگره له‌وه ده‌چێت تازه قۆناغه گه‌رمه‌کانی ده‌ست پێ بکات. ده‌ستی هه‌ر تاقم‌و مافیایه‌کیش له عیراق به ده‌ستی هێزێکی ئیقلیمیه‌وه‌یه، له‌م بار‌ودۆخه‌دا دروستبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێکی مه‌رکه‌زی به‌هێز که بکرێت به‌هه‌ر مانایه‌ک به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ددام به‌راورد بکرێت، ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت زۆر دووره‌و هیچ ئاسۆیه‌کی نییه.
له لایه‌کی تره‌وه، ئه‌وه دروسته که ده‌سه‌ڵاتی ئیستای ناسیۆنالیزمی کورد قه‌رزاری ئه‌مریکا‌و ده‌ستێوه‌ردان‌و جه‌نگی ئه‌مریکایه له‌عیراق، ملهوڕی‌و تاوانکاری ئه‌مریکا له عیراقدا نه‌بووایه پارتی‌و یه‌کێتی به خه‌ونیش ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یانه نه‌یانده‌دیت، به‌ڵام ئه‌وه دروست نییه که پێمان وابێت به پاشه‌کشه‌ی ئه‌مریکا هه‌موو ئه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد له کوردستانی عیراق به‌ده‌ستی هێناوه له ده‌ستی ده‌چێت. که‌مکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا به مانای کۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی‌و پارتی نییه. ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته له کوردستان ئیداره‌که‌ی مه‌لا مسته‌فا نین، وه‌ک به‌فری به‌هار بتوێنه‌وه، یه‌کێتی‌و پارتی له پێکهاتی ده‌سه‌ڵات‌و له ئابووری له ئاستی ناوچه‌که‌دا ئینتیگرێته بوون‌و وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له لایه‌ن هه‌ر هێزێکی ناوچه‌که‌وه سه‌خته‌و له سایه‌ی ڕه‌وه‌نده‌کانی ئێستادا کرده‌نی نییه. پارتی‌و یه‌کێتی تۆڕێکی فراوانیان له په‌یوه‌ندی ئابووری‌و سیاسی‌و دیبلۆماسی له ناوچه‌که‌دا سازداوه‌و کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا ئه‌مانه کۆتایی پێ ناهینیت.
چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بار‌ودۆخی ڕابردوو ناژێنێته‌وه‌و "مه‌سه‌له‌ی کورد" مه‌تره‌ح ناکاته‌وه، نه کێشه‌ی که‌رکوک‌و نه هیچ کێشه‌یه‌کی تری نێوان ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی‌و پارتی‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌غا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵین ”ناوچه سنووریه‌کان“ هیج په‌یوه‌ندیه‌کی به‌سه‌ر "مه‌سه‌له‌ی میللی کورده‌وه" نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌که‌م/ له ئێستادا شتێک نه‌ماوه ناوی مه‌سه‌له‌ی میللی کورد بێت. مه‌سه‌له‌ی کورد له کوردستانی عیراق ته‌نها به‌ره‌نجامی ئه‌وه نه‌بوو که خه‌ڵکی کوردزمان چه‌وسانه‌وه‌ی میللیان له‌سه‌ر بووه (که ئه‌مه‌ش ئێستا نه‌ماوه)، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه بوو که ناسیۆنالیزمی کورد‌ی خوازیاری ده‌سه‌ڵات‌و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ئه‌مه شه‌ڕیان هه‌ڵگیرساندبوو. ئێستا که یه‌کێتی‌و پارتی‌و نوینه‌رانی ناسیۆنالیزمی کورد به قیبله‌ی ئاواته‌کانیان شاد بوون‌و بوونه‌ته به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتی عیراق، بۆ ده‌بێ خه‌ڵکی تر ته‌پڵی مه‌سه‌له‌ی میللی کورد لێ بده‌ن؟ شه‌ڕکه‌ر وازی هێناوه، ناوبژیوان بۆ دار ئه‌گه‌ڕێ؟
دووه‌م/ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی ململانێی چه‌کدارانه له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کانی کوردستان‌و مالیکیدا، ئه‌گه‌ر ڕووبدات، هیچ لێکچوونێکی له‌گه‌ڵ ململانێکانی شه‌سته‌کان تا نه‌وه‌ده‌کان نییه. زۆر دووره‌و قابیلی پێشبینی نییه که جارێکی تر ناسیۆنالیزمی کورد یاخی ببێ‌و حزبه‌کانی وه‌ک هێزی ئۆپۆزیسیۆنی چه‌کدار له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندا بووه‌ستنه‌وه. هێرشی مالیکی بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی هێزی یه‌کێتی‌و پارتی لێیه، ئه‌گه‌ر بقه‌ومێت شه‌ڕی نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی‌و کۆنه‌په‌رسته، شه‌ڕه له‌سه‌ر ئیمتیازات‌و بردنی به‌شی زیاتر له سه‌روه‌ت‌و سامانی عیراق‌و کوردستان. شه‌ڕی نێوان مالیکی‌و ده‌سه‌ڵاته‌کانی کوردستان له دوور‌و له نزیک په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکه‌وه نییه، ئه‌گه‌رچی ئاگره‌که‌ی له ئه‌نجامدا هه‌ر خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش ده‌سووتێنێت. ململانێی نێوان مالیکی‌و ده‌سه‌ڵاته‌کانی کوردستان هه‌ر ڕێک وه‌ک ململانێی نێوان تاقمه مه‌زهه‌بیه‌کانی عیراقه، نه به ئاشتی کۆتایی دێت‌و نه یه‌کلاش ده‌بێته‌وه. سیاسه‌تی دروست له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌دا، تاوانبارکردنی هه‌ردوو لایه، ڕیگا گرتنه له‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردزمان یان عه‌ره‌بزمانی تێوه بگلێن، نه‌ک به‌شداری کردن تیایدا‌و شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ لایه‌ک.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له عیراقدا له ئارادایه، ئه‌م هه‌ل‌ومه‌رجه پڕ ململانێ‌و شه‌ڕ‌و کێشه‌یه، هه‌ل‌ومه‌رجێکی کاتی‌و گوزه‌را نییه. ئه‌مه زاده‌و به‌شێکی دانه‌بڕاوی سیسته‌می سیاسی عیراقه‌و مه‌گه‌ر خه‌باتی کرێکاران‌و زه‌حمه‌تکێشانی عیراق له ڕێڕه‌وی خه‌بات بۆ سۆشیالیزم‌دا ده‌سه‌ڵاتێکی جه‌ماوه‌ریی‌و ئازاد له جێگای دابنێت، گشت عیراق یان پاڕچه‌یه‌کی له‌م گێژاوه ده‌ربهێنێت، ده‌نا مومکینه تا ده‌یان ساڵی تر به‌م جۆره بێت. ئاسۆیه‌ک بۆ یه‌کده‌ستبوونه‌وه‌ی بۆرجوازی یان یه‌کسه‌ره بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ لایه‌نێک به‌دی ناکرێت. که‌ش‌و هه‌وای سیاسیش له سایه‌ی ئه‌م هه‌ل‌ومه‌رجه‌دا پڕه له ڤایرۆسی نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بی، هه‌نگاوی یه‌که‌م بۆ ده‌ربازبوون له‌م هه‌ل‌ومه‌رجه ناسینی ئه‌م ڕاستیه‌و پێداگیریه له‌سه‌ر ناسنامه‌ی کرێکاریی‌و هاوچاره‌نووسی کرێکاران‌و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان‌و عیراق‌و هه‌نگاو هه‌ڵگرتنه بۆ یه‌کانگیرکردنه‌وه‌ی ڕیزه‌کانی کرێکاران. هه‌ر سیاسه‌تێکی تری پێچه‌وانه‌و ناکۆک به‌مه گۆمی مه‌ینه‌تی خه‌ڵک قوڵتر ده‌کاته‌وه. خه‌بات بۆ پێکهاتنی ده‌وڵه‌ت‌و سه‌ربه‌خۆیی له کوردستان، به‌شێکه له‌م خه‌باته‌و بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه مه‌ده‌نیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه‌و چه‌نده له دژی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نده هێنده‌ش له دژی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی پارتی‌و یه‌کێتیه..جووڵانه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌م بواره‌دا که دێته مه‌یدان جووڵانه‌وه‌ی مافه مه‌ده‌نیه‌کانه، جووڵانه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیی خوازی ته‌قلیدی نییه.
بۆ ڕێکخستنی خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش، پێویست به هێنانه‌به‌رچاوی هه‌ل‌ومه‌رجی تراجیک‌و خه‌ڵک ترساندن به‌وه‌ی "شه‌ڕی ترمان له پێشه‌و مالیکی په‌لامار ده‌دات" ناکات. پێشبینی کردنی سیناریۆی ترساناکمان پێویست نییه، هه‌ر ئه‌مڕۆ کرێکاران‌و خه‌ڵکی بێبه‌شی کوردستان ده‌رگیری ململانێ‌و کێشه‌ن، ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داران‌و بۆرجوازی کوردستان، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حزب‌و ده‌سه‌ڵاتی تاڵانکه‌ری کوردستاندایه. هه‌ر کارێک بۆ کردن‌و هه‌ر نه‌خشه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵخڕاندنی کرێکاران‌و زه‌حمه‌کتێشانی کوردستان هه‌یه، با له‌م مه‌یدانه‌دا پێشکه‌ش بکرێت.
05-03-2009
|
|
